سەردانەكەی عەلی باقری بۆ بەغداو سلێمانی و هەولێر
2024-06-14 09:14:10
ئەنوەر حسێن (بازگر)
وەزیری دەرەوەی ئێران (عەلی باقری)، دێتە هەولێرو سلێمانی، ئەوەش وەكو وەڵامی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە مانگی مایسی (2024) بۆ تاران. (عەلی باقری)، ئەم سەردانەی، لە شوێن سەردانەكەی ڕەئیسی ئەنجامدەدات كە بە ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی لەگەڵ عەبدولڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە مانگی مایسی (2024) گیانیان لەدەستدا.
عەلی باقری كە بەوە ناسراوە، زۆر توندە دژی ڕۆژئاوا، كارەكتەری سەرەكی دانوستكاری ئەتۆمی ئێرانە وەكو نوێنەری خامنەیی، پارێزگارێكی سەرسەختە، ئەندامی نزیكی خانەوادەی خامنەییە كە براكەی زاوای خامنەییە، لەسەردەمی ڕوحانیدا زۆر توندبوو دژی و ڕەخنەی لە ڕێككەوتنەكەی گرت و وتی؛ "ئەو ڕێككەوتنەی ڕوحانی كردویەتی هێڵە سورەكانی خامنەیی بەزاندوە".
باوكی ئەندامی ئەنجومەنی خبرگان بووە، كە ئەركی دەستنیشانكردنی ڕابەری باڵایەو مامی سەرۆكی ئەنجومەنی خبرگان بووە، لەگەڵ سەعید جەلیلیش وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش كاریكردوە، ماوەیەك جێگری ڕەئیسی بووەو سكرتێری ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بووە، لە (2021) بووهتە جێگری وەزیری دەرەوەو دانوستكاری پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران بووە لەگەڵ گروپی (5+1).
ئەم سەردانەی باقری لەدوای دەستبەكاربوونی، سێیەم سەردانیەتی لەپاش سوریاو لوبنان بۆ عێراق و سلێمانی و هەولێر بەمەبەستی:
یەكەم: باقری لەگەڵ عێراق و هەرێم، فایلی ڕێككەوتنی ئەمنی (تاران- بەغدا- هەولێر) كە پارساڵ لەسەری ڕێككەوتوون ئەكتیڤ دەكات. كە ناوەڕۆكەكەی (چەككردن و داخستنی ئۆردوگاكانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە) هەرچەندە ئێران بە دەخالەتی (UN)و فۆرمی مامەڵەی نوێی لەگەڵ ئەم هێزانە نەرمی نواندوە.
دووەم: ئەم سەردانەی باقری لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، گرنگی بە ناوچەی نفوزی ئێران و دۆستەكانی دەدات وەكو چۆن (بۆ سوریاو لوبنان) چوو (عێراق و سلێمانی و هەولێر)یش بەهەمان شێوە سەیر دەكات، دەیەوێت ئەو مەلەفە بگرێتە دەست كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی (28)ی حوزەیرانی (2024) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ، پێدەچێت بە یەكجاری وەكو وەزیری دەرەوە دەستبەكار بێت.
سێیەم: دڵنیابوونەوەو جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی دراوە لەلایەن بەغداو هەولێرەوە بە ڕێگری لە هەڕەشەكان بۆ سەر سنورو ئەمنییەتی ئێران، بەتایبەتی گومان لە ئەگەری بوونی مۆساد لە هەرێم.
چوارەم: وەڵامێك بۆسەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی و هەوڵەكانی ئێران بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییە پڕ كێشەكانی (بەغداو هەولێر)و (یەكێتیی و پارتی) لەلایەكی ترەوە سفركردنەوەی كێشەكانیان لەگەڵ پارتی.
پێنجەم: دیدارو چاوپێكەوتن لەگەڵ گروپە شیعەكان لەناو (چوارچێوەی هەماهەنگی)و (حەشدی شەعبی)، كە دابەشبوون بەسەر سێ بەرەداو مەترسی لێكترازان و ئاژاوەیان لێ دەكرێت.
دەیەوێت فایلی یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی (سوننی) بەتامی (شیعی) و (وەلائی ئێرانی) یەكلایی بكاتەوە.