ئێمە کێین؟

Draw Media

2021-04-12 17:37:27



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

 

یەکێک لەو پرسیارە سەرەکیی و بنەڕەتییانەی فیکری ڕەخنەیی دەیکات، پرسیارە دەربارەی بە خود خۆی و بەو کەسەی کە ھەین. ئەو پرسیارەش بریتییە لە: ئایا ئێمە کێین؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵام بۆ ئەم پرسیارە وجودییە یەکەمین شت پێویستە لێی بەدووربین گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی ”جەوھەر“ی نەگۆڕی ئەو ئێمەیەدا، یان بە دوای ”شوناسێک“ی جێگیر و نەگۆڕدا کە گوایە تەعبیر لەو جەوھەرە تایبەتە دەکات. ئەو ئاسۆ فیکرییەی کە دەبێت لە دۆخی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا ڕوومان لێیبێت، ئاسۆیەکە نە خۆمان و نە کۆمەڵگاکەمان وەک پێدراوێکی دێرینی پێشوەخت دروستکراو و کامڵ مامەڵە نەکات، وەک شتێک یان جەوھەرێک نایبینێت کە لە مێژوویەکی دێرینەوە بۆ ئێمە لەمڕۆدا ماوەتەوە، بەڵکو ھەم خود خۆی و ھەم کۆمەڵگاش، وەک دروستکراوێکی کۆمەڵایەتیی و مێژوویی ناتەواو و بێکۆتایی وێنادەکات کە بەرھەمی شێوازی ئامادەگیی کەسەکانە لەناو تۆڕێک لە پەیوەندیی مێژوویی ئاڵۆزیی پڕ ھەڵبەز و دابەزدا کە بەسەریەکەوە وادەکەن ھەم خود و ھەم کۆمەڵگا پرۆسەی بێکۆتایی و پڕجوڵەبن، نەک جەوھەر و شوناسێکی جێگیر.
پرسیاری ”ئێمە کێین؟“ بۆ ئەوەی ببێت بە پرسیارێک بە بڕێکی زۆر لە مەعقولییەتەوە، پێویستە لانی کەم بگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵێک پرسیاری مێژوویی و بەرجەستە و کۆنکریتتر، لە ھەموویان بنەڕەتیتر پرسیاری ئەوەی ”ئێمە چۆن بووین بەوەی لە ئێستادا ھەین؟“ ئێمە لەم ئێستایەدا چین و کێین؟ چۆن بووین بەو کۆمەڵگا و کەسانەی لە ئێستادا ھەین و ئامادەین؟ واتە لە باتی ئەوەی بەدوای جەوھەرێکی تایبەت و نەگۆڕدا بگەڕێین و بەدوای شوناسێکی جێگیرەوە بین، پێویستە سەرقاڵی شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی ئەو پرۆسانە بین کە ھەم ئێمە و ھەم ئەو کۆمەڵگایەی لەمڕۆدا تیایدەژین، دروستکردوە.

وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی ”ئێمە چوون بووین بەوەی لە ئێستادا ھەین؟“ ڕاماندەکێشێت بۆ خوێندنەوە و شیکردنەوەی کۆمەڵێک پرۆسەی تایبەت. بەڵام بەر لەوەی بچینە سەر ئەو بابەتانە و کەمەکێک لەسەریان بوەستین، پێویستە ئەو ڕاستییە بە خوێنەر بڵێین، گەر کەسێک کەمەکێک بە مێژووی فیکر لە سەدەی بیستەمدا ئاشنابێت، دەزانێت ئەم پرسیارە، پرسیاری ئەوەی ”ئێمە چوون بووین بەوەی لە ئێستادا ھەین؟“،  پرسیارێکی فوکۆییە.

دۆزینەوەی وەڵامیش بە پرسیارەکە، لەسەر ھەمان شێوازی بیرکردنەوەی فوکۆ، بەرەو ئەوەمان دەبات بە سێ بابەتی سەرەکیی ئاشنابین. یەکەمیان ئەوەیە بزانین ئایا چ فۆرمێک لە دەسەڵات لەم ئێستایەدا ئامادەیە؟ ئێمە لەناو کام ستراتیژ و پەیوەندیی و فۆرمی تایبەتیی دەسەڵاتداین؟ بەڵام زانینی وەڵامی ئەم پرسیارە بەتەنھا بەس نییە بۆ ئەوەی بزانین ئێمە چۆن گەیشتوین بەم ساتەوەختە و چۆن بووین بەو کەس و کۆمەڵگایەی لە ئێستادا ھەین. بۆیە بابەتێکی تر کە گرنگییەکی گەورەی ھەیە ئەوەیە بزانین ئایا چ جۆرە مەعریفەیەک لەم ئێستایەدا و شانبەشان بە دەسەڵات ئامادەیە؟ چ زانست و زانیاریی و مەعریفەیەک لە ئارادایە بەشداربێت لە دروستکردنی ئەو وێنە و ڕوانینانەدا ئێمە لەسەر خۆمانمان ھەیە و ئەو مەعریفەیەش لە چ پەیوەندییەکدایە بەو دەسەڵاتەوە کە ھەیە و لە ئارادایە. بابەتی سێھەمیش کە پێویستی بە وەڵامدانەوە ھەیە پرسیارە سەبارەت بەو مێژووەی لەناویدا دەژین؟ ئایا ئەو مێژووە چ مێژوویەکە و ڕووداو و گرفت ومژدە و  تەحەدا سەرەکییەکانی کامانەن؟ 

بەم مانایە بۆ وەڵامدانی پرسیارە سەرەکییەکە، پرسیاری ئەوەی ئێمە چۆن بووین بەوەی لە ئێستادا ھەین، پێویستە لەو گشتە ئاڵۆز و پڕ جوڵە و پەیوەندییە پرۆسە ئاسایە ڕابمێنین کە دەسەڵات و مەعریفە و مێژوو لە ئێستادا دروستیانکردوە و دروستیدەکەن، ئەو سێ شتە ئەو سێ ھێزە سەرەکییەن کە بەردەوام لەناو بوونماندا ئامادەن و دەمانکەن بەو شتەی لە ئێستادا ھەین. ئێستا ئەگەر بمانەوێت لەڕێگای سەیرکردنی ئەو سێ بابەتەوە لە خۆمان و لە بوونمان ڕابمێنین و بزانین چی ئێمەی کردوە بەوەی کە لە ئەمڕۆدا ھەین، دەکرێت وەڵامێکی سەرەتاییمان دەستبکەوێت.

با لە پرسیاری یەکەمەوە دەستپێبکەین: ئایا چ فۆرمێک لە دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە و میکانیزمەکانی ئیشکردنی کامانەن؟ زۆر بە کورتیی لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەکرێت بڵێین: ئەو فۆرمەی لە دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە، تێکەڵێکی ئاڵۆزە لە ”دەسەڵاتێک سزادەر“ کە سزا ئامرازی سەرەکیی کارکردنێتی، لەگەڵ ”دەسەڵاتێکی کۆنترۆڵکەر“ کە چاودێریی و ئاراستەکردن و کۆنترۆڵکردن ستراتیژە سەرەکییەکەی کارکردنیەتی. بەم مانایە ئەو فۆرمەی دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە بە پلەی یەکەم لەسەر سزادانی جەستەیی و دەرونیی کاردەکات، واتە بەکارھێنانی دار و جنێو، شوڵ و شکاندن، چەقۆ و ئیھانەکردن، تا بە چەک و بەخائینکردن دەگات، کاردەکات، ئامرازە سەرەکییەکانیەتی. سزای جەستەیی ھەمەجۆر لەڕێگای تەکنیکە فرەجۆرەکانی ترساندن و بێدەنگکردن و بچووک و گرگنکردنەوە، ھتد. تەکنۆلۆژیای سەرەکیی ئەم فۆرمە سزادەرە لە دەسەڵات تەکنۆلۆژیای ئازاردانی جەستە و ئازاردانی دەرونیی کەسەکانە وەک سزا. 

بەڵام فۆرمی دووھەمی دەسەڵات، ”دەسەڵاتی کۆنترۆڵکەر“ دەسەڵاتێکە لەسەر چاودێریککردن و تێبینیکردنی بەردەوامی کەسەکان کاردەکات، دەخوازێت لە باتی سزادانی جەستەیی و دەرونیی ڕاستەوخۆ، تاکەکەسەکان کۆنترۆڵ و ئاراستە بکات، وایان لێبکات بەو شێوەیە بژین و بیربکەینەوە و ھەبن کە نەکەونە دەرەوەی ستراتیژەکانی بینین و چاودێریکردن و چاوەڕوانییەکانی دەسەڵاتەوە. ستراتیژی ئیشکردنی دەسەڵات لێرەدا ستراتیژی سزادانی جەستەیی و دەرونیی نییە، بەڵکو دروستکردنی شێوازێکی گوێڕایەڵ و بێمەترسیی تاکەکەسە لەڕێگای پرۆسەیەکی بەرفروانی پەروەردەکردن و بەکۆمەڵایەتییکردن و بەناوەکیکردنی کۆمەڵێک بەھا و شێوازی بیرکردنەوەوە. بۆ ئەمەش تۆڕێکی گەورە لە دەزگا و گوتاری جیاواز ئامادەن و بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کاردەکەن. لەناویاندا بۆ نموونە، دەزگاکانی خوێندن و میدیا و نەخۆشخانە و سەربازگە و کارخانە و مزگەوت و سەندیکا و دەزگای خێزخوازیی و پارتە سیاسییەکان. ئەمانە بەشێوەیەکی گشتیی ئەو کەرەستانەی دروستکردن و خۆدروستکردنی کەسایەتی دەخەنە بەردەمی کەسەکان کە ستراتیژییەکانی دەسەڵات دەیانخوازێت. لەم دۆخەدا ئەو فۆرمانە لە کەسایەتی دروستدەکرێن کە سیستەمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە باڵادەستەکە پێویستیی پێیانە. کەسەکان لەناو ئەم دەزگایانەدا دەکرێن بە تاکەکەسێکی دیسپلینکراو و ئاراستەکراو، خودێکی گوێڕایەڵ و بێپرسیار دوابەرهەمێتی.  

ڕووبەرێکی تر کە تاکەکەسەکان لەناویدا دروستدەبن و دەبن بەو کەسەی لە ئێستادا ھەیە، ئەو فۆرمانەیە لە مەعریفە و زانیاریی و گوتار کە لە کۆمەڵگادا ئامادەیە. لە مەعریفەی زانستییەوە بیگرە، لەوانە بۆ نموونە زانستی پزیشکیی و دەرونیی، بۆ مەعریفەی دینیی سەبارەت بە چییەتی مرۆڤ و شوێن و جێی لە جیھاندا، بۆ مەعریفەی ئەدەبیی و ئەخلاقیی کە وێنەی تایبەتی مرۆڤ بەرھەمدەھێنن و بڵاودەکەنەوە. لە ھەموو کۆمەڵگایەکدا تۆڕێک لە گوتاری ھەمەجۆرە ئامادەیە، لەسەر دەرکەوتە جیاوازەکانی ژیان و ئاسۆکانی بەرھەمھێنانی مانا و تێگەیشتن لەوەی کە ھەیە و لەوەش کە بەڕێوەیە ووبدات. ئەم گوتارانە سنوورەکانی قسەکردن و پشکنین و بیرکردنەوە دەستنیشاندەکەن و  جیاکردنەوەی ماقوڵ لە ناماقوڵ، شیاو لە نەشیاو، باش لە خراپ و ئەخلاقیی لە نائەخلاقیی ھتد، دەبێتە کاری سەرەکییان. ئەمانە ئەو ڕژێم و سیستەمانەی ھەقیقەت بەرھەمدەھێنن کە کۆمەڵگا لەناویدا ھەم لە خۆی و ھەم لە دیاردەکانی ناو ھەناوی، ڕادەمێنێت. ئەمانە ئەو لەشکرە گەورەیەن لە خەبیر و لێزان و نووسەر و ئەدیب و ڕۆشنبیر و میدیاکار و پیاوانی دین و بانگخواز و واعیز و شیکەرەوە و ھتد، کە ڕۆژانە ئەو گوتارە جیاوازانە بەرھەمدەھێنن و لە کۆمەڵگادا بڵاودەکەنەوە.

ڕووبەری سێھەم کە لەناویدا مرۆڤەکان دەبن بەوەی کە لە ئێستادا ھەن، مێژووە. ئەو مێژووەی لەو ساتەوەختەدا دروستدەکرێت. مێژوویەک کورتانبێتەوە تەنھا بۆ مێژووی ناوەکیی ئەو کۆمەڵگایە، بەڵکو مێژوویەکی گشتیترە و دەشێت زیاد لە چەندان کۆمەڵگا لە ھەمانکاتدا بکەونە ناویەوە. بۆیە پرسیاری سێھەم ئەوەیە ئایا ئێمە لەناو چ مێژوویەکدا دەژین؟ 
ئەگەر مێژووی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەم تا ئەمڕۆ وەک نموونە وەربگرین، دەبینین مێژووییەکە پڕ لە مژدە و بەڵێن و خەونی یۆتۆپیای جۆربەجۆر، بەڵام خەون و مژدە و بەڵێنی بەدینەھاتوو، ئیتر لە مژدە و بەڵێنی ھێزە ناسیۆنالیستیی و چەپ و عەلمانییەکانەوە بیگرە، بۆ مژدەی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی بە باڵە جیاوازەکانیەوە. ئینجا مێژووی کۆمەڵێک جەنگ و پێکدادانی خوێناوی، ململانێی توند و دوژمنکارانە و پێشێلکردنێکی بەرفراوانی مافە ھەرە سادەکانی مرۆڤ. ئینجا تێکەڵبوونی ئەم گشتە گەورەیە بە دیاردەی کۆچ و سەرھەڵگرتن و ھەڵاتن و گەڕان بەدوای ژیان و بەختەوەریدا لە شوێنێکی تری ئەم جیھانەدا. لەسەرێکی دیکەوە مێژوویەک پڕ لە بەرخۆریی ھەمەجۆر بەجۆرێک لە ھەندێک ساتەوەختیدا بەرخۆریی لەوەدەکەوێت تەنھا کردەیەکی ئاسایی و نیمچەئاسایی ناو ژیانی ڕۆژانە بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیا و لە بەرخۆریەوە دەبێت بە بەرخۆریزم، بە ڕادەیەک بەرخۆربوون دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە کۆڵەکە ھەرە سەرەکییەکانی شوناسی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیی.

بە کورتییەکەی، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی ئێمە کێین؟ ئەوەی دەبێت ڕووبدات ئیشکردنە لەناو ئەم گشتە ئاڵۆزە پڕ جوڵە و گۆڕان و ڕووداو پرۆسانەدا، نەک گەڕان بەدوای بونیادێکی عەقڵیی و کولتوریی دێرینی گریمانکراودا و مامەڵەکردنی خود خۆشی وەک بەرھەمی ئەو بونیاد و ڕیشە ئەبەدیی و سەرمەدیی و دێرینانە. بە بۆچوونی ئێمە دوو خاڵ لێرەدا زۆر گرنگە بە خێرایی لەسەریان بوەستین. یەکەمیان ئەوەیە لەناو ئەو گشتە ئاڵۆزەی لەسەرەوە باسمانکرد شتێک بەناوی حەتمیەت و حەتمیگەراییەوە بوونی نییە. تەنانەت لەناو ئامادەگیی ئەو تۆڕە ئاڵۆزانەی فشار و سەپاندندا کە باسمانکردن، دەکرا گۆڕانکاریی ڕووبدەن و ڕووداوەکان بە ئاراستەیەکی تردا بڕۆن، دەکرا ئەو شتانە ڕوونەدەن کە ڕویاندا. بۆ نموونە دەکرا جەنگەکان ڕوونەدەن، مژدەکان بە درۆکردن کۆتاییان پێنەیەت، بەڵێنەکان ببرێنەسەر و تووشی نائومێدیمان نەکەن. بەڵام ئەوەی کە ئەو شتانە بەو جۆرە ڕوونادەن و ئاراستەیەکی تر وەردەگرن، پەیوەندیی بە جەوھەر و بونیادی دێرینەوە نییە، بەڵکو بەرھەمی ئەو بڕیارانەن کە دراون و دەرئەنجامی ئەو کردە ستراتیژییانەن کە ئەنجامدراون. 

خاڵی دووھەم ئەوەیە ئامادەگیی سەرجەمی ئەو فۆرمانە لە دەسەڵات و مەعریفە و گوتار، مانای ئەوە نییە مرۆڤ ئیرادەی دەشکێنرێت و ناتوانێت خۆی لە جەبر و فشارەکانیان ڕزگاربکات، بۆئەوەی ئازادانە خۆی کەسایەتی خۆی دروستبکات و خودی خۆی دابھێنێت، مانای ئەوەش نییە مرۆڤ ناتوانێت پەرە بە فۆرمێکی تایبەتی خودسازیی بدات کە توانا تاکەکەسییەکانی و بڕیار و ھەڵبژاردەنەکانی خۆی، تیایاندا ڕۆڵی سەرەکیی و دەستنیشانکەر ببینین. لەناو ھەموو ئەو ستراتیژانەی دەسەڵات و مەعریفەدا کە باسمانکردن، ھەمیشە ڕوبەر و ئەگەرێک بۆ بەرگریکردن بەرامبەر بە سەرجەمی فشارەکان ھەیە، جێگەیەک ھەیە بۆ داھێنان و خۆدروستکردن وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی و بەرپرسیار. ستراتیژەکانی دەسەڵات و مەعریفە لە ھیچ سەردەمێکدا نەیانتوانیوە وەک ئامێرێکی گەورەی کۆپیکردن کاربکەن و مرۆڤی لێکچو و کۆپیکراو دروستبکەن.

بابەتی پێشتر
بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی

بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن 

بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس 

بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand