عێراق زیاتر لە (18 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە
.png)
2025-07-29 14:56:14
راپۆرتی: درەو
🔹 بەهای هەناردەی چین بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی (8.8 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا (8.1 ملیار) دۆلار بووە و لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024دا (7.8) ملیار دۆلار بووە.
🔹 کەلوپەل و ئامێرە کارەباییەکان لە پێشەنگی کاڵا هەناردەکراوەکان بووە و بە ڕێژەی (23%)ی کۆی هەناردەکراوەکانی پێکهێناوە کە بەهای (2.1 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوودا (1.9 ملیار) دۆلار بووە.
🔹 هەناردەکردنی ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گەیشتووەتە (ملیارێک و 400 ملیۆن) دۆلار، کە دەکاتە (15%)ی کۆی هەناردەکردن، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024) دا (ملیارێک) دۆلار بووە.
🔹 بەهای هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق بەڕێژەی (30%) گەشەی کردووە و گەیشتووەتە (638 ملیۆن) دۆلار، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوودا (490 ملیۆن) دۆلار بووە.
🔹 کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە (26.6 ملیار) دۆلار و هەناردەی عێراق بۆ چین گەیشتووە بە (17.7 ملیار) دۆلار کە زۆرینەی نەوتی خاو بووە.
یەکەم: هەناردەی کەلوپەلی "چین"ی بۆ عێراق
هەناردەی ڕاستەوخۆی چین بۆ عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024 بە ڕێژەی (9.3%) گەشەی تۆمارکردووە، هەروەها بەراورد بە نیوەی دووەمی ساڵی 2024 (13.2%) زیادیکردووە.
بەهای هەناردەی چین بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی (8.8 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا (8.1 ملیار) دۆلار بووە و لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024دا (7.8) ملیار دۆلار بووە.
کەلوپەل و ئامێرە کارەباییەکان لە پێشەنگی کاڵا هەناردەکراوەکان بووە و بە ڕێژەی (23%)ی کۆی هەناردەکراوەکانی پێکهێناوە کە بەهای (2.1 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوودا (1.9 ملیار) دۆلار بووە.
هەروەها هەناردەکردنی ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گەیشتووەتە (ملیارێک و 400 ملیۆن) دۆلار، کە دەکاتە (15%)ی کۆی هەناردەکردن، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024) دا (ملیارێک) دۆلار بووە.
بەهای هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق بەڕێژەی (30%) گەشەی کردووە و گەیشتووەتە (638 ملیۆن) دۆلار، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوودا (490 ملیۆن) دۆلار بووە.
بەم شێوەیە ئەو سێ کاڵایەی پێشتر باسمان کرد لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی (2025)دا (47%)ی کۆی هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی چینی بۆ عێراق پێکهێناوە.
بەپێچەوانەوە کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە (26.6 ملیار) دۆلار و هەناردەی عێراق بۆ چین گەیشتووە بە (17.7 ملیار) دۆلار کە زۆرینەی نەوتی خاو بووە.
سەرەڕای ئەم چالاکییە بازرگانییە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 بە ڕێژەی (3.3%) دابەزیوە کە بڕی (27.5 ملیار) دۆلار بووە.
زیادەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق گەیشتووە بە (8.8 ملیار )دۆلار، ئەمەش بەڕێژەی (21%) کەمبووەتەوە بە بەراورد بە (11.3 ملیار) دۆلار لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024. ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای هاوردە لە چینەوە، هاوکات بەهای هەناردەی عێراق دابەزیوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەی ژمارە (1).
خشتەی ژمارە (1)
دووەم: هەناردەی ئۆتۆمبێلی "چین"ی بۆ عێراق و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕات
هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەشەیەکی بەرچاوی تۆمارکردووە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی هەناردەکراو بە ڕێژەی (65%) زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە (583 هەزار) ئۆتۆمبێل، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2024دا (352 هەزار) ئۆتۆمبێل بووە.
کۆی بەهای هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی گەیشتووە بە نزیکەی (7.7 ملیار) دۆلار، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا کۆی بەهای هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل (4.5 ملیار) دۆلار بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی بازرگانی چینە لە بازاڕەکانی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی.
وڵاتانی هاوردەکاری سەرەکی ئۆتۆمبێلی "چین"ی:
1. ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پێشەنگی لیستی هاوردەکاراندایە و زیاتر لە (221 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا (102 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردبوو.
2. سعودیە لە پلەی دووەمدا دێت و نزیکەی (124 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (97 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە.
3. تورکیا زیاتر لە (91 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا (71 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردبوو.
4. عێراق زیاتر لە (18 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە، لە هەمان ماوەی ساڵی 2024دا (11 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردبوو.
5. ئوردن بەرزترین ڕێژەی گەشەی هاوردەکردنی تۆمارکردووە، هاوردەکردنی بەڕێژەی (1050%) بازدانی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە زیاتر لە (23 هەزار) ئۆتۆمبێل، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا تەنها (2 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردبوو.
بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە چارت و خشتەی ژمارە (2).
چارت
خشتەی ژمارە (2)
ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئامادەیییەکی گەشەسەندوو
ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کە بە تەواوی بە بزوێنەری کارەبایی کاردەکەن، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا (10%)ی کۆی هەناردەکردنی چین بۆ بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن، بەجۆرێک؛
1. ئیمارات پێشەنگ بوو و (25 هەزار) ئۆتۆمبێلی کارەبایی هاوردە کردووە.
2. تورکیا نزیکەی (20 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە.
3. ئوردن بە هاوردەکردنی (15 هەزار) ئۆتۆمبێلی کارەبایی پلەی سێیەمی گرتووە.
لەسەر ئاستی جیهان، چین لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا زیاتر لە (750 هەزار) ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەناردە کردووە، بەلجیکاش لە پێشەنگی لیستی هاوردەکارانی جیهانیدایە و لە هەمان ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە (100 هەزار) ئۆتۆمبێلی کارەبایی هاوردە کردووە.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناردەی ئۆتۆمبێلی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت تا کۆتایی ساڵی 2025 یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل تێپەڕێنێت، ئەمەش بەهۆی گەشەسەندنی خواست و نرخی کێبڕکێیەوەیە، بەتایبەتی لە جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە بە خێرایی لە ناوچەکەدا فراوانتر دەبێت.
ڕاپۆرتی پەیوەندیدار؛
بەهای شمەک و کاڵای هاوردەکراو بۆ عێراق لەساڵی 2024؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16637
