Draw Media

ئۆکرانیا.. دەوڵەتە خێر نەدیوەکە

ئۆکرانیا.. دەوڵەتە خێر نەدیوەکە

2022-02-13 12:33:37


دانا حه‌مه‌عه‌زیز

ئۆکرانیا بەدرێژایی سەدەکانی ناوەڕاست واتە (ساڵی ٥٠٠ تا ١٥٠٠ی زاین)، مەڵبەندی سەرەکی کەلتوری سلاڤی نەژادەکانی خۆرهەڵات بووە، بەڵام هەمیشە پەرتەوازەو بەربڵاو بووە. لەسەدەی سیانزەی زایندا ئەوکاتەی ئۆکرانییەکان خەریكی خۆڕێکخستنەوە بوون، لەشکری مەغۆل بە پشتیوانی تاتارە تورکەکان وێرانیان کرد، لەوکاتەشەوە تا سەدەی هەژدە، ئۆکرانیا لەهەر چوارلاوە کەوتە بن دەستی (روسیای قەیسەریی، هاوپەیمانیی پۆڵۆنیا- لیتوەینیا، ئیمپراتۆریەتی نەمسا- هەنگاریاو عوسمانییەکان). بەڵام لەسەدەی نۆزدەوە تەنها بە ژێردەستەی (روسیای قەیسەری لە خۆرهەڵاتەوە، پۆڵۆنیا لە خۆرئاواوە) مایەوە. کەلتورو زمان و دیالێکتی ڕوس و پۆڵۆنیی، تا ئەمڕۆش زاڵە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوای وڵاتدا.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفی و کۆتایهاتنی دەسەڵاتی قەیسەریی لە ڕوسیا، ئۆکرانییەکان دەرفەتیان هێناو کۆماری میللی ئۆکرانیا- یان دامەزارند، بەڵام تەمەنی ئەم کۆمارە تەنها سێ ساڵی بڕکردو، لەژێر گوشاری روسەکاندا کۆمارەکە خرایە سەر یەکێتی سۆڤیەت.

لەگەڵ کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەم دا، خۆرئاوای ئۆکرانیا لەگەڵ خۆرهەڵاتدا یەکیانگرتەوەو تا ساڵی ١٩٩١ وەك دووەم گەورەترین کۆماری یەکێتی سۆڤیەت مایەوە. لەگەڵ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆکرانیا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، بەدریژایی ٧١ ساڵ مانەوە لە ناو یەکێتی سۆڤیەتدا، ئۆکرانیا بەدەست برسێتی و قەیرانی یەك لە دوای یەكەوە دەیناڵاند. بەهۆی سیاسەتی توندوتیژی ستالینەوە لە (ڕێگرتن لە هاتوچۆ، دەستبەسەراگرتنی هەموو پێداویستیەکی ناوماڵ و ڕێگرتن لە گەیشتنی کۆمەکی نێودەوڵەتیی)، لەماوەی یەك ساڵدا (١٩٣٢-١٩٣٣) سێ ملیۆن و نیو ئۆکرانی لە برسا مردن. ئەم کارەساتە، بە گرانی دەستکرد یان جینۆساید ناسراوە کە ئۆکرانی و ڕوسەکان پێی دەڵێن Holodomor.

بەدرێژایی شەڕی ساردیش، بەهۆی پێگەی جوگرافیی، ئۆکرانیا لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاریدا بوو. ئۆدێسا وەك گەورەترین بەندەری سەر دەریای ڕەش، گەورەترین خاڵی ئاڵوگۆڕو بازرگانیی جەنگی بوو، ژێردەریاییەکانی سۆڤێت زۆریان ماڵی سەرەکییان ئاوەکانی ئۆکرانیا بوو. ١٩٠٠ کڵاوەی ئەتۆمیی یەکێتی سۆڤێت لەناو خاکی ئۆکرانیا چێنرابوون، چەندین کارلیکی ئەتۆمیی لە ئۆکرنیا ئەنجام درا. ساڵی ١٩٨٦ تەقینەوەی ویستگەی کارۆ- ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە باکوری ئۆکرانیا، گەورەترین کارەساتی ژینگەیی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە.

٣١ ساڵی ڕابردوو بۆ ئۆکرانییەکان سەردەمێکی سەخت بوو، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕوسیا، پرۆسێسی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بۆ دیمۆکراسی و ئابوری ئازاد بە گۆجیی هێشتەوە. ئۆکرانییەکان، لە رۆژی سەربەخۆبونەوە، نامەیەکی سپیان بۆ ڕوسیاو بۆ خۆرئاوا ئیمزا کرد کە ئەوان تەنها ئاشتی و ئازادیی و پێشکەوتن ئامانجیانە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم چەکە ئەتۆمییەکانیان ڕادەستی ڕوسیا کرد، هاوپەیمانیی بازرگانیی و هاریکاری ئابورییان لەگەڵ ڕوسیاو ئەوروپاو ئەمریکا ئیمزا کرد. ئۆکرانییەکان زنجیرەیەك شۆڕشی ئاشتیخوازانەیان لەپێناو دیمۆکراسیی و دادپەروەریدا بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەڕینی ئازاری ٢٠١٤ دژی سەرۆك ڤیکتۆر یانۆکۆڤیج، هەموو ڕیسەکەی لە ئۆکرانییەکان کردەوە بە خوریی. یانۆکۆڤیچ سەر بە ڕوسیا بوو، بڕیارو ڕاسپاردەکانی ڤلادیمیر پوتینی جێبەجێ ئەکرد، کۆسپ بوو لەبەردەم هەنگاوەکانی ئۆکرانیا بۆ نزیكبونەوە لە بازاڕی ئازادو سەرەنجام ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا. یانۆکۆڤیچ ڕایکرد بۆ مۆسکۆو، ئۆکرانییەکان کۆشکە شاهانەکەیان کرد بە مۆزەخانە. بەڵام ئەم ڕاپەڕینە، روسیای توڕەکرد. بەبیانوی بوونی کەمینەی ڕوس، ڤلادیمیر پۆتین دورگەی کرایمیاو بەشێك لە هەرێمەکانی لۆهانسك و دینیسك-ی داگیرکردو تائێستاش شەڕ لەو هەرێمانە بەردەوامە کە زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی تیا کوژراوە. لەوکاتەوە ئۆکرنیا بەشێکی گەورەی لە بودجە لاوازەکەی بۆ جەنگ و کڕینی پیداویستیی سەربازیی تەرخان کرد. بەڵام کرانەوەی یەکێتی ئەوروپا بەڕووی ئۆکرانیادا، ئەم وڵاتەی خستە سەر هێڵی گەشەکردن، ژمارەی بێکاریی بەردەوام بەرەو دابەزینە دەڕوات، کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە بەرزبوبەوەدایە، پرۆژەی خزمەتگوزاریی و ڕێگاوبان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە. گەندەڵیی لەکەم بونەوەدایە، سیستەمی حوکمڕانی کە نیمچە سەرۆکایەتییە، هەنگاوی زۆرباشی ناوە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لە سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی دادوەریدا.

دوای ڕوسیا، ئۆکرانیا (بە ڕوبەر) گەورەترین وڵاتی ئەوروپایە واتە لە فرەنساش فراوانترە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٢ ملیۆنە. بەهۆی تەختیی و بەپیتی خاکەکەیەوە، بەدرێژایی ٣٢ هەزار ساڵی ڕابردوو، یەکێك لە سەر زەمینە ئاوەدانەکان بووە، ئێستاش لە وڵاتە هەرە گەورەکانی جیهانە لە هەناردەکردنی بەرهەمی دانەوێڵەدا.

هەڕەشەکانی ڕوسیا لەم وڵاتە تازە پێگەیشتووەدا، ڕاستین. ڕوسیا زیاتر لە سەد هەزار سەربازو هەزاران تانك و تۆپ و موشەكهاوێژی لەسەر سنورەکانی ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە، لە دەریای ڕەشیشەوە ئۆکرانیای بەتەواوی داخستووە. بەپێی لێکدانەوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاو بریتانیا، داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە لە سەعات و ڕۆژ دایە. بەڵام وەك بۆ هەموو لایەنەکانی قەیرانەکە دیارە، هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە کارەسات کۆتایی دێت و ڕوسیا ناتوانێت بەزەبری چەك دەسەڵاتێکی سەر بە مۆسکۆ بەسەر ئۆکرانییەکاندا بسەپێنێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand