Draw Media

زنجیرى نه‌پچڕاو

زنجیرى نه‌پچڕاو

2024-06-19 11:34:55



د. هاوكار ئیبراهیم
مامۆستا و توێژەر لە زانكۆی بیلەفیڵد – ئەڵمانیا


ئه‌م ناونیشانه‌ى سه‌ره‌وه‌، كورته‌ ناونیشانێكى دوایین توێژینه‌وه‌ى زانستى بڵاوكراوه‌ى من و چه‌ند هاوڕێ و هاوكارێكمه‌‌، كه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى ڕابردوودا له‌ گۆڤارى " بى ئێم سى ته‌ندروستى ژنان"* بڵاوكرایه‌وه‌ ، گۆڤاره‌كه‌ ‌له‌لایه‌ن ده‌زگاى بایۆمێد سێنتڕاڵى به‌ریتانى بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى زانستى ده‌رده‌چێ. توێژینەوەكەمان كار له‌سه‌ر چه‌مكى "دووباره‌ به‌ قوربانی بوونه‌وه‌" ده‌كات،  له‌وه‌ ده‌كۆڵیته‌وه‌ كه‌ چۆن ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌سه‌رده‌مى منداڵیدا له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه‌ به‌ خراپى مامەڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوه،‌ له‌ سه‌رده‌مى گه‌وره‌ییاندا ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێ كه‌ ‌ جارێكى تر تووشى توندوتیژی و خراپ مامه‌ڵه‌كردنى هاوشێوه‌ ببنه‌وه‌. ئه‌نجامه‌كانى توێژینه‌وه‌كه‌مان جەخت لە پێویستی چارەسەرکردنی خراپ ماڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵان ده‌كاته‌وه‌ بۆ ڕێگریکردن له‌ بەردەوامی زنجیره‌كانى توندوتیژی له‌ قۆناغه‌كانى ترى ژیانى مرۆڤدا.
هه‌رچه‌نده‌ داتایه‌كى زانستى ورد له‌سه‌ر رێژه‌ى به‌ربڵاوى خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵاندا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌رده‌ست نییه‌، به‌ڵام توێژینه‌وه‌ مێتا شیكارییه‌ جیهانیه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ى یه‌ك ملیار منداڵ دووچارى جۆرێك له‌ جۆره‌كانى خراپ مامه‌ڵه‌كردن ده‌بنه‌وه‌. به‌نموونه‌ یه‌كێك له‌ وردترین توێژینه‌وه‌ مێتا شیكارییه‌كان له‌سه‌ر خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵان ئه‌و توێژینه‌وه‌‌یه‌ كه‌ سوسان هیلیز و هاوكاره‌كانى له‌ساڵى ٢٠١٦ له‌ ژمارە سێ ى بەرگی ١٣٧ گۆڤارى پزیشكى منداڵاندا بڵاویان كردۆته‌وه‌ كه‌ تیدا شیكارێكى وردیان بۆ ١١٢ توێژینه‌وه‌‌ى جیهانى كردووه‌ كه‌ ئه‌و توێژینه‌وه‌كان‌ له‌ ٩٦ وڵاتى جیا جیا ئه‌نجامدراون. له‌و شیكارییه‌دا هیلیز و هاوكاره‌كانى  گه‌یشتوون به‌و ئه‌نجامه‌ى کە به‌لاى كه‌مه‌وه‌ ٦٤% ی منداڵان له‌ ئاسیا، ٥٦% لە ئەمریکای باکوور، ٥٠% لە ئەفریقا، ٣٤% لە ئەمریکای لاتین، و ١٢% لە ئەوروپا كه‌ به‌شداربووى ئه‌و ١١٢ توێژینه‌وه‌‌یه‌ بوون له‌ماوه‌یى یه‌ك ساڵدا دووچارى خراپ مامه‌ڵه‌كردن بوونه‌ته‌وه‌.
خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵان، کاریگەرییەکی زۆر خراپ و بەردەوامی لەسەر گەشەکردن و بارى دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵان هەیە.  هه‌رچه‌نده‌ كاریگه‌رییه‌‌كانى ئەو جۆرە توندوتیژیانه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌مى منداڵیدا به‌دیار بكه‌وێ، بەڵام به‌شێك له‌و كاریگه‌ریانه‌ له‌ سه‌رده‌مى گه‌وره‌یدا به‌دیار ده‌كه‌ون، بۆ نموونە، ئه‌زموونكردنى توندوتیژى له‌سه‌رده‌مى منداڵیدا پەیوەندییەکی پته‌وى بە چەندین کێشەی تەندروستی دەروونییەوە هەیە له‌گه‌وره‌یدا، لەوانە خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، ته‌نگژه‌ى دوای زەبر و بیر و هه‌وڵى خۆکوشتن.
له‌ ناو جۆره‌كانى خراپ مامه‌ڵه‌كردن و توندوتیژى دژى منداڵان، توندوتیژى ده‌روونى به‌ جۆره‌ كه‌م بینراوه‌كه‌ى توندوتیژى ده‌ناسرێ، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌و جۆرانه‌ى كه‌ كاریگه‌ریه‌كى زۆر خراپ له‌سه‌ر ژیانى مرۆڤ به‌جێده‌هێڵى.  ساده‌ترین تێگه‌یشتن بۆ ئه‌م جۆره‌ توندوتیژیه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ر ڕه‌فتارێك كه‌ زیان به‌ به‌هاى منداڵ و خۆشگوزەرانی ده‌روونى منداڵ ده‌گه‌یه‌نێ، وەکو هه‌ڕه‌شه‌لێكردن، سووکایەتی پێكردن، ڕەتکردنەوە، پشتگوێخستن و ڕەخنەی بەردەوام. ئەم جۆرە توندوتیژیه‌ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هه‌ستى رێزگرتن له‌خۆ، هه‌روه‌ها ده‌شبێته‌ هۆی دروست بوونى كه‌مى متمانەکردن بەخۆ و کەسانی دیکەش. ئەو منداڵانەی کە لە ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ تووشی ئازاردان ده‌بنه‌وه‌ زۆرجار پەیامە نەرێنییەکان له‌ ناوخۆیاندا قه‌تیس ده‌كه‌ن و پێیان وایە كه‌ شایستە و  خۆشەویست نین. جگه‌ له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش قوربانیانى توندوتیژى سه‌رده‌مى منداڵى، تووشى كه‌متوانى له‌ ڕێکخستنی هه‌ست و سۆزه‌كانیان ده‌بن كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێكى به‌شداربووى به‌شێكى زۆرى گرفته‌ دره‌وونیه‌كانه‌ له‌ گه‌وره‌یدا.
ئێمه‌ له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ماندا چاوپێكه‌وتمان له‌گه‌ڵ ٣٣٢ ژندا كردووه‌، جگه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بارى ده‌روونیان، له‌ ئه‌زموونى منداڵى و گه‌وره‌یی ئه‌وانیشمان كۆڵیوه‌ته‌وه‌ له‌ نێو خێزانه‌كانیاندا. ئه‌نجامه‌كانى توێژینه‌وه‌كه‌مان ڕەوتێکی نیگەرانکار ئاشکرا دەکات، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، كه ئەو ژنانه‌ى کە لە منداڵیدا له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه‌ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر كراوه‌، به‌تایبه‌ت توندوتیژى ده‌روونی، له‌ گه‌و‌ره‌ییاندا له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه‌ زیاتر دووچارى توندوتیژى بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌زانستى زه‌برى ده‌روونیدا پێى ده‌وترێ " دووبارە به‌ قوربانى بوونه‌وه‌". به‌ڵگه‌ زانستیه‌‌كان ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو كه‌  ئه‌زموونى توندوتیژى له‌ منداڵیدا له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى كه‌متوانای له‌ دروست كردنى په‌یوه‌ندیه‌كى ته‌ندروست و پارێزراو ،به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ واده‌كات كه‌سى قوربانى ته‌نانه‌ت له‌كاتى توشبوونیشى به‌ توندوتیژى كه‌متر داوای هاوكاریی بكات ، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ كاتێك كه‌سێك له‌ منداڵیدا به‌به‌رده‌وامى توندوتیژى به‌رامبه‌ر ده‌كرێ، كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێ له‌وانه‌یه‌ توندتیژى نواندن به‌رامبه‌رى به‌ ئاسایی ببینێ و بۆى قورس بێ كه‌ بتوانێ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كى توندوتیژ ده‌ربچێ.
پچڕاندنى زنجیرى دووبارە به‌ قوربانی بوونه‌وه‌، پێویستی به‌ ڕێبازێکی پاڵپشتى فرەلایەن هه‌یه‌، كه‌ كه‌سى ڕزگاربوو تێیدا چه‌قى ڕێبازه‌كه‌ بێت و خێزان و دام ده‌زگا فه‌رمیه‌كانى ده‌وڵه‌ت و داڕێژه‌رى سیاسه‌ته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ لە ئاستە جیاوازەکاندا تێیدا به‌شداربن.
له‌ئاستى تاكه‌كه‌سیدا، زۆر گرنگه‌ كه‌وا هانى ڕزگاربووانى توندوتیژى به‌گشتى و له‌ناونیشاندا ڕزگاربووانى توندوتیژى سه‌رده‌مى منداڵى بده‌ین كه‌وا داواى هاوكاری بكه‌ن و به‌دواى چاره‌سه‌رى ده‌روونیدا بگه‌ڕێن. دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرى ده‌روونى یارمەتی ڕزگاربووان دەدات کە باشتر ئاكامه‌ نه‌خوازراوه‌كانى ئه‌و زەبر و توندوتیژه‌ پرۆسێس بکەن كه‌ له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه‌ تووشى بوون.
له‌ئاستى خێزاندا، داك و باب ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە گەشەکردن و خۆشگوزەرانی منداڵەکانیان، پێویسته‌ زۆر به‌ وریایه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كاندا بكه‌ن و ئاشنابن به‌ ناسینی جۆر و نیشانەکانی خراپ مامه‌ڵه‌كردن و توندوتیژى ده‌روونى. ڕەفتارەکانی وەک دووره‌په‌رێزى، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، گۆڕانکاری له‌ناكاو و بێ هۆكارێكى زانراو لە ڕەفتاردا، یان ترس لە هەندێک کەس و بارودۆخ لەوانەیە ئاماژە بن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌و منداڵه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ خێزانه‌كه‌یدا توندوتیژی به‌شێوه‌ گشتیه‌كه‌ى به‌تایبه‌تیش توندوتیژی ده‌روونی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌درێ یان دراوه‌.
گرنگه‌ خێزان ئه‌و ڕاستیه‌ بزانین، كه‌ ئه‌و توندوتیژیه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ منداڵه‌كانیان ده‌یكه‌ن، ده‌شێ ببێته‌ زنجیرێك به‌ درێژایی ژیان له‌ ده‌ست و پێى منداڵه‌كانیان بئاڵێ، ته‌نانه‌ت كاتێكیش گه‌وره‌ده‌بن منداڵه‌كانیان دووباره‌ و سێباره‌ ببنه‌وه‌ به‌ قوربانى و له‌لایه‌ن كه‌سانى تره‌و به‌كاربهێندرێن و توندوتیژیان به‌رامبه‌ر بكرێ. بۆیه‌ دروستکردنی ژینگەیەکی خێزانى کە منداڵ هەست بە ئارامی، رێز، خۆشەویستی بکات گرنگترین ئه‌ركى خێزانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ منداڵه‌كانیان. هه‌روه‌ها ئه‌ركى داك و بابه‌ كه‌ هه‌وڵى پەیوەندیه‌كى کراوە بده‌ن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌و متمانه‌ و هه‌سته‌ بۆ منداڵه‌كانیان دروست بكه‌ن كه‌ به‌بێ ترس بتوانن شكست و نیگه‌رانیه‌كانیان بۆ داك و بابیان باس بكه‌ن، پاڵپشتى و خۆشه‌ویستیه‌كى بێ مه‌رجیان پێشكه‌ش بكه‌ن.
له‌ هه‌ردوو ئاستی جڤات و ده‌وڵه‌تیشدا، وشیاركردنه‌وه‌ ڕۆڵێكى باش ده‌گێڕیت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى توندوتیژى دژى منداڵان. گرنگه‌ داڕێژه‌رانى سیاسه‌ته‌كانى وڵات زیاتر په‌ره‌ بده‌ن به‌ هه‌ڵمه‌ت و به‌رنامه‌كانى وشیاری سەبارەت بە نیشانە و کاریگەرییەکانی خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵان.
باشتر كردنى خزمه‌تگوزاریه‌كانى ده‌زگاكانى هاوكاریكردنی ڕزگاربووان و په‌ناگه‌كان ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ قوربانی و ڕزگاربووان بەبێ ترس لە چەواشەکاری، یان ترس له‌ ئاشكراكردنى نهێنیه‌كانیان ئاسانتر بتوانن داواى یارمەتی و پشتیوانی بکەن. هاوكاریكردنى ڕزگاربووان ته‌نیا له‌ئاستى ده‌روونیدا كاریگه‌ریه‌كى ئه‌وتۆى نابێت ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوكاریه‌ نه‌خێریته‌ نێو چوارچێوه‌یه‌كى ژینگه‌یى- كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌ماهه‌نگى لە نێوان كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆیی و کەرتە جیاوازەکانى حكومه‌ت له‌ چاودێری تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، یاسا و ڕێکخراوە مرۆیییەکاندا هه‌بێت، تا له‌لایه‌كه‌وه‌ دڵنیای ئه‌وه‌ بدات به‌ قوربانی و ڕزگاربووان کە لە یەک کاتدا له‌ چه‌ندین ئاستى جیاوازدا چاودێری و پشتیوانی گشتگیر وەردەگرن ، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌و متمانه‌یه‌یان له‌لا دروست بكات كه‌ داواكردنى هاوكاری ژیانیان ناخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.
* لینكى توێژینه‌وه‌كه‌ لێره‌ به‌رده‌سته‌
https://bmcwomenshealth.biomedcentral.com/articles/10.1186/s12905-024-03156-2

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand