Draw Media

"جۆن پیرکۆ" چی بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وت

"جۆن پیرکۆ" چی بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وت

2020-05-07 22:56:09


مەجید ساڵح

(١)

لە شوباتی ٢٠١٦ دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان سەردانی  "جۆن پیرکۆ" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بریتانیای کرد، کە قسەوباس ھاتە سەر داخستی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن پارتییەوە یەکسەر بە واقوڕمانەوە وتی «جا گەلی کوردستان چۆن ئەوە قەبوڵ دەکەن، ئەگەر حکومەت رێگەم لێبگرێ و نەھێڵێت بێمە ئێرە، خەڵکی بریتانیا دەرژێنە سەرشەقامەکان و لێی قەبوڵ ناکات»!!

تەبعەن لە مێژووی بریتانیادا  بۆ کپ کردنەوەی دەنگی نوێنەرانی گەل، چەندین جار لە رێگرتن خراپتریان بەرامبەر کراوە، لە سەدەکانی ١٤،١٥، ١٦دا حەوت سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە بەدەستی (شا) و حکومەتەکانی سەریان لە لاشەیان جیاکراوەتەوە، بەڵام  خەڵکی بریتانیا کۆڵیان نەدا و خاوەندارێتیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی خۆیان کرد و تا رۆژەکەیان گەیاندە ئەم رۆژەی کە (شا) جگە لە شایەکی رەمزی زیاتر ھیچی تر نییە  و حکومەتیش بی رەزامەندنی ئەو ئەنجومەنە ناتوانی پەنجە بکات بە ئاودا..

(٢)

٧ی ئایار پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانەکانی، بە پێی پەیڕوی ناوخۆی پەرلەمان، حەسانەی پەرلەمانیان لە سۆران عومەر سەندەوە،  ھەڵبەت بۆ ھەمان مەبەستی شاکانی بریتانیا کە کپکردنی دەنگی نوێنەرەکانە، جگە لەو ھەڵایەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرپا کرا و ھەموو دابەزین بوو بە سەر پەرلەمان، ئەگینا بە نسبەت رای گشتیەوە رووداوەکە بە ئاسایی تێپەڕی. ھەندێ حزب و لایەن و سیاسەتمەداری دیاریش کە لە کاتی داخستنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠١٥  نەک ھەر بێدەنگیان ھەڵبژارد، بگرە بوون بە عەڕاب و کلیلی کردنەوەی دەرگا کڵۆم دراوەکەی پەرلەمان  لە ٢٠١٧، لەم کێشەیەدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان میدیا و ھێزی تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان خستە بواری ناشیرین کردنی پەرلەمان. و گاڵتەکردن بە سیستمی پەرلەمانی..

(٣)

بێ پەرلەمانی ھەر بۆ خوا و میللەتە  ناشارستانییەکان باشە،  شکۆی ھەموو پەرلەمانێک  لەوەوە دەست پێدەکات کە خەڵک خاوەندارێتی لێ بکات و نوێنەرانیشی کۆڵ نەدەن و نا ئومێد نەبن، بریتانیای (عوزما)  ھەر بە لەشکرەکەیەوە (عوزما) نییە، بەڵکو لەو سیستمە ئیداری و سیاسی و پەرلەمانییەی کە ھەیەتی عەزەمەتەی بەدەست ھێناوە، ئەو سیستمەش بەری رەنجی ھەزار ساڵ لە تێکۆشانی خەڵک و  سەرسەختی نوێنەرەکانی لەبەرگری کردن لە بەرژەوەندی خەڵک و بیرکردنەوەی رۆشنبیر و ھزری روناکی فەیلەسۆفەکانیەتی..

پەرلەمانی کوردستان، بەو ھەموو کەموکوڕیەی کە ھەیەتی دەبێ خاوەندارێتی لێ بکرێت و لە دەستی ئەوانە دەربھێنرێت کە وەک موڵک و تاپۆی خۆیان تەماشای دەکەن.. ئەوەش نە بە بایکۆت کردنی ھەڵبژاردن دەکرێ و نە بە جوێندان و ناشیرن کردنی.. شکۆدارکردنی پەرلەمان بە ناردنی زۆرترین نوێنەری راستەقینەی خەڵک دروست دەبێ.. نائومێد بوون لە سیستمی پەرلەمانی،  ئامانجی ئەوانەیە کە دەیانەوێ  پەرلەمان بە زەلیلی بمێنێتەوە،  مێژووی پەرلەمانی وڵاتانی خۆشگوزەرانی ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەوان ھەزاران کەندو کۆسپ و تەگەرەیان ھاتوەتە رێ تا گەیشتوون بەم رۆژە، ھیچ دەسەڵاتێک ئامادە نییە لە سینیەکی زێڕدا کلیلی پەرلەمانێکی عەیار ٢٤  بدات  بە خەڵەکەی..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand