Draw Media

شاندی هەرێم بۆ موچەو بودجە دەچنەوە بەغداد

شاندی هەرێم بۆ موچەو بودجە دەچنەوە بەغداد

2024-01-06 08:19:18



 
درەو:
ئەمڕۆ جارێكی تر شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی موچەو بودجە دەچنەوە بەغداد، دەیانەوێت پرسی موچە لە هەمواری یاسای بودجەی 2024 جێگیر بكرێت، كە چاوەڕوان دەكرێت بڕی (750) ملیار دینار بۆ موچە لە یاسای بودجەدا جێگیر بكرێت، بەپێی لێدوانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوەكانی ساڵی نوێ لەگەڵ بەغداد وەك كۆبوونەوەی ئەنجام سەیر دەكەن و هەمان پشودرێژی ساڵی 2023 یان نابێت.
بە پێی بەدوادا چوونەكانی (درەو) جۆرێك لە كۆ دەنگی هەیە لەناو لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەوەی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لە پشكی هەرێم و لەناو یاسای بودجەدا جێگیر بكرێت، ئەو بۆچوونە لە لێدوانەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیشدا رەنگیداوەتەوەو چەند جارێك رایگەیاندووە كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەكەن، لە رێگەی هەمواری یاسای بودجەوەو لە 9ی ئەم مانگەوە كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەكاتەوە، حكومەتی عێراق هەمواری یاسای بودجەی 2024 دەنێرێتە پەرلەمان.
حكومەتی عێراق دەیەوێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە پشكی هەرێم جیابكاتەوەو لە بودجەی حاكیمە یان سیادیدا جێگیری بكات و لە كاتی هەمواری یاسای بودجەی 2024 لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی بڕی موچەی موچەخۆران لە پشكی هەرێمدا بە نزیكەی (775) ملیار دینار دیاریكراوە.
محەمەد شیاع سودانی لە پێشوازی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیدا بەڵێنی داوە:
•    بۆ ساڵی نوێ كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بكات
•     هەمواری یاسای بودجە لە حكومەت ئامادەیەو 9ی مانگی داهاتوو لە پەرلەمان دەبێت لە ماوەیەكی كەمدا هەموار دەكرێتەوە
•    مامەڵەی یەكسان لەگەڵ سەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەكات
•    لقی بانكی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە
•     فشار دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.
حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت پرسی موچە جیابكاتەوە لەخەرجییەكانی تری بودجە، لە راگەیەندراوی رۆژی 6/12/2023ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا ئەوە خرایە روو: مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناكۆكیی سیاسی و پابەندییەكان جیابكرێتەوە و دەبێت بڕە پارەكانی هاتوو لە خشتەكانی بودجە، وەك خۆی خەرج بكرێت و بە هیچ شێوەیەك پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەكرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێكەڵی پرسە سیاسییەكان نەكرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2023ی موچەخۆرانی نەداوە تا ئێستا چارەنووسی ئەو سێ موچەیە دیارنیە، ئایا وەك قەرز حساب دەكرێت یان دەكرێتە پاشەكەوت و دەچێتە سەر قەرزە پاشكەوتەكانی موچەخۆران هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.
بە پێی راگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم لە ساڵی 2023 دا (10) موچە دابەشكراوە، موچەیەكیان هی مانگی 12ی 2022وە، لە 2023دا حكومەتی عێراق، تەنیا (4 ترلیۆن و 298) ملیار دیناری رەوانەی هەرێم كردووە، لەو ژمارەیە (3 ترلیۆن و 700 ملیار) دیناری وەك قەرزو 598 ملیار دیناریشی وەك شایستەی دارایی هەرێم، لە كاتێكدا پشكی خەمڵێندراوی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراقدا (16 ترلیۆن و 498 ملیار) دینار بووە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی حكومەتی عێراق پشكی هەرێم بە نزیكەی (6 ترلیۆن و 300 ملیار) دینار دیاریكردووە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا (11ترلیۆن) دینار تەنیا بۆ موچە خەرج دەكات، كە كۆی موچەی موچەخۆران (913) ملیار دینارە لەگەڵ (25) ملیار دیناری هاوپەیمانان.
داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مانگانە (320) ملیار دینارە كە لە ساڵێكدا دەكاتە (4) ترلیۆن دینار بەڵام ئەوەی  وەك كاش دێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی (170 بۆ 200) ملیار دینارە.
 ئەوەی بۆ ساڵی نوێ لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە وەك داهات:
•    پارەی بەغداد:
•    داهاتی ناوخۆ: 320 ملیار دینار
•    پارەی هاوپەیمانان كەمكراوەتەوە بۆ : 15 ملیۆن دۆلار
•    هیچ هەنگاوێكی كرداری بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش دیارنیە.
بۆیە ئەوەی لە ئێستادا لەبەردەستی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە تەنیا هەمواری یاسای بودجەی عێراقە كە لەوێدا موچەی موچەخۆران جێگیر بكرێت، پێناچێت ئەو بڕەی حكومەتی هەرێم داوای دەكات جێگیر بكرێت كە (913) ملیار دینارە، بەڵكو پشكی موچەی موچەخۆران (775) ملیار دینار دیاری كرابوو چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەو بڕە جێگیر بكرێت، لەو حاڵەتەدا:
•    چیدیكە 700 ملیاری قەرز رەوانەی هەرێم ناكرێت
•    ئەو بڕەی جێگیر دەكرێت پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران نابێت وەك هەر وەزارەتێكی دیكەی عێراق موچە لەكاتی خۆیدا لە بەغدادەوە رەوانە دەكرێت.
     
 
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand