Draw Media

بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا بۆتە یانەیەک

بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا بۆتە یانەیەک

2023-05-06 13:07:36


چیا عەباس
بەهۆی وردبینی و تێگەیشتنی کاک نەوشیروان كە كۆكەرەوەی بیرو بۆچونە جیاوازەكان بوو، لەڕاستەوە بۆ چەپ، لە بەدین و عەلمانییەکان، لە هەڵچو بۆ میانڕەو، لە نەتەوەخوازەوە بۆ لیبڕاڵ و لە گەنج و پیرو ژن و پیاو و هەمو چین و توێژەكان بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی گەورەی جەماوەری هێنایە کایەی سیاسی نەتەوەی کوردەوە. ئێستا گەر حزبێک یاخود گردبونەوەیەک هەبێت لەم باشورە سەرلێشواوەی کوردستان ناسنامەو رەچەڵەکی خۆی لێبوبێت بەبارێکی قورس ئەوە گۆڕانی ئەم ساتانەیە.
زیاترلە بیست ساڵ لەمەوپێش چەندین تێکۆشەرو کادرو رۆشنبیرو نوسەر لەگەڵ کاک نەوشیروان کاریان بۆ هزری گۆرانکاری کردوە. لەو سەردەمانەدا بەشێکی هەستیاری ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستای گۆڕان لە دەریای نیعمەت و چەورو خۆپەرستی یەکێتیدا تا سەر ئێسک تەڕ بووبوون. هەرچۆنێک بێت گزنگی سەرهەڵدانی هزری گۆڕانکاری هێدی هێدی لە ئاسۆدا دەبینرا، لەو ساتانەدا بەندە لەگەڵ چەند هاورێیەکی مەڵبەندی دەرەوە، بە بەرپرسی مەڵبەندەکەشەوە، بەباڵی ریفۆرم ناسراو بوین، کوتلەی سەر بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی هەزارو یەک کێشەیان بۆ دروستدەکردین، ئێمە خۆراگر بووین و نەچوینە ژێرباری فشارو چاوسورکردنەوەکانی لوتکەی یەکێتی. لە ساڵی ٢٠٠٧ دەسەڵاتدارانی یەکێتی بریاری هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندی دەرەویان داو مەڵبەندێکی کارتۆنیان نزیک لە ماڵەکانی خۆیان لە "شارە حەیاتەکە" هەڵتۆقاندو بە بریارێکی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی ئەو سەردەمە کە لەسەر پارچە کاغەزێکی زەرد هەڵگەراو نوسراو بوو ئێمەمانیان لە ریزەکانی یەکێتی دەرکرد (کۆپی نامەکە پارێزراوە).
زۆرینەی ئەم بەرێزە دەسەڵاتدرانەی ئێستای گۆڕان بەرپرسی هەستیاری ناو یەكیتی بوون. لەسەر ئەو هەنگاوانە کونجی بێدەنگیان بژاردە کرد. عبدالرزاق شریف لە زنجیرەیەک وتار بەناونیشانی: "ئیتر قسە دەکەم" بەوردی تیشکی خستۆتە سەر چۆنیەتی هاتنی بەشێک لەم بەرپرسانەی ئێستای گۆڕان بۆ ناو بزوتنەوەکە، بە کورتی و کوردی: دوو دڵ، ناجێگیر، مەرجدار، نائومێدی لە رەحمەتی مام جلال پێیان و ....تاد. کە هاتیشن سەرەتا بەناوی ینک-ریفۆرم هاتن.لام مەبەستە سەردێکی کورتی پەلەی ئەم زەمینە مێژوییە بکەم تا باشتر لە روداوەکان تێبگەین و کەسیش بە چیرۆکەکانی دەوری ئاگردان چەواشە نەکرێت.
ئەوەی گرنگە هەڵوێست و رەفتاری چەند بەناو هەڵسوڕاوی گۆڕانە کە تا نەخۆشکەوتن و وەفاتی کاک نەوشیروان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی هەستیار لەناو گۆڕاندا بوون و هاوکاری دێرین و نزیک بوون لە رێکخەری گشتی. پاش وەفاتی کاک نەوشیروان کێشەو ململانێ و تەکەتولگەری و رق و کینەو نیەتی تۆڵەسەندنەوە تەسفیەی حساباتی پێشو نێوان بەشێک لەو بەرپرسانەی گۆڕان هێدی هێدی سەرئاو دەکەوتن، چۆنیەتی هەڵبژاردنی یەکەم خانەی راپەراندن سەلماندەرێکی حاشا هەڵنەگری ئەو جۆرە ئەقڵیەتە داخراو و خۆپەرستەیە. 
کاک نەوشیروان لەدوا هەفتەکانی ژیانیداو کاتێک رۆژانە لە لەندەن دەیبیست دۆخی ناوخۆی گۆڕان بەدەست ئەم هاوکارە دێرینانەیەوە دەناڵێنێت بڕیاری دروستکردنی گروپی راوێژی دا. بۆخۆم دژ بەو بریارە بووم و لەگەڵیدا بە حزوری حەمەتۆفیق لە ماڵەکەی کاک نەوشیروان لە لەندەن گوتم: کاک نەوشیروان لە دەقی بریارەکەت گروپی راوێژ زۆر مەتاتی و نادیار دارێژراوە، بە رەچاوکردنی ناسینی جەنابت بۆیان لەسەردەمی خەباتی شاخ و دوای راپەرینیش باشترە خاڵ لەسەر وشەکانی بریارەکەت دابنێێت، بەپێچەوانەوە چاوەڕوانیم بۆ ئیجابیەکانی کەمن. بە دەنگێکی حازمەوە گوتی: مانای دەستەواژەی راوێژ زۆر ئاشکراو رونەو ئەو برادەرانەش لێی تێدەگەن. حەمەتۆفیق هاوڕای بۆچونەکەی کاک نەوشیروان بوو. 
پاش وەفاتی دەرکەوت بەشێک لەو هاوکارە دێرینانە چیان بەسەر گۆڕاندا هێنا، ژمارەیەکی کەم لێیان زوو لە دۆخەکە تێگەیشتن و ماڵئاواییان لە گۆڕان کرد. دۆخەکە گەیشتە ئاستی نزیک لە متمانەی سفری جەماوەری گۆڕان بە بەرپرسانی گۆڕان. ئەم دەستە شکستخواردووە بۆ شانۆگەری دەستیان لە کارکشانۆتەوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا وەک ئەوەی نە بایان بینیوەو نە باران بەردەوامن لە بەرێوەبردنی گۆڕان. لە ئاکامدا بزوتنەوەکە بووە بە یانەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەک رەنگ و خواست بۆ بەسەربردنی کات و تەمەن و بەرێکردنی کاری ئۆفیسی و کۆبونەوە بێ ژمارەو بێ ئەنجامەکان. سەرەتا ئەوەی بەدڵیان نەبوو لە گۆڕان دەریانکردن، سزایان دان و جۆرەها تۆمەت و ناو و ناتۆرەیان بۆ هەڵبەستن، گوێیان لە هیچ رەخنەو پرۆژەو پێشنیازی بنیاتکەر نەگرت، هاوکاتیش دەست دەنێن بەسەر چەند ئەندامێکی گەندەڵی یانەکەیان و نازو رازیان پەسند دەکەن. 
بزوتنەوەکە بووە بە یانەیەکی هوایەتەکان چونکە ئیرادەو نیەتی بزوێنەریان نیەو شکستی کەمەرشکێنەریان دروێنە کردوە لە کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەوریان. وێرای ئەم سەرجەم شکست و پاشەکشانە سەرانی یانەی گۆڕان بۆ دابینکردنی دارایی و کەلوپەل و پێویستییەکانی یانەکەیان چەند ئەندامێکی دەستەی یانەکەیان دیاریکردووە: لە حوکمڕانی هەرێم، لە حوکمڕانییە لۆکاڵییەکان، لە پەیوەندییەکانیان و لە راگەیاندنیشدا، بۆ باقیش خوا کەریمە.
سەرەڕای ئەم دۆخە تاڵەی یانەی گۆڕان هێشتا ئومێدێک ماوە بەو گەنج و ئیرادە زیندوانەی ناو ئەو یانەیە کە بە هەمو توانایەکیانەوە کار بۆ بەخشینەوەی ناسنامە رەسەنەکەی بزوتنەوە بە پرۆسەکە دەدەن.
ئەوانەشی هێشتا لەوباوەڕەدان ئەم یانەیە بەهەندێک لەبغ و گەچکاری و پینە و پەرۆکردن و ریزکردنەوە و ئاڵوگۆڕی کەلوپەلەکانی و ...تاد هەڵدەسێتەوە پەنجەی پەشیمانی دەگەزێنن.... با بزانین بەچی دەگات! 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand