Draw Media

وه‌فد له‌ به‌غداده‌و ناڕه‌زایی له‌ سلێمانی

وه‌فد له‌ به‌غداده‌و ناڕه‌زایی له‌ سلێمانی

2024-01-07 15:47:08


(دره‌و): 
له‌ سبه‌ینێوه‌ گه‌ڕێكی نوێی كێشمه‌كشێش له‌نێوان مامۆستایانی ناڕازیی و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا ده‌ستپێده‌كات، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداده‌، په‌روه‌رده‌كانی سنوری زۆنی سه‌وز رۆژی 9ی مانگیان بۆ كۆتایهێنان به‌ بایكۆتی مامۆستایان دیاریكردووه‌، رۆژی 9ی مانگ پشووی په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی دێت، سودانی به‌ڵێنیداوه‌ پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن. 
ئه‌مڕۆ ئالان حه‌مه‌ساڵح وه‌زیری په‌روه‌رده‌ نوسراوێكی كرد، تێیدا ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی راگه‌یاند بۆ جێبه‌جێكردنی دووان له‌ داواكارییه‌كانی مامۆستایانی مانگرتوو، به‌ڵام دوای هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵی و ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و دوو داواكارییه‌ش: 
•    ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی مامۆستایان كه‌ له كۆتایی 2015وه‌ راگیراوه‌. 
•    به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژی دانه‌مه‌زراو به‌پێی رێنمایی وه‌زاره‌تی دارایی. 
مامۆستایانی ناڕازیی دوای ده‌رچوونی نوسراوه‌كه‌ی وه‌زیر، به‌په‌له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان رێكخست، ره‌تیانكرده‌وه‌ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان ببه‌سترێت به‌ هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵییه‌وه‌، چونكه‌ به‌وته‌ی ئه‌وان كه‌س نازانێت ئه‌و هه‌موار كه‌ی ده‌كرێت، جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندن كه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای خوێندنی 2023-2024وه‌ به‌رده‌وامه‌، له‌مه‌ش زیاتر به‌ڵێنیان داوه‌ سبه‌ینێ ده‌ست به‌خۆپیشاندان بكه‌نه‌وه‌. 
له‌به‌رامبه‌ردا، له‌به‌ر رۆشنایی نوسراوه‌كه‌ی وه‌زیردا، په‌یتا په‌یتا په‌روه‌رده‌كانی سنوری ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی (پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ردوو ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین) نوسراو ده‌رده‌كه‌ن و رۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌یان وه‌كو واده‌ی شكاندنی بایكۆت بۆ مامۆستایان دیاریكردووه‌. 
ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی هه‌وڵی شكاندنی بایكۆت له‌ زۆنی سه‌وز ده‌ده‌ن، له‌دوو جاری رابردوودا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. 
رۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌ پشووی یاسادانانی په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی دێت، به‌مدواییه‌ نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازیی له‌ به‌غداد چاویان به‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌وت، له‌م دیداره‌دا سودانی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێدان كێشه‌ی موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق و دانانی له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجییه‌ سیادییه‌كاندا.
ئه‌و دیداره‌دا سودانی به‌ نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازیی هه‌رێمی وتبوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ تاوه‌كو رۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌ ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای بودجه‌ ته‌واو ده‌كات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 45 رۆژدا په‌سه‌ندی بكات. 
له‌ كۆتایی حوزه‌یرانی 2023وه‌ یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق (2023-2024-2025) چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، به‌ڵام مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كراون، حكومه‌تی هه‌رێم ناڕازیی بوو له‌وه‌ی پشكی هه‌رێم له‌كۆی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق دیاری كرابوو، دوای زنجیره‌یه‌ك دانوستان هه‌ولێرو به‌غداد گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌رێگه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌وه‌. 
حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران، مانگانه‌ پێویستی به‌ (913 ملیار) دیناره‌، به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی یاسای بودجه‌وه‌، له‌دوای حوزه‌یرانی 2023وه‌ حكومه‌تی عێراق به‌شێوه‌ی قه‌رز بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (700 ملیار) دیناری بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نارد، به‌م قه‌رزه‌شه‌وه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سێ مانگ قه‌رزی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ماڵئاوایی له‌ ساڵی 2023 كردو ئێستا ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌وه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌ بدۆزێته‌وه‌. 
له‌دوێنێوه‌ وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی چوه‌ته‌ به‌غداد بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌و یاسای نه‌وت و غازو پرسی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم كه‌ له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ راوه‌ستاوه‌و بووه‌ته‌هۆی له‌ده‌ستدانی نزیكه‌ی 80%ی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێم. 
داواكاری مامۆستایانی ناڕازیی ته‌نیا ئه‌و دوو داواكارییه‌ نییه‌ كه‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئه‌مڕۆ له‌ نوسراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، به‌گشتی مامۆستایانی ناڕازیی كه‌ بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندنیان كردووه‌و بایكۆته‌كه‌یان ته‌نیا سنوری زۆری سه‌وزی گرتوه‌ته‌وه‌، ئه‌م  (5) داواكارییه‌یه‌. 
١ــ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی.
٢ ــ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
٣ ــ دیاری کردنی چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەناوی پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرج نەکراوەکان لەمووچەکانمان بڕاوە .
٤ــ پێدانی موچە کە له ٣٠ ڕۆژ جارێک تێنەپەڕێت .
٥ــ حکومەتی هەرێم ڕێگری نەکات لەوەی لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیدا موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ للایەن بانکە حکومیەکانی حکومەتی عێراقەوە دابەشبکرێ.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand