چەن سەرنجێك

2021-10-12 15:39:54



په‌یكار عوسمان

- حکومەتی کازمی لەوەدا بردییەوە، کە تەزویری سنوردارکرد. بەڵام لەوەدا دۆڕاندی، کە نەیتوانی زۆرینەی عێراقییەکان بباتەوە سەر سنوقی دەنگدان.

- خۆپیشاندەرانی عێراق، لەوەدا سەرکەوتووبوون، کە هەڵبژاردنی پێشوەختەیان سەپاند. بەڵام لەوەدا فەشەلیان هێنا، کە نوێنەرایەتییەکی بەهێزیان هەبێ و هەڵبژاردنەکە ببەنەوە.

- سەرکەوتنی سەدرییەکان ئیجابییە. لەوێوە نا، کە شتێکی زۆر جیاوازو موهیمیان لێ چاوەڕوان بکرێ. بەڵکو لەوێوە کە لە وجودی شەقامێکی ملیۆنی خۆپیشاندەردا، کابینەکان لاوازو لەرزۆکن و کاریان لەبەر ناڕوات. بەڵام ئەگەر حکومەتەکە هی خۆیانبێ و هەر لەناو پایتەختدا جەماوەرێکی ملیۆنیی هەبێت، ئیتر ڕەنگە لە حکومەت بچێ.

- خاڵێکی تری ئیجابی، پاشەکشێ ی حەشدییەکانە، کە چاکەی ئەمە ئەگەڕێتەوە بۆ قوربانیدانی خۆپیشاندەران و بۆ سنوردارکردنی تەزویر.

- هەڵکشانەوەی مالکی شتێکی ئاساییە، چونکە لەڕاستیدا بەس سەدرییەکان و دەعوە، هێزی ڕاستەقینەی ساحەی شیعەن، ئەوانیتر پترۆ دۆلارو دەستێوەردانی ئێران فووی تێکردون.

- سونەکان لەڕێگەی سەرخستنی حەلبوسییەوە، موتڵەگ و عەلاوی و نوجێفییان تێپەڕاندو نوێ تاقیئەکەنەوە. کۆنی گەندەڵ ئەولاترچێ، بەڵام نوێ ی پۆپۆلیستیش، وەکو قومارەو چەنێك ئومێدێکی ئانییە، ئەونەش نائومێدییەکی دواترە.

- کازمی و کۆمسیۆنی نوێ، تا ڕادەیەکی باش، تەزویریان کۆنترۆڵ کرد، چونکە خۆیان تەرەف نین لە ململانێکەدا. سەرۆكەکانی پێشتر، خۆیان ڕکابەربوون و کۆمسیۆنیش نوێنەری لایەنە مونافسەکان بوون، ئیتر تەزویریش زۆربوو. دەی ئەگەر ئەو دووانە ڕەبت بکەینەوە،، یەعنی حکومەت و کۆمسیۆن، خۆیانن کە تەزویر ئەکەن و ناکەن!

- هیچ هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد، سەتا سەتی خەڵك بەشداری تیا ناکات. بەڵکو ڕێژەی بەرزی بەشداریی، عادەتەن لە شەست بۆ حەفتا، ئەوپەڕی هەشتایە. هەشتا بەرەو سەریش، مەساحەی تەزویرو دیکتاتۆرەکانە. یەعنی کاتێ بەشداری سەتا چلە، مانای وانیە بایکۆت سەتا شەستە. چونکە ئەسڵەن یارییەکە لە سەت نیە، بەڵکو لە حەفتاو هەشتایە!

- بەڵام قەبارەی بایکۆت گەورەیەو لە کۆی هەموو هێزەکانی ساحەکە گەورەترە. ئەوەش نایەکی زۆر شایستەیە بۆ کۆی هێزەکان و لێرەدا هەموویان دۆڕاون. وەلێ ئەگەر دەسەڵات جارێك دۆڕابێت، موعارەزە دووجار دۆڕاوە، چونکە ئەوانە ناڕازیین و ناڕازییش قەرارە دەنگی ئۆپۆزسیۆنبێ!

- لە وێنە گەورەکەدا هەمووی دۆڕاوە، بەڵام لە مەساحە بچوکەکەدا، جۆرێکی تر لە بردنەوەو دۆڕان هەیە، کە ئەمە بەشێکە لە وێنەکە نەك هەمووی. یەعنی ئەوەی کە لێرەدا سەرکەوتووە، تەنیا لێرەدا سەرکەوتووە، نەك لە کۆی وێنەکەدا. بەڵام ئەوەی کە دۆڕاوە، لە کۆی وێنەکەو هەردو مەساحەکەدا دۆڕاوە!

- شکستی سەربەخۆکان، لەوێوە خراپە، کە هەیمەنەی حیزبەکان بەسەر سیاسەتەوە تۆخترئەکاتەوەو ئیتر جگە لە حیزب ڕێگایەکی تر نامێنێ بۆ بەشداری سیاسی. بەڵام لەوێدا ئیجابییە کە پێ ی وتین، شەڕەدەم و جنێوبازی، بەدیلی دزی و گەندەڵی نیە، بەڵکو تاکەکەی تری داکشانی سیاسییەو لێرەدا بێدەنگییەکەی بایکۆت، نایەکی گەورەبوو بۆ دەنگەدەنگ!

- نەوەی نوێ، لە ساحەی پۆپۆلیزمدا، لە سەربەخۆکانی بردەوەو وتی ئەگەر ئێوە بەس دەمتان هەیە، ئێمە دەم و تەنکەرە ئاویش. بەڵێ نەوەی نوێ تەنیا لە شەڕە دەمدا نەچەقیوەو بەردەوام بواری تری نمایش ئەدۆزێتەوەو ساحە بۆ یارییەکەی خۆی فراوان ئەکات. بەڵام یاری فکرو پرۆژەو سیاسەتی باڵا نا، بەڵکو یاری نزمی "وروژاندن"!

- گۆران پرۆژەیەکی قەلەقبوو لەنێوان عەقڵانیەت و وروژاندندا. ئەم دووانەش پێکەوە ناکوڵێن. چونکە ئەگەر پێکەوەبن، هەمیشە عەقڵ ئەدۆرێ و وروژاندن سەرئەکەوێ. ئاخر عادەتەن زۆرینە، حەوسەڵەی بیرکردنەوەی نیەو هەر بە هەستەکان، لەگەڵ ورژاندنەکەدا شەکل ئەبێ و لە عەقڵانیەتەکە ئەپچڕێ. گۆڕان ئەبوو لە عەقڵانییەت و پێنج کورسییەوە دەستپێبکا بۆ سەرەوە. نەك لە وروژاندن و بیستوپێنجەوە بۆ خوارەوە!

- مەسەلەن لە بەرنامەیەکی ڕووبەڕوودا، کاك نەوشیروان تەرحێکی عەقڵانیی عەرز ئەکاو ئەڵێ ئێمە دژی کەس نین، تەنیا دژی فەسادین. بە کردەیی واشی ئەکرد، لەگەڵ هەموو لایەنەکان دائەنیشت و سەردانی هەمووشیانی ئەکرد. بەمەش پێمان ئەڵێ سیاسەت بریتییە لە کاری هاوبەش و کۆبوونەوەی هەمووان لەسەر پرۆژەی گشتی، نەك ڕقبازی و پچڕان و یەکتری داپڵۆسین. بەڵام هەر پێنج دەقە دوای ئەوە، ڕاپۆرتێکی بڕیار نامیق، ڕیسەکەی ئەکردەوە بە خوری و شتەکە ئەبوویەوە بە شەڕی شەخسی و ئیتر دانیشتنی نەوشیروانیش لەگەڵ فڵان، ئەبوو بە عەیبە. ئەوەشی کە لەناو خەڵکا جێ ی ئەگرت، ڕاپۆرتە وروژێنەرەکەی بڕیار بوو، نەك خیتابە عەقڵانییەکەی نەوشیروان.

- جا بەوبەختیی کورد ئەوەیە کە شتی خراپ زوو وەرئەگرێ و ئیتر ئێمەش بەرەو پێشەوە نەچووین و گەڕاینەوە بۆ دواوە. لە گۆڕانێکی قەلەقەوە، هاتین بۆ نەوەی نوێ ی یەکلایی. بەڵام یەکلایی بەلای وروژاندنەکەداو ئیتر بڕیار نامیق بوو بە حیزب و بە مۆدێلی باوی سیاسەتی ئێمە!

- یەعنی وروژاندن خەلەلێکبوو لە گۆڕاندا، ئەبوو ئەوەی کە دوای گۆڕان دێت، چاكیبکاتەوەو کەشێکی ئارامترو عەقڵانیتر دروستبکاو هەنگاوێ بەرەوپێش بچین. نەك خودی خەلەلەکە بکاتە بناغەو کۆڵەکەی پرۆژەکەی.

- بێینەوە سەر هەڵبژاردن، نەوەی نوێ بە تەکنیکی "گڵۆپەکە"، کاندیدە لاوازەکانی خۆی پاراست لەوەی کە موقاڕەنە بکرێن بە کاندیدە بەهێزەکانی بازنەکان. ئەمەش بۆ ئەمسەر یارییەکی زیرەکانەبوو. بۆ ئەوسەریش ستافێکی لاواز، باشتر کۆنترۆڵ و ئاڕاستە ئەکرێن.

- بۆ ئەوانەی کە ڕەقەمیان بۆ گرنگەو لەداخی تەزویر بایکۆتیان کرد، ڕەنگە سەرکەوتنی ئەمجارەی نەوەی نوێ، گەڕانەوەی ئومێدێك بێت و وایان لێبکات کە هەڵبژاردنی داهاتوو بچنەوە سەر سنوقەکان. بەڵام بۆ ئەوانەی کە تۆزێ لە ڕەقەم واوەتر ئەڕوانن. پۆپۆلیزم، بۆ ئێستا نائومێدییەکی نوخبەوییەو بۆ دواتریش نائومێدییەکی گشتی!

- کاتێ بە دەستی خۆت، هەموو کۆڵەکە مەعنەوی و گشتییەکانی حیزبەکەت ئەشکێنی و لە پرۆژەیەکی سیاسییەوە ئەیکەی بە دوکانێکی سیاسی، ئیتر دوکانەکە هەر بۆ داخستن باشە.

لەڕاستیدا تاکە خزمەت و داهێنانێك، کە لەبەردەم گۆڕاندا مابێت، خۆ هەڵوەشاندنەوەیە. ئاخر یەکێ لە سیفەتە ناقۆڵاکانی حیزبی کوردی، عینادییەکەیەتی و ئەوکاتەشی کە پێویست نیە هەبێت، هەر عینادی ئەکاو دەڕابەکەی داناداتەوە!

مەسەلەن حیزبی شیوعی، سەردەمانێك پێویستی قۆناغ و حیزبی یەکەمی عێراق بوو. دەی ئێستا هیچیش نیەو هەیە! حسك سەردەمانێك عەرزی ئەدڕی و هێزی دووەمی شاخ بوو. دەی ئێستا هیچیش نیەو هەشە. هاتنی گۆڕان جوان بوو، گرنگە کۆتاییەکەشی جوانبێ و ئەو نەریتە دابهێنێت، کە حیزب گەیشتە قۆناغی هیچ و "ڕەهەندی گشتی" تیا نەما، ئیتر لەوێدا خۆشی نەمێنێ و درێژەیەکی ناپێویستی نەداتێ.

- ئەگەریش بەتەمای بەردەوامبوون و هەستانەوەن، بۆ نا، ئەوەش ئەبێت. ئەزانی چۆن؟ بە گواستنەوەی بەرپرسیارێتی، لە شانی ئەوەوە بۆ شانی خۆت. خۆی ئەوان هەر بە یەکتر تۆمەتبارکردن و خۆ بێبەریکردن وایان لە گۆڕان کرد. ئەگەر بەتەمان هەر بەوەش چاکیکەنەوە، لێیگەڕێن باشترە.

- (حیزبی دەنگدەر) هەستیارەو (حیزبی بنکە نەگۆڕ) بێ هەستە. بێ هەستیی بە مانای جنێو نا. بەو مانایەی کە هەستیار نیە بەرامبەر ئەوەی کە ئەگوزەرێ و وەلائێکی نەگۆڕی هەیە، کە بەهێزترە لە گۆڕاوەکانی دنیای سیاسەت. پارتی و یەکێتی لەم نەوعەن و پشتبەست بە دەسەڵات و پارەو چەك و کەسوکاری شەهیدو شەرعیەتی شۆڕش.. شتی وا ئەکەن کە نابێ بکرێ و ئەشیکەن، چونکە دڵنیان لە بوونی جەماوەرێکی نەگۆڕ لە هەموو حاڵێکدا. بەڵام گۆڕان حیزبی دەنگدەری گۆڕاوە، کەچی خۆی لێبووبوو بە حیزبی بنکە نەگۆڕو ئەو شتانەی ئەکرد، کە دەنگدەرەکان پێ ی هەستیارن!

- پارتی براوەی یەکەمی ڕەقەم و دۆڕاوی یەکەمی ئەخلاقی سیاسی بوو. چونکە ٣٠٠هەزار کەمی نەکردوە، بەڵکو ئەوەندە هەزار تەزویری لێ دەرکەوتووە!

- یەکێتیش ئەوە حەجمی ڕاستەقینەی خۆیەتی و ئەو کاتەی کە لەمە زیاتری ئەهێنا، مەسەلە حاجی قاسم بوو نەك ئاغای لالەزار. دەی ئاشکرایە بۆشایی قاسمیش بە نورەدین پڕنابێتەوە.

- ئیسلامییەکانیش بە براوەو دۆڕاویانەوە، هێشتا لە نیومەترییەکەدان و نەچوونەتە مەسبەحی گەورەکان. ئێستەش من لەوە تێنەگەیشتم، یەکگرتوو چوار بەرێ و کۆمەڵ یەك، یان کۆمەڵ چوار بەرێ و یەکگرتوو یەك، فەرقی چیەو ئەم یارییەی بەینی خۆیان چ عیلاقەی بە ئێمەوە هەیە؟

- دۆڕاوێکی تری هەڵبژاردن پەکەکەبوو. مەبەستم بانگەوازە بێتامەکەی جەمیل بایك نیە. بەڵکو ئەمەوێ بڵێم، کاتێ شەنگال بەدەست پەکەکەیەو کورسییەکانی پارتی ئەیبات،، ئەمە یەعنی وڵات بە پشوبەو وریابە بەڕێوە نابرێ. خەڵك لە گەندەڵی بێزارە، بەڵام لە نێوان گەندەڵی و عەسکەرییدا، گەندەڵی هەڵئەبژێرێت. نیزامی شمولی و بە عەسکەرکردنی خەڵك و بە معەسکەرکردنی کۆمەڵگا، لە دوورەوە جوان و جیڤارا دیارە، بەڵام لەناوەوە کاسترۆیەو شوێنی ژیان نیە!

- دواجار لەم هەڵبژاردنەدا سۆسیال میدیا لە میدیای بردەوە. سۆسیال میدیا وەکو زمانحاڵی ناڕەسمی بایکۆت و میدیاش وەکو زمانحاڵی ڕەسمی دەنگدان. سۆسیالمیدیا فەزایەکی فراوانترەو جێ ی حزیبی و ناحیزبی و بەشداری و بایکۆت و هەموو نەوعەکانی تێدا ئەبێتەوە. بەڵام میدیا تەسکەو هەر بەقەت ئەجندای حیزبەکەیەتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
ڕیکلام

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
لادانی کاتیی ئێران؛ لەهەمبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراقدا
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand