Draw Media

روانینێكی وردتر.. چی لەبارەی رێككەوتنی ترەمپ لە غەززە دەزانین؟

روانینێكی وردتر.. چی لەبارەی رێككەوتنی ترەمپ لە غەززە دەزانین؟

2025-10-09 13:19:28


راپۆرت: درەو
ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لەسەر قۆناغی یەكەمی پلانەكەی ترەمپ لەبارەی غەززەوە گەیشتنە رێككەوتن، كە خۆی لە رێككەوتنی ئاگربەست و ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان دەبینێتەوەو؛ دەكرێت سەربكێشێت بۆ كۆتایهێنانی یەكجاری بەو جەنگە خوێناوییەی كە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامەو نەك هەر غەززە، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشی بەگشتی لەگەڵ خۆی خستوەتە ناو گەردەلولەوە. 
ئەمانە هەندێك وردەكاری زانراو و نەزانراون كە تائێستا لەبارەی رێككەوتنەكەوە لەبەردەستدان. 

* چی لەبارەی رێككەوتنەكەوە دەزانین؟
رێككەوتنەكە لەچوارچێوەی قۆناغی یەكەمی ئەو كارانەیە كە ترەمپ پێشنیاری كردووەو لە 20 خاڵ پێكدێت، ئەمەش دوای گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە میسرو پاش تەنیا رۆژێك لە یادی دوو ساڵەی هێرشەكەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بەدی هات، هێرشێك كە  هەڵمەتی سەربازی وێرانكەری ئیسرائیلی بۆسەر غەززە بەدوای خۆیدا هێنا. 
ترەمپ رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغی یەكەمی پلانەكە گەیشتوونەتە رێككەوتن و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی لە زوترین كاتدا هەموو بارمەتەكان (زیندوو بن یان مردو) ئازادبكرێن و هێزەكانی ئیسرائیل دەكشێنەوە بۆ ئەو ناوچەی كە لە غەززە پێی دەوترێت هێڵی زەرد. بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی ئیسرائیل ئەمە سنوری یەكەم كشانەوەی ئیسرائیلە بەگوێرەی پلانەكەی ترەمپ. 
بزوتنەوەی حەماسیش جەختی كردەوە گەیشتوەتە رێككەوتن بۆ كۆتایهێنان بە جەنگ، رێككەوتنەكە كشانەوەی ئیسرائیل لە غەززەو ئاڵوگۆڕی بارمتەو دەستگیركراوانی فەلەستینی لەخۆدەگرێت، بەڵام بزوتنەوەكە هاوكات داوای لە ترەمپ و وڵاتانی گەرەنتیكار كرد، گەرەنتی ئەوە بكەن ئیسرائیل بەتەواوەتی ئاگربەستەكە جێبەجێ دەكات. 

* دیارترین ئەو شتانەی نایزانین چین؟ 
سەرەڕای هیواكان بۆ كۆتایهێنان بە جەنگ، هێشتا هەندێك وردەكاریی جەوهەری هەن كە روون نەكراونەتەوە. یەكێك لەو وردەكارییانە كات و ئیدارەدانی كەرتی غەززەیە دوای جەنگ، هەروەها چارەنوسی حەماس. 
هیچ ئاماژەیەكی روون نییە لەبارەی ئەوەی دوای جەنگ كێ حوكمی غەززە دەكات. بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ترەمپ و وڵاتانی خۆرئاواو عەرەبی هەر چەشنە رۆڵێكیان بۆ حەماس لە غەززە دورخستوەتەوە، كە لە ساڵی 2007و دوای دەركردنی ركابەرە فەلەستینییەكانی، ئیدارەی ئەم ناوچەیەی بەدەستەوە بووە. 
پلانەكەی ترەمپ كە 20 خاڵ لەخۆدەگرێت، ئاماژە بە رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینی دەكات، بەڵام ئەمەش تەنیا لە كاتێكدا دەبێت كە ئەو دەسەڵاتە ریفۆرمی زۆر لە خۆیدا ئەنجام بدات. 

* دواتر چی روودەدات؟
ناتانیاهۆ وتی داوا لە حكومەتەكەی دەكات ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك بكات بۆ پەسەندكردنی رێككەوتنەكە. 
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بابەتەكە وتی، ئەم رێكارە تاڕادەیەكی زۆر شتێكی روكەشە، چونكە ئیسرائیل پێشوەختە رەزامەندی لەسەر دەبڕیوە. بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان لە گفتوگۆكان باسلەوە دەكەن هەندێك وردەكاری هێشتا پێویستیان بە گفتوگۆ هەیەو رەنگە كاتەكەی بگۆڕدرێت. 
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، حەماس بە یەك جارو دوای 72 كاتژمێر لە دەستپێكردنی ئاگربەست (20) كەسی بارمەتەی زیندوو ئازاد دەكات. بەرپرسێكی ئیسرائیلی دەڵێ: ئازادكردنی بارمتەكان رەنگە رۆژی یەكشەممە یاخود دوو شەممە رووبدات. 
سەرچاوە فەلەستینییەكان باسلەوە دەكەن، پرۆسەی رادەستكردنی تەرمی بارمتە مردووەكان بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەبێت هاوكات لەگەڵ كشانەوەی سوپای ئیسرائیل.
گال هیرش رێكخەری كاروباری بارمتە ئیسرائیلییەكان باسی لەوەكرد، هێزێكی نێودەوڵەتی دروستدەكرێت بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوەی هەر تەرمێك كە حەماس نەتوانێ شوێنەكەی دیاری بكات. 
سەرچاوە فەلەستینییەكانیش پێشبینی ئەوە دەكەن ئیسرائیل نزیكەی 2 هەزار دەستگیركراوی فەلەستینی ئازاد بكات، لەنێویاندا زیاتر لە 200 كەس هەن حوكمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دەبەن. 
بزوتنەوەی حەماس دوێنێ رایگەیاند، لیستی بارمتەكانی لای خۆی و دەستگیركراوانی فەلەستینی لە زیندانەكانی ئیسرائیل رادەستكردووە، بەمەبەستی پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردن. 
بەرپرسێكی ئیسرائیلی رونیكردەوە، تەنیا دوای پەسەندكردنی رێككەوتنەكە، لەماوەی 24 كاتژمێردا دەبێت ئیسرائیل بكشێتەوە بۆ ئەو هێڵەی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە، دوای ئەمە مۆڵەتە 72 كاتژمێرییەكە دەستپێدەكات. كۆشكی سپی پێشبینی دەكات رۆژی دوو شەممە بارمتەكان ئازاد بكرێن. 
بەپێی پلانەكەی ترەمپ، یارمەتییە مرۆییەكان بۆ غەززە زیاد دەكات. بەقسەی بەرپرسێكی ئیسرائیلی بەمزوانە رۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە ناو غەززە. دوو سەرچاوەی فەلەستینی دەڵێن كەمترین ئاست 400 بارهەڵگری رۆژانە دەبێت و وردە وردە ژمارەكە زیاد دەكات. 
پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی ئایندەدا، ترەمپ بەرەو میسر بەڕێبكەوێت، كۆشكی سپی وتی ترەمپ بیر لەوە دەكاتەوە رۆژی هەینی سەردانی ناوچەكە بكات. ناتانیاهۆش لای خۆیەوە ترەمپی بانگهێشت كردووە بۆ ئەوەی لەبەردەم كنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) وتارێك پێشكەش بكات، ترەمپ بە ئەكسیۆسی راگەیاندووە ئامادەیە بۆ ئەو كارە. 
بەڵام قۆناغی دواتری پلانەكەی ترەمپ دیدگایەك لەخۆدەگرێت بۆ دروستكردنی دەستەیەكی نێودەوڵەتی لەژێر ناوی "ئەنجومەنی ئاشتی"، ئەم ئەنجومەنە رۆڵی دەبێت لە بەڕێوەبردنی غەززە لەدوای جەنگەوە. بڕیارە ترەمپ خۆی سەرۆكایەتی بكات و تۆنی بلێری سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیاش لەخۆدەگرێت. 

* گەورەترین مەترسی چییە كە هەڕەشە لە پلانەكە دەكات؟ 
ئەگەر رێككەوتنەكە سەركەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێت بە گەورەترین دەستكەوت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا كە تاوەكو ئێستا لە ئیدارەی ترەمپدا بەدەستهاتبێت. 
بزوتنەوەی حەماس تاوەكو ئێستا رەتیكردوەتەوە گفتوگۆ لەسەر داوای ئیسرائیل بۆ چەكدانان بكات. سەرچاوەیەكی فەلەستینی جەختی كرد حەماس بەردەوام دەبێت لە رەتكردنەوەی داوای چەكدانان تاوەكو سوپای ئیسرائیل لەناو غەززەدا بێت.  
دوو سەرچاوەی تری ئاگادار لە گفتوگۆكان ئاشكرایانكرد، خاڵی ناكۆك خۆی لە میكانزیكی كشانەوەی ئیسرائیل دەبینێتەوە، حەماس دەیەوێت خشتەیەكی زەمەنیی روون هەبێت تایبەت بە ئازادكردنی بارمەتەكان و گەرەنتیكردنی كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئیسرائیل. 
لەناو غەززە، ئیسرائیل پرۆسە سەربازییەكانی كەمكردوەتەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای داوای ترەمپ، بەڵام بەتەواوەتی هێرشەكانی رانەگرتووە. 
وڵاتانی عەرەبی كە پشتیوانی پلانەكە دەكەن دەڵێن. ئەمە دەبێت لە كۆتایدا دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەلەستینی لێ بكەوێتەوە، بەڵام ناتانیاهۆ دەڵێ: هەرگیز ئەمە روونادات. 
حەماس دەڵێ بۆ حكومەتێكی تەكنۆكراتی فەلەستینی نەبێت كە دەسەڵاتدارێتی فەلەستین سەرپەرەشتی بكات و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانی بكەن، دەستبەرداری دەسەڵات نابێت لە غەززە.
هەروەها هەر جۆرە رۆڵێك بۆ (بلێر) یاخود دەسەڵاتدارێكی بیانی لە غەززە رەتدەكاتەوە. 
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، لیستی دەستگیركراوانی فەلەستینی كە حەماس داوای ئازادكردنیان دەكات ژمارەیەك لە دیارترین زیندانیكراوانی ئیسرائیل لەخۆبگرێت، كە پرسی ئازادكردنیان لە گفتوگۆی ئاگربەستی پێشوودا هی ئەوە نەبوو تەنانەت دانوستانیشیان لەسەر بكرێت.
سەرچاوەیەكی فەلەستینی نزیك لە گفتوگۆكان باسی لەوەكرد، لیستەكە (مەروان بەرغوسی) سەركردە لە بزوتنەوەی فەتح و (ئەحمەد سەعدات) سەركردە لە بەرەی میللی رزگاریی فەلەستین لەخۆدەگرێت كە هەردووكیان حوكمی جۆربەجۆری زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوەو تاوانباركراون بەوەی هاوڵاتی ئیسرائیلییان كوشتووە. 
  
سەرچاوە: ئاژانسی (رۆیتەرز)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand