یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
2021-02-22 12:02:36
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)
یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی جیاکردنەوەی کۆمەڵگا ھاوچەرخەکان لە کۆمەڵگا سونەتیی و تەقلیدییەکانی ناو مێژوو، بریتییە لە تێگەیشتنی ھەریەکێکیان لە چەمکی یاسا و لەو پێگەیەی دادگا لە کۆمەڵگادا ھەیەتی. لە کۆمەڵگا ھاوچەرخەکاندا یاسا بریتییە لە سیستەمێک لە بەھا کە گرێنەدراوە بە خواست و ئیرادەی حوکمڕانانەوە و دابڕاوە لە ئەمر و نەھییەکانی ئەوان، خۆشیان کەسانێک نین لەدەرەوە و لە سەرەوەی یاساکانەوە بن. یاسا لەم کۆمەڵگایانەدا وەک ئامرازێکی بەھێز بەدەستی کۆمەڵگاوەیە، بۆ وەدیھێنانی ئەو ئامانجە گشتییانەی دەیەوێت پێیانبگات و بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ناو ئەو جیھانەی دەیەوێت دروستیبکات و تیایدا بژیی. کاری یاسا لەم کۆمەڵگایانەدا بریتیە لە پاراستنی تاکەکەسەکان لەیەکتر و لە دەزگاکان و لەوانەی ئەو دەزگایانە بەڕێوەدەبەن. ئامانجێکی سەرەکیی تری یاسا لە کۆمەڵگا ھاوچەرخەکاندا بریتییە لە سەرلەنوێ داڕشتنەوە و باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی ئارام و ھێمن و قابیلی ژیان، دروستکردنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی کە ھەڵاوێردن و بێڕێزیی و پێشێلکردنی مافەکانی تێدانەبێت. لە زۆر شوێنیشدا خودی مافەکانی مرۆڤ دادەبەزنە ناو ھەموو ئەو بوارانەی ترەوە کە پێویستیان بە ڕێکخستنی یاسایی ھەیە و یاسا تیایاندا دەستبەکاردەبێت. تاکەکەس لەم جۆرە کۆمەڵگا ھاوچەخانەدا ھاوڵاتییە، ھاوڵاتییش بوونەوەرێکی یاسایی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتییە. بە مانایەکی دیکە یەکەی سەرەکیی ناو یاسا لە کۆمەڵگا ھاوچەرخەکاندا ھاوڵاتییە، یاسا دێت بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی ھاوڵاتیان لەگەڵ یەکتریدا، لەگەڵ دەوڵەت و دەزگاکان و دەسەڵاتداراندا. یاسا لە ھەموو ئەم دۆخانەدا یاسایەکی گشتییە و بەسەر ھەموواندا و بەبێ جیاوازیی پیادەدەکرێت. بەڵام لە کۆمەڵگا سونەتییەکاندا یاسا تا ڕادەیەکی زۆر، تەعبیرە لە ئیرادەی حوکمڕان، لە خواستی سەروەر و لە ویستی ئەمیر و سوڵتانەکان. چەمکی سەرەکیی ناو ئەم جۆرە کۆمەڵگایە ھاوڵاتیی نییە، بەڵکو ڕەعیەتە. ئەگەر لەپاڵ چەمکی ھاوڵاتییدا ماف و بەرپرسیارێتیی سەروەربێت، لەپاڵ چەمکی ڕەعیەتدا گوێڕایەڵیی و ئیتاعەت سەرەوە. ئەوەی لە کوردستاندا دەیبینن ھەواڵدانێکی بەردەوامی دەسەڵاتدارانە بۆ گەڕاندنەوە بۆ چەمکی ڕەعیەت لە شوێنی چەمکی ھاوڵاتیی و سەپاندنی خواستی حوکمڕانە بەناوی یاسا و لەڕێگای یاساوە بەسەر میللەتدا، کە وەک ڕەعیەت مامەڵەدەکرێت. ئەگەرچی کۆمەڵگای کوردیی لەمڕۆدا و لە زۆر ڕووەوە کۆمەڵگایەکی تەقلیدیی نییە، بەڵام دەسەڵاتدارەکانی بە لۆژیکی سەردمە کۆنەکان مامەڵەی دەکەن.
دیکتاتۆر و ھێزە ستەمگەرەکانی دونیای ئەمڕۆ هەمیشە کێشەی گەورەیان لەگەڵ ئەو ڕستە یاساییەدا هەیە کە دەڵێت: ”هیچ سزایەک بە بێ یاسا بوونی نییە“، بۆ ئەوەی سزا ھەبێت دەبێت لادان لەیاسا ھەبێت. ئەم گرێدانەی سزا بە یاساوە ڕژێمە ستەمگەرەکانی ناچارکردوە بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدابن ”یاسای تایبەت“ دروستبکەن، بۆئەوەی لەڕێگایەوە ڕوخسارێکی یاسایی بە گرتن و زیندانییکردن و کوشتنی نەیارەکانیان بدەن. مکیاجێکی یاسایی بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بەسەر ھەموواندا بکەن و تاوانەکانیان لەڕێگای یاساوە ئەنجامبدەن. با نموونەیەک لە ئەزموونی نازیزمی ئەڵمانیا بھێنینەوە.
ساڵی ١٩٣٤ دا لە ئەڵمانیای سەردەمی ھیتلەردا یاسایەک بەناوی ”بەرگرییکردن لە هێرشی چەپەڵانە بۆ سەر دەوڵەت و حیزب“ەکەی هیتلەر دەرکرا. ئەو یاسایە هەموو ڕەخنەکردنێکی دەوڵەت و حیزب و سەرۆک و کەسایەتییەکانی حیزبی نازیی، قەدەغەدەکرد و هەموو بەکەمزانینێکی ڕەمزەکانی حیزبی بە کردەیەکی تێکدەرانە لەقەڵەمدەدا. سزای تاوانبارانیش لە کاری بەزۆرە دەستیپێدەکرد تا دەگەیشتە لەسێدارەدان. دوای دوو ساڵ، واتە لە ساڵی ١٩٣٦دا، ”یاسای گێستاپۆ“ دەرکرا، گێستاپۆ پۆلیسیی نھێنیی ڕژێمەکەی ھیتلەر بوو. بەپێی ئەم یاسایە دەزگای گێستاپۆ لە هەموو چاودێریی و کۆنترۆڵێکی یاسایی و دادگایی ئازادکرا و بەتەنها لەژێر کۆنترۆڵی حیزب و ھیتلەر خۆیدا بوو، وەک کەسی یەکەمی ئەو حیزبە نازییە. یاساکە ڕەوایەتیی بە هەموو کردەیەکی دەزگاکە دەبەخشیی و کردەوەکانی بەیاسایی دەکرد، لە ھەموو ئەو تاوانانەش کە وەک سکاڵا لە دادگا لەسەریان تۆمار دەکرا، خۆشدەبوو. ئەم دەزگایە دەستی واڵا بوو لە گرتن و سزادان و کوشتنی هەر کەسێکدا کە ئەو وەک هەڕەشە بۆ سەر نەتەوە و حیزب و سەرۆک ببینایە. ئەرکی سەرەکیی گێستاپۆ بەرگرییکردن بوو لە دەوڵەتی ئەڵمان لە بەرامبەر دوژمنە ئایدیۆلۆژییەکانی و، پاراستنی نەتەوەی ئەڵمان و حیزبی نازیی بوو لە هەموو کارێکی ”تێکدەر“انە و ”خیانەت“ێکی نیشتیمانیی. دەزگای گێستاپۆ ناودارترین و مەترسییدارترین دەزگای پۆلیسی نهێنییە لە مێژوودا کە بە شێوەیەکی نهێنیی و سیستەماتیکی ڕاوی دوژمنەکانی حیزب و نەیارەکانی سەرۆکی دەکرد و بەرپرسی یەکەمی ھەموو ئەو کوشتن و تیرۆرە بوو لە ماوەی حوکمی نازییەکاندا ئەنجامدران. ژمارەی ئەو کارمەندانەی لەم دەزگایەدا کاریاندەکرد گەیشتە ٤٠٠٠٠ کەس. بەیاساییکردنی تاوانەکانی ئەم دەزگا تۆقێنەرە نموونەیەکی بەرچاوە لە مەسەلەی بەیاساییکردنی تاوان و کوشتن و بڕیندا. لە سیستەمی بەعسیزمی عێراقیشدا ھەموو ئەوانەی کە دەگیران و دواتر دەکوژران، ھەموویان بەناوی پیادەکردن و ڕێزگرتنی یاساوە ئەنجامدەدران. ھیچ کەسێک لەوانەی دەگیران و دەکوژران بەبێ دادگایکردن نەدەکوژران. وەکچۆن لای نازییەکان و بەعسییەکان یاسا ئامرازی ئەنجامدانی تاوان بوو، ئەمجۆرە مامەڵەکردنەی یاسا بەشێکی دانەبڕاوی زۆرینەی ئەزموونە تۆقێنەرەکانی جیھانی ئەمڕۆشە. دیکتاتۆرەکان بۆئەوەی بگرن و بکوژن، بۆئەوەی فشار لەسەر نەیارەکانیان دروستبکەن، پێویستان بە یاسا ھەیە تاوەکو شەرعییەت بە کردەکانیان بدەن.
ئەوەی ساڵانێکە لە ھەرێمی کوردستاندا ڕوودەدات شتێکە سەر بەم کەلەپورە دەسەڵاتگەرییە. گرتن و زانیدانکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانەکان بە یاسا، بەناوی جاسوسییکردن و تەخریب و مەترسییەوە بۆسەر ئەمنی قەومیی ھتد.، بەشێکە لەو کولتوورە تەعەسوفییەی لەناو ئەزموونی سوڵتانیی ھەرێمدا دروستبووە. دیوی ئەودیوی ئەم گرتن و زیندانیکردن و فڕاندن و بێسەروشوێنکردنە، تا بە کوشتن دەگات، بریتییە لە کولتووری داڵدەدان و گلدانەوە و پاراستنی تاوانباران، ئەو تاوانبارانەی ئەو جۆرە تاوانانە بۆ دەسەڵاتداران ئەنجامدەدەن. ھەرێمی کوردستان زیاد لە جارێک کەوتۆتە ناو زۆنگاوی یاساشکێنیی و زەوتکردنی ئازادیی تاکەکان و هەڕەشە و تیرۆری جەستەییەوە، ھەموو ئەمانەش ھاوشانبووە بە لێنەپرسینەوە لە تاوانەکان و لە تاوانباران. لە حەڤدەی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ دەیان شەهید و سەدان برینداری ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە کە تاوەکو ئەم چرکەساتە تەقەکەرە حیزبییەکان سزا نەدراون، بەڵکو هەندێکیان وەکو پاداشت پلەو پایەی بەرزتریان پێدراوە و لە میدیاکانەوە وەک کەسانی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز نیشاندراون. کولتووری لێنەپرسینەوە لە تاوانکاران بووە بە یاسایەکی نهێنیی و بەئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە پیادەدەکرێت، نە داواکاری گشتیی و نە دادگاکان توانای لێپرسینەوەیان لەو تاوانبارانە نییە. ئەوانەی تا ئەمڕۆ سزادراون، نە تاوانکارە تەقەکەرەکان بوون، نە گەندەڵە سیاسییەکان و نە جەنەڕاڵە شکستخواردووەکانی بەرەی جەنگ، بەڵکو خەڵکانی ئاسایی ئەم هەرێمە بوون کە بۆ نان و ئازادیی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی خۆیان و بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیان چوونەتە سەر شەقامەکان، یاخود لەباتی شەقام، ناڕەزایەتییەکانیان لەناو رووبەری گشتیی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نیشانداوە.
ئەم سیستەمە سوڵتانییە بۆئەوەی بتوانێت سزای سیاسیی نەیارەکانی بدات و سەرجەمی ئەو کارە ترسناک و نابەرپرسیارانە ئەنجامبدات، بۆ ئەوەی بتوانێت کێی بوێت بیگرێت و کێی بوێت داڵدەیبدات، بۆ ئەوەی بێتاوان سزابدات و تاوانبار پاداشتبکات، بۆئەوەی سنووری نێوان تاوان و بێتاوان وونبکات، تاوان و یاسا لەیەکتری مارەبکات، دەزگایەکی ئەمنیی گەورەیان دروستکردوە کە لەگەڵ ئاوسانی بەردەوامیدا تا ھاتووە، بەشەخسییکراوە و بەم یان بەو کەسی ناو بنەماڵە سوڵتانییەکانەوە گرێدراوە. ئەمەش بە یاسا ڕێکخراوە. لە هەرێمی کوردستاندا بەپێی یاسای ژمارە٤ ی ساڵی ٢٠١١ دا ”ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان“ دامەزرێندرا و مەسرور بارزانی کرا بە یەکەمین ڕاوێژکار و کەسایەتی یەکەمی ناو ئەم دەزگایە.
ھەر بەپێی یاسا ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتێکی زۆر و توانایەکی مادیی و مرۆیی گەورەی خراوەتە بەردەست، کەچی نە پەرلەمان دەتوانێت چاودێریی ھەڵسوکەوتەکانی دەزگاکە و کارەکانی ڕاوێژکارەکەی بکات و نە هیچ دەزگایەکی باڵای تری هەرێمیش. بەپێی یاساکە ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێم و ڕاوێژکارەکەی، لەسەرووی هەموو چاودێرییکردنێکی یاسایی و دەزگاییەوەن. لەڕاستیدا مەسعود بارزانی لە ڕێگای دروستکردنی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێم، وەزیفەیەکی بۆ کوڕەکەی داتاشیی کە نەک تەنها لەژێر چاودێری تاک و تەنهای خۆیدا بوو، بەڵکو دەزگاکەشی لە سەری ڕەش لە تەنیشت ”بارەگای بارزانی“یەوە جێگیرکرد. ”سەری ڕەش“ لەناو کایەی دەسەڵاتی کوردییدا ئەو ڕووبەرە سیاسییەیە کە ھیچ کەس و لایەن و دەزگا و یاسایەک ناتوانێت چاودێریبکات و بزانێت چی تیادا ڕوودەدات. سەری ڕەش سێنتەری دەسەڵاتە، بەڵام سێنتەرێکی بێچاودێریی و بێلێپرسینەوەیە. بۆئەوەی ئەنجومەنی ئاساییشەکەی مەسرور بارزانی لەژێر چاودێری حکومەتیشدا نەبێت، کە ئەوسەردەمە نێچیروان بارزانی سەرۆکی حکومەت بوو، دەزگاکە راستەوخۆ بە بارەگای بارزانییەوە بەسترایەوە.
لە گوتاری میدیایی و حکومییدا ئەم ئەنجومەنی ئاساییشە بۆ ئەوە دامەزرا هەردوو دەزگا ئەمنییەکانی پارتیی و یەکێتی یەکبخاتەوە و کۆتایی بە ئاسایشی حیزبیی و شەخسی بھێنێت، ئەم ئەرکە تا ئێستاش نەک جێبەجێنەکراوە، بەڵکو دۆخی دابەشبوونی ئەمنیی لە ھەرێمدا دۆخێکی ھەمەلایەن و سەرتاسەرییە. ھەر لە ساتەوەختی دروستبوونی ئەنجومەنەکەوە هەم بۆ ئەنجومەنەکە خۆی و هەم بۆ دەزگای ئاساییش بودجەی جیاواز پێشکەشکراوە. ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاساییش (٦ هەزارو ٤٧٦) كارمەندەو بودجەكەشی(٣٤٤ ملیارو ٦٣٠ ملیۆن) دینارە، کە دەکاتە رێژەی (٢،٩%)ی بودجەی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣دا. ژمارەی كارمەندانی دەزگای ئاساییش بە (٣١ هەزارو ٤٢١) كەس دیاریكراوە، بڕی (٤٨٧ ملیارو ٤٤٣ ملیۆن) دیناری بۆ تەرخانكراوە كە دەكاتە (٢،٤%)ی كۆی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا. بەم چەشنە کۆی ژمارەی ئەندامانی دەزگای ئەمنییەکانی هەرێم بە ٣٧,٨٩٧ کەس دەژمێردرێت کە بۆ پاراستنی پێنج ملیۆن کەس لە روبەرێکی جوگرافیی ٧٨,٧٣٦ کم٢ دا دروستکراوە. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ژمارەی پۆلیسە نھێنییەکانی گێستاپۆی نازییەکان لە ئەڵمانیا تووشی سەرسوڕمانمان دەکات. ژمارەی گێستاپۆ، کە گەورەترین هێزی پۆلیسی نهێنیی ئەوسای جیهان بوو، ٤٠,٠٠٠ هەزار کەس بوو، بەڵام بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە ٦٥ ملیۆن کەس و جوگرافیایەک بە ڕووبەری ٤٦٨.٧٨٧ کم٢. ئەم بەراوردە نیشانماندەدات ئێمە لەبەردەم چ سیستەمێکی ئەمنیی ترسناک و گەورەداین و چ پارەیەکی گەورە لە دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمدا سەرفدەکرێت. بەخێزانییکردن و بەشەخسیکردنی ئەم سیستەمە ئەمنییە و نەتوانینی لێپێچینەوە و چاودێرینەکردنیشی، یەکێکە لە کێشە ھەرە بنەڕەتییەکانی ئەو سیستمە سوڵتانییەی دامەزراوە.
کاتێکیش ئەم کابینە تازەیەی حکومەت دروستبوو، مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیدا کولتوور و پەیوەندییەکانی ناو ئەو پێگە و دەزگا ئەمنییەی ھێنایە ناو حکومەتەوە. بەھۆی ململانێکانی ناو پارتی خۆشیەوە مەسرور بارزانی ژمارەیەکی بەرچاوی ستافەکەی ئەنجومەنی ئاساییش و دەزگای پاراستنی لەگەڵ خۆیدا بردۆتە ناو حکومەتەکەی و زۆربەی بەڕێوەبەرە گشتییەكانیشی بە کەسانی باوەڕپێکراوی خۆی پڕکردۆتەوە. بەم چەشنە ئێمە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کابینەکەی مەسرور بارزانییەوە سەروکارمان لەگەڵ ستافێکی موخابەراتییدایە کە ئەولەوییاتی سیاسەت بۆ ئەوان لۆژیکی دەزگای پاراستنە کە حیزب و سەرۆک لە دوژمنە ناوەکیی و دەرەکییەکان دەپارێزێت، نەک گەل و نەتەوە و نیشتیمان. مەسرور بارزانی بەچەشنێک حکومەتەکەشی ئیدارەدەکات و مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا دەکات وەک ئەوەی ئەو سەروەر و خەڵک ڕەعیەت بێت. بە شێوازێکیش مامەڵەی دادگا و یاسا دەکات، وەکو ئەوەی سەردەمی ڕاوێژکارییەکەی بێت لە ئەنجومەنی ئاساییش و لەسەرووی چاودێرییکردنی ڕای گشتیی و پەرلەمان و جیهانی دەرەوە و ناوەوە بێت، تەنها باوکی بەرپرسی یەکەم و کۆتایی ئەو بێت.
لە ئێستادا چەمکی ”ئاساییشی نەتەوەیی“ لە سەردەمی ئەم سیاسەتمەدارەدا، بۆ دووشت کورتبوەتەوە. یەکەمیان پاراستنی دەسەڵاتی پارتییە لەناوچەی بادیناندا، بەھەر شێوەیەک بێت، لەھەر ڕکابەرێک کە بشێت دروستببێت. دووھەمیان، درێژکردنەوەی هەیمەنەی سەربازیی و ئابووریی و سیاسیی دەوڵەتی تورکیایە لەناو هەرێمدا و ڕێخۆشکردنە بۆ پلان و پیلانەکانی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا. پارتی بە فیعلی هەرێمی کوردستان، یان لانی کەم ئەو بەشەی ژێر دەسەڵاتی خۆی کردووە بە ناوچەیەکی پارێزراو لەلایەن دەزگای سەربازیی و موخابەراتیی تورکییەوە.
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی
بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا
بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی
بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو
بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا
بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل