عێراق بەرەو کوێ؟

Draw Media

2021-04-19 09:12:43



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

دۆخی ئەمڕۆکەی عێراق دۆخێکی تەواو شەکەت و ماندوە، وڵاتەکە گیری بەدەست دەیان کێشەی گەورە و کوشندەی ھەمەجۆرەوە خواردوە. عێراق لە ئێستادا لە ڕووی سیاسیی و ئابووریی و ئەخلاقییەوە وڵاتێکی بیمارە، تێکەڵێکی تەواو نەخۆشە لە کۆرۆنا و گەندەڵیی وتاڵانیی و میلیشیا و گەمەی ترسناکی ھێزە ئیقلیمیەکان. نوخبەیەکی سیاسیی بەدفەڕ و دەیان بازنەی دەسەڵاتی بەهێزی نهێنیی و نادەوڵەتیی کە لە دەرەوەی هەموو میکانیزمێکی چاودێریی و لێپرسینەوەدان، حوکمی وڵاتەکە دەکەن.
هاوکات ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا و گەشەکردنێکی بەردەوامی ژمارەی دانیشتوان و کۆچی جوتیاران و گەورەبوونی بێپلانی شارەکان و دروستبوونی کارەساتی ژینگەییی گەورە و ھەمەجۆر، کێشە بونیادییەکانی  دەوڵەتی عێراقیان قووڵتر و ئاڵۆزتر کردووە. ئەم گشتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە بیمارە پێویستیی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ڕیشەیی و بنەڕەتیی ھەیە. تاکە کاندیدێکیش کە توانا و ئەگەری ھەندێک گۆڕانکاریی هەڵگتربوو، ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە ناڕازییە بوو کە تەنھالە خوارو و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا دروستبوو. ئەو بزوتنەوەیە نەیتوانی بۆ بەشەکانی تری وڵاتەکە بپەڕێتەوە و لە دوو ساڵی ڕابردووداشدا بە چەندان میکانیزمی جیاواز گەمارۆدرا و بەدەیان شێوە پەلاماردرا، کەسە چالاک و بوێرەکانیان گیرانو ڕفێندران و تەنانەت تیرۆرکران. لە ئێستاشدا ئاسۆیەکی ڕاستەقینەی گەشەکردن و بەھێزبوونیان لەبەردەمدا نییە.

گەندەڵیی و تاڵانیی سیستماتیک و بەکارھێنانی بەشێکی ئەو سامەنەی لە وڵاتەکەدا ھەیە بۆ دروستکردنی میلیشیای حیزبیی و ناحیزبیی لە تەحەدا سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراق و ناوچەکەیە. ئەگەرچی کەس بە وردیی بڕی ئەو پارەیەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا لەو وڵاتەدا دزراوە نازانێت، بەڵام ھەموو ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان باس لە بەتاڵانبردنی سەدان ملیار دۆلار دەکەن. ئەوانەشی بەشی شێری ئەو تاڵانییەیان بەردەکەوێت ئەو نوخبە سیاسییە تائفییەیە کە لەدوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە لە وڵاتەکەدا حوکمڕانن. لە مێژە گەندەڵیی و تاڵانیی لە عێراقدا بەتەنھا ئاکاری ئەم یان ئەو کەس، ئەم یان ئەو دەزگا، یاخود ئەم یان ئەو گروپ و پارتی سیاسیی، نییە، بەڵکو سیستەمێکی سەربەخۆیەوە و چەندەھا کەسایەتی سیاسیی و پارت و گروپی سەر بە ھەموو پێکھاتە ئەتنیی و ئایینییەکانی تێدایە، لە زاخۆوە بۆ بەسرە، لە ئیبراھیم خەلیل و باشماخەوە بۆ فاو و ئوم قەسر.

 

عێراق لەپاڵ ئەو ھەموو کێشە سیاسیی و دەزگایی و ئەخلاقییانەدا، کێشەی گەشەکردنێکی خێرا و گەورەی دانیشتوانیشی ھەیە. ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە چل ملیۆن کەس نزیکدەبێتەوە، لەکاتێکدا تا ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتا ئەم ژمارەیە سیانزە ملێۆن کەس بوو. گەرچی عێراق لەڕووی مێژووییەوە ئەو سەرزەمینەیە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتییدا کشتوکاڵیی تیادا بەرھەمھاتوە، بەڵام لەمڕۆدا توانای دابینکردنی خۆراکی بۆ دانیشتوانەکەی خۆشی نییە. ھەتاکو ئەم چرکەساتە جگە لە بۆڵەبۆڵی سیاسیی، ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی ڕیفۆرمی سیاسیی و ئابووریی دژ بە بەهەدەردانی بەردەوامی سامانی نەتەوەیی لەڕێگای گەندەڵییەوە لە ئارادا نییە. حیکایەتەکانی گەندەڵیی لە عێراقدا ھێجگار ترسناکن و دۆخێک نیشانئەدەن کە لە مێژووی وڵاتانەدا کەموێنەیە. با بۆ نموونە حیکایەتی ”نۆژەنکردنەوەی شانۆی ڕەشید“ لە بەغدا وەربگرین. ساڵی 2013 ڕێکخراوی یۆنسکۆ بەغدای وەک ”پایتەختی کولتوریی جیھانی عەرەب“ ھەڵبژارد و بڕی 21 ملیۆن دۆلاریان بۆ نۆژەنکردنەوەی ”مسرح الرشید“ لە بەغدا، تەرخانکرد. حکومەتی عێراق بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە 21 ملیۆن دۆلارەکەی بە کۆمپانیایەکی تورکیی دا، بەناوی ڕۆتام. تەنانەت پێش ئەوەی کۆمپانیا تورکییەکە ھیچ پلانێک بۆ چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەکە پێشکەش بە حکومەت بکات. ساڵەکە تێدەپەڕێت و کۆمپانیا تورکییەکە ھیچ کارێک ئەنجامنادات، ھیچ کەسێکی سەر بە کۆمپانیاکەش بۆ جارێکیش لە شوێنی کارکردنەکە دەرناکەوێت. دواتر کۆمەڵێک لە قوتابیانی ئەکادیمیای ھونەر لە بەغدا، بە ھاوکاری ژمارەیەک خۆبەخش دەست بە ئەنجامدانی کاری نۆژەنکردنەوەی شانۆکە دەکەن. سێ ساڵ دواتر، ساڵی 2016، کۆمەڵێک ھونەرمەندی عێراقیی دەرگای شانۆکە دەکەنەوە و دەیخەنەوە کار. دوای ئەم کارەساتە گەورەیە نە وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق، کە پێشتر و لە سەردەمی داگیرکردنی موسڵدا لەلایەن داعشەوە وەزیری بەرگریی بوو، نە ھیچ بەرپرسێکی تری حکومیی، ڕووبەڕووی ھیچ جۆرە بەرپرسیاریەتێک نەکراونەوە، بە بەرچاوی ھەموو جیهانەوە ئەو 21 ملیۆن دۆلارە لە عێراق وونبوو کە یۆنسکۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی شانۆکە تەرخانیکردبوو.

بێگومان گەندەڵیی لە عێراقدا تەنھا دزینی پارەی گشتیی و سامانی نیشتیمانی نییە لەلایەن ھێزە سیاسیی و میلیشیا سەربازیی و خێزانە سوڵتانییە دەسەڵاتداراکانەوە، بەڵکو نەخۆشییەکی گەورەیە کە ھەم لەناو سەرجەمی دەزگاکانی دەوڵەتدا ئامادەیە، ھەم لەناو کۆمەڵگاکە خۆشیدا. بە حوکمی ئەوەی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی نیشتیمانیی لە عێراقدا پارەی نەوتە، بەشی ھەرەزۆری گەندەڵییەکان لەناو دەزگاکانی دەوڵەت و پێگە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەدا پیادەدەکرێت. بڕ و ڕادەی  بەتاڵانبردنی ئەم پارەیە لە ئاستێکدایە وڵاتەکەی تەواو وێرانکردوە؛ نە سیستەمی تەندروستیی وڵاتەکە، نە سیستەمی پەروەردە و فێربوون، نە کارەبا، نە ئاو، نە ھیچ خزمەتگوزارییەکی گشتیی لە ئاستی دابینکردنی ئەو لانی ھەرەکەمەدا نییە کە خەڵکی وڵاتەکە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پێویستیان پێیەتی. ھێزە سەرەکیی و سەرە گەورەکانی ناو حوکمڕانییەکەش، چونکە لە ھەمووان زیاتر لە سەرچاوەی داھاتی نەوتەوە نزیکن، بۆیە لە ھەمووان گەندەڵتر و تاڵانچیترن. ئەمانە ئەوانەن لە عێراقدا پێیان دەگوترێت ”الحیتان“، واتە نەھەنگەکان و لە کوردستانیشدا پێیان دەگوترێت ”فیرعەونەکان“. ھەریەکێک لەمانە چەندەھا کۆشک و تەلاری تایبەت و گرانبەھایان لە پایتەختەکانی ئەوروپا و وڵاتانی تری دونیادا کڕیوە، سوپەرمارکێت و بازاڕی گەورەیان لە زیاد لە شوێنێکی جیھاندا دروستکردوە، کەشتیی و فڕۆکەی تایبەتان ھەیە، پارەی زۆریان لە سەر ژمارەی بانکی نھێنیی لە زیاد لە وڵاتێکی دونیادا ھەیە. ئەمانە یان خۆیان سیاسییە گەورە و حوکمڕانەکانی وڵاتەکەن، یاخود کەسوکارەکانیانن، یان کەسانی زۆر نزیک لەوانەوە. 

ئەوەی ئەم سیاسییە تاڵانچییانە لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە ئەنجامیانداوە، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەزگا و ئۆرگانە سەرەکییەکانی وڵاتەکەیە بە ئاراستەی گۆڕینیان بۆ مەقاشی دەستی خۆیان و بەکارھێنانیان بەوشێوەیە بتوانن ھەم درێژە بەو دۆخە پڕ تاڵاناکرییەبدەن و ھەم پێگە سەرەکییەکانی خۆیان لەناویدا بەھێزتر بکەن. بۆ نموونە  پارتە سیاسییەکان، کە پێویستە ئۆرگانێکی خاوەن پلان و بەرنامەی ڕیفۆرمکردنی وڵاتەکە بن، گۆڕاون بۆ موڵکی شەخسیی کەس و خێزان و بنەماڵە سیاسییەکان و ئەوانن دەستنیشانی چۆنیەتی کارکردن و ھەڵسوکەوتی ئەو پارتانە دەکەن. ئەم پارتە سیاسییانە لەوە کەوتون ئۆرگانێک بن بۆ تەعبیرکردن لە دونیابینییەکی سیاسیی و ئامرازێک بۆ دروستکردنی واقیعێکی باشتر و کەمکێشەتر. ئەوەی لە عێراق و بێگومان لە کوردستانیشدا ڕوودەدات، پرۆسەیەکی ھەمەلایەنی ”لەحیزبخستنی حیزب“ و بەتاڵکردنەوەیەتی لە ئەرک و پلانی ڕێکخستن و داڕشتنەوەی کۆمەڵگا بەرەو باشتر. دەزگای حیزب گۆڕاوە بۆ ماشێنێکی گەورەی بەرگریکردن لەو بنەماڵە و خێزانە حوکمڕانانە و سەپاندنی پێگەکانیان بەسەر ھەموواندا. 

چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستاندا، حیزب بووە بە دەزگایەکی بەهێز و کاریگەری خێزانیی و بنەماڵەیی کە توانا و هەیبەتی لە پێگەی ئۆرگانە دەستوورییەکانی ناو دەزگای دەوڵەت گەورەتر و بەهێزترە. حیزب لەم مۆدێلە ترسناکەی دەسەڵاتدارێتییدا خاوەنی کۆمپانیا و میلیشیا و ئابووریی و دارایی و بانک و میدیایە، کە دەوڵەت وەک ئامراز و ئامێرێک بۆ پاراستنی ماڵە سیاسییەکەی خۆی و ئەندامانی خێزانە داخراوەکەی خۆی تەماشادەکات. دەزگای دەوڵەت لەلایەن حیزبەوە تەنها ئەو کاتە شەرعییەتی هەیە کە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و دەسکەوت و داهاتەکانی حیزب زامنبکات. لە ڕاستیدا دەوڵەت لە عێراقی دوای بەعسدا، لەسەر ھەمان مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی ھەرێمی کوردستان، بووە بە نێچیرێک کە حیزب و خێزانە سوڵتانییەکان ڕاویدەکەن. 

لەناو ئەو ھاوکێشە تایبەتەی دەسەڵات لە عێراقدا یەکێک لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی ”لەحیزبخستنی حیزب“، بریتییە لە دروستکردنی لەشکری تایبەت بۆ حیزب. بڕێکی ئەو تاڵانکارییەی کە ڕوودەدات، بۆ دروستکردن و پاراستنی ئەو سوپا و میلیشیا تایبەتانە تەرخاندەکرێت، کە حیزبەکان خاوەنیانن. بوونی ئەو ھەموو میلیشیا و سوپا تایبەتانە لە باکور و باشور و ناوەڕستی وڵاتەکەدا، کە لەناو واقیعدا ھەن و پڕچەک و بەھێزن، یەکێکە لە کێشە ھەرە قووڵ و سەرەکییەکانی وڵاتەکە. لە زۆر ڕووشەوە یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو ژێرکەوتنە ئابڕوبەرەی سوپای عێراق لەبەرامبەر داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، کە داعش لە ماوەیەکی ھێجگار کورتدا سێ یەکی خاکی عێراقی داگیرکرد، پەیوەندیی بەم کردەی بە میلیشیاکردنەی سوپاوە ھەیە. لەسەر کاغەز سوپای عێراق سوپایەکی گەورەیە و سەدان ھەزار چەکداری ھەیە، بەڵام بەردەوام دەردەکەوێت چەندان یەکە لەو یەکە سەربازییانەی لەسەر کاغەز ھەن و پڕچەکن، لە واقیعدا بوونیان نییە. موچە و مەسروفی ئەو یەکە وەھمیانە دەچێتە گیرفانی ئەفسەرە گەورەکانی سوپاوە، کە ئەوانیش بەسەدان ڕایەڵەوە بە کەسایەتییە سیاسیی و بەحیزبە سەرەکییەکانی وڵاتەکەوە، گرێدراون. 

بەبێ گۆڕینی ئەو  نەخشە سیاسییە لە وڵاتەکەدا، بەبێ لێپرسینەوەیەکی بەرفراوان لەو ھێزانەی لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە لەو وڵاتەدا حوکمڕانبوون، مانایەک بۆ ھەڵبژاردن لە عێراقدا نامێنێتەوە. ھەڵبژاردن لەناو ئەم سیستەمە وێرانەدا چاوەڕوانی شتێکی ئەوتۆی لێناکرێت. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا ھەڵبژاردندەشێت ئەم یان ئەو ھێز و بلۆکی سیاسیی بەرپرس لەو ھەموو تاوانە، گەورە بکات، ئەمانیش چەند گەورەتربن، ئەوەندە لە قاسەکانی پارەی نەوتەوە نزیکدەبنەوە و ئەوەندەش توانای دزیکردن و تاڵانکردنیان زیاددەکات.  

عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی خاوەنی کۆمەڵگایەکی گەنجە، گەنجان زۆرینەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن. ئەم گەنجانە شەری داعشیان کرد، شەڕی بێکاریی و بێمووچەیی و بێ دامەزراندنیان کرد، شەڕی خۆیان بۆ بەخشینی مانایەک بە ژیانی خۆیان کرد. گەنجانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو حیزبە تەقلیدییەکان ناڕازین، هەم لە وەهمی تائیفییەت ناڕازین و هەم لە درۆ و خورافەتەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە ئەتنییەش کە بە لۆژیکی سوڵتانیی چەند بنەماڵەیەکی بازرگانی سیاسیی کاردەکەن. بۆیە ئەوەی ئەم نەوەیە لە ئێستادا دەجوڵێنێت، نائومێدییە؛ نائومێدییەک دابڕاو لە خەونێکی سیاسیی بەرجەستە و لە ئامادەگیی کۆمەڵێک بکەری سیاسیی کۆنکریت. بۆیە ئەم نائومێدییە دەشێت هۆکارێک بێت، هەم خۆپیشاندان و توندوتیژیی گەورتری لێبکەوێتەوە، هەم ناشتنێکی یەکجارەکی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا، وەک رێگایەک بۆ گۆڕانکاریی سیاسیی.

بابەتی پێشتر

بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟
بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی

بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن 

بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس 

بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand