کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
2020-11-16 15:01:25
ئاراس فەتاح – مەریوان وریا قانع
(دووشەممەی هەموو هەفتەیەك تایبەت بۆ درەو دەینوسن)
وەک بەشێکی گەورەی جیھان، ھەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ھەرێمەکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و کەسانێکی زۆریش گیانیان لەدەستداوە. ئاستی تووشبوونیش بە ڤایرۆسەکە ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە. ھەموو ئەمانەش بوونەتە هۆکاری پەککەوتنی چەندان دەرکەوتی تایبەتیی سەرەکیی و بنەڕەتیی، لە ژیانی گشتییدا. ئەوەی جێگای تێڕامانە، بە پێچەوانەی زۆر شوێنی تری جیھانەوە، لە هەرێمی کوردستاندا شتێک بەناوی بیرکردنەوە و خۆئامادەکردن بۆ ”دنیای دوای کۆرۆنا“، بوونی نییە. لانی ھەرەکەمی سەرقاڵبوون بە چارەسەرکردنی ئەو کەلێن و نوقسانییە گەورانەوە لەئارادا نییە کە کۆرۆنا لە زیاد لە دەرکەوتێکی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا نیشانیداوە. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو ھەمان بێباکیی و ھەمان نابەرپرسیارێتیی و ھەمان شێوازی حوکمڕانیی سوڵتانیی بەردەوامە.
بۆ نموونە، ئەگەر لە بەشێکی گرنگی وڵاتە ئەوروپییەکاندا گفتوگۆی ھەمەلایەن دەربارەی دەستکاریکردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و بازاڕ بکرێت و باس لە زیندوکردنەوە و بەھێزکردنەوەی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“ و سنووردارکردنی لۆژیکی نیولیبرالیزم بکرێت؛ ھاوکات بیر لە گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆری خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت بکرێتەوە، پلانی کڕین و بەکارھێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا و کوتانی هاونیشتیمانیانی ئەو وڵاتانە دابنرێت، واتە، بە مانایەک لە ماناکان، بیر لە کۆتاییھێنان بە سەردەمێکی مەترسییدار بۆ سەر ئاساییشی تەندروستیی و دروستکردنی سەردەمێکی نوێ بکرێتەوە، ئەوا لە دونیای ئێمەدا ھیچ یەکێک لەو بابەتانە نابینرێن و ھیچ پرسیارێک بەو ئاراستەیەدا بوونی نییە. بێپلانیی و گوێپێنەدان و خەمساردییەکی کەموێنە لە بەڕێوەبردنی وڵات و لە پاراستنی ژیانی ئینسانی ئێمەدا، لەئارادایە. ھاوکات هەموو داتا و هێماکان پێماندەڵێن کە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاساییشی تەندروستیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کۆمەڵگاکە خۆی. لە ڤایرۆسەکە ترسناکتر ئەو عەقڵیەتی حوکمڕانیی و مۆدێلی دەسەڵاتەیە کە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسەدا دەرگیرن. دۆخەکە لای ئێمە ڕێک وەک ئەوە وایە کۆرۆنا ڕێی نەکەوتبێتە ناو ئەو کۆمەڵگایەوە، ھیچ کێشە و تەحەدایەکی دروستنەکردبێت، چەندان کەلێن و نووقسانیی و کورتھێنانی ترسناکی ئاشکرانەکردبێت. لەڕاستییدا لەپاڵ ھاتنی کۆرۆنادا چەندان قەیرانی ئابوریی و سیاسیی گەورە و قووڵتر ھاتونەتە کایەوە کە بەیەکەوە پڕوکانێکی دەستەجەمعیی و ئیفلاسێکی ھەمەلایەن، لە زیاد لە بوارێکدا، بەرجەستەدەکەن. بە ھیچ یەکێکیش لەو قەیرانانە نەک تەنھا وەڵامێکی ڕاستەقینە، بەڵکو ئەگەری وەڵامێکیش، بوونی نییە. ئەوەی لەناو ئەو پڕوکانە گەورەیەدا دەیبینین ھەمان ئەو دەموچاوانەیە کە نزیکەی سی ساڵە وڵاتەکە لەم قەیرانەوە بۆ ئەو قەیران دەگوازنەوە و بێباکانە بەناو ئەو کارەساتانەدا تێدەپەڕن کە خۆیان دروستکەر و بەرھەمھێنەرین.
بۆ نموونە، ئەو سیستەمە تەندروستییەی لە ھەرێمەکەدا دروستکراوە و ئەو فەرامۆشکردنە نابەرپرسیارانەیەی بەرامبەر بە سێکتەری تەندروستیی و کارمەندانی هەیە، نەک لە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا نییە، بەڵکو ھەڵگریی لانی ھەرەکەمی ئەو یەکسانییەش نییە کە پێویستە سیستەمی تەندروستیی ھەڵگریبێت و بەھۆیەوە خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ ھاوڵاتیان مەیسەر بکات. پلان و عەقڵییەتی بەکۆمپانیاکردنی سیستەمی تەندروستیی زیانێکی گەورەی بە ئاساییشی تەندروستیی کۆمەڵگاکە گەیاندوە و ئەم خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەی گۆڕیوە بۆ بازرگانییەکی ڕووت، بازرگانییەکی پڕ گەندەڵیی و گەڕۆک بەدوای قازانجی خێرادا. بەجۆرێک خەڵکانێکی زۆر دروستبوون کە پارەی تێچونی پشکنینە سەرەتاییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان نییە و نائومێدانە لەناو ماڵەکانی خۆیاندا دەمرن. پرۆسەی بەتایبەتیکردنی کەرتی تەندروستیی لە ھەرێمدا و دروستکردنی ئەو ھەموو نەخۆشخانە تایبەتە گرانبەھایانە، شەپازلەیەکی گەورەیە لە ڕوخساری ئەم کەرتە و وێرانکردنێکی ھەمەلایەنەی ئەو پرنسیپە ئەخلاقیی و سیاسییە گرنگەیە کە پێ لەسەر دەستەبەرکردنێکی یەکسانانەی ئەم خزمەتگوزارییە بۆ کۆمەڵگا، دادەگرێت. گۆڕینی نەخۆشخانەکان بۆ کۆمپانیا یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی ئەم مۆدێلە سوڵتانییە کوردییە لە حوکمڕانیی.
کەرتی خزمەتگوزاریی پەروەردە و فێربوونیش، لە ھەموو ئاستەکاندا، لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆکان، بەناو ھەمان پرۆسەی بەتایبەتیکردن و بەکۆمپانیاکردن و وێرانکردندا تێپەڕیوە. کایەی پەروەردە، یەکێکە لەو سێکتەرە گرنگانەی خزمەتگوزاریی کە پێویستە بە یەکسانیی لەبەردەمی سەرجەم منداڵانی کوردستاندا کراوەبێت. پێویستە وەک ”سەرەتایەکی یەکسان“ و بێجیاوازیی زۆر لە کۆمەڵگاکەدا ئامادەبێت. بەڵام بەهەمان شێوەی کایەی تەندروستیی، سێکتەری پەروەردەش گۆڕاوە بۆ بزنسێکی تایبەت و لۆژیکی کۆمپانیا ئاراستەی دەکات. بەجۆرێک ھێڵێکی شاقوڵیی نایەکسانیی لە نێوان منداڵانی خێزان و چینە دەستڕۆشتوەکانی وڵاتەکە و لە نێوان زۆرینەی منداڵانی سەر بەچینەکانی خوارەوەدا، کێشاوە. بەکۆمپانیاکردنی خوێندن تاوانێکی گەورەی تری ئەم نوخبە سوڵتانییە حوکمڕانەیە.
لە بوارێکی گرنگی دیکەدا، کە بواری کارەبایە، حکومەتەکەی ھەرێم لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، سەرقاڵی بەتایبەتیکردنی خزمەتگوزاریی ئەم بوارەشە لە ھەرێمدا. بەمەش یەکێکی تر لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە لە ژێر دەستی دەوڵەت دەردەھێنرێت و دەبەخشرێت بە کەرتی تایبەت، کە ئەم کەرتە لە هەرێمی کوردستاندا لە دەرەوەی لانیکەمی بوونی یاسا و چاودێریکرن و لێپرسینەوەدایە. لەزۆر ڕووشەوە کەرتێکی تەواو مۆنۆپۆڵکراوە بۆ پارەدارە گەورەکانی وڵاتەکە، کە زۆرینەی ھەرە زۆریان ئەندام و دۆستی خێزان و بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکانن، یان موڵکی ئەو کۆمپانیایانەن کە حیزبە حوکمڕانەکان بۆ خێزانە سیاسییەکانی خۆیانیان دروستکردوە.
ئەو سێ نموونەیەی سەرەوەی دۆخی بەتایبەتیکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا، کە بێگومان ھەموو نموونەکان نییە، نیشاندەری دۆخێکی تۆقێنەرە و ھاتنی کۆرۆناش ڕوکارە ترسناکەکانی ئەم بە کۆمپانیاکردنەی بەئاشکرا بە ھەمووان نیشانداوە. نەخۆشخانە گشتییەکان پشتگوێخراون و موچەی کارمەندانیان دابینناکرێت. خەڵکانێکی زۆر پارەی کڕینی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا نییە، بۆیە رۆژانە ژمارەی تووشبوان زیاتر و ژمارەی مردووانیش زۆرتر دەبن. بڕێکی زۆری منداڵانیش، توانای ھەبوونی کۆمپیوتەری لاپتۆپ و سمارتفۆنی مۆبایلیان نییە، توانای خوێندنی ئۆنڵانیان نییە کە کراوە بە فۆرمی سەرەکیی خوێندن لە وڵاتەکەدا. ئەمەش وایکردوە ژمارەیەکی ھێجگار گەورە لە منداڵانی هەرێم لە خوێندنی گشتیی بێبەش ببن. لەسەر ھەمان لۆژیک ئەگەر خزمەتگوزاریی کارەباش بدرێتە کەرتی تایبەت، ئەوا ئەگەری ئەوەی خەڵکانێکی زۆر بۆ سەردەمی چرا و لۆکس بگەڕێنەوە، ئەگەرێکی گەورەیە، بەتایبەتی لە دۆخی وێرانبوونی تەواوی ئابوریی نەوت لە ھەرێمدا و لەدۆخی بێتوانیی حکومەت لە دابینکردنی موچەی مانگانەی موچەخۆرانی ھەرێمدا.
تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێم، لەسەر مەسەلەی داھاتی نەوت و داھاتەکانی تریش، کە زۆرینەیان لەڕێگای کۆمپانیا حیزبیەکانەوە دەچێتە گیرفانی حوکمڕانان و بنەماڵەکانیانەوە، دۆخەکە کارەساتبارتر و کێشەکان سەختتر و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.
لە ھەمولەرجێکی مێژوویی لەو بابەتەدا، ئەوەی لەبەردەم کۆمەڵگای ئێمەدا ماوەتەوە ڕێگرتنە لە بەردەوامبوونی ئەم مۆدێلە ترسناکەی حوکمڕانیکردن. کۆتاییھێنانە بەم لۆژیکە ترسناکەی تێگەیشتن لە ئابوریی و ئەم ڕوانینە نابەرپرسانە لە چییەتی خزمەتگوزارییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان و چۆنیەتی دابینکردنیان. بەبێ ئەم ڕێگرییە دەبێت ھەمووان لە چاوەڕوانی کارەسات و کەوتن و پڕوکاندنی زیاتردا بن، نەک تەنھا ژیانی ئەوانەی ئەمڕۆکە لەو وڵاتەدا دەژین دەکەوێتە مەترسییەوە، مەترسییەکی ڕاستەقینە، بەڵکو ژیانی ئەوانەش کە ھێشتا لەدایکنەبوون. سەرچاوەی ھەرەسەرەکیی بەشێکی گەورەی ئەم کێشانەش لەناو چۆنیەتی ئیدارەدان و بەکارھێنانی ئابوریی نەوتدایە، کە تاریکترین کەرتی ئابوریی وڵاتەکەیە. ساڵانێکی زۆرە ئابوریی هەرێم بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەناو سیستەمێکی چەتەگەرییدا چنراوە. ئەوەی سەروەرکراوە ئابوریی فەرھودە، ئابوریی تاڵانیی و چەتەگەرییە کە خێزانە سیاسییە فەرمانڕەواکان ھێڵە سەرەکییەکانی دادەڕێژن و ھەر ئەوانیش بەڕێوەیدەبەن.
بێگومان ئەم ئابوریی فەرھودە، ئابوریی ژیاندنی کۆمەڵگا، ئابوریی دابینکردنی بژێو و کەرامەت، ئابوریی بەخشینی بەشی یەکسانی خزمەتگوزاریی بە دانیشتوانی ھەرێمەکە نییە، بەڵکو ئابوریی بەئەبەدیکردنی دەسەڵاتی خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکانە، کە ھەم وڵاتەکە و ھەم داهات و ھەم سامانی سەرزەمین و ژێرزەمینی و ھەم دانیشوانەکەشی، بە موڵکی شەخسیی خۆیان دەزانن. ئەو تێزەی دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو دەسەڵاتدارێتییە دەسەڵاتگەرەکاندا باشتر کۆنترۆڵدەکرێت، لە هەرێمی کوردستاندا نەک هەر ڕاست نییە، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە.