Draw Media

حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك خۆی 

حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك خۆی 

2020-05-08 17:52:47


ساڵح ژاژڵەیی         
        
        فەزیحەی یەكەم 
گەەشتێك  لە سلێمانییەوە بۆ گومرگی ئیڕاهیم خەلیل 
لە سلێمانییەوە بەڕێكەوتم  بۆ گومرگی ئیبراهیم خەلیل بارم بۆ هاتبو . دەبوایە  فەحسی موختەبەر  بۆ مەوادەكان بكرێت  . بۆ نمونە  مادەی وا هەیە هەر بۆ ڕەنگە   پێویستی بە یەك كەوچكە چا هەیە بۆ فەحس . بەڵام ئەوان  بۆ هەموو مادەیەك  دوو كارتونی 40 كیلۆیی دادەگرن . هەر كیلۆی بە 40 دۆلارە . واتە 80 كیلۆكە   ئەكاتە 3200 دۆلار . بۆ هەموو مەوادەكان بەم شێوەیە .
سەیرەكە لەوەدایە دوای فەحسەكە كارتۆنەكان ناگیڕنەوە و دەڵین  ئەوە  فەرمانە پێمان كراوە  .  دیارە  بۆ ئەرشیف هەڵیان دەگرن . بۆ ئەوەی ئەو كارتۆنانە نەشكێنن چونكە دوایی دەیانفرۆشنەوە ، دین لە كارتونی تری بارەكە نمونە بۆ فەحس دەبەن . دوایی بەدوادا چۆنمان كرد ئەم كارتۆنانە بە كەسێكی تر دەفرۆشنەوە و ئەو كەسەمان دۆزیەوە و هەر كیلۆی  بە 7 هەزار دینار لێمان كڕیەوە و كابرا وتی خۆم بە 5 هەزار كڕیومە . 
دوای ئەوەی فەحس  تەواو بو چوم پارەی گومرگ بدەم . وتیان باجەكەی دەكاتە 500 دۆلار . پارەكەم داو پسوڵەیان نەدامی . 
سەیركەن جگە لە پارەی گومرگ بایی چەندین هەزار دۆلاریش مەواد دەبەن و ناشتوانی قسە بكەی . ئەمەش داهێنانە لە دزیكردندا .  ئەگەر بەرپرسانی حكومەت و وەزیری دارایی تا ئێستا نەیان زانیوە ئەمە دەگوزەرێت لە گومرگی ئیبڕاهیم خەلیل ، فەرمون ئێستا بیزانن ، بزانین چی دەكەن ؟  ئەمە تەنها یەك جۆر دزییە لەو سەدان جۆری دزیەی كە لە گومرگ دەكرێت . ئەمە یەك نمونەی گەندەڵیەیە  لەو هەزاران گەندەڵیەی لە سێكتەرەكانی تریشدا دەكرێت . 
 دوای هەمو ئەو قاچ و قوچەی لە گومرگ دەكرێت لە نیوەی كەمتر دەنێرن بۆ خەزێنەی حكومەت و باقیاتەكەی بەشی حیزب خۆیەتی . كاتی خۆشی سەید ئەكرەم لە دركندنی ئەو ڕاستییە لە گومرگ دەركراو خراشە زیندانەوە . 
هەر هەمان  كەس دەڵێت : بارم بۆ هات بۆ گومرگی  باشماخ . لەوی َ هەموو مامەلەكەم تەواو كرد . فەحسی موختەبەر بۆ مەوادەكان كران و هیچ كێشەیان نەبوو . بەڵام ڕەزامەندی  هەولێری دەویست  بۆ داخڵ كردنی بارەكان . 
بە كورتی تەنها بۆ ئێمزاكردنی مامەلەكەم  لە نێوان چوار كەسدا  لە هەولێر ، ماوەی 10 ڕۆژی خایاند . كە هاتمەوە خاوەن تڕێلە بۆ هەر شەو ڕۆژێك  بڕی 200 دۆلاری لێ وەرگرتم . واتە ماوە 10 ڕۆژ چاوەروِانی و  دوو هەزار دۆلاریش حەقی ڕاوەستان .  دەوڵەت داری بە ڕۆتینیان نابرێت بە ڕیوەو خەڵكی خۆی پێویستە .
  فەزیحەی  دووەم
 لە بەرواری  15/4/2020  تا  15/11/2020 بە بڕیار هاوردەكردنی پەتاتە  قەدەغە كراوە  بۆ پشتیوانی بەرهەمی  ناوخۆیی . لە 10/3/ 2020  ئاگاداری هەموو بازرگانەكان كراوە  كە دوای 15/4 پەتاتە بهێنن هەركیلۆی  600 دینار باجی دەخرێتە سەر .
 بەڵام بەڕێوەبەری  گشتی گەشە پێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی ، بەڕێز ئاراس ڕەئوف عارف   لە بەرواری  4/2/2020   نوسراوێكی كردوە بۆ وەزارەتی دارایی كە ڕێگا بدەن خاوەنی كارگەی دروستكردنی جبسی پەتاتە  بڕی 6500 شەش هەزار و پێنج سەد تەن پەتاتە هاوردە بكات  لە ماوەی 6 مانگدا . 
 بە مەرجێك خۆشی باش دەزانێت  دوای 15/4   هەركیلۆیەك پەتاتە  بڕی 600 دینار  باجی دەخرێتە سەر .  خاوەنی كارگەكە  لە دوای 15/4 / 2020 یەكەم وەجبەی پەتاتەی  لە گومرگی  باشماخەوە  داخل َكردوە ، كە دەكەوێتە كاتی  قەدەغە كردنەكە . كاتێك پەتاتەكە فەحس دەكەن ، سەیردەكەن هەموی چەكەرەی كردوە بەكەڵك نایەت .
لە وەش سەیرتر كە سەیری نوسراوی ڕێ پێدراوەكەی دەكەن ، دەبینن لە پێدانی باجیش بەخشراوە . باجیش بۆ هەر كیلۆیەك 600 دینارە . باجی هەموی دەكاتە  4900 چوار ملیارو نۆسەد ملیۆن دینار . بە دۆلاریش دەكاتە   3250 سی ملیۆن و دوو سەدوو پەنجا دۆلار .  نازانم چۆن ئەمە بەسەر وەزیری داراییدا تێپەڕیوەو  ئیمزای كردوە  بۆ بەخشین لە باج ؟.
 وەكو زانیاریش هەیە خاوەنی ئەو كارگەیە  ساڵی پاریش لە گومرگ بەخشراوە . تەنانەت  بەخشین بۆ شیشی ئاسن و شتی تریش كراوە . پرسیار لێرەدا ئەمەیە : چۆن ئەم بەڕێوەبەرە كڵاوی كردە سەری وەزیری بازرگانی و دارایش ؟  ئەگەر بەوە فریومان  بدات بڵێت  ئەم پەتاتانە  بۆ خواردن نییەو بۆ جبسەو لە كوردستان نییە ، ئەی بەخشین لە گومرگ چ مانایەكی هەیە ؟ 
چۆن كەسێك دەبەخشرێت  لەو هەموو پارەیە ؟ لە پێناوی چێدا ؟؟ دیارە ئەمە بی َبەرامبەر نەكراوە و بە درێژایی ساڵەكانی تریش ئەم  فەرهودە  كراوەو تا ئێستا كەسێك لێ پێچینەوەی  لەگەڵ  نەكراوەو  كەسیش سزا   نەدراوە .
 خۆش بەختانە فەزیحەكە ئاشكرا بوو  لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە  بە نوسسراو  بەخشین قەدەغە كرا . ئەمە بڕیارێكی باشە . خۆزگە بەردەوام بەدواداچون بكرێت و بریاری لەو شێوەیەش بدرێـت و سزاشی بەدواوە بێت .
 بەڵام بە بۆچونی من حەق وایە لێپرسینەوەو بەدواداچون  بۆ  كارەكانی پێشوی ئەم بەڕیوەبەرە بكرێت  و بزانن ئەمە یەكەم كاریەتی  ، یان كاری تریشی  لەو جۆرە كردوە .  هێوادارم سزای ئەوانەی ئیبڕاهیم خەلیلیش  بدەن كە لە بری بردنی یەك كەوچكی  چا مەواد بۆ فەحس  ،دوو كارتون دەبەن بۆخۆیان . 
 فەزیحەی سێیەم  
\لە كابینەی هەشتەم  كە ڕێباز حەملان وەزیری دارایی بوەو لە هەمان كاتیشدا وەزیری كشتوكال َبوە بە وەكالەت ، نوسراوی كردوە بۆ گومرگی باشماخ كە ڕێگا بدەن بە (عەمر یان زەید )  بڕی  300  سێ سەد هەزار كارتون كە هەر كارتۆنەی 100 تەبەق هێلكەی تێدایە .، بەمەرجێكیش لەو كاتەدا هاوردەكردنی هێلكە قەدەغە بوە .  كارەسات لەوەدایە جەنابی وەزیرلەپێدانی گومرگیش بەخشیویەتی.  كە واتە جەنابی وەزیر دوو جار سەرپێچی یاسای كردوە . 
لە ساڵ لە ساڵی 2019 و 2020  لەبەر ئەوەی هاوردەكردەكردنی هێلكە قەدەغە بوە ، ڕێژەی باجی گومرگیش  نازانین . بەڵام ئێمە ڕێژەی گومرگی  ساڵی 2018 دەكەینە بنەما بۆ حسابكردنی پارەی گومرگی ئەو هێلكانە .  ئەو كات باجی  تەبەق هێلكەیەك  350 دینار بوە .  كەواتە پارەی گومرگی یەك كارتون دەكاتە 35000 دینار .
 پارەی گومرگی 300 هەزار كارتون  دەكاتە   دەملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار . بە دۆلاریش دەكاتە نزیكەی 8 ملیۆن دۆلار و نیو  . لەگەڵ قازانجی  فرۆشتنی هێلكەكان  دەگاتە نزیكە 20 بیست ملیۆن دۆلار .  بۆیە لەو كاتەوە ڕەجەب كراوەتە سەرپاڵە حالیشمان  ئاوا جوانە .
لە ساڵی 2019 وە تا ئێستاش  هاوردەكردنی  هیلكە قەدەغە كراوە ، بەرپرسانی حیزبیش  بەردەوام هێلكە هاوردەدەكەن . قازانجەكەی بۆ حكومەت نییە و بۆ بەرپرسانی حیزبە . پرسیار لێرەدا  ئەوەیە ئەگەر لەم هەرێمە شتێك هەبێ بەناوی حكومەت ، نابێ پرسینەوە لەو وزیرە بكرێت و بزانن چۆن و بۆچی و بە چ دەسەڵاتێك حەق بە خۆی دەدات بڕیاری  لەو شێوەیە بدات ؟ . بەڕاست ئەمە حكومەتە ئێمە هەمانە ؟. دیارە لەم هەرێمەدا یاسا نییەو كارەكان بە میزاجی شەخسی دەكرێن . 
 فەزیحەی چوارەم
لە مەرزەكان كۆمیانیای جۆراو جۆر هەیە بۆ وەرگرتنی پارە . بەناوی سۆنەر ، نەشتەرگەری ، قەپان،  سەرانە و زۆر شتی تر . هیچ كۆمپانیایەك نییە ، بەرپرسێكی حیزبی شەریكی نەبیت . هەندی كۆمیانیا هەیە كە گوایە فەحسی مەوادەكان دەكات ، هەر ئامێریشی نییە . 
ئەگەر ئەم كۆمپانیانە پێویستن بۆچی حكومەت خۆی   سەرپەرشتیشیان ناكات ، بۆ ئەوەی پارەكە  بۆ حكومەت بگەڕێتەوە ؟  چۆن دەبێت  حكومەت خۆی دزی لە خۆی بكات  ؟  . دیارە  بۆ خاتری بەرپرسەكانی حیزب دانراون كە پارەیان دەست كەوێت .  ئێستا لە گومرگەكەن كاڵای زۆر داخڵ دەكرێت  كە هاوردەكردنی قەدەغەیە . وەكو هێلكە و پەتاتە . 
بەڵام ڕۆژانە زۆربەئاسایی دێتە ناو هەرێمەوە  باجێكی زۆر وەردەگیرێت و بۆ حكومەت نییە . ئەوانەی ئەوەدەكەن كەسانی ئاسایی نین ، دەسەڵاتدرانی ناو حیزبن كە بەشێكن لە دەسەڵاتی ئەم هەرێمە . كەواتە مرۆڤ چ دڵێكی بەم حكومەتە خۆشبێت .؟. 
 حكومەت هاوار دەكات  دەڵێ‌، ئیفلاسمان كردوە  ، ئەوەتا موچە نادرێـت. لە ناچاریدا تەسلیم بە بەغدا بونەوە ، لەولاوە خەریكی تاڵانین  لە گومرگەكان  . ئەمە تەنها  چەند نمونەیەكی زۆر كەمن  لە گەندەڵی ناو گومرگەكان . 
ئەی گەندەڵی و تەخشان و پەخشان لە بواری زەوی و زاردا . لە بواری بازاڕ قۆرخ كردندا و خۆدزینەوە لە پێدانی باج . لە بواری  وەبەرهێنان و دروستكردنی  باڵەخانەدا هەموو بوارەكانی تریش دەبێ چۆنبیت . بواری نەوتیش لای هەموان ئاشكرایە و بو بە مایەی  ئیفلاسبونی و حكومەت .
  ئەگەر لەناو  هەموو دام و دەزگاكانی حكوموتدا بەم جۆرە  تاڵانی بكرێت و  گەندەڵی بوبێتە كەلتور هاوڵاتی چ ئومێدێكی بەم دەسەڵاتدرانە دەمێنێت .  لە ئێستادا لەناو زۆرێك  لە دام و دەزگاكانی حكومەتدا  تۆڕێك بۆ ئەنجامدانی  گەندەڵی  لە سەری سەرەوە تا خواری خوارەوە  دروست بوە . سێ سێ و چوار چوار سەریان بەیەكەوە ناوەو بەرنامەی دزی و گەندەڵی دادەڕێژن . 
داهێنانی تازە دەكەن  لەچۆنیەتی دزیكردندا .  هەر پڕۆژەیەك پێویستی  بە ڕەزامەندی دەست بەكاربونی  هەبێت  ،بی َپێدانی بەرتیل  ئێمزا ناكرێت . هیچ پڕۆژەیەك نییە ئەگەر بڕی تێچونی بگاتە ملیۆنێك دۆلار و بەرپرسێكی حیزبی شەریكی نەبێت . 
 كەواتە ئەو سەرینە بخەن ژێر سەرتان  كە هەرگیز چاكسازی  بە ئەمانە ناكرێت ، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە بەرهەمی كاری ئەمانەیە. چاكسازی بە كەسانی دڵسۆز و دەست پاك و نیشتمان پەروەر  دەكرێت ، نەك كەسانی  تاڵانچی .
حكومەت لە بری هەوڵ بدات چارەسەرێك بۆ ئەم بارودۆخە بدۆزێتەوە ، باسی هەر گەندەڵییەك بكەێت ، پێت دەڵێن كوا بەڵگە ، بیدەنە دادگا . ئاخر دادگا نییە بۆیە ئەم تالاِنیە دەكرێت .   نە دادگا بیلایەنەو نە یاساش سەروەرە .  لە كاتێكدا  حكومەت موچەی پێ نەدری ، هەرچی سەرچاوەی داهاتیشە دەستی بەسەردا بگرێت ، بەرپسانی حیزبیش باج نەدەن ، داهاتی نەوتیش  دیار نەبێت ، حكومەتی عێراقیش موچە نەنێرێـت ، ئەم بەرپرسانەش دەست بەرداری دەسەڵات نەبن و سەرباری هەموو ئەمانەش  هەڕەشە بكەن ، ئەی هاوڵاتیان دەبی َچی بكەن ؟. 
 یان دەبێ  بێدەنگی هەڵبژێرن تا ئێستا چۆن ڕۆیشتوە با هەر ئاوا بڕوات . یان دەبێ خەڵك لە خەو بێدارببنەوەو بەم بارو دۆخە ڕازی نەبن و دەست بكەن بە خۆپیشاندان   و ناڕەزایی دەڕیرین .
 ئەگەر ئەمە ئەنجامی نەبوو ، دەبێ  دەست بكرێت بە ئەنجامدانی ڕاپەڕینی گشتی ،چونكە ڕێگا چارەیەك نامێنێت .  بەڕاستی بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە چونكە هەڵسو كەوتی بەرپرسەكان  ئەوەمان پی َدەڵێ   كە ئەمانە ئومێدیان بە پاشەڕۆژی ئەم هەرێمە نەماوەو ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت  وەكو شاشبەتاڵ و بێ ئومێدی وایە ، بۆیە هەركەس بۆخۆیەتی و ئەوەتا بە بەرچاومانەوە وڵات تاڵان دەكرێت و كەسیش لە خەمی هاوڵاتیان نییە . دیارە ئەمانە ئەهلی دەوڵەت داری نین . كەواتە دەبێ تازوە میللەت فریای خۆی بكەوێت .  
دكتۆر عەلی وەردی دەڵێت :
ستەمكار هەست بە ستەم ناكات ، تا خەڵكی دەورو بەریان چەیڵەیان بۆ لێدەن .  بۆیە تكایە واز لەچەیڵە لێدان و پێدا هەڵدان بێنن. كاتی ئەوەیە بێنە دەنگ و بڵێن ئیتر بەسە .
          

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand