دیموکراسیی لە قەیراندا
2021-01-11 20:31:50
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)
کاتێک لایەنگرانی دۆناڵد ترامپ پەلاماری پەرلەمانی ئەمریکایان دا و کۆتاییان بە کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران ھێنا بۆ پەسەندکردنی جۆ بایدن وەک 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی تر مەسەلەی باشیی و خراپیی دیموکراسییەت و سیستەمی نوێنەرایەتییکردن ھاتەوە بەر باس و خواس. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە: ئایا ئەو خەڵکە ناڕازیی و توندوتیژە لەناو سیستەمی دیموکراسییدا لە کوێوە دێن؟
لە سادەترین پێناسدا دیموکراسیی بە مانای سەروەریی یان حوکمڕانیی گەل دێت. تاوەکو سەدەی هەژدە کاتێک ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنرا مەبەست لێی دیموکراسیی راستەوخۆ بوو، واتە ئەو تێگەیشتنە بوو بۆ دیموکراسیی کە لە سەردەمی یۆنانییەکاندا و لە شارەکانیاندا بەکاردەهێنرا. مەبەستیش لەو فۆرمە لە دیموکراسیی، حوکمڕانیی هەموان بەسەر هەمواندا بوو. ئەم مۆدێلە دواتر و لە ڕووی پراکتیکییەوە بەر سنوور و تەگەرەی پیادەکردنی جۆراوجۆر ھات. لەسەردەمی مۆدێرندا کە ژمارەی دانیشتوان زۆر زیاد دەکات و چیتر وەک ژمارەی دانیشتوانی شارە یۆنانییەکان كەم و سنووردار نابێت، مۆدێلێک لە دیموکراسیی زاڵدەبێت کە دیموکراسییەتی راستەخۆ نییە، بەڵکو دیموکراسییەتی ناراستەوخۆیە.
ئەو مۆدێلەی دیموکراسیی لە ئێستادا سەروەرە دەڕبڕی ئەو دیموکراسییە ناڕاستەوخۆیەیە کە ناوی دیموکراسییەتی نوێنەرایەتیی پەرلەمانیی لێنراوە. لەم مۆدێلەدا خەڵک ڕاستەوخۆ حوکم ناکات، بەڵکو لەڕێگای نوێنەرانی خۆیانەوە کە لەڕێگای دەنگدانەوە هەڵدەبژێردرێن و لەپەرلەماندا ئەو نوێنەرایەتییە جێگیردەکرێت. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتیی لەم سەردەمەدا پێیدەگوترێت دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی یاسا. واتە دەوڵەتێک بەپێی دەستوورێکی دیموکراسیی بەڕێوەدەبرێت کە زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگا بڕوایان پێیەتی و کردویانە بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی بۆ خۆبەڕێوەبردن. بەپێی ئەم دەستوورەش ئازادیی هەموو تاکەکان پارێزراوە، مافەکان و بەرپرسیارێتیان دەستنیشانکراوە، دەسەڵاتەکان بەسەر سێ کۆڵەکەی سەربەخۆدا دابەشکراون، کە پەرلەمان و حکومەت و دادگان. هەر چوار بۆ پێنج ساڵ جارێکیش هەڵبژاردن سازدەکرێت کە دەشێت حکومەتەکەی پێشوو لە کار بخات و دەستاودەستکردنی دەسەڵات تیایدا ڕووبدات. بەهەمان شێوە پەرلەمان دەتوانێت حکومەت لەکاربخات کاتێک متمانەی لێیبسەنرێتەوە، ئەوسا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامدەدرێت. ئەم سیستەمی نوێنەرایەتییە زیاد لە چەند سەدەیەکە کاردەکات.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین دروستبوونی “قەیرانی نوێنەرایەتییکردن“ە لەم سیستەمەدا، قەیرانێک کە دیموکراسییەتی لەناوەوە تووشی شڵەژانێکی گەورە و ھەمەلایەن کردوە. لەناو زۆرێک لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک، بەشێک لە کۆمەڵگا، بە تایبەتی بەشێک لە چینەکانی خوارەوە و لە چینی ناوەڕاست، ھەستدەکەن کە نوێنەرایەتی ناکرێن و خۆیان لەناو ئەو سیستەمە سیاسییە نوێنەرایەتییەدا نادۆزنەوە کە ئامادەیە. بە مانایەکی دیکە ئەمانە پێیانوایە ھەڵبژاردنی ئازاد، وەک میکانیزمی سەرەکیی نوێنەرایەتییکردن، ناتوانێت دەنگی ئەمان بباتە ناو بەشداریی و بڕیاردانی سیاسییەوە. ھەڵبژاردن چیتر ئامرازێک نییە بتوانێت سیستەمێکی سیاسیی گونجاو بۆ نوێنەرایەتیکردن دروستبکات.ئەمە جگە لەوەی کە ھەڵبژاردن چەندساڵ جارێک ڕوودەدات و لە دونیای ئەمڕۆدا خەڵک پێوستی بە شێوازی خێراتر ھەیە، بۆئەوەی بتوانن ببیسترێن و لە پەیوەندیدابن بە کایەی سیاسییەوە و چالاکبن لەناویدا.
لە شیکردنەوەی ئەم قەیرانی نوێنەرایەتییکردنەدا شارەزایانی ئەم بوارە باس لەوەدەکەن لە سی بۆ چل ساڵی ڕابردودا دۆخێک دروستبووە وایکردوە زۆرێک لە ھاوڵاتیان ھەستبکەن جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا نەماوە. شتێک بەناوی ململانێی ئایدیۆلۆژیی، سنووری نێوان ڕاستڕەو و چەپڕەو، بەریەککەوتن و ململانێی بەرنامەی سیاسیی ناکۆک و جیاواز، بوونی نەماوە. ھێز و پارتە سیاسییە جیاوازەکان لەیەکتر نزیکبوونەتەوە و زۆربەیان لە سێنتەری کایەی سیاسییدا جێگیرن، نەک لە چەپ و ڕاستی کایەکەدا. ئەم دۆخەش نوخبەیەکی سیاسیی دروستکردوە کە لێکچو و ھاوشێوەیە، نوخبەیەکی ھۆمۆجینە، زۆربەیان پرنسیپ و گریمانەکانی سیستمی نیولیبرالیزمیان قبووڵکردوە و ھەموویان بە ھەمان ڕێگا و ڕوو لەھەمان ئاسۆ دەڕۆن. بۆیە گرنگ نییە دەنگ بە کام ھێز و چ بەرنامەیەکی سیاسیی دەبەخشیت. ئەم دۆخەش وایکردوە زۆرێک لە ھاوڵاتیان ھەست بەوە بکەن شتێک نەماوە ھەڵیببژێرن، کاتێک ھەموو ھێزە سیاسییەکان لەیەکبچن و ئەو سنوورانەی لەیەکتریان جیادەکاتەوە تەواو کاڵبووبنەوە. نە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیی و نە جیاوازیی لە ئاستی ھێڵە گشتییەکانی کارکردن و نە جیاوازیی گەورە لە پرۆگرامە سیاسییەکانیاندا نەماوە. ھەم پارتە حوکمڕانەکان و ھەم پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان لێکچونێکی گەورەیان لەنێواندا دروستبووە. ھاوکات دۆخێک دروستبووە دنگدەر بە ئاسانی لەمپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست بگوازێتەوە، بەبێ ئەوەی ھەست بە ناکۆکیی و کێشەیەک بکات.
کێشەکە تەنھا لە هاوشێوەبوون و لێکچوونی پارتە سیاسییەکاندا کورتنابێتەوە. ئەوەی گرفتی نوێنەرایەتییکردنی قووڵترکردۆتەوە نەمان یان لاوازبوونی گەورەی سەندیکاکانیشە، بە تایبەتی سەندیکا کرێکارییەکان، کە ھەندێکجار ملیۆنەھا ئەندامیان ھەبووە و توانیویانە کاریگەریی لەسەر بڕیارە سیاسییەکان و لەسەر کار و بەرنامەکانی دەوڵەت و لەسەر کۆمپانیاکانیش دابنێن. ڕێک لەوکاتەدا کە پارتە سیاسییەکان لەیەکدەچن و شتێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە کە چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان ھەڵیبژێرن، سەندیکاکانیش لاواز و پەراوێزدەبن و ئەندام و ھەوادارەکانیان بە ڕادەیەکی گەورە کەمدەکات. بەمەش ئەو دەزگایانەی تر کە لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکاندا، نوێنەرایەتی کرێکاران و چینەکانی خوارەوەیان لەناو دەزگا سیاسیی و ئیدارەییەکاندا دەکرد، ئەوانیش بەرەو پووکانەوە دەڕۆن، یان تەواو لاواز و پەراوێزدەکەون.
بەم جۆرە لەوکاتەدا کە ھەڵبژاردن ناتوانێت ئەگەری ڕاستەقینەی ھەڵبژاردنی ھێزی سیاسیی جیاواز بخاتە بەردەمی کۆمەڵگا، لاوازبوونی سەندیکاکانیش دۆخەکە خراپتر و قەیرانی نوێنەرایەتی قووڵتر دەکاتەوە. ئەمەش وادەکات خەڵکانێکی زۆر دروستببن کە ھەستنەکەن نوێنەرایەتی بکرێن و نوێنەریان لەناو کایەی سیاسییدا ھەبێت. تەنانەت ھەستناکەن بەشێکن لە وڵاتەکە و لە کۆمەڵگاکە، بەپێچەوانەوە ھەستدەکەن مرۆڤی زیادەن و خواست و گرفت و خەون و کێشەکانیان لای خۆیان ماوەتەوە و گوێیەک نییە بیانبیستێت و ئامراز و ناوەندێکیش نیە، دەنگیان بگەیەنێتە ناو ڕووبەری گشتیی و کایەی سیاسیی. ھەموو ئەمانە وادەکەن بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا پشتبکاتە سیاسەت و متمانەی بە سیاسییەکان نەمێنێت و تەنانەت بەشداری ھەڵبژاردنەکانیش نەکات. لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەم بەشدارینەکردنە یەکێک بووە لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمی نوێنەرایەتییکردنە کە دیموکراسییەت دروستیکردوە. دۆخی بایکۆتکردنی دەنگدان هێندە مەترسییداربوو کە وای لە هەندێ پارتە سیاسییەکانی ئەوروپا کرد، بیر لە بە یاساییکردنی ئیلزامیی هەڵبژاردن بکەنەوە.
بزوتنەوە پۆپۆلیستییەکانی دونیای ئەمڕۆ کار لەسەر ئەو دەنگە ناڕازیی و ئەو ھاوڵاتییانە دەکەن کە ھەستدەکەن بێشوناسن و تەنھاکەوتون، بێنوێنەرن و کەس نییە دەنگیان ببیستێت . پۆپۆلیستییەکان خۆیان وەک نوێنەری ئەو کەسە بێنوێنەرانە نیشاندەدەن، ئەو کەسە بێنوێنەرانەش بە خەڵک و میللەت، یان بە گەل و نەتەوە ناودەبەن و یەکساندەکەن. پۆپۆلیستەکان واینیشاندەدەن ئەوان دێن بۆئەوەی ئەو دابڕان و بۆشاییەی لەنێوان سیستەمە سیاسییەکە و کۆمەڵگاکەدا دروستبووە چارەسەربکەن و ئەو کەلێنەی لەنێوان حوکمڕانیی و میللەت و نەتەوەشدا دروستبووە، پڕبکەنەوە. ئەوان دێن بۆئەوەی سیاسەت و وڵات و کۆمەڵگاکە بە گەل ببەخشەوە. دێن بۆ ئەوەی شوناسی راستەقینە بە خەڵکە رەسەنەکەی وڵاتەکەیان ببەخشنەوە و قەیرانی نوێنەرایەتییکردن و مەسەلەی سەروەریی و شکۆی نەتەوەیی چارەسەربکەن. ئەمریکا بدەنەوە بە ئەمریکییەکان و بریتانیا بە بریتانییەکان. بێگانەکان دەربکەن و کارەکان بە خەڵکی وڵاتەکە بدەنەوە. کەسانێکی وەک ترامپ و لۆپین و ئوربان و کاچینسکی و زۆرانێکی تر بە زمانی نوێنەرایەتییکردنی خەڵکانێک دەدوێن کە ھەستدەکەن لەبیرکراون و نوێنەرایەتی ناکرێن. خەڵکانێک گوایە نوخبە سیاسییە باڵادەستەکە نایانبینێت و لەبیریکردون. ھێزە پۆپۆلیستەکان ھەم مژدەی ئەم نوێنەرایەتییکردنە بە تاک و گروپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا دەدەن، ھەم ئەو نوخبە سیاسییەی کە ئەوانی لەبیرکردوە، وەک نوخبەیەکی سیاسیی گەندەڵ و دابڕاو لە کۆمەڵگا، نمایشدەکەن.
خاڵێکی بنەڕەتی تر کە ”قەیرانی نوێنەرایەتییکردن“ی لە دونیای ئەمڕۆدا گەورەتر و قووڵتر کردۆتەوە، دروستبوونی میدیای دیگیتاڵییە، بەتایبەتی دروستبوونی سۆشیال میدیایە. میدیای مۆدێرن دەسکارییەکی گەورەی چەمکی نوێنەرایەتیکردنی کردوە. بەر لەم میدیایە تاکەکەس تەنھا لەڕێگای گروپە ڕێکخراوەکانەوە، لە ڕێگای پارتە سیاسییەکانەوە، لەڕێگای سەندیکاکانەوە، لە ڕێگای کەنیسە و ئۆرگانەکانی ترەوە، نوێنەرایەتی کراوە. ئەو ئۆرگانانەش بەناوی ئەندامەکانیانەوە قسەیانکردوە و وێنە و شوناسێکیان بە ئەندام و ھەوادارەکانیان بەخشیوە. بەڵام لە سەردەمی دروستبوونی میدیای دیگیتاڵییدا پێداویستیی بەو ئۆرگانە دەستەجەمعییانە بۆ نوێنەرایەتیکردن تەواو لاوازبووە و لەزۆر کات و حاڵەتدا نەماوە. ئێستا تاکەکەسەکان خۆیان ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن و کەسانی تریش لەناو ھەمان ڕووبەری دیگیتاڵدا دەبینن کە نوێنەرایەتیی خۆیان دەکەن. لەسەدەمی ئێستاماندا کۆمەڵگایەک دروستبووە کە بەردەوام لەڕێگای میدیای دیگیتاڵییەوە خەریکی نوێنەرایەتییکردنی خۆیەتی، بەبێئەوەی کەسێک یان لایەنێک ھەبێت، ئەرکی ئەم نوێنەرایەتییکردنە لە ئاستێکی کۆیی و دەستەجەمعییدا، بگرێتە ئەستۆ.
ئەم نوێنەرایەتییە تاکەکەسییە دۆخێکی دروستکردوە ھەر کەسێک خواستی ئەوەی لادروستببێت وەک تاکەکەس لەناو سیستەمە سیاسییەکەدا نوێنەرایەتییبکرێت، نەک وەک ئەندامی ئەم یان چینی کۆمەڵایەتیی و ئەم یان ئەو گروپی تایبەت. تاکەکەسەکان خۆیان وەک یەکەیەکی سیاسیی سەربەخۆ دەبینن و نمایشدەکەن. داوای حیسابکردنی تایبەت بۆ خواست و کێشەی تایبەتییەکانیان دەکەن. داوای ئەوەدەکەن، یان لانیکەم چاوەڕوانی ئەوەن، ئەم خواست و چاوەڕوانییە تاکەکەسیانە، کە کەسەکە خۆی نوێنەرایەتییان دەکات، ببن بە بەشێک لە گوتاری سیاسیی و لە بڕیاردانی سیاسییدا ڕەنگبدەنەوە. بەم جۆرە دۆخێک دروستدەبێت تەواو جیاواز لە دۆخی بەر لەدروستبوونی میدیای دیگیتاڵی کە تیایدا پرۆسەی نوێنەرایەتییکردن پابەست بوو بە ئەندامبوون لەم یان لەو ئۆرگانی دەستەجەمعییدا. ئەم دۆخە تازەیە پرسی نوێنەرایەتییکردن نەک تەنھا زەحمەت دەکات، بەڵکو لە مەحاڵ نزیکدەکاتەوە. ئەم دۆخە تازەی نوێنەرایەتییکردن ھەستی نوێنەرایەتیینەکردن لای ئەو تاکانە گەورەتر دەکات، ھێزە پۆپۆلیستەکان لێرەشدا ئەم دۆخە بۆ بەھێزکردنی خۆیان بەکاریدەھێنن.
ھەندێک تیۆریستی زانستە سیاسییەکان لە ئێستادا باس لە کۆتایی ”دیموکراسییەتی حیزب“ party democracy” و جێگرتنەوەی بە ”دیموکراسییەتی تەماشاکەران“ “audience democracy" دەکەن. لەیەکەمیاندا گەیشتن بە دەسەڵات لەڕێگای ململانێی نێوان بەرنامە و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانەوە دروستدەبێت، بەڵام لە دووھەمیاندا کەسایەتیی و ئوسلوب و شێوازی قسەکردن و جوڵاندنەوەی کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەو زمان و ریتۆریکەی قسەی پێدەکەن، گرنگ و کاریگەرە. تویتەکانی دۆڵاند ترامپ، یان ئەو کورتە فیلم و نامە و کۆمێنتانەی کە سیاسییەکان لەڕێگای واتسئەپ و فەیسبوک و توڕە کۆمەڵایەتییەکانی ترەوە دەیاننێرن و وەریاندەگرن، دەبنە نموونەی ئەو جۆرە پەیوەندییەی کە دیموکراسییەتی تەماشاکەران دروستیدەکات. ھەموو ئەمانەش دۆخێکی نوێیان ھێناوەتەکایەوە کە تیایدا مەسەلەی نوێنەرایەتییکردن گۆڕانی گەورەی بەسەرداھاتووە.
لە ڕاستیدا پۆپۆلیزم یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئەم قەیرانی نوێنەرایەتییکردن و ئەو گۆڕانکارییانەی لە سەرەتای ھەشتاکانەوە ھاتونەتەکایەوە. پۆپۆلیزم وەک کاردانەوەیەکی پاسۆلۆژیی و بیمارانە بەڕووی ئەو گۆڕانکارییانەدا سەرهەڵدەدات. بێگومان ھەندێک لەو کێشانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە باڵادەستیی سیاسەتەکانی نیولیبرالیزمەوە ھەیە، کە پێدەچێت لەگەڵ ھاتنی کۆرۆنا و دەستخستنی چالاکانەی دەوڵەت بۆ ناو بازاڕ و ئابوریی وڵاتەکان، و تیژبوونەوەی زیاتری ململانێی ئایدیۆلۆژیی و حیزبیی و دروستبوونی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ، ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە بووبێتەوە. واتە دەشێت لە دەیەی داھاتودا شتێک لە بوژانەوە لە ژیانی حیزبایەتیی و سەندیکایی و دروستبوونی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ و فۆرمی نوێی بەشداری سیاسییدا ببینین، کە وابەکەن ھەندێک دەرکەوتی قەیرانی نوێنەرایەتیکردن چارەسەرببێت. بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیی بە گۆڕانی کۆمەڵگاکان و بە پرۆسەی بەمیدیاییکردنی پەیوەندییەکان و گوتارەکانەوە ھەیە، ئەوەی لەگەڵ دیاردەی نوێنەرایەتی تاکەکەس بۆ خۆی و بە گشتیکردنی دۆخی شەخسییەوە، ھاتۆتەکایەوە، پێویستی بە چارەسەرکردنی داھێنەرانە و فۆرمی نوێی بەشداریی مەدەنیی ھاوڵاتیان لە سیاسەت و حوکمڕانییدا، دەبێت. ئێستا خەڵک لە جیھانێکدا دەژین کە جگە لە ڕێگای دەنگدان و ئەندامبوون لە پارتی سیاسیی و سەندیکادا، چەندان ڕێگای تری بەشداریی و دەرکەوتن و قسەکردنی لەبەردەمدایە و ڕێگای تری بۆ نیشاندانی ناڕەزاییەتییەکان و توڕەبوونەکانی ھەیە. تەحەدای سەرەکیی دیموکراسییەت لەمڕۆدا، لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە گەورەیەی نوێنەرایەتییکردنەدایە. پۆپۆلیزم وەڵامە ھەڵە و ترسناکەکەیە بۆ هەموو کێشە و تەحەدا نوێکانی سەدەی بیستویەکەم، دۆناڵد ترامپ و ھاوشێوەکانی دواھەمین کەسێکن بتوانن ئەم گرفتانە چارەسەربکەن.
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو
بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا
بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل