هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت
2024-01-10 12:33:22
(دره‌و)
خشته‌ی بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024 ئاماده ده‌كرێت، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له كۆبونه‌وه‌كه‌دا كردووه، ئاماده‌یی هه‌رێمی نیشانداوه بۆ هه‌نارده‌كردنی (400 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه.
محه‌مه‌د عه‌لی ته‌میم وه‌زیری پلاندانانی عێراق كه هاوكات جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیشه، له باره‌گای وه‌زاریه‌تی نه‌وت له به‌غداد سه‌رۆكایه‌تیی كۆبونه‌وه‌یه‌كی كرد كه هه‌ریه‌كه له حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وت و ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی له حكومه‌تی فیدراڵ و كه‌مال محه‌مه‌د وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ وه‌فدیكی هاوڕێیدا، تێیدا به‌شداربوون، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی له هه‌ردوو وه‌زاره‌تی نه‌وت و سامانه سروشتییه‌كان وه‌زاره‌تی دارایی عێراق.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی نه‌وت، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی ئاماده‌كردنی خشته‌ی بودجه‌ی گشتیی بۆ ساڵی 2024 به هه‌ردوو بواری به‌كاربردن و وه‌به‌رهێنانه‌وه، له‌به‌ر رۆشنایی نرخی نه‌وت و داهاتی پێشبینیكراوی ئه‌مساڵدا.
له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا، وه‌زیری پلاندانانی فیدراڵ وتویه‌تی: حكومه‌ت سوره له‌سه‌ر ته‌واوكردنی ئه‌م خشته‌یه له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵدا، له زووترین كات و ناردنی بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن، به له‌به‌رچاوگرتنی بری نه‌وتی هه‌نارده‌كراو به پشكی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، هه‌روه‌ها پابه‌ندبوونی عێراق به پشكی دیاریكراوی وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن رێكخراوی ئۆپێك پڵه‌سه‌وه.
حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتیش باسی له بایه‌خی بودجه كردووه كه ده‌خوازێت خشته‌كانی خه‌رجی و داهاتی دارایی بۆ ته‌واوبكرێت، رایگه‌یاندووه" وه‌زاره‌تی نه‌وت هه‌وڵی زۆر ده‌دات بۆ فه‌راهه‌مكردنی باشترین بارودۆخ بۆ وه‌به‌رهێنان و گواستتنه‌وه‌ی نه‌وت و به‌ده‌ستهێنانی داهاتی گونجاو بۆ پاره‌داركردنی بودجه.
ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی فیدراڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی سوره له‌سه‌ر به‌دیهێنانی هاوسه‌نگیی له بودجه‌و پاره‌داركردنی پێویست بۆ به‌شه‌كانی خه‌رجی حاكیمه‌و خه‌رجییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، چ له لایه‌نی خه‌رجی به‌كاربردن یان وه‌به‌رهێنانه‌وه.
كه‌مال محه‌مه‌د وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌كاله ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی نیشانداوه له‌بواری هه‌نارده‌ی نه‌وت، به‌پێی ئه‌وه‌ی یاسای بودجه بڕیاری له‌سه‌رداوه.
هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له 25ی ئازاری 2023وه راوه‌ستاوه‌و سه‌رباری چه‌ند دانوستانێك له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد هێشتا هه‌نارده‌ی ده‌ستی پێنه‌كردوه‌ته‌وه.
نه‌وت به‌ر له راگرتنی له‌لایه‌ن توركیاوه، رێژه‌ی نزیكه‌ی 80%ی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی پێكده‌هێنا، دوای راگرتنی، حكومه‌تی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ‌دا قایل بووه به‌وه‌ی رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای به‌بازاڕخستی نه‌وتی عێراق بكات به‌مه‌به‌ستی فرۆشتنی، به‌جۆرێك داهاتی نه‌وته‌كه‌ش نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و راسته‌وخۆ بچێته بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه، هه‌موو ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌پێناو ئه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ ئه‌و به‌شه بودجه‌ی بۆ خه‌رج بكات كه له یاسای بودجه‌دا بۆی دیاریكراوه.
له كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023وه یاسای بودجه‌ی فیدراڵ چوه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم هێشتا پشكی خۆی له بودجه‌كه وه‌رنه‌گرتووه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌مساڵ و له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ، یاسای بودجه هه‌موار بكاته‌وه‌و كۆتایی به ناكۆكییه داراییه‌كه بهێنێت.