لابردنی پارێزباندی لەسەر کاک سۆران عومەر
2020-05-07 22:22:36
ئاری هەرسین
لە کاتی قسەکردن لەسەر هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان، هیچ پێویست بە درێژەدان بە قسە ناکات و پێویست ناکات کەسێک پۆست دوکتۆرای لە سیایەتدا بەدەستهێنابێت بۆ ئەوەی لە قورسایی ئەو قەیرانانە تێبگات کە بەرەوڕوی هەرێمی کوردستان بونەتەوە.
سیاسەت (ئەگەر بەمەبدەئەوە بکرێت) بریتیە لە ئیدارەدان و بدەو بستێن لەپێناو خزمەتکردنی میللەت. ئەرکی سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەریش هیچ نیە جگەلە جێبەجێکردنی ئەو دو ئەرکە بە قازانجی میللەت. بەداخەوە بەم جۆرەی ئێمە لە کوردستان سیاسەت ئەکەین، لە ڕاستە شەقامی ئەو پێناسەیەی سەرەوە لامانداوە. کەسانی ناسیاسی و دور لەمەبدەئی نیشتیمانی خزێنراونەتە ناو جومگە سیاسیەکان، کە لەبری ئەوەی ئینتیمایان بۆ میللەت، نیشتیمان و ئاڵا هەبێت، دەروێشی کەسایەتی، پلەو پۆست و بەرژەوەندی شەخسی و ئایینین.
لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیموکراسیدا دەسەڵاتەکان لەکۆمەڵگەدا جیاکراونەتەوەو، مەسەلەی ئازادی رادەڕبڕین دەستەبەرکراوە، بەڵام سنوور بۆ ئازادی داندراوەو ئینسان هەتا ئەوکاتە ئازادە ڕای خۆی دەرببڕێت، کە سنوری ئازادی کەس (یان گروپێکیتر) نەبەزێنێت. ئیتر ئەم کەسە لە هەر پلەو پایەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێت. بەداخەوە، زمانی قسەکردنی کاک سۆران عومەر هەرگیز لای بەندە جالب و سەرنجڕاکێش نەبوە. نەک لەبەرئەوەی (هەندێک) لە قسەکانی راست نین، بەڵکو لەبەر شێوازی گوتنیان. عاقڵانەیە ئینسان لەخۆی بپرسێت، کە ئایا کێشەی گەندەڵی لەهەرێمی کوردستان لە کاک مەسرور بارزانیەوە دەستپێدەکات و بەویش کۆتایی دێت؟ بۆچی لەئێستاداو لەم تەوقیتە پارلەمانتاری ئازادئەندیش نابێت بهێڵێت خەڵکیتر بیکەنە بەشێک لە ئەجندای خۆیان. بۆچی لەم کاتەدا کە ئێمە (هەمو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان)و، بەتایبەتیش ئێمەو یەکێتی و گۆڕان پێویستمان بە یەک دەنگی، یەکڕیزی و تەبایی هەیە.
هەندێک لە برادەرانی ئێمەی پارتی لە ڕابوردودا بە کاک سۆرانیان ئەوت تیرۆریست. ئەی باشە کە تێرۆریستە بۆچی فراکسیۆنی پارتی دەنگی بە کاک سۆرندا (ساڵی ٢٠١٤) بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پارلەمان و، بۆچی قوبوڵمان کرد لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی حکومەت تەشکیل بکەین (کابینەی ٨ و کابینەکانی تریش). عەیب و عاری ئەو زمانەشی کە کاک سۆران عومەر بەرامبەر ئێمە بەکاری ئەهێنێت، لەپێشدا بۆ خۆی و حیزبەکەی ئەگەڕێتەوە. چونکە ئەگەر لەگەڵ دز، جەردەو مافیا چویتە معامەلەوە، ئەوا شەریکیانیت و هیچ جیاوازیەکت لەگەڵ ئەواندا نییە (بەڵگەی ئایەتی قورعانی حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام د.خ. لەسەر ئەم مەسەلەیە زۆرن). لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت بە سەدان هەزار موسوڵمانی کوردستان نەهاتنە سەرشەقام بۆ هەڵوێست پیشاندان لەسەر لابردنی پارێزبەندی نە لەسەر کەسایەتیەک کە خۆی ئەڵێت موسوڵمانم، نە بۆ حیزبەکەشی کە خۆی بە نمایەندەی خوای بێ شەریک و قورعان و پێغەمبەرەکەی د.خ لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان ئەزانێیت.
ئینسان لە خۆی ئەپرسێت، ئیتر کەڵکی پارلەمان چیە؟… کە هەمو شتێک (هەر وەک هەمیشە) لەلایەن مەکتەبی سیاسی حیزبەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و، لە هەمو دانیشتنێکی پاڕلەمانەوە ئەم میللەتە لای ئاشکرابێت کە ئەمە بەرە پڕ جەنجاڵەکەی کوردستانیەو هیچیتر. ئیتر پارلەمانمان بۆچیە؟… ئەگەر ڕۆژێک بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەی پاڕلەمانی بەکاربهێنێت بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و توڕەبونی خۆی لە قوتکردنەوەی (نامەعقولی) هەمواری قانونی سەرۆکایەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٥، یان ئێمە ئەم زۆرینەی پارلەمانیە بۆ مەسەلەیەکی زۆر بچوک (لەچاو گەورەیی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتیمانی) بەکاربهێنین، جیاوازی چیە؟