تورکیا؛ لە چاوەڕوانی شەڕی ناوخۆدا !
2023-05-07 13:05:24
د. دانا حهمهعهزیز
بەپێی ناوەندەکانی پێشبینی هەڵبژاردن لە تورکیا، ڕێژەی دەنگی هەردوو ڕکابەرەکە (کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا، لە یەکەوە نزیکن. بەپێی ئەو ناوەندانە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن، دەنگی ئەردۆغان زیاد دەکات و جیاوازیی لەگەڵ کیلیچدارئۆغڵۆ کەمدەبێتەوە.
ئەم دوو پیاوە، بە دوو ئاڕاستەی جیاواز بانگەشە دەکەن. پەیام و بەڵێنی کیلیچدارئۆغلۆ بۆ تورکیا، ئاشتکردنەوەی خەڵك، فراوانکردنی ئازادییەکان و کرانەوەو چارەسەری کێشەکانی تورکیایە لەوانە کێشەی ئابوری و کێشەی پەیوەندی لەگەڵ کورددا. بەڵام ئەردۆغان لەسەر دوو تەوەری هەستیار پەلاماری بەرامبەرەکەی ئەدات، ئەردۆغان لە بانگەشەیەکی هیستیریاویدا ئەقیژێنێ و داوا لە تورك ئەکات فریاکەون، هەڵوێست لە دژی کیلیچیدارئۆغڵۆ وەرگرن، چونکە ئەو هاوشانی تیرۆریستەکانی قەندیل بانگەشە دەکات و کار بۆ زەلیللی تورك و کەڵەگایی ئیمپریالیزمی خۆرئاوا دەکات بەسەر تورکیاوە. ئەم پەیامەی ئەردۆغان تاڕادەیەك کاریگەر بووە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەنگەکانی، چونکە زۆرینەی نەژادپەرستەکانی تورکیاو زۆرینەی ڕەوەندی تورك لە ئەوروپا، لەگەڵ ئەم پەیامەدان، ئەوان بە پشتبەستن بە قسەکانی ئەردۆغان، خۆیان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن ئامادە دەکەن کە قەبوڵ نەکردنی ئەنجامەکان و تەنانەت لەناوبردنی خودی کەمال کیلیچدارئۆغڵۆشە، ئەوان دەڵێن کەمال نە کوردەو نە عەلەویی یە، بەڵکو ئەرمەنییەو ئامانجی تێکدانی تورکیایە!
تەنها ٧ ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، تورکیا لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، جیاوازیی و ناکۆکیی نێوان هەردوو بەرەکە زۆر گەورەیە، ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێك بێت، پێکدادانی ناوخۆ لە ئەگەرە بەهێزەکانە. لە ئەگەری دەرچونەوەی ئەردۆغان و ڕاگەیاندی دیکتاتۆرییەتی ڕەهاشدا، پێکدادان هەر ئەگەرێکی بەهێزە، ئەردۆغان بەدەست شێرپەنجەی ناوسك و ڕیخۆڵەوە دەناڵێنێت و دوای سێجار وەرگرتنی کیمیاویی، تەمەنی ساڵێکی تر بڕ ناکات، بە مردنی خۆشی تەواوی دامەزراوە پەیوەستکراوەکانی دەوڵەت بە ئەوەوە، دەڕوخێن!