لێكه‌وته‌ی هێڕشهكانی ئه‌م دوایه‌ی (PKK) له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیا چیه؟
2023-12-30 17:27:49
ئاماده‌كردنی: هێمن خۆشناو
له رۆژانی (22 و 23 كانوونی یه‌كه‌می 2023) گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)، له هه‌ردوو ناوچه‌ی (برادۆست و بادینان) هێڕشیان كرده سه‌ر مۆڵگه‌كانی سوپای توركیا. ئه‌م هێڕشه له‌ناو ئۆرگانه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها له‌ناو ئۆپۆزسیۆن و كۆمه‌ڵگای توركیادا گفتوگۆی به‌رفراوانی لێكه‌وتۆته‌وه. دووریشنیه له چه‌ند رۆژی داهاتوو ره‌نگدانه‌وه و لێكه‌وته‌كانی له ئاستی ناوچه‌یدا به‌دیار بكه‌ون.
له‌م ساڵانه‌ی دوایی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا له زۆربه‌ی بۆنه‌كاندا جه‌ختیان له‌وه ده‌كرده‌وه كه هێزی چه‌كداری (PKK) تا ئاستێكی به‌رچاو لاواز كراوه. ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتیمانی (MİT)، وه‌زاره‌تی به‌رگری، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و هه‌ندێك جاریش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته دووپاتیان كردۆته‌وه كه (PKK) له قۆناخی په‌كخستن دایه، ئه‌مه‌ش وه‌كو سه‌ركه‌وتنێكی بێ وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) له قه‌ڵه‌م ده‌درا.
به‌ڵام كوژرانی 12 سه‌ربازی توركیا و برینداربوونی ژماره‌یه‌كی دیكه (به گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا) له هه‌ردوو هێڕشه‌كه‌ی برادۆست و بادینان سه‌رله‌نوێ گفتوگۆی لاوازكردن و په‌كخستنی (PKK) زیندوو ده‌كاته‌وه. به‌تایبه‌تی ئه‌فسه‌ر و جه‌نه‌ڕاله خانه‌نشینه‌كانی سوپای توركیا له به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا، له رووی ستراتیژی، تاكیكی و سیاسی ره‌خنه له ئۆپاراسیۆنی (چنگ – قفڵ) ده‌گرن كه سوپای توركیا زیاتر له دوو ساڵه له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكردووه.
سوپای توركیا له به‌هاری ساڵی 2021 به ئامانجی رێگرتن و گه‌ماڕۆدانی گه‌ریلاكانی (PKK)، به قوڵایی جیاواز له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، له ژێر ناوی ئۆپاراسیۆنی (چنگ – قفڵ) ده‌ستی به پڕۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی كردووه و چه‌ندین قه‌ڵای سه‌ربازی له شوێنه جیاوازه‌كانی بادینان و ناوچه‌ی برادۆست دروستكردووه، كه ئاماژه‌یه به نیازی مانه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستاندا. پسپۆرانی بواری سه‌ربازی له توركیا به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی وه‌كو ده‌سه‌ڵات بیرناكه‌نه‌وه، ره‌خنه له درێژه‌كێشانی ئه‌م پڕۆسه‌یه و نه‌بوونی ئامانجی دیاریكراوی ئۆپاراسیۆنهكان ده‌گرن. هه‌ندێك له‌م پسپۆره سه‌ربازیانه پێیانوایه ئۆپاراسیۆنی (چنگ – قفڵ) له رووی ته‌كتیكی و ستراتیژی هه‌ڵه‌یه.
ئه‌فسه‌ری خانه‌نشین (ئۆركون ئۆزهلـلهر) یه‌كێكه له‌و پسپۆرانه‌ی ره‌خنه له پڕۆسه‌ی (چنگ – قفڵ) ده‌گرێت و له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێـت:" من چوومه‌ته باكووری عێڕاق و تیایدا گه‌ڕاوم. ئه‌م ناوچانه له هه‌ر شوێنێكی دیكه باشتر ده‌ناسم. ئه‌م ئۆپاراسیۆنه چ له رووی ستراتیژی بێت یان ته‌كتیكی هه‌ڵه‌یه. خلوسی ئاكار (مه‌به‌ستی وه‌زیری پێشووی به‌رگری توركیایه) ئه‌و یه‌كه سه‌ربازیانه‌ی ره‌وانه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه كرد، ئێستاش ده‌رد و چه‌رمه‌سه‌ری ده‌كێشین، ئه‌وه‌نده چوونه‌ته ناو قوڵایی ناوچه‌كه. له‌گه‌ڵ هاوڕێیانمان له ئه‌ندامانی هێزه چه‌كداره‌كانمان كه له‌وێ گیرساونه‌ته‌وه قسه ده‌كه‌ین. بۆمان باسی ئه‌م راستیانه ده‌كه‌ن. له‌وانه‌یه نه‌توانن ئه‌م راستیانه بۆ فه‌رمانده‌كانیان بدركێنن، یان فه‌رمانده‌كانیان گوێ بۆ ئه‌وان رانه‌گرن".
هه‌روه‌ها جه‌نه‌ڕاڵی خانه‌نشین (خه‌لدون سۆلمازتورك) له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێـت:" له ئۆپاراسیۆنهكاندا سه‌رباز شه‌هید ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ناكرێت ئۆپاراسیۆنێك دوو ساڵ درێژه بكێشێت، ئه‌مه ئاسایی نیه. ئۆپاراسیۆن ماوه‌كه‌ی سنوورداره، جوڵه‌یه‌كی سه‌ربازیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند ئامانجێك. تا چه‌ندی دیكه ئه‌م ئۆپاراسیۆنه به‌رده‌وام ده‌بێت، چه‌ند شه‌هیدی دیكه ده‌درێت و ئامانج چیه؟ ئێوه وه‌كو سوپای توركیا دوای هه‌شت مانگ مانه‌وه له ناوچه‌یه‌كدا ئه‌وه‌نده شه‌هیده‌تان پێشكه‌ش كرد كه‌واته كێشه‌یه‌ك هه‌یه؟ سه‌ركه‌وتنی ئۆپاراسیۆنی سه‌ربازی به ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌وه به‌ند نیه كه كوشتووتانه".
مه‌رامه سیاسی و سه‌ربازیه‌كانی توركیا چیه له ئۆپاراسیۆنی (چنگ – قفڵ)؟
به گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری توركیا، ئۆپاراسیۆنی (چنگ – قفڵ) له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان كه نزیكه‌ی دوو ساڵه درێژه‌ی هه‌یه، ته‌نیا ئامانجی سه‌ربازی له‌خۆ ده‌گرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی توركیا له‌م ئۆپاراسیۆنهدا هه‌وڵی بۆ ده‌دات ئامانجی سه‌ربازی تێده‌په‌ڕێنێت و ئامانجی سیاسی نزیك و دوور مه‌وداشی هه‌یه. كه به گشتی ده‌كرێت له دوو ره‌هه‌ند بیخه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌مین: له بواری سه‌ربازیدا شكاندن و سنووردار كردنی هێزی سه‌ربازی (PKK) له‌و شوێنانه‌ی به (ناوچه‌ی پاراستنی میدیا) به‌ناو ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی مه‌ودای مانۆڕی گه‌ریلاكان و قه‌تیس كردنی جموجۆڵیان. ئامانجی سه‌ره‌كیش له‌مه‌یاندا بچووككردنه‌وه و لاوازكردنی توانای (PKK)یه له ئه‌نجامدانی هه‌ر كرده‌یه‌كی سه‌ربازی دژ به سوپای توركیا. توركیا له رێگای ئۆپاراسیۆنی (چنگ – قفڵ) ده‌خوازێت جوگرافیای شاخاوی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر سنووره‌كانی تا نزیك سنووره‌كانی ئێران بخاته ژێر هه‌ژموونی خۆیه‌وه، هێزه‌كانی (PKK) به‌لانی كه‌م 40 كم له سنووره‌كانی دووربخاته‌وه، ئه‌م ته‌نگه‌به‌ر و گه‌رووانه كۆنتڕۆڵ بكات كه گه‌ریلاكانی (PKK) پێیدا ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ ناو خاكی توركیا.
له‌م رووه‌وه یه‌كه‌كانی سوپای توركیا به تایبه‌تی له رێگای به‌كارهێنانی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان مه‌ودایه‌كی گرنگیان بڕیووه و تا ئاستێكی دیار جوڵه‌ی سه‌ربازی (PKK)یان په‌كخستووه.
دووه‌مین: هه‌بوونی (PKK) له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ توركیا تا مه‌رامه سیاسه نزیك و دوور مه‌وداكانی له‌م ئۆپاڕاسیۆنهدا بشارێته‌وه. له بنه‌مادا توركیا به دروستكردنی قه‌ڵا و سه‌ربازه‌گه‌ی قایم و مۆدرێن له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان كه رۆژانه ژماره‌یان له هه‌ڵكشاندایه، هه‌وڵده‌دات هه‌رێمی كوردستان له مه‌ودای نزیك و مام ناوه‌ندا بخاته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه، دۆخێكی دیفاكتۆش دروست بكات تا له دوور مه‌ودا بتوانێ به هه‌مان شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ركووك و موسڵ كۆنتڕۆڵ بكات. تێزه به‌ناو بانگه‌كه‌ی سه‌ركۆماری توركیا (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) كه ده‌ڵێت:" یان گه‌وره ده‌بین یان بچووك ده‌بینه‌وه!" ئاماژه‌یه به هه‌وڵی توركیا بۆ به‌رفراوانكردنی سنووره‌كانی له‌سه‌ر حسابی خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق. ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌شێك له خه‌ڵكی تورك جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی كه‌ركووك، موسڵ، حه‌له‌ب و هه‌ولێر به‌شێك بوونه له توركیا و رۆژێك دێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر توركیا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه كاتێك سه‌یری هه‌ڵسوكه‌وتی سوپای توركیا ده‌كه‌ین له هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ینه ئه‌و راستیه كه ئه‌م سوپایه هه‌بوونی خۆی لێره به كاتی نابینێت، به پێچه‌وانه‌وه نه‌هاتۆته ناو هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه.
بۆچی (PKK) هێڕشهكانی بۆ ئه‌م ساته وه‌ختانه هه‌ڵگرت؟
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نوێ‌دا (سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مین) به‌هۆی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی له‌ناو په‌كه‌كه ئه‌نجامدران، رۆحی به‌ره‌نگاربوونه‌وه تا راده‌یه‌ك لاواز كه‌وت به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی 1990. دیاره دوو هێڕشه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی (PKK له 22 و 23 كانوونی یه‌كه‌می 2023) هه‌وڵێكه بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی رۆحی سه‌رده‌می ساڵانی 1990. له‌م چه‌ند گرته ڤیدیۆیه‌ی كه له سۆسیال میدیا بڵاوكراونه‌ته‌وه، دووشت به‌دیده‌كرێن. ده‌بینین كه (PKK) پێشوه‌خته له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئاماده‌كاریه‌كی باشی له رووی رۆحی و لۆجستیكیهوه بۆ ئه‌م دوو هێڕشه كردووه، هه‌روه‌ها ده‌شبینین به‌فر و سه‌رما گه‌ریلا ئاسته‌نگ ناكات له گورز وه‌شاندن له ئامانجه‌كانیان. به پـێچه‌وانه‌ی گه‌ریلا ده‌بینین، له رووی رۆحیه‌وه سه‌ربازانی توركیا له پاشه‌كشه‌دان و رۆحی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان لاوازه. له‌وانه‌یه هۆكارێكی ئه‌م ره‌هه‌نده‌ش بێ متمانه‌یی سه‌ربازانی تورك بێت كه له‌سه‌ر خاكێكی داگیركراو، گیرساونه‌ته‌وه و له‌وه تێگه‌یشتبن كه خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه حه‌ز به چاره‌یان ناكه‌ن و نزای باشیان بۆ ناكه‌ن. له هه‌مان كاتدا ده‌گه‌ینه ئه‌م راستیه كه ئه‌گه‌ر ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی پێشكه‌وتوو و ستراتیژی (درۆن) نه‌بێت سوپای توركیا له شه‌ڕكردن له به‌رامبه‌ر (PKK) دا تووشی زه‌حمه‌ت و چه‌ندین كێشه ده‌بێته‌وه.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش بۆ ئه‌نجامدانی هێڕشه‌كه له‌لایه‌ن (PKK)ﻩوه، به‌نده به‌دۆخی كه‌شوهه‌واوه، له دۆخی كه‌شوهه‌وا (درۆن و فڕۆكه‌ی جه‌نگی) كه چه‌كی ستراتیژی سوپای توركیایه ناتوانێ ئه‌م رۆڵی كارای خۆی ببینێت و گورزی ورد بوه‌شێنێت.
هێڕشهكانی (PKK) چ په‌یامێكیان له پشته؟!
له مێژووی ململانێی چه‌كداری (PKK) له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا، به ده‌گمه‌ن نه‌بێت (PKK) له وه‌رزی زستاندا هێڕشی به‌م شێوه‌یه‌ی نه‌كردۆته سه‌ر سوپای توركیا. مه‌گه‌ر سوپای توركیا هێڕشی كردبێت و (PKK)ش به‌رگری له‌خۆی كردبێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵه ده‌وڵه‌تی توركیا له‌م ناوچانه له پێشڕه‌وی دایه و خه‌ریكی قایمكردنی پێگه‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام (PKK) كاردانه‌وه‌یه‌كی به شێوه‌ی ئه‌م دوو هێڕشه‌ی رۆژانی (22 و 23 كانوونی یه‌كه‌می 2023) نیشان نه‌داوه. بۆیه ده‌كرێت چه‌ند ئامانج و په‌یامێك له پشت ئه‌م دوو هێڕشه خۆیان حه‌شار دابێت.
به‌ر له هه‌رشتێك هه‌ردوو هێڕشه‌كه‌ی (PKK) كه له‌ناو كه‌شوهه‌وایه‌كی بهفراوای سه‌خت ئه‌نجامدراوه، ره‌نگه له رووی ده‌روونیه‌وه په‌یامێك بێت بۆ هه‌واداران و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی. ئه‌م پارته كه بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌هێزی هه‌بوو له باكووری كوردستان و توركیادا، له دوای پڕۆسه‌ی شه‌ڕی خه‌نده‌ق (ئه‌م شه‌ڕه‌یه كه PKK له ته‌مموزی 2015 له‌ناو چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌كی باكووری كوردستان به‌رپای كرد، ده‌وڵه‌تی توركیاش كاردانه‌وه‌ی توندی نیشاندا و چه‌ندین شارۆچكه و گه‌ڕه‌كی ناو شاره‌كانی ته‌ختی زه‌وی كرد) ئه‌م حزبه نه‌یتوانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی مۆتیڤه بكات له كاتی پێویستدا بیهێنته‌وه سه‌ر شه‌قام، له‌م رووه‌وه زێده‌ڕۆیی نیه ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه گه‌یشتۆته بنبه‌ست. له‌وانه‌یه ناوه‌ندی بڕیاری (PKK) پێیوابێ كه ئه‌م دوو هێڕشه ده‌بنه سه‌رتایه‌ك بۆ سه‌رله‌نوێ مۆتیڤهكردنی جه‌ماوه‌ر و چاڵاككردنهوهی شه‌قامی كوردی له باكووری كوردستاندا.
هه‌روه‌ها له دوای ده‌ستپێكردنی ئۆاراسیۆنی (چنگ – قفڵ) توانای (PKK) له ئه‌نجامدانی چاڵاكی سه‌ربازی له‌سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستان و توركیا ته‌واو لاواز بووه، هه‌روه‌ها له باكووری كوردستان و ناو توركیاشه‌وه نزیك بۆته‌وه له سفر، ئه‌مه‌شیان ئه‌وه‌نده‌ی دیكه جه‌ماوه‌ری ئه‌م حزبه‌ی تووشی متبوون و بێ كاردانه‌وه‌یی كردووه، ئه‌م دۆخه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا بێ متمانه‌یی و بۆشایی رۆحی دروست كردووه له باكووری كوردستاندا .ره‌نگه (PKK) بیه‌وێت له‌دوای هێڕشی برادۆست و بادینان بخوازێ په‌یامی مانه‌وه‌ی به‌هێزی گه‌ریلا و توانای ئه‌نجامدانی چاڵاكی به گوێی باكووری كوردستاندا بچرپێنێت.
له‌وانه‌یه په‌یامێكی دیكه‌ی (PKK) پێچه‌وانه كردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌كانی سوپای توركیا بێت كه ده‌ڵێـت:" PKK به قۆناخی ئه‌و په‌ڕی لاوازی خۆیدا گوزه‌ر ده‌كات" بخوازێت به ده‌سه‌ڵاتی توركیا بڵێ، نه‌وه‌كو لاواز نه‌كه‌وتووم، به‌ڵكو له هه‌موو كاتێك زیاتر خۆم نوێ كردۆته‌وه و مه‌یدانت لێ ده‌خوێنم و گه‌ریلای ئه‌مڕۆ به به‌راورد له‌گه‌ڵ گه‌ریلای سه‌رده‌می پێشتر، به تواناتر و لێهاتووتره، له سوود وه‌رگرتن له به‌كارهێنانی ته‌كنیك و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا.
دینامیكه ناوخۆیه‌كانی توركیا جارێكی دیكه ئاڵۆز ده‌بێته‌وه!
ده‌سه‌ڵاتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP)، چه‌ند ساڵێكه بانگه‌شه بۆ تێزی (یان گه‌وره ده‌بین یان بچووك ده‌بینه‌وه) ده‌كات و كار بۆ گه‌وره‌كردنی سنوور و پێگه‌ی جیۆسیاسی توركیا ده‌كات. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م دۆخه سیاسی و ئابووریه‌ی توركیا به‌هۆی چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه‌ی كورد تێیكه‌وتووه، ئیتر گه‌وره بوونی توركیا له خه‌ون زیاتر شتێكی دیكه نیه. له ئێستادا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات به كرده‌وه و بێ دانپێدانان تێزی سه‌ره‌وه‌یان گۆڕیووه بۆ تێزی (بچووك ده‌بینه‌وه یان ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌یپارێزین؟). یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م شكسته‌ی سه‌ره‌وه‌ش بێ ئه‌نجامبوونی ئۆپاراسیۆنه سه‌ربازیه‌كانی توركیایه له ماوه‌ی 22 ساڵی رابردوو بۆ له‌ناوبردنی (PKK). بێ ئه‌نجامبوونی سوپای توركیا له‌م ئۆپاراسیۆنانهدا زه‌مینه خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی حكوومه‌تی (AKP) له‌ناوخۆی توركیادا رووبه‌ڕووی ره‌خنه و لێپرسینه‌وه بێته‌وه.
له دوای هێڕشهكانی (PKK) له (22 و 23 كانوونی یه‌كه‌می 2023) پارتی كۆماری گه‌ل (CHP) كه له هه‌مان كاتدا پارتی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆنیشه، ئاماده نه‌بوو هاوشانی فڕاكسیۆنه‌كانی دیكه‌ی ناو په‌رله‌مانی توركیا ئه‌و به‌یاننامه‌یه واژو بكات كه بۆ ئیدانه‌كردنی هێڕشهكانی (PKK) و پرسه و سه‌ره‌خۆشی كردن له كه‌سوكاری سه‌ربازه كوژراوه‌كان ئاماده كرابوو. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی (CHP) هه‌ر له‌خۆوه نه‌بوو. لێدوانه‌كانی (ئوزگور ئۆزه‌ل) سه‌رۆكی (CHP) سه‌ره‌نجڕاكێش بوون كه له دوای واژونهكردنی به‌یاننامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی توركیا خستیه‌ڕوو له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا كاتێك گووتی:" كاتێك هه‌واڵی ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌مان پێگه‌یشت داوامان كرد، وه‌زاره‌تی به‌رگری بێته په‌رله‌مان و زانیاریه‌كان بخاته‌ڕوو. دواتر به‌یاننامه واژو ده‌كه‌ین، یه‌ك هه‌ڵوێستی راده‌گه‌ینین، رێگا ناده‌ین هه‌ڵه و كهموكوورتیهكان دووباره ببنه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی چیتر گوێبیستی هه‌واڵی شه‌هیدبوون نه‌بینه‌وه ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه ده‌ستپێشخه‌ر بین. له‌باره‌ی هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه قسه بكه‌ین". دوورنیه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆكی (CHP) و فڕاكسیۆنی پارته‌كه‌ی سه‌رچاوه له‌و زانیاری و كاردانه‌وانه بگرێت كه له‌ناو سوپا دژ به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته ده‌رده‌كه‌ون. بێگومان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی (CHP) له‌لایه‌ن (AKP) زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌گه‌ر مه‌حاڵیش نه‌بێت، چونكه پرسیاره‌كان په‌رده له‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌ڵه و نا لۆژیكیانه‌ی (AKP) هه‌ڵده‌نه‌وه له باكووری سوریا و هه‌رێمی كوردستاندا. هه‌رچه‌نده میدیای تورك واژو نه‌كردنی به‌یاننامه‌كه‌ی له‌لایه‌ن (CHP) نه‌كرده رۆژه‌ڤ، به‌ڵام له تابڵۆ گشتیه‌كه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ڵوێسته‌ی پارتی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆن ئاماژه‌یه به كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كپكراو له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا و له ئه‌گه‌ری دووباره بوونه‌وه‌ی هێڕشی هاوچه‌شنی هێڕشهكانی خواكوڕك و بادینان ره‌نگه كێشه كپكراوهكه به شێوه‌یه‌كی دیكه خۆی دهرخاته ده‌ره‌وه.
ده‌سه‌ڵات هه‌وڵده‌دات كوژرانی سه‌ربازه‌كان بكاته كارتێك له سیاسه‌تی ناوخۆیدا!
ده‌سه‌ڵاتی (AKP) له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌كانی توركیا له 14 ئایاری 2023 دا، هێڕشهكانی (PKK) و هێڕشهكانی كه به‌ناوی ئه‌م حزبه ئه‌نجام درابوو بۆ مه‌رامه سیاسیه‌كانی به‌كارهێنا. دووریشنیه له پڕۆسه‌ی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی شارهوانیهكانیشدا كه بڕیاره له 31 ئاداری داهاتوو ئه‌نجام بدرێت هێڕشهكانی ئه‌م دوایه‌ی (PKK) به هه‌مان مه‌به‌ست بهكاربێنێتهوه. له ئێستادا ئاماژه‌كانی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه به‌دیار كه‌وتوون. له رۆژی (25 كانوونی یه‌كه‌می 2023) ئوزگور ئۆزه‌ل سه‌رۆكی (CHP) له شاری (مانیسا) به‌شدار بوو له مه‌ڕاسیمی به‌خاك سپاردنی سه‌ربازێك كه له هێڕشی (PKK) گیانی له‌ده‌ستدا بوو، به‌ڵام له‌لایه‌ن كه‌سێك كه خزمی سه‌ربازه كوژراوه‌كه بوو جێنوی پێدرا و به خیانه‌تكردن تۆمه‌تبار كرا. دوورنیه له ماوه‌ی داهاتوودا ئه‌م جۆره رووداوانه زیاتر دووباره ببنه‌وه. به هه‌مان شێوه ئه‌گه‌رێكی زۆره پارتی دیموكراتی و یه‌كسانی گه‌لان (DEM) تووشی هه‌مان چاره‌نووس بێته‌وه، به‌تایبه‌تی له شاره‌كانی رۆژئاوای توركیا كه مه‌یلی دژه كورد و فاشیزمی نه‌ته‌وه‌په‌رستی تیایدا تونده. ده‌سه‌ڵات به هێنانه‌ئارای ئه‌م دۆخه هه‌وڵده‌دات ئه‌گه‌ری هه‌ر رێككه‌وتن و لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان (CHP) و (DEM) له‌بار به‌رێت و فشاری ده‌روونی له‌سه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه دروست بكات.
ئه‌ردۆغان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌بنه هۆكاری بچووك كردنه‌وه‌ی توركیا!
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، توركیا رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه له گۆشه‌گیری نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی، له قه‌یرانی ئابووری و سیاسی، له نه‌بوونی سه‌روه‌ری یاسا و وه‌چه‌رخان له سیسته‌می په‌رله‌مانی و دیموكراسی بۆ سیسته‌می یه‌ك پارتی و تاكه كه‌سی، به‌هۆی به‌رده‌وامی كێشه‌ی كورده.
ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په به به‌كارهێنانی توندوتیژی، چه‌ك و ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو، به ده‌ستگیركردنی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد و قه‌ده‌خه‌كردنی پارته سیاسیه‌كان، نه‌یتوانی كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات، كه 39 ساڵه بره‌وی پێده‌درێت. ئیتر كێشه‌ی كورد به (كێشه‌ی تیرۆر) پێناسه ناكرێت، چونكه ئه‌م كێشه‌یه چه‌ندین ره‌هه‌ندی قوڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد ستراتیژی خۆی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری دانهڕێژێتهوه، ئه‌وه به پێچه‌وانه‌ی تێزی سهرككۆمارهكهی (به‌خۆی بڕیاری خۆ بچووككردنه‌وه‌ی خۆی ده‌دات!)