شەهیدبازی
2021-10-09 12:58:38
پهیكار عوسمان
کێشەی شۆڕش، هەر ئەو قەداسەتە وەهمییە نیە کە بە باڵای خۆیدا ئەیبڕێ و شەرعیەتی داگیرکردنی دنیاکەی لێوە ئەهێنێ.. تا ئێرا گڕێیە. بەڵام ئەوەی کە گرێکە توند ئەکاتەوەو ئەیکا بە گرێ کوێرە، مەسەلەی خوێنە!
یەعنی شۆڕش، لە ڕێگەی وروژاندن و دروشمە حەماسی و عاتفییەکانییەوە، ئاسایی هەست و هۆشت داگیرئەکاو بە ئارەزووی خۆی ئەتهێنێ و ئەتبا. بەڵام هەر بەونە وازت لێ ناهێنێ، بەڵکو بە کوشتیشت ئەدا. چونکە خوێنی ڕژاوی تۆ، تەوقێکی ئەستورە، ئەکرێتە ملی کەسوکارەکەت و ئیتر حیزب، جگە لە کۆیلەی ئایدۆلۆژی، کۆیلەی خوێنیشی بۆ دروستئەبێ، کە ئەمەیان تەوقێکی مسۆگەرتر و جێگیرترە. ئاخر مەستێکی ئایدۆلۆژیی، هەرچەن دۆگماو دەمارگیریش بێت، بەئاگاهاتنەوەی مەحاڵ نیەو ئەشێ ڕووبدا. وەلێ "دیلی خوێن" گرێکەی قووڵترو دەروونی بریندارترە. دنیایەك فاکتەری ئابوری و مەلەسەی عورف و عادەتیش دێتە گۆڕێ، کە هەمووی پشتیوانی گیانی تۆڵەو وەفاداربوون بۆ "خوێن" ئەکاو بەمەش "کۆیلەی خوێنیی" دروست ئەبێت!
ئەوەی کە هەموو حیزبەکان، بە خۆیان ئەڵێن حیزبی شەهیدان و ئەوەی کە هەموو سیاسییەکان، سەری زمان و بنی زمانیان کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانەو نمایشی بەردەوامی دەستماچکردنی دایکی شەهید.. ئەوانە لەخۆڕاو سودفەیەکی سیاسی نیە. بەڵکو ئەوە پلانی توندکردنەوەی ڕابیتەی خوێنەو بەکورتی: ئەگەر داوی دروشم و پارەو هەڕەشە نەتگرێ، ئەتخەنە مەوقیفێکەوە کە خوێن بتگرێ!
حیزبەکان هەر لەوێوە نەبوون بە بنەماڵەیی، کە لە سەرەوەی هەرەمەکەدا، تەنیا دەساودەسی ویراسی و خوێنی ڕووئەدا. بەڵکو لە خوارەوەش، فەلسەفەی حیزبی کوردی ئەوەیە کە، لە هەر بنەماڵەیەك نەفەرێك بدە بە کوشت و تا قیامەت کەسوکارەکەی خوێنگیری خۆت بکە!
بەڵێ حیزبەکان تەنیا لە سەرەوە نەبوون بە بنەماڵە، بەڵکو لە خوارەوەش، توڕێکی فراوانی مناڵی شەهیدو ژنی شەهیدو دایکی شەهیدو خزمی شەهید.. دروستکراوەو ئیتر وەكچۆن خوێن بە خێڵەوە ئەتبەستێ، هەر خوینیش بە حیزبەوە ئەتبەستێ و لێرەشەوە حیزب و خێڵ ئەبن بە یەك و جیاوازییان نامێنێ. ئیتر حیزب خەریکی کەرنەڤاڵی خێڵەو خێڵ خەریکی کەرنەڤاڵی حیزبەو بە هەردوکیشیان پەیوەندی خوێن توند ئەکەنەوە.
ئەو هەموو کاندیدکردنەی مناڵە شەهید، وەفانیە بۆ شەهید. بەڵکو توندکردنەوەی پەیوەندی خوێنە لەنێوان حیزب و ئەندامەکانداو پەیامێکیشە بۆ ئەوانەی کە خوێنیان نەداوەو پێیان ئەڵی، تاکە ڕێگا بۆ چوونە پێشەوە، ڕێگای خوێنەو ئەبێ هەمیشە سەغی بن لە بەخشینیدا بە حیزب!
ئەو هەموو هجومەی پارتی و یەکێتی لە بانگەشەیا ئەیکەنە سەر یەك، مەسەلە هەر غیابی فکرو فەشەلی ئیدارە نیە، کە بە گەرمکردنەوەی کۆنەقین دایئەپۆشن. بەڵکو بەشێکیشی بۆ خوێنگیرکردنی ئەو هەموو خێزانەیە، کە لە شۆڕش و شەڕەکانی ناوخۆدا، کوڕیان بە کوشت درا!
بیناکردنی ئینسان و وڵات، پێویستی بە گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانە. بەڵام حیزبی نەگریسی ئێمە، لەپێناو دەسکەوتی بچوك و ئانیی، خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕق و وروژاندنی گیانی تۆڵەسەندنەوەن. ئێمە کە بە قۆناغی شەڕی ناوخۆدا ڕۆشتووین، ئەبوو دەسەڵات، بە پلانی ورد، خەریکی خاوکردنەوەی دەمارەکان بن، کەچی بەتەواوی توانایانەوە خەریکی گرژکردنین! لەولاوە موعارەزەو پۆپۆلیستەکانیش، لە بەتاڵی و بۆشی خۆیاندا، پێتناڵێن، وەرە دەنگم بدەرێ لەبەرئەوەی ئەمە فکرو پرۆژەکەمە. بەڵکو پێتئەڵێ فرسەتە وەرە ڕقی خۆت هەڵڕێژەو تۆڵەی خۆت بکەرەوە لە دەسەڵات!
ئا لەم خوێنبازییەدا، پەکەکە داویەتی بەلای پارتی و یەکێتیداو هەلهەلەو هوتاف و تەفەنونێکی سەیرو سەمەرە ئەکات لە مەسەلەی شەهیددا. ئێمە بەردەوام ئەوە لە هەڤاڵان ئەبیستین، کە پارتی و یەکێتی بەس ئیهتمام بە شەهیدی سەرکردە ئەیەن و ئەوانەی تر ئیهمال ئەکەن، بەڵام پەکەکە ئەو فەرقە ناکات. دەی ئەمە بەدیوێکا عەدالەت و ئینسافە. بەڵام بەدیوێکیشا ڕیکلامی بەکوشتدانەو پێتئەڵێ، من مەکینەیەکی باشتری بەکوشتدانی ئێوەم و وەرن با من بتانیەم بە کوشت!
هەڵبەتە حیزبی ئیسلامی، لە مەسەلەی تەقدیسی شەهیددا، خۆیان وەستاو شێخی کارن و تەواوی ئەو پیاهەڵدان و تەقدیسەی شەهیدیش، پرۆڤەو خۆئامادەکردنە بۆ ئەو کاتەی کە فووی جیهادی پیائەکەن. فیکری چەپ و ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕییش، کاتێ موتوربە ئەبێت لەگەڵ جەنگی ساردو ململانێ ی جەمسەرەکاندا، ئیتر هیچ نیە جگە لە کارگەیەکی خوێن و مەکینەیەکی بەکوشتدانی ئینسان.
بێگومان پێوەری زۆر هەیە، بۆ ناسینەوەی حیزبی باش و خراپ، لە بابەتی پێوەری گەندەڵی و بەڵێنی درۆ و فەشەلی ئیداریی و مەسەلەی فیکری و زۆر شتی تر.. گرنگە پێوەری شەهیدیشی بۆ ئیزافەبکەین و یارییەکە پێچەوانە بکەینەوە. چیتر لەبری ئەوەی حیزبەکان، بە شەهیدبازی هەستمان بجوڵێن و فریومان بدەن،، ئێمە بە شەهیدبازیدا "مەکینەکانی مەرگ" و کارگەکانی دروستکردنی "کۆیلەی خوێن" بناسینەوە!
ئێمە چەنێك قێز لە دزی نەوت ئەکەینەوە، گرنگە ڕێك ئەونەش قێز لە توجاری خوێن بکەینەوە. هەر حیزبێکیش خەریکی شەهیدبازی بوو، ئەوە مەکینەی بەکوشتدانی تۆ و بەکویلەکردنی کەسوکارتە. دەنگنەدان بە حیزبەکانی شەهیدان و بە مناڵی شەهیدەکان، ئەرکێکی هۆشیارانەیە. چونکە ئەوە پاشەکشێیە بە پەیوەندی خوێن، لەبەرژەوەندی پەیوەندی عەقڵ. بزانە هەموو تۆخکردنەوەیەکی خوێن، لەسەر حسابی کاڵکردنەوەی عەقڵە. چونکە تۆخکردنەوەی خوێن، بۆ ئەوەیە کە دەمار بتگرێ و کۆنتاکتت لەگەڵ ئاگایی خۆت و حەق بپچڕێ و ئیتر تۆ بە حەق و ناحەق پاسەوانی نەگۆڕی حیزب بیت!
ئێمە ئەبێ نیشتمانی هاوڵاتی و پەیوەندی هاوڵاتیبوون دروستبکەین. هاوڵاتیش بریتییە لەو خەڵکەی، کە پەیوەندییەکی ناخوێنی بەیەکیانەوە ئەبەستێك. هێزەکانی ئێمەش، هێزی نیشتمانسازی و دەوڵەتداری نین، چونکە کار بۆ دروستکردنی پەیوەندی یاسایی و دامەزراوەیی ناکەن، بەڵکو کار بۆ تۆخکردنەوەی ڕابیتەی خوێن ئەکەن. تەوریسی سیاسی ناو حیزبەکان، دەسەڵاتی بنەماڵەو باوك و کوڕو ئامۆزاکان، کاندیکردنی لەشکرێك مناڵە شەهید، کاندیدکردنی خوشك و ژن و مێردی یەکتر.. ئەمانە هەمووی نمونەی ئەو عەقڵیەتەن، کە هێشتا لە سەقافەتی خوێندایەو زۆری ماوە بۆ سەقافەتی هاوڵاتیبوون!
مناڵی شەهیدەکان ئەگەر خۆشیان کەسانی بەتواناو شایستەبن، بەڵام جۆری پەیوەندییەکە، بەریئانە نیەو کاندیدکردنەکەیان جۆرێکە لە ساختەچێتی سیاسیی. ئەوان پێشتر باوکیان ئیستغلالکراو بەکوشت درا. دواتر کەسوکارەکەی ئیستغلالکران و کران بە کویلەی خوین. ئینجا هاتوون ئێمەی پێ ئیستغلال بکەن و عەتفی دەنگدەری پێ بجوڵێنن. ئەمەش یارییەکی گڵاوەو کاری دروست ئەوەیە کە، ئێمە سەقافەتی هاوڵاتیبوون دروستبکەین و مناڵی شەهیدەکانیش، لەناو عەدالەتی ئەو هاوڵاتیبوونەدا، نازو حەقی خۆیان بدرێتێ. نەكئەوەی سەقافەتی خوین قووڵکەینەوە، کە کانگای ناعەدالەتییەو کە ئەوان و ئێمەش تیایدا قوربانیین و تەنیا بازرگانەکانی خوێن لێ ی سودمەندن!
بێگومان لە دۆخی ناچاریداو لە وجودی ستەمکاریدا، جۆرێك لە قوربانیدان و خۆبەختکردن هەیە، کە لوتکەی هەڵوێستی ئێنسانەو شتەکە لەوپەڕی بەرپرسیارێتی و ئازادی و هۆشیاریی ئینسانەکەوە دێت. بەڵام خوێنبازی و شەهیدبازی، بۆ گەمژاندن و کۆیلەکردنەو ئیتر کاتیەتی ئەم سیحرە بەتاڵ بکرێتەوە!
شەهید وەکو خۆی و لەو دۆخە باڵایەیدا کە باسمانکرد، شایەنی ئەوپەڕێ ڕێزە. بەڵام شەهید وەکو کەرەستەی کردنی کەسوکارەکەی بە کویلەی خوێن و وروژاندنی عەتفی جەماوەرو قوڵکردنەوەی سەقافەتی خوێن، ئەمەیان شایەنی زبڵدانە. ئەوەی کە مناڵ خوێنی باوکی ئەکات بە پردی پەڕینەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. ئەوەی کە حیزب خوێنی شەهید ئەکات بە پردی پەڕینەوە بۆ بەرژەوەندییە تەسك و بچوکەکانی.. ئەمانە ئیستغلالی شەهیدە نەك ئیحترامی شەهید.
تێبینی: شەهید کەسێکی بە (مەوزوع) گەمژێنراوی دابڕاو لە (زات) نیە، کە لەلایەن مێگەلەکەیەوە بە کوشت دراوە. بەڵکو شەهید کەسێکی ئاگایەو چەنێك لەناو گروپ و ئایدۆلۆژیاو مەوزوعدایە، ئەونەش لەناو ئاگایی و ئیرادەو زاتی خۆیدایەو ئا لەوێدا ئەگاتە مەقامی شەهادەت.
گەورەترین کێشەی دینەکان، ئەوەیە کە لەلایەن سەڵاتین و کاهین و فەقیهەکانەوە، ئەکرێت بە مەوزوع و لە زات دائەبڕێنرێ. مەوزوعەکەش موقەدەسە، ئیتر نابێ قسەی تیابکەیت و تەنیا ئەبێ تەسلیمی ببیت. دەی چارەسەری ئەوە، تەنیا سەلاتەو سەڵاتیش بریتییە لە ڕەبتبوونی مەوزوع بە زاتەوە. چونکە شتەکان لەوێدا مانادارن و کاتێك لە زات دائەبڕێن، ئیتر ئەکەونە بۆشیایی ماناوەو ئیتر شتەکە ئەبێتە حەشیش و معەلەباتێکی ئامادە، بۆ گەمژاندن و مێگەلاندن!
یەعنی ئەوەی کە لە زمانی دیندا پێ ی ئەوترێ "سەڵات"، هەر ئەوەیە کە لە زمانی مۆدێرندا پێ ی ئەوترێ "هۆشیاری". هەردوکیشی هەر بریتییە لە حزوری ئاگایانەی تۆ. ئەم مانایەش لە دوو لاوە لێ ی ئەدرێ. لەلایەك سەڵات یەکسانکرا بە هەنێ حەرەکات. لەلایەك ڕۆشنبیری یەکسان کرا بە دژەدینی. کە ئەمە هیچیان وا نیەو هەردوکیان هەر خۆتی بە ئاگایی.
کێشەی حیزب و ئایدۆلۆژیا مۆدێرنەکانیش هەر ئەمەیەو خۆیان نە باشن نە خراپ و مەسەلەکە ئەوان نین، مەسەلەکە تۆیت. چەنێك زاتی خۆت ئامادەبێ، پەیوەندیشت بە مەوزوعەوە، ئەونە ئاگایانەیە. ئیتر ئازادانە ئەژیت و ئازادانە ئەمریت و شەهیدیش ئا ئەمەیەو یەعنی تۆ شاهیدی زاتی خۆتیت و لە ئاگایی نەپچڕاویت. چەنێکیش زاتی خۆت ون و غائیب بێت، پەیوەندیت بە مەوزوعەوە، ئەونە کۆیلانەو جاهیلانەو دەمارگیرانەیەو لێرەدا ژیان و مردنیشت تەنیا ڕەگەڵ کەوتنەو ئیتر تۆ شەهید نیت، چونکە شاهیدی زاتی ئاگای خۆت نیت.