دنیا وەک یارییەکی ناشیرین

Draw Media

2024-07-04 19:17:35




د. نیاز نەجمەدین
جیهانی ئەمڕۆ ئاسان نییە، زیاتر خەرجکردنی لێمان ئەوێ وەک لە خۆشەویستیی. ئەگەر پارەت پێ نەما کێشە نییە، وەرە و کاتەکانتمان بەرێ، لەگەڵیشیدا پلانی کڕین دابنێ. گرنگ ئەوەیە خەرج بکەیت ئیدی لە بازاڕی واقع بێت یان دنیای مەجازیی سۆشیەل میدیا، پارە بێت یان کات.
جیهانی ئەمڕۆ گۆڵکردنی لێمان دەوێت، تەنها ئەو گۆڵە نا لە تۆپی پێدا دەیبینین بەڵکو بە واتا مەجازییەکەشی: فێڵ و کڵاوکردنەسەر! کێ گۆڵ بکات ئەوە سەرکەوتووەکەیە، ئەویش چێژدەبینێت. گرنگ بردنەوەیە. دۆڕاو بە دۆزەخ ئەگەر نەیزانیوە گۆڵ بکات، با هونەرێکی بەرز و پاکیشی پێشکەش کردبێت. مەگەر کەمجار دەنا کەس بەخشیشێکی بۆ هونەری بەرز و پاک پێ نییە.    
دنیاکە وای لێ هاتووە بە خۆت نەزانیوە کەوتوویتەتە ناو یارییەکی پیسەوە. سوریا، ئۆکرانیا و فەڵەستین نموونەی ئەو یارییەن. رەنگە هەڵە نەبم کە بڵێم خۆشترین کاتەکانی یەکێتیی و پارتیی لە پەنجا ساڵی رابردوودا ئەو کاتانە بووە گۆڵیان لە یەکتر کردووە. حکومەتی عێراق و هەرێم خەمێکی هاوبەشی گشتییان نییە هێندەی گەمەیەکی ناشیرین (dirty game) لەگەڵ یەکتر دەکەن.  
ژینگەی نوێ خەریکە جۆرە کەلتورێک دەسەپێنێت هەموومان بکات بە مرۆڤێکی چاولەدەر. لە مۆبایلەکەمانەوە چاومان لە دەرەوەیە و یەکەم شوێن ئارامیی ماڵەکەمانی لەسەر دەدۆڕێنین. دەبێت ماڵەکەی خۆت جێهێڵیت و بە قوڵیی بچیتەناو ماڵە گەورەکەوە، ناو جیهانی کێبڕكێی کڕین و سەفەرکردن و گۆڕینی خێرای کەس و شتەکانت. ئەوەی لەم هەنگاوەدا لەگەڵت نییە و نایەوێت ئەم سەفەرە بکەیت، رەنگە وەک دواکەوتوو وەسف بکرێت. خێزان، خۆشەویستیی، هاوڕێیەتیی و شتی لەو چەشنە سەر بە دنیای کۆنە و دەبێت لەناوبچن بەتایبەت کە رێگرن لەوەی وەک شەکر لە ئاوی دنیادا بتوێیتەوە. تۆ دواکەتوویت ئەگەر وەک ژنێک لە ماڵەوە دانیشیت و سەرقاڵی بایەخدان بە خێزانەکەت بیت، چونکە ئەوەتا سەرمایەداریی پەیمانی پێداویت حوکمی پیاوت(باوکسالارییت) بە پارە بۆ لەناو دەبات بەبێ ئەوەی تێچووی ئەم پرۆسەیەمان پێ بڵێت، بەبێ ئەوەی پێمان بڵێت ئەمە تا کوێ ئازادبوونی ژنە و لە کوێدا فۆرمێکی نوێی ئیستیغلالکردنیەتی.
لەمڕۆدا، لە یاریی و چیرۆکێکدا نەبیت یان جەماوەری یارییەک نەبیت، هەست بە بەتاڵیی دەکەیت. یارییزانان خەمی سەلامەتیی و دڵخۆشیی ئەوانی دیکە/تۆیان نییە، هۆشیان بە ئازاری ئەوانەوە نابێت کە تا بەیانی لەناو جێگەکەیاندا دەتلێنەوە تەنها لەبەرئەوەی لە یارییەکەیان نەزانی. کەم لەم یاریزانانە بۆیان گرنگە تۆ لەناو گەمەکانی ئەواندا چیت بەسەر دێت، چۆن دەپڕوکێیت، چۆن خشت بە خشتی مەعریفەت دەڕزێن و دەڕوخێن.
بە کورتییەکەی، کەس لە خەمی دۆڕاوەکاندا نییە، ئیدی منداڵێکی قوربانیی جەنگەکان بێت، سیاسییەکی راستگۆ و دڵسۆز بێت، ئەندام و کارمەندێکی حزب یان کۆمپانیا یان حکومەت بێت کە نایەوێت بە ملشکاندن سەرکەوێت، دەوڵەمەندێک بێت کە نایەوێت پاشکۆی سیاسییەکان بێت، عاشق یان مێرد یان ژنێک بێت بۆ هەوا و نەفەسی دنیا پشت ناکاتە مەعشوقەکەی/هاوسەرەکەی. دۆراوەکان ئەوانەن زوو زوو بە خۆیان دەڵێن :" کاکە ناوچەوانەکە نایکات!". تۆ راست دەکەیت، هەوڵەکانت ناتوانن ناوچەوانەکەت بۆ بگۆڕن، بەڵام لەبەرئەوە نیە خودا بڕیاری لەسەر داوە، یان خۆت نەفام و نەخوێندەواریت، بەڵکو لەبەرئەوەیە تێکەڵ بە گەمە ناشیرینەکە نابیت.  
شەست ساڵ لەمەوپێش ژنان بە تەنەکە ئاویان دەبرد بۆ ماڵەکانیان و منداڵان سورێژە و کۆکەڕەشە دەیکوشتن. سی ساڵ لەمەوپێش خەڵک لەناو پاسدا جگەرەی دەکێشا. پانزە ساڵ لەمەوبەر سەڵت بویتایە قێزەون سەیر دەکرایت، دەکەوتیتە ژێر فشارێکی بێمانای قورسی کۆمەڵایەتیی و هەر کەس بیبینیتایە دەیوت بۆ ژن ناهێنی، بۆ شوو ناکەیت و پێیان رەوا نەدەبینیت تەنها بژیت ئەگەر خۆت دڵت پێی خۆشە. ئەم هەموو پێشکەوتن و گۆڕانکارییە دڵخۆشکەرانە بەشێكی دەرگاکردنەوە بوو لە بەردەم تاکدا تا دوای بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بکەوێت. بەڵام ئێستا هاوسەنگییەکە تێکچووەتەوە و بەرژەوەندیی تایبەتیی زۆر دوور رۆشتووە. ئەمجارەیان دروستکردنی خێزان دواکەوتووییە، عاشقبوون گەمژەییە، پاکێتیی لە سیاسەتدا ساویلکەییە، خوێندن و خۆفێرکردن نەفامییە، دڵسۆزیی لە کارەکەتدا کەم عەقڵییە، تا نەوت وەستا بێت ئەوا پێشکەوتن لە رێی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و زانست و توێژینەوەوە خاوەخاو و نەنگییە، و هەر بەو شێوەیە. بەو دیودا، ناساندنی وێنەی خۆت، فراوانکردنی دەسەڵاتت، خۆدەوڵەمەندکردن بە هەر رێگەیەک بێت زیرەکییەکەیە و خەرجکردنیش چێژەکەیە.
جیهانی ئەمڕۆ بۆ تاک ئاسان نییە، دەترسم یەک یەک و وردە وردە سەرسام بین بەو جۆرە یاریزانانە و بەئاگا یان بێئاگا بەرەو قوڵایی یارییە ناشیرینەکە هەنگاو بنێین.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand