Draw Media

وه‌ڵامێك بۆ كاك ئیسماعیل خورماڵی

وه‌ڵامێك بۆ كاك ئیسماعیل خورماڵی

2023-05-11 06:31:37


هێمن خۆشناو:
 

(حزبولڵای كوردی) دارده‌ستی ده‌وڵه‌ت بوو، (هوداپاریش) باڵی سیاسی (حزبولڵایه‌)!
به‌ڕێز (ئیسماعیل خورماڵی) نوێنه‌ری یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان، له‌ (Draw Media)   له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ (10 ئایاری 2023) به‌ناونیشانی (كورد و هه‌ڵبژاردنی توركیا) گوتارێكی بڵاوكردۆته‌وه‌. له‌ روانگه‌ی باوه‌ڕبوونم به‌ هه‌ڵه‌ و شێواندنی زانیاریه‌كان، هه‌وڵده‌ده‌م له‌م گوتاره‌دا ره‌خنه‌ ئامێزه‌دا وه‌ڵامی چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌كی گوتاره‌كه‌ی ئه‌م به‌ڕێزه‌ بده‌مه‌وه‌ و زانیاریه‌كانیش راست بكه‌مه‌وه‌. 
ئه‌وه‌ی دیاره‌ نوسه‌ر، ته‌نیا له‌ روانگه‌یه‌كی ئایینی، بێ ره‌چاوكردنی روانگه‌كانی دیكه‌ گوتاره‌كه‌ی داڕشتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕوویی و كاردانه‌وه‌ به‌ گوتاره‌كه‌یه‌وه‌ دیاره‌ و له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی به‌رته‌سكدا ته‌نیا ره‌نگی ره‌ش و سپی بینیووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر له‌سه‌ر تێڕوانینی نووسه‌ر ده‌رباره‌ی دونیابینی بزوتنه‌وه‌ی كورد و هه‌ڵه‌ ستراتیژیه‌كانی له‌ باكووری كوردستاندا ناگیرسێمه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌یان بابه‌تێكی به‌رفراوانه‌ و له‌ جیاتی گوتارێك له‌ چه‌ندین گوتار جێگای نابێته‌وه‌. 
گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ئه‌م گوتاره‌، وێناكردنی (هوداپاره‌) و باڵه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی (حزبولڵای كوردیه‌). به‌شێوه‌یه‌ك به‌یانی ده‌كات كه‌ حزبولڵای كوردی له‌ ساڵی 1987 بۆ دۆزی ئازادی كورد دامه‌زراوه‌. كاكی نووسه‌ر نازانێ حزبولڵای كورد له‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ ساڵی 1979 له‌لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌هران هاوشێوه‌ و هاو به‌رنامه‌ی حزبولڵای لوبنان و حزبولڵا‌كانی دیكه‌ دامه‌زراوه‌. بێگومان مه‌رامیش له‌ دامه‌زراندنی ئه‌م حزبه‌ خزمه‌تكردن بووه‌ به‌ ئه‌جنداكانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو كارتێك به‌كاری بێنن ئه‌گه‌ر تووشی هه‌ر كێشه‌یه‌ك بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیادا كه‌ وڵاتێكی سه‌ر به‌ ناتۆیه‌ و هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێران. به‌ڵام كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا دركی پێكرد، حزبولڵای خسته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌ بۆ ئه‌جنداكانی خۆی له ‌دژی كورد به‌كاریهێنا. سه‌ره‌نجام له‌ تاوانه‌كانی بكه‌ر نادیاردا به‌ده‌ست و پڵانی حزبولڵای كوردی له‌ ساڵانی 1990 – 1999 زیاتر له‌ 17 هه‌زار هاوڵاتی كورد گیانی سپاردووه‌ كه‌ زۆربه‌یان بێ تاوانبوون و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردبوون كوژران. ناشكرێت باسی ئه‌م زانیاریه‌ نه‌كه‌م كه‌ كه‌م كه‌س ده‌یزانێت و په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر جزبولڵای كورد. له‌ ساڵانی 1993 و 1994 دا، په‌كه‌كه‌ چه‌ندین جار له‌ رێگای (حزبولڵای لوبنانی) داوای له‌ حزبولڵای كوردی كرد تا له‌و رێگایه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، په‌یوه‌ندیه‌كانیان ئاسایی بكه‌نه‌وه‌ و واز له‌ رشتنی خوێنی كوردی بێتاوان بێنێت. به‌ڵام دیاره‌ كار له‌كار ترازابوو، ئه‌م حزبه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كه‌وتبووه‌‌ ژێر ده‌ستی هێزه‌ تاریكه‌كانی ناو ده‌وڵه‌تی توركیا به‌ ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵیانده‌سووڕاند.
نووسه‌ر یان به‌ مه‌رامێكی ئایدۆلۆژی یان له‌ بێئاگایی گومان ده‌خاته‌سه‌ر هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هوداپار و حزبولڵا. ئه‌گه‌ر له‌ (Google) به‌دواداچوونێك بكه‌ین له‌ یه‌كه‌م چركه‌دا 47 سه‌رچاوه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هوداپار و حزبولڵای كوردی پشتڕاست ده‌كاته‌وه.‌ (له‌ كۆتایی ئه‌م گوتاره‌مدا دوو لینك داده‌نێم‌ وه‌كو به‌ڵگه‌ بۆ قسه‌كانم)
 له‌ یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌كاندا (زه‌كه‌ریا یاپیجیئۆغڵو سه‌رۆكی هوداپار) ده‌ڵێت‌:"ده‌كرێت به‌ گوێره‌ی كۆماری توركیا حزبولڵا رێكخراوێكی تیرۆریستی بێت، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی من رێكخراوێكی تیرۆریستی نیه‌". هه‌روه‌ها (حوسێن یڵماز) جێگری سه‌رۆكی گشتی هوداپار،‌ كه‌ هاوشانی زه‌كه‌ریا یاپیجیئۆغڵو له‌سه‌ر لیستی ئاكپارتی كاندیدین بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیا، سه‌رۆكی رێكخراوی (Mustazaf-Der) بوو كه‌ له‌ ساڵی 2012 به‌هۆی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبولڵا قه‌ده‌خه‌كراوه‌‌. له‌ هه‌مان كاتدا (فاروق دینچ) كه‌ سه‌رۆكی لقی دیاربه‌كری هوداپاره‌ و كاندیدی رێزبه‌ندی چواره‌مه‌ له‌سه‌ر لیستی ئاكه‌په‌ له‌ مێرسین به‌هۆی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبولڵادا چه‌ندین ساڵ زیندانیكراوه‌. هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ (ناسوح سه‌ڤینیك) ئه‌ندامی ده‌زگای راوێژكاری هودپار و (ئیسحاق ساغڵه‌م) سه‌رۆكی هوداپار به‌ وه‌كاله‌ت به‌هۆی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبولڵای كورد به‌ 6 ساڵ و 3 ساڵ زیندانیكراون. 
ئه‌مڕۆ كینه‌ و نه‌فره‌تی به‌شێكی زۆری هاووڵاتیانی باكووری كورد له‌ هوداپار و حزبولڵا له‌و راستیه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، نه‌وه‌كو له‌ روانگه‌ی ئایدیۆلۆژی چه‌پ و موحافه‌زه‌كاری وه‌كو له‌ گوتاره‌كه‌ی كاك ئیسماعیل خراوه‌ته‌ڕوو. موحافه‌زه‌كاران و توێژی دینداری كورد له‌ هاداپ و حزبه‌كانی دیكه‌ زیاتر نه‌فره‌ت له‌ هوداپار و باڵه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و ئه‌م حزبه‌ به‌ (حزبی شه‌یتان و حزبی كۆنتڕا/ چه‌ته‌) به‌ناو ده‌كه‌ن. پێموایه‌ هه‌ڵه‌ی زه‌قی كاك ئیسماعیل له‌م روانگه‌یه‌وه‌ به‌نده‌ به‌وه‌ كه‌ ته‌نیا پشتی به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك و لایه‌نێك به‌ستووه‌ له‌ وه‌رگرتن و پۆڵینكردنی زانیاریه‌كاندا. ئه‌گه‌ر بێت و كاك ئیسماعیل سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ش بخوێنێته‌وه‌ و بدوێنێ من دڵنیام ده‌گاته‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌نجامه‌ی من پێیگه‌یشتووم. 
حزبولڵا و هوداپار دوو رێكخراوی سه‌له‌فی و جیهادین، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی فیكری و ئایدۆلۆژی له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی كۆیان ناكاته‌وه تا كاك ئیمساعیل به‌ ناڕاسته‌وخۆ به‌ چاكه‌خواز له‌ قه‌ڵه‌میان بدات‌. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م راستیه‌ سه‌ردانی زه‌كه‌ریا یاپیجیئۆغڵو له‌ رۆژانی 26 و 27 نیساندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین لایه‌نی ئیسلامی كوردستانی و عێراقی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی یه‌كگرتووی ئیسلامی بكات. هه‌روه‌ها له‌ مه‌ڕاسیمی (مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ر د.خ) له‌ ئامه‌د كه‌ به‌ده‌ستپێشخه‌ری هوداپار سازكرا، چه‌ندین لایه‌نی كوردستانی بانگهێشتكرابوون، به‌ڵام یه‌كگرتوویی ئیسلامی له‌ناویاندا نه‌بوو.
له‌ هه‌مووی سه‌ره‌نجڕاكێشتر، كه‌ مرۆڤ زه‌حمه‌تی ده‌بینی له‌ تێگه‌یشتنی ئه‌م پرسیاره‌یه‌: ئایا كاك ئیسماعیل خورمالی به‌م گوتاره‌ ویستوویه‌تی به‌رگری له‌ هوداپار بكات، یان ئه‌ردۆغان؟ یان ویستوویه‌تی بڵێت دۆزی كورد له‌ باكووری كوردستان ناڕه‌وایه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌ردۆغان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت!
له‌ كۆتاییدا هیوادارم كاك ئیسماعیل خورماڵی به‌ گیانێكی وه‌رزشی ئه‌م گوتاره‌م بخوێنێته‌وه‌، بزانێ ئه‌و ته‌نیا دژ به‌ كورد ئه‌م گوتاره‌ی نه‌نووسیووه‌، به‌ڵكو له‌ چه‌ندین ته‌وه‌ره‌ دژ به‌ بیر و باوه‌ڕی حزبه‌كه‌شی نووسیووه‌. 
https://tr.wikipedia.org/wiki/H%C3%BCr_Dava_Partisi#:~:text=H%C3%BCr%20Dava%20Partisi%20(K%C3%BCrt%C3%A7e%3A%20Partiya,sayfalar%C4%B1%20aras%C4%B1ndan%20do%C4%9Fmakta%20olan%20g%C3%BCne%C5%9Ftir.
https://medyascope.tv/2023/03/13/hizbullah-mustazaf-der-huda-par-bir-hareketin-tarihi/

...............................................

كورد و هەڵبژاردنەكانی توركیا

ئیسماعیل حەمەعلی خورماڵی

https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12823

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand