Draw Media

كابینه‌ی ناڕێكی 

كابینه‌ی ناڕێكی 

2023-05-03 20:09:52


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
به‌رپرسیاری یه‌كه‌می خراپی په‌یوه‌ندی و ناڕێكی ئه‌م كابینه‌یه‌ له‌ئه‌ستۆی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و حزبه‌ ده‌كات كه‌ زۆرترین كورسی پارله‌مانی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها كوڕی مه‌سعود بارزانیه‌، وێڕای تێبینی له‌ سه‌ره‌تای كابینه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌شێت ئه‌م حكومه‌ته‌ ئاڕاسته‌ی پۆلیسی وه‌ربگرێت، خه‌ڵكێك ئومێدێكیان هه‌بوو كه‌ مادام كابینه‌كه‌ كوڕی مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌ره‌مه‌كه‌یه‌تی نه‌ك برازا، ئه‌وه‌ كابینه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌هاته‌دی، مه‌سرور بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، واته‌ سه‌رۆكی كابینه‌كه‌ نه‌یتوانی له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتووبێت كه‌ وه‌ك یه‌ك سه‌یری هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك بكات، هه‌روه‌ك له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو كه‌ ده‌بوو به‌ حوكمی سه‌رۆك وه‌زیران به‌رانبه‌ر جێگره‌كه‌ی و ئه‌وانی تر نه‌رمی بنواندایه‌، نه‌ینواند نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ په‌یوه‌ندی نێوان خۆی و جێگره‌كه‌ی كه‌ كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی بوو "ئه‌و پیاوه‌ی ماڵ به‌ماڵ ده‌نگی بۆ باوكی سه‌رۆكی حكومه‌ت كۆده‌كرده‌وه‌" گه‌یانده‌ مریشكه‌ڕه‌شه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی سیاسه‌توانێكی به‌ته‌مه‌نی وه‌ك مه‌حمود سۆرانی داوا بكات با سه‌رۆكی حكومه‌ت بڕوات چایه‌ك لای جێگره‌كه‌ی بخواته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت دوای هه‌ر پێشنیازێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی جێگره‌كه‌ی كه‌سێكی نزیكی خۆی راده‌سپێرێت كه‌ به‌ خراپترین شێوه‌ هێرشبكرێته‌ سه‌ر جێگره‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانی نه‌بێت، هه‌رگیز نه‌ جوتیارو نه‌كه‌س بوێری ئه‌وه‌یان نیه‌ به‌وجۆره‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر قوبادو وه‌زیره‌ یه‌كێتییه‌كان.
مه‌سرور بارزانی نه‌توانیتی قۆناغی جه‌لالی، مه‌لای كه‌ دواتر بووبه‌ جه‌لالی، مه‌سعودی تێپه‌ڕێنێ‌، نه‌توانیتی جیاوازی نیشانبدات، جیاوازی له‌ پێشخۆی به‌ باره‌ ئه‌رێنێكه‌یدا، تێنه‌په‌ڕاندنی ئه‌و مێژووه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان مێژوو به‌شێوه‌یه‌كی خراپتر هه‌رێمی كوردستانی گه‌یاندووه‌ته‌ كه‌ناری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و لێكترازانی ته‌واوه‌تی، هه‌رێم له‌كاتی شه‌ڕی ناوخۆیشدا به‌راده‌ی ئێستا بارو دۆخی خه‌راپ نه‌بوو، ئه‌وه‌ی ده‌توانێ‌ ئه‌مانه‌ چاكبكات خودی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی تائێستا نیازی هه‌قیقیانه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ده‌رنه‌بڕیووه‌و له‌هه‌موو هه‌نگاوێكیشدا بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ته‌نیشت ئه‌وه‌وه‌ یان له‌ خودی خۆیه‌وه‌ بۆچون و قسه‌و باسێك ریسه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌خوری، ئه‌زمونی جه‌لالی و مه‌لایی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد، ئه‌زمونێكی تاڵ و شكستخواردوه‌، هه‌موو پیلانه‌كانیش دژی یه‌كتر به‌ شكست كۆتای هاتووه‌، به‌و پیلانانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رودراوسێ‌ و وڵاتانی دیكه‌دا به‌ڕێوه‌چووه‌، بۆیه‌ ده‌بوو سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌گژ ئه‌و مێژووه‌دا بچێته‌وه‌و سه‌رده‌مێكی نوێ‌ ده‌ست پێبكات !!
ئه‌م كابینه‌یه‌ كابینه‌ی كوشتنی جیاوازییه‌، كابینه‌ی گوێ‌ نه‌گرتنه‌ له‌ یه‌كترو كابینه‌ی " برا گه‌وره‌- بیك برازه‌ر"ه‌ به‌و مانایه‌ی ده‌بێت ئه‌وانی تر فێری گوێ‌ راگرتن و به‌ڵێ‌ كردن و سه‌رله‌قاندن بن، هه‌ڵبه‌ت ئێستا به‌ ڕوونیش ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت وه‌زیر هه‌یه‌ له‌م كابینه‌یه‌ به‌ڵێ‌ بۆ حزبه‌كه‌ی خۆی ناكات، به‌ڵام بۆ " براگه‌وره‌ی" ده‌كات.
دیارده‌ی په‌نابردنه‌ به‌ر چه‌ك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان دروستكردنی میلیشیای ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت، كوشتنی گه‌نجان و خه‌ڵكی تر خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ بكه‌ره‌كان كه‌سوكاری ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆر نزیكن له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ یان لانی كه‌م خۆیان وا نمایش ده‌كه‌ن، من ده‌زانم دیارده‌ی چه‌كداری و پڕچه‌ككردنی خه‌ڵك هه‌ر ئه‌وه‌ی لێچاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ ئێستا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ده‌زانم هۆكاری به‌ چه‌ك یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان لاسایكردنه‌وه‌ی كوێرانه‌ی حزبه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌و حزبانه‌یه‌ كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ردی ده‌ستی دوو گه‌نج بۆ سه‌ر باره‌گایه‌كی حزبی به‌ گوله‌ وه‌ڵام ده‌درانه‌وه‌و شه‌هید ده‌كران، ئه‌مه‌ له‌ كوردستان، نه‌ك به‌غدا چونكه‌ له‌ به‌غدا باره‌گا سوتێنراو به‌ پاوه‌ چوونه‌ سه‌ر وێنه‌ی سه‌ركرده‌كانی حزبه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت هیچ نه‌كرا "خۆم له‌ كه‌ركوك نه‌ك به‌غدا وێنه‌ی بارزانی باوكم له‌ژێر پێی وله‌كه‌ عه‌ره‌با ده‌ركردووه‌و لێشی توڕه‌ بوومه‌".
لۆژیكی كه‌ویكردنی ئه‌وانی تر به‌هه‌ر نرخێك بێت لۆژیكێكی ته‌واو ناجۆرانه‌یه‌و له‌ مێژوودا له‌وپه‌ڕی زه‌برو زه‌نگیشدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، ده‌شێت بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و لۆژیكه‌ له‌لایه‌ن ده‌ورو به‌رو نزیكه‌كانه‌وه‌ شاباش بكرێت و ئافه‌رینی لێبكرێت، به‌ڵام له‌ دواجاردا ئه‌وانه‌ش لێی ده‌كشێنه‌وه‌و شكست دێنێت، هه‌ڵبه‌ت زه‌برو زه‌نگیش وه‌سایه‌ ده‌شێت نه‌یاران، یان جیاوازه‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ بكات، به‌ڵام هه‌تره‌شیان نابات، بڕوای ته‌واوم به‌وه‌یه‌ ده‌بێت كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تائێستا نه‌ته‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی مێژوو، نه‌ته‌وه‌ی نێو هه‌ناوی خێڵ و بنه‌ماڵه‌و نه‌ته‌وه‌ی بێ‌ فۆڕمه‌ له‌ بابه‌تی كه‌ویكردنی جیاوازیدا ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ بێت كه‌ به‌و جۆره‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand