■ مێگان كانهڵی... وەرگێرانی بۆ کوردی: شیڤان فازیل و كه‌مال چۆمانی.... لە تویتێكدا بۆ گەنجانی توڕە لە ئەنجامی کەمی دەرفەت لە بازاڕی کار قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرایەکی گەورەی لەناو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد دوای ئەوەی گوتی "ئەگەر ئامادەبن، خۆتان بگونجێنن له‌گه‌ڵ بارودۆخ و کارێك بکەن کە كه‌مێك خوارووی تمووحتان بێت". دواتر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە ئەکاونتەکەی خۆی لە فەیسبووك بڵاویکردۆتەوە گوتی " ئه‌گه‌ر به هه‌ر هۆكارێك بێت، هه‌لێكی كار نه‌ره‌خسا بۆ ئه‌و خوێندكاره كه له مهجاڵێكدا خوێندویه‌تی، ئاساییه و عایبیش نییه به دوای دهرفهتێكیتردا بگه‌ڕێت له مهجاڵهكه كه په‌یوه‌ندی نه‌بێت به بڕوانامه‌كه‌ی یان ئه‌وه‌ی كه ئهیخوێنێت." قوباد تاڵەبانی، چیڕۆکی خۆی وەك نموونە هێنایەوە: "من بە شەو و ڕۆژێك نەگەیشتم بەو پۆستە. من بەچەندین قۆناخم بڕی، بە قۆناخ و تاقیکردنەوەی سەختیش…ئەگەر سبەینێش لەم پۆستە نەمام، بایی ئەوەندە تەجروبەم لە ژیان و کاری جیاواز هەیە کەبوانم لە شوێنێك خۆم جێگیر بکەم". جگە لەو ڕاستییەی کە جێگری سەرۆك وەزیران چەندین دەرفەتی هەبووە کە هەرگیز بەردەست نین بۆ قوتابی و دەرچوانی ئاسایی، بەڵام ئەوە باشە کە دان بەوە دادەنێت کە حکومەت ڕۆڵی هەبووە لە بێکاریی لاوان. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ کەسێک کە ئاگاداری رەوشی بازاڕی کار لە کوردستان نەبێت، پیشنیارەکەی تاڵەبانیی بۆ گەنجان مانای ئەوە دەگەیەنێت کە بازاڕێکی کار هەیە کە ئەو گەنجانە لەخۆبگرێت. بەڵام ڕاستیەکە لەوەدایە کە هەرچەندە ئەگەر بێتوو بیانەوێت، زۆرینەی دەرچووان ناتوانن کار بدۆزنەوە، تەنانەت هەرجۆرە کارێکیش بێت - لە کەرت تایبەت. بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق ۷۵٠ هەزار دەرفەتی کاری لەنێوان ساڵانی ۲٠٠۵ - ۲٠۱٤ دروستکردووە، ۸٠٪ ئەو دەرفەتانە لە کەرتی گشتیی بووە. لەڕاستیدا هەڵئاوسانی کەرتی گشتیی لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی ناوەندی سەرانسەری عێراقی تێپەڕکرد بە زیادبوونی لە ٤۱.۹٪ بۆ ٤٤.۲٪ بۆ تەواوی دەرفەتەکانی کار لە ماوەی ساڵانی ۲٠٠۷ بۆ ۲٠۱۲، ئەم ڕێژەیە زۆر زیاترە لە گەشەی کەرتی تایبەت. لە هەمان کاتدا، ژمارەی دەرچووان بەڕێژەی ۹۸٪ زیادیکردووە لە نێوان ساڵانی ۲٠٠۳ بۆ ۲٠۱۳، کە زۆرینەی ئەم دەرچووانەش لە کەرتەکانی کارگێڕیی گشتی، پەروەردە و تەندروستی خراونەتەگەڕ. لەوکاتەی کە زۆربەی وڵاتانی پەرەسەندوو هەوڵی پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی لەڕێگەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی دەدەن، بەشی زۆری ئەم دەرفەت دروستکردن و دامەزراندانە لەڕێگەی مەحسووبیەت بووە نەوەك هەوڵی ڕاستەقینە بۆ پەرەسەندنی دابینکردنی خزمەتگووزاریی لە کەرتی گشتی هەڕێمی کوردستان. بە دەستپێکردنی قەیرانی ئابووری، کەرتی گشتی بەهەمان شێوە تووشی قەیران دارایی بوو، وە حکومەتی هەرێم ناچاربوو بە کەمکردنەوەی مووچە و ڕاگرتنی دەمەزراندن. کەرتی تایبەت (کە بە شێوەیەکی سەرەکیی لەلایەن حکومەتەوە تەمویل دەکرا و کۆمپانیا هەرە گەورەکانی لە لایەن کەسانی سیاسیی باڵای پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن) بەشێوەیەکی خێرا پووکایەوە بەهۆی بردنە دەرەوەی سەرمایە و دابەزینی وەبەرهێنان و شکستی کەرتی بنیاتنان. بەشی زۆری کرێکارانی کەرتی بنیاتنان، کە نزیکەی ۳٠٪ ڕێژەی دامەزراندن لە کەرتی تایبەت پێکدەهێنن، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئینستیتیوتی مێری، کارەکانیان لەدەستدا لەدەرئەنجامی ڕاوەستانی پڕۆژەکان. پرسی جێندەر ڕوویەکی تری ئەم کێشەیەیە. ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنیان هەیە لە هێزی کار لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، لەگەڵ ئەمەش ۹٠٪ ئافرەتان لە هێزی کاری هەرێمی کوردستان لە کەرتی گشتی دامەزرێندراون لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و کارگێریی، هەمان ئەو کار و پیشانەی کە زۆر بەقووڵی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ڕێکارە داراییەکان. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەی بێ‌کاری لە نێوان ڕەگەزی نێرینە زۆر خێراتر گەشەی کردووە بەبەراورد لەگەڵ ڕەگەزی مێینە، دەرچووانی زانکۆ لە ڕەگەزی مێینە - کە نزیکەی نیوەی ژمارەی دەرچووانی قۆناخی دوای ئامادەیی لەکۆی ۱۱۵ هەزار دەرچووی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲٠۱۳، پێکدەهێنن - لەگەڵ ئەوەی کە ناتوانن دەرفەتی کار لە بوەرەکانی خۆیان لە کەرتی گشتی بدۆزنەوە، بەهەمان شێوە دووچاری بەربەستی کۆمەڵایەتیی بۆ دامەزراندن لە خزمەتگوزاری کەرتی تایبەت وەك کۆفرۆشی، خواردنگەکان، گواستنەوە و بنیاتنان، دەبنەوە. کاریگەری ئەمەش، بەشێوەیەکی گشتی، دەبێتە هۆی ئەوە کە دەرچووانی ڕەگەزی مێیینە لەدەرەوەی وڵات بەدوای دەرفەتی کار بگەڕێن یاخوود بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزی کار دووربکەونەوە. بێگوومان چاوەڕوانییەکی گشتیی کۆمەڵایەتیی هەیە لە هەرێمی کوردستان، کە حکومەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی کار و پێدانی مووچە و گواستنەوە بۆ کەرتی تایبەت کە تێیدا مووچە نزمترە، کارکردن قوڕسترە و کاژێرەکانی کارکردن زیاترە. بەڵام ئەوە جۆرێکە لە چاوەڕوانیی کە چینی سیاسی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چەندین دەیە هەوڵیانداوە بۆ هێنانەدی بۆ دڵنیایی بوون لە وەفاداریی هاوسۆزان و دەنگدەرانیان. بۆیە، هەردەبڕێنێکی بێمتمانەیی و بێباوەڕی لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە دوورە لە ڕاستگۆیی، لەوکاتەی کە خەڵك بەڵێنی کار و سوودمەندبوونیان پێدراوە بەرامبەر بە پاڵپشتی یاخوود بێدەنگبوونیان وە دواتر هەڵدەستن بە دەربڕینی ناڕەزایەتی دوای ئەوەی کە چیتر ئەو کار و سوودانەی کە بەڵێنیان پێ‌درابوو، چیتر دابین ناکرێن. هەمان کەلتووری سیاسی ڕێگەی نەداوە بەکەرتی تایبەت، لەو کاتەی کە پێشتریش لاوازبووە، بگاتە ئاستێك کە دەرچووانی ئایندە لەخۆبگرێت. لە ساڵی ۲٠۱٦، لەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی داراییدا بوو، بانکی نێودەوڵەتی هۆشدار ی‌دا لەبەرامبەر پەرەسەندنی قەیرانی بێکاریی لاوان. بە هەمان شێوە، پێشبینی پێویستی گەشەکردنی کەرتی تایبەتیان کردووە بە ڕێژەی ۱٠٪ بۆ هەر ساڵێك تاوەكو کەرتی تایبەت بتوانێت دەرچووانی ئایندە لەخۆبگرێت. لە ئابووریەکدا کە بەخێرایی بەرەو پووکانەوە چووە، بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی هەڵەی بەڕێوەبردن و گەندەڵی، ڕێگەی تێناچێت کە بتوانرێت ڕێژەی بێ‌کاری لەنێوان دەرچووان و قوتابیان چارەسەربکرێت بە هاندانیان بۆ دۆزینەوەی کاری دەستی لە کەرتی تایبەت. سه‌رچاوه‌كان: MERI Report - http://www.meri-k.org/…/MERI-Economic-Report-January-2016-2… WB Report - http://documents.worldbank.org/…/106109-WP-P159972-KRG-Econ…
■هیمداد شاهین .. بارزانیی وەكو ھەمیشە بێدەنگە، ئەم پیاوە ھەركاتێ كەتنێك بنێتەوە بێدەنگ دەبێ و ھیچ ناڵێت، بۆ من مایەی سەرسوڕمان نییە كە بێدەنگە، چونكە بێدەنگی بۆ ئەم پیاوە یەكێكە لە ھونەرە بەھێزەكانی مانەوەی وەكو دەسەڵاتی یەكەم لە زۆنی ھەولێر و دھۆك، ھەروەھا شەریكی دەسەڵاتدارانی زۆنی سلێمانیی و ھەڵەبجە لەھەمانكاتدا، ئەم پیاوە كاتێ سەرۆكایەتییەكەی بۆ درێژكرایەوە بێدەنگ بوو، كاتی یەزیدییەكانی شەنگال جینۆساید كران ھەر بێدەنگ بوو، كاتێ ریفراندۆمی كرد و كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكانی پێ لەدەست داین ھەر بێدەنگ بوو، ھەر بێدەنگ بوو كاتێ ڕێژوان شەھید كرا، ھەر بێدەنگە كاتێ بكوژەكەی ڕێژوان ئازادكراوە.. من دەمێكە دەزانم دادگا نەك سەربەخۆ نییە، بەڵكو حەمامێكە و سیاسییەكان خۆیانی تێدا پاك دەكەنەوە، بەڵام كاتێ دادوەرەكانم بینی لەپشت سیاسییەكانەوە دەوەستن، ئەو یەقینەم زیاتر لا تۆخ دەبێتەوە كە بەڵێ دادگا ئەو حەمامەیە سیاسییەكان بەجلەوە خۆیانی تێدا پاك دەكەنەوە. ئەمرۆ دوو شەمە، دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بریاری دەستگیرکردنی هیوا ئەحمەد، بەرپرسی پێشوی لقی چوار پارتی و هەڵهاتو لە یاسا، هەڵوەشاندنەوە بێ ئەوەی تۆمەتبار هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵ بکرێت. ئەم بریارەی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئاماژەیەکی ھێجگار ترسناكە کە جمكە حیزبی دەسەڵاتدار و ھاوكارەكانیان، ئەوانەی یاساكانیان بۆ مۆر دەكەن و لەسەرەوەش خۆیان بە نوێنەری مەعاناتی خەڵك دەزانن، جگە لەوەی داڵدەدەری تۆمەتباران وهەڵهاتوانن لە یاسا، دەستوەردانی راستەخۆش دەکەن لە کاری دادگا، تەماشای ئەم مەھزەلەیە بكەن، ئەم كارەساتە ببینن، شوێنی تاوانەکە سلێمانیەو سکاڵاکاران لە سلێمانین كەچی بە بێ ھەبوونی ھیچ هۆکاری یاسایی کەیسەکە گواستراوەتەوە بۆ هەولێر بەبی ئەنجامدانی هیچ لێکۆلینەوەیەکی یاسایی تۆمەتبار تۆمەتەکەی لەسەر لابراوە. شۆك مەبن، وەك ھەمیشە بارزانیی بێدەنگە، ھەر بەبێدەنگیی لەنێوان بكوژ و كوژراوێكدا، بكوژەكە ھەڵدەبژێت..
■ هێرش عەبدولڕەحمان.. جارێکی تر ئەمریکا سزای ئابوری خستەوە سەر ئیران ، بەئومێدی ئەوەی ئەم سزایە ببێتە ھۆی لاوازی دەسەڵات و ، لەناخۆدا گۆرانکاری بکرێت ، بەڵام ترسیشیان ھەیە لەگەڵ ڕوخانی ڕژیم شەڕی ناوخۆ ، خراپتر لەوەی سوریا ، بەرۆکی ئیران بگرێت . زۆرینەی کۆنگرێس بۆچونیان وایە ئەبێت وانەیەک لەعیراق ئەفغانستانەوە وەربگرن ، بڕیاری ھەڵەشەو پەلە نەدرێت ،ھاوشیوەی ئەم دوو ووڵاتە ، کەملیاران دۆلار‌و ھەزار سەربازی کردۆتە قوربانی . خەڵکێکی زۆری ڕۆژھەڵاتیش پێی وایە ئەمریکا و سعودیە و ئیسرائیل دێن گۆرانکاری لەئیراندا دەکەن ! ئەوەی ئێستا باس دەکرێت ، تەنھا ھەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی مێدیاکانی جیھانیە و گەمەیەکی تری گەمارۆیی ئابوریە ، بۆ ھێنانی ئێرانیەکان بەلاوازی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ھیچیتر . ئەمریکا ھەمان سینارێۆی عیراق دووبارە ناکاتەوە و ھیچ شتێک بەرامبەر ئێران ناکات ، وەک کردنەوەی بەرەی شەڕ یان لێدانی دوور ھاوێژ . تەنھا دوو کەسایەتی لۆبی بۆ ئەو دروشمەی ڕوخانی ئیران ئەکەن و ، ئومیدیان لەسەر موجاھیدنی خەڵق ھەڵچنیەوە ، ئەویش ، "جولیانی " و " پەمپیۆ " یە ، پێیان وایە ئاسانە ، بەڵام ئیدارەدانی دوای گۆڕینەکەی رژێم سەختەو ، لەدەست دەردەچێت وەک عیراق . ئەمریکا تەنھا سزاکان زیاتر دەکات ، بەهەمان شێوەی کۆریا ، تا ئیران دەستبەردار دەبێت ، کۆنگرێسی ئەمریکی پێی وایە سزاکان وا دەکات ئیرانیەکان بیرێک لەخۆیان بکەنەوەو زیاتر ھەوڵی گۆرانکاری لەناوخۆدا بدەن . ئەم جارە ھەموو ئۆپۆزسێۆنی ئیرانی داوای پارەیان کردبوو ، جیاواز لەئیدارەکانی پیشوو ، ترامپ ئامادە نیە سەنتێک لەگۆڕانکاری ئیران‌دا سەرف بکات وەک چۆن لە رابردوودا ئۆپۆزسێۆنی عیراقی ١٠٠ ملێۆن دۆلاری وەرگرت و ئەوەی بە ئەمریکیەکانیان ووتبوو درۆ دەرچوو کە لادانی سەدامەو دوای ھەفتەیک ھەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە. ترامپ نایەوێت ئەم دوو ساڵە ھیچ بەرەیەکی شەڕ بکاتەوەو ، ببێت بەکارتێکی دۆڕاو لەھەڵبژاردنەکانی نیوەی کۆتایی بەڕێوەیە ، کەکورسییەکی زۆر لەدەست ئەدات لەکۆنگرێس ، بەرامبەر دیموکراتەکان و ، پلانی چوار ساڵی داھاتووی ھەیە ، دوای کۆتایی تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتی . ھەر وەک چۆن لەعیراقدا حزبێک نیە نوێنەرایەتی تەواوی عیراقیەکان بکات لەئیرانیشدا بەھەمان شیوە ، ھیچ یەکێک لەھێزە ئۆپۆزسێۆنەکان نوینەرایەتی سەرتاسەری ئیرانیەکان ناکەن و زۆر لە ئێمە پەرتەوازەترن . ئەمریکا چاوەڕێیە خەڵکی ئیران گۆڕانکاری بکات و ، ئەوان دەست خۆشیان لێ بکەن ، ئەوەش ئاسان نیە ، چونکە زۆرینەی خەڵکی ئیران ھێشتا ھەر ئەو جۆرەی حوکمڕانیان قبوڵە ، ترسیان ھەیە ئەوەی دێت لەمەی ئێستا خراپتربێت ، لەسەردەمی کۆتایی ئیمپراتۆڕی قاجار و ھێنانی پەھلەوی و مەلاکانیش ، ھەڵبژاردەی خۆیانە ، ھەر خۆشیان ئەبێت ھەوڵی ئەو گۆڕانکاریە بدەن .
■ محه‌مه‌د حسێن ... له یه‌كه‌م حه‌فته‌ی خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره‌و شاره‌كانی تری باشوری عێراقدا، وه‌زیری نه‌وت بڕیاریدا ١٠ هه‌زار كه‌س له كێڵگه‌و پرۆژه نه‌وتیه‌كانی به‌سره دابمه‌زرێنێت. به هه‌مانشێوه له پارێزگای زیقاریش به‌ڵێنی دامه‌زراندنی ٧ هه‌زار كه‌سی تریان داوه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی نوسینگه‌كه‌ی عه‌بادی به‌رده‌وام به‌ڵێنی تر بڵاوده‌كاته‌وه بۆ دامه‌زراندنی خه‌ڵكی شارانه‌ی خۆپیشاندانی تیاكرا، هه‌ر له نه‌جه‌ف و دیوانیه‌وه تا ده‌گاته پارێزگای واست و به‌غدای پایته‌خت. كێشه‌ی ئه‌م جۆره دامه‌زراندنه، كه پێش عه‌بادی پارتی و یه‌كێتی بره‌ویان پێداوه، له‌وه‌دایه نه بۆ كارمه‌نده‌كه كار‌و موچه‌یه‌كی شایسته دابینده‌كات نه بۆ حكومه‌تیش كارمه‌ندێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر. زۆربه‌ی كارمه‌نده‌كان به موچه‌یه‌كی كه‌مه‌وه له بازنه‌ی ههژاریهكهیاندا ده‌مێننه‌وه، لیستی موچه‌خۆرانی كه‌رتی گشتیش هێنده‌ی تر قه‌به ده‌كرێت و بێ به‌رهه‌م ده‌مێنێته‌وه. ئه‌م جۆره دامه‌زراندنه دروستكردنی هه‌لی كارنیه هێنده‌ی كه بهرتیلێكی سیاسیه بۆ پاراستنی رژێمه‌كان. ئه‌مه نابێته هۆی دروستكردنی كارێكی به‌به‌رهه‌م ئه‌وه‌نده‌ی كه بڕو راده‌ی بێكاریه روپۆشكراوهكهی كه‌رتی گشتی فراوانتردهكات. له‌ئێستادا، كه‌رتی گشتی عێراق و كوردستانیش سیخناخ بووه له كارمه‌ندی بێ به‌رهه‌م. ئه‌وانه‌ی سیاسیه‌كان له ترسی خۆپیشاندان دایانمه‌زراندوون. به‌ڵام هیچ كارێكی به به‌رهه‌م ناكه‌ن. ئه‌مانه هیچ لۆجیكێكی ئابوری و بازاڕ به‌كارنه‌هێنراوه له دامه‌زراندنیان. زۆربه‌یان له‌شوێنی هه‌ڵه‌و دور له به‌هره‌و تواناكانیان دامه‌زراون به موچه‌ی نزمه‌وه، كه هه‌ندێكجار ناگاته ئاستی كڕێخانووی مانگێك له گه‌ڕه‌كێكی مامناوه‌ندی شاره‌كاندا. ئه‌م گرفته گه‌یشتۆته ئاستێك كه هه‌وڵی چاكسازی و چاره‌سه‌ریشی زۆر قورس بووه هه‌رچه‌نده دام و ده‌زگا جیهانیه‌كانی وه‌ك سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی (IMF) و بانكی جیهانی هه‌میشه بچوك كردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشی و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه حكومیه‌كانی عێراقی وه‌ك پێشمه‌رجێك به‌كارده‌هێنن بۆ هه‌ر یارمه‌تی وقهرزێك كه وڵاته‌كه داوای بكات. ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ده‌یكات بهرتیلێكی ماڵوێرانكه‌ره بۆ هه‌موو عێراق، به خه‌ڵك و حكومه‌تیشه‌وه. رازیكردنی خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر حسابی كه‌رتی گشتی سیاسه‌تێكی تاقیكراوه‌ی پێشتری پارتی و یه‌كێتیه و ئێستا هه‌رێمی كوردستان باجه‌كه‌ی ده‌دات. له ناوه‌ڕاستی ٢٠٠٠هكاندا ئه‌م دوو حیزبه سه‌دان ههزاركهسیان له كه‌رتی گشتی كوردستاندا دامه‌زراند به‌س بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی لایه‌نگرانی خۆیانی پێ زیاد بكه‌ن. ئه‌م كارمه‌ندانه به‌زۆری له كه‌رته خزمهتگوزاریهكاندا ده‌ستبه‌كاربوون، یان هه‌ر دهستبهكارنهبوون و كرانه بندیوار". له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا باری سه‌رشانی حكومه‌ت قورس‌تر بوو، هه‌رگیز مووچه‌و ژیانێكی شایسته‌ش بۆ كارمه‌نده‌كان دابین نه‌كرا. هه‌موومان بینیمان چۆن له سێ ساڵی رابردوودا خه‌ڵك و حكومه‌تیش گیرۆده‌ی ئه‌م به‌رتیله سیاسیه بوون. كرۆكی كێشه‌كان ئه‌وه‌یه كه كه‌رتی تایبه‌ت له عێراق و كوردستانیشدا ناتوانێت به‌خێرایی گه‌شه‌ی دانیشتوان هه‌لی كار دروست بكات. به‌هۆی گه‌نده‌ڵی، قۆرغكردنی بازاڕ، دواكه‌وتوویی سیسته‌می دارایی، ناسه‌قامگیری و لاوازی داموده‌زگا ئیداری و یاساییه‌كان ئه‌م كهرتهش ( بهههڵاوێردی هه‌ندێك له كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان) ته‌نها به‌و پاره‌یه ده‌ژی كه حكومه‌ت له ڕێگای بوجه‌ی گشتیه‌وه ده‌یخاته بازاڕه‌وه. بازاڕی كاری عێراق و كوردستان-یش هێنده دابڕاو‌و دواكه‌وتووه كه هه‌ستناكه‌یت به‌شێك بن له‌و تۆڕه ئابوریه جیهانیه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌مووانی پێكه‌وه گرێداوه، هه‌ر له بازاڕی ئاژه‌لداری و بزن به خێوكردنهوه تا ئه‌گاته كۆمپانیاكانی دروستكردنی سمارتفۆن و بۆرسه گه‌وره‌كان. كاریگه‌ری سهرهتانیانهی ئه‌م به‌رتیله سیاسیه هه‌ر له‌وێدا ناوه‌ستێ كه له‌شكرێك كارمه‌ندی هه‌ژاری بێ به‌رهه‌م و حكومه‌تێكی ئفلیج دروست ده‌كات، به‌ڵكو هه‌مووان ده‌گه‌یه‌نێته بنبه‌ستێك كه هه‌ر ریفۆرم و چاره‌سه‌رێكی ئابوری راسته‌قینه بهئاژاوهی سیاسی كۆتایی پێبێت. ته‌نانه‌ت مه‌حاڵه چاره‌سه‌ریه ئابوریه تهقلیدیهكانیشی به‌سه‌ردا جێبه‌جێبكرێت. بۆنمونه (IMF) و بانكی جیهانی رستێك میكانیزمی دارایی و ئابورییان هه‌یه بۆ یارمه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌م كێشانه‌وه ده‌ناڵێنن. چونكه سه‌ره‌تای هه‌موو چارهسهریهكانیان به ڕاگرتنی ئه‌م به‌رتیله ده‌ستپێده‌كات، له ئێستادا هه‌ندێك كه‌س وه‌ك هۆكاری خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره ده‌یانبینن. هه‌ندێك چالاكوان و میدیاكاری عێراقی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه له سێ ساڵی رابردوودا سیاسه‌تی زكههڵگوشینی پیادهكردووهو خه‌ڵكی وه‌ك پێویست له كه‌رتی گشتیدا دانه‌مه‌زراندووه. هه‌ندێك راسته‌وخۆتر ده‌ڵێن مه‌رجه‌كانی (IMF) و بانكی جیهانی وای كرد خه‌ڵك بێنه سه‌رشه‌قامه‌كان. رۆژنامه‌نوسی عێراقی مازن زه‌یدی پێی وایه ''باج و كرێی خزمه‌تگوزاریه‌كان كه حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی له ساڵانی رابردوودا سه‌پاندویه‌تی یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی نه‌هامه‌تیه‌كانی خه‌ڵك، سه‌یره خۆپیشانده‌ران ئه‌مه‌یان له بیربچێت و هه‌ندێك دروشمی ناواقعی به‌رزكه‌نه‌وه.'' ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆژنامه‌نوسه ده‌یه‌وێت خۆپیشانده‌رانی له‌دژ هانبدات به‌شێكن له‌و چاره‌سه‌ریانه‌ی كه (IMF) و بانكی جیهانی بۆ زیادكردنی داهاته نا نه‌وتیه‌كانی عێراق پێشنیاریان كردووه. لێره‌دا پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه بۆچی ئه‌م دام و ده‌زگا جیهانیانه ناتوانن هاوكاری عێراق بكه‌ن له كاتێكدا رۆڵیان هه‌بووه له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی زۆر وڵاتی تر كه جه‌نگ وێرانی كردن، وه‌ك وڵاتانی ئه‌وروپای خۆرئاوا. كێشه‌كه هه‌ر دیسانه‌وه په‌یوه‌ندی به‌م به‌رتیله سیاسیه‌وه هه‌یه. یه‌كێك له‌و ده‌رده كاریگه‌رانه‌ی سیاسه‌تی به‌كارهێنانی كه‌رتی گشتی بۆ به‌رتیل دروستی كردووه بریتیه له هاوكێشه‌ی سه‌قامگیری به‌رامبه‌ر دامه‌زراندن. به‌پێی ئه‌م تێگه‌یشتنه، مه‌رجه‌كانی بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌رچه‌نده راستیش بن له روی ئابوریه‌وه، له روی سیاسیه‌وه هه‌له‌ن. ئه‌م مه‌رجانه (وه‌ك زیادكردنی داهاته نانهوتیهكان، زیادكردنی باج، گرانكردنی كرێی هه‌ندێ خزمه‌تگوزاری حكومی) قورسه جێبه‌جێبكرێن له كاتێكدا وڵاته‌كه له دۆخی داڕوخانی ئه‌منی و ئابوریدایه. یان له شوێنێكدا كه كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵێكی ئه‌وتۆی نیه له بازاڕی كار‌و ئابوری وڵاته‌كه‌دا. ئه‌وه‌ی عه‌بادی له وه‌ڵامی خۆپیشانده‌راندا تا ئێستا كردویه‌تی هێنده‌ی تر باری سه‌رشانی حكومه‌تی قورسكردووه و دۆخه‌كه‌ی له‌چاره‌سه‌ری راسته‌قینه دورخستۆته‌وه. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌یه بوو كه‌پارتی و یه‌كێتی له كوردستان كردیان. له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا، ئه‌م به‌رتیله ته‌نها ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و كێشه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت دوائه‌خات، نه‌ك چاره‌سه‌ر. ته‌مه‌نی رژێمه سیاسیه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت درێژده‌كاته‌وه، به‌ڵام دۆخی ئابوری و بازاڕ خراپتر ده‌كات و رێژه‌ی هه‌ژاری به‌رزتر ده‌كاته‌وه. داتاكانی بانكی جیهانی ئه‌وه‌مان نیشانده‌ده‌ن كه‌سه‌ره‌ڕای دامه‌زراندنه به‌رده‌وامه‌كانی كه‌رتی گشتی رێژه‌ی هه‌ژاری له‌عێراقدا له ١٨.٩% ساڵی ٢٠١٢ه‌وه زیادیكردووه بۆ ٢٢.٥% له ساڵی ٢٠١٤دا (١). هه‌لی كاری كه‌رتی گشتی ده‌كرێت به كاربهێنرێت بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكاری ئابوری و سیاسی؛ وه‌ك سه‌رله‌نوێ دابهشكردنهوهو دروستكردنی ده‌ستهات، یان رێگایه‌ك بۆ گرانتی سه‌رچاوه‌ی داهات و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌لایه‌تی. (٢) به‌ڵام له كوردستان و عێراقیشدا هیچ كام له‌م ئامانجانه به دینههاتوون؛ چونكه ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌لی كار نیه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی به‌خشینه‌وه‌ی كاره وه‌ك به‌رتیل. هه‌موومان بینیمان چۆن حكومه‌تی هه‌رێم توانای دابینكردنی موچه‌ی كارمه‌نده‌كانی خۆی له‌ده‌ستدا ئه‌وكاته‌ی نرخی نه‌وت دابه‌زی. هه‌رچه‌نده حكومه‌تی عێراق تا ئێستا موچه‌ی دابینكردووه له كاتی خۆیدا به‌هۆی فرۆشتنی نزیكه‌ی ٣.٥ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌وه، به‌ڵام هه‌ر رۆژێك نرخی ئه‌م نه‌وته له بازاڕه جیهانیه‌كاندا دابه‌زی، هیچ گرانتیهك نیه ئه‌ویش وه‌ك هه‌رێم دهستنهكات به بڕین و دواخستنی موچه‌ی كارمه‌نده‌كانی. ده‌بێت سیاسیه‌كان لێگه‌ڕێن كه‌رتی تایبه‌ت هه‌لی كار دروست بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌و ئاسانیه نیه‌و ته‌نها به بڕیار ناكرێت، به‌ڵكو زه‌مینه‌ی ده‌وێت. سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی ده‌وێت، كاتێك ده‌كرێت كه ده‌ستی مافیاكانی گه‌نده‌ڵی له سیاسه‌ت و كه‌رته جیاجیاكانی حكومهتداكورتبكرێتهوه. سنورێك دابنرێت بۆ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه ناهێلن كه‌س پرۆژه‌و كاری هه‌بێت گه‌ر پشكێكی ئه‌وانی تیا نه‌بێت. ١- بڕوانه سایتی بانكی جیهانی https://www.worldbank.org/en/country/iraq/publication/economic-outlook-april-2018 ٢- Pirttilä, Jukka, and Matti Tuomala. "Public Versus Private Production Decisions: Redistribution and the Size of the Public Sector." FinanzArchiv / Public Finance Analysis 61, no. 1 (2005): 120-37. http://www.jstor.org/stable/40913068.
د.عیسا عەبدولڕەحمان ... کێشەی دەرمانی قاچاخ و ساختە کێشەیەکی جیهانیە لەسەرانسەری دنیادا بووەتە ئاستەنگ و ئاڵنگاریەک ڕوبەڕوی کەرتی تەندروستی جیهانی بۆتەوە و ساڵانە زیانێکی زۆری ماددی و گیانی لە جیهان ئەدات، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی BBC هەموو ڕۆژێک کەسێک ئەمرێت بەهۆی دەرمانی خراپ و ساختەوە، هەروەها زیانە ئابوریەکانی دەرمانی خراپ و ساختە بە سەروی 150 ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندەدەکرێت،کە کوردستانیش بەدەرنیە لەو کێشەیە. لەکوردستان دەرباز بوونی کەرتی دەرمان لەم هەموو پاشاگەردانی و بێسەروبەریە، لە جیاوازی نرخ و بەرزی نرخ و یاریکردن بەنرخ، لە دەرمانی قاچاخ و خراپ و کوالتی خراپ، لە قۆرخکاری و مامەڵەکردنی نایاسایی بەدەرمان بە داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتیمانی هەمەلایەنەی حوکمیە کە زۆربەی لایەنە حکومیەکان و تەنانەت کۆمپانیا گەورەکانیشی تێدا بێت. بەڕێوبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵ وەک باڵاترین دامەزراوەی دەرمان و چالاکترین بەڕێوبەرایەتی حوکمی گەورەترین هەوڵی داوە بۆ ڕێکخستن و بەپیشەییکردن و بەیاسایکردنی کەرتی دەرمان، لە تۆمارکردنی کارگە و کۆمپانیا و دەرمان و پشکنینی دەرمان و ڕێکخستنی نرخی دەرمان و بەئەلیکتڕۆنیکردنی مامەڵەکان لەڕێی داتا بەیسەوە، کە ئەم ئیشانەی کوالیتی کۆنتڕۆڵ لەناو هەموو لایەنە پەیوەندی دارەکانی تر بە کەرتی دەرمان بێوێنەیەو وێنەی نیە، کە ئەگەر حکومەت پشتگیری ماددی زیاتری کوالیتی کۆنتڕۆڵ بکات و دەرمانسازی زیاتری بۆ دابمەزرێنێت و موچەیان باشتر بکات و ئامێر و جیهازی زیاتری بۆ بکڕێت و بینای بەڕێوبەرایەتیەکە گەورەتر بکات ئەوا کوالیتی کۆنتڕۆڵ باشتر و باشتر ئەتوانێ چارەسەری کێشەکانی کەرتی دەرمان بکات. بەڵام کوالیتی کۆنتڕۆڵ بەتەنها ناتوانێت ڕوبەڕووی ئەو هەموو پاشاگەردانی و بێسەروبەریەی ناو کەرتی دەرمان بێتەوە،بەڵکو دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری وەک سەندیکای دەرمانسازان و پزیشکان و وەزارەتی ناوخۆ و ئاساییش و دادگاکان زیاتر تۆکمەتر و سیستماتیک و سەرپێ بخرێن بۆ ئەوەی باشتر ڕوبەڕوی گەندەڵیەکانی ناو کەرتی دەرمان بینەوە، خراپەکاران و تەزویرچیەکان دەزگیربکرێن و ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوە و شوێنەکانی فرۆشتنی دەرمان کە بەدەر لە ڕێنماییە دەرمانسازیەکان مامەڵە بە دەرمان ئەکەن دابخرێن. کوالیتی کۆنتڕۆڵ ئەوەی پێیکراوە لە سزادانی کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانە و دەستبەسەرداگرتنی دەرمانی خراپ و قاچاخ و ئاشکراکردنی قاچاخچی و ڕاپێچکردنی تەزویرچیەکان بەرەوڕوی یاسا کردوویەتی، ئەوەی ماوەتەوە بیکات بەدەرەجە یەک سەندیکای دەرمانسازانە و دواتر لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترە بۆ ئەوەی کەرتی دەرمان لەو پاشاگەردانیە ڕزگاری ببێت. د.عیسا عەبدولڕەحمان پزیشکی دەرمانسازی لە کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان
■ كۆچەر بیركار .... بەشی یەک -- دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر بیرم کردەوە کە لە زنجیرەیەکدا باسی بڕێ لەو شتانە و کەسانە بکەم کە بوونەتە هۆی سەرکەوتنم یا بوونەتە ڕێگرم لە ژیانی خوێندەواریمدا. یەکەم بەشیم بڵاو کردەوە بەڵام سەرقاڵی ژیان نەیهێشت زیاتری لە سەر بنووسم. ئەوەی خوارەوە ئەو بەشی یەکەمەیە. لە مەریوان خوێندنگە و خوێندن بە شێوەی ئەم سەردەمە مێژوویەکی کۆنی نییە هەرچەن خوێندنی حوجرە لە زۆر کۆنەوە بووە. دوور بوونی شارەکە لە شارە گەورەکان لە لایەکەوە و کورد بوونی خەڵکەکەی لە لایەکی ترەوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتانی ئێران ئەو ناوچە پەرە پێ نەدەن. چەن مانگ دوای لە دایک بوونم شۆڕشی ئێران ڕووی دا و زۆری پێ نەچوو کە شەڕی ئێران و ئێراق دەستی پێ کرد. شەڕێ کە پێوەندی بە کوردەوە نەبوو. شەڕی فارس و عەرەب بوو بەڵام ماڵی کورد بوو وێران ئەکرا. وڵاتەکەمان پەراوێز خرابوو و باری ئابووریی نالەبار بوو. خەڵکەکە هەر فریای فڕکەفڕک و کۆچکاری ئەکەوتن. پێنج ساڵانە بووم کە لە دێی شێخەکوێرە پەنابەر بووین! باوکم جاروبار ئەیبردم بۆ خوێندنگە تا وردە وردە خووی پێ بگرم. خۆیشی لەگەڵمدا دائەنیشت لە پۆلەکە. لە شەس ساڵیدا بە ڕەسمی دەستم کرد بە خوێندن لە نێ. خوێندنگەکەمان ڕووت و قووت بوو. ماڵ بوو و کرابوو بە خوێندنگە. تەنیا دوو سێ دیوی تێدا بوو و بەشی نەئەکرد جا بۆیە بڕێ لە پۆلەکان لە ناو چادردا بوون. کە چوومە پۆلی سێ خوێندنگەکەمان گوێزرایەوە بۆ شوێنێکی تر. کە چوومە پۆلی چوار دیسان گوێزراینەوە خوێندنگەیەکی نوێ کە شیاوتر بوو. سەرەڕای ئەو کەموکووڕییانە، خوێندکاری لادێیی وەک من ئەبوایە کاری کشتوکاڵیشی کردایە کە زۆر ماندووکەر بوو. بە گشتی مامۆستاکانمان زەحمەتکێش بوون و هەوڵیان ئەدا فێرمان کەن. پەروەردە کردنی خوێندکاری سەرەتایی ناڕەحەتترە لە خوێندکاری زانکۆ. بڕێ لە مامۆستاکان دڵڕەق بوون و هەموو ڕۆژێ شووڵکاری و دارکارییان ئەکردین. لە جێی پەلکەی زولفی ڕەش پەلکەی سیمی کەوە و سووریا‌ن ئەنا مشتمان. یەکێ لە مامۆستا هەرە باشەکانم مامۆستای پۆلی پێنجم بوو بە ناوی کاک ڕەحمان کە خەڵک بە ڕەحمانی خاتوو مەلێعا ناویان ئەبرد. پیاوێکی زۆر هێمن و لە سەرخۆ بوو. هەموو ڕۆژێ دوای تەواو بوونی وانەکان داستان و حەکایەتی بۆ ئەگێڕاینەوە. لە ڕۆژە خۆشەکانی بەهاردا ئەیبردین بۆ دەشت و چیا و لەوێ وانەکانی ئەوتەوە. جاری وایش بوو ئەیبردین بۆ دەشتی کانی‌سانان و پۆلێکی خوێندکاری کانیسانانیش ئەهاتن بۆ ئەوێ و هەردوو مامۆستا بە یەکەوە فێریان ئەکردین. تا ئەو شوێنە لە بیرم بێ، یەکەم جار کە هەستم کرد حەز لە بیرکاری ئەکەم پۆلی پێنج بووم. زۆریش خەریکی نەئەبووم بەڵام باشم لێ ئەزانی. لەوانەیە لە بەر باشی مامۆستاکەمان بووبێ. بەشی دوو هەشت ساڵی منداڵیم لە ناو تەنوورەی شەڕی بێ مەعنای ئێران و ئێراق بە سەر برد. دوو وڵاتی زل دەستیان نابووە قوڕگی یەکتر، شەلم کوێرم شەڕەشەقیان ئەکرد. زۆرێ خەڵکیان بە کوشت دا و زۆرێ ماڵیان وێران کرد. زۆر جار دیومە فرۆکە بۆردمانی کردوە و بۆمبی ڕژاندووە بە سەر مەریواندا. تۆپ و قومپارە و تەنانەت بۆمبی شیمیاییشیان پێشکەش کردین. هەردوولایان داوەشێن بۆ خێر و بەرەکەتێ هەناردەیان کردین. لە لایە تریش شەڕی پێشمەرگە و سوپای پاسداران بوو. زۆر کەس کوژران، زۆرێ زیندانی کران و ئەشکەنجە دران. ئەم شەڕیشە هەر ماڵوێرانی کوردی لێکەوتەوە. پێنج ساڵ تەمەنم بووم کە شەڕ تەواو گەرم بوو و خەڵکی دێکەمان واتە نێ و خەڵکی دێکانی دەوروبەری ئاوارە بووین و کۆچمان کرد بۆ دێکانی دوورتر لە سنووری ئێران و ئێراق لە بناری کێوی قەلەبەرد. لەگەڵ چەند بنەماڵەی تردا بە تەراکتۆر گواستمانەوە و یەکەم شەو لە دێی دەری یا نشکاش لە ژێر کەپرێکدا خەوتین. ڕۆژی دواتر ڕێکەوتینەوە و گەیشتینە دێی چۆڕ و نەنە. ماڵ باوەگەورەم لە چۆڕ مانەوە و ئێمەیش چووینە دێی شێخەکوێرە. لە بیرمە لەگەڵ برا و خوشکەکەمدا بە قوڕ فڕۆکە و شتمان درووست ئەکرد. جار جار فڕۆکەی ڕاسیانە ئەهات بە دەنگێکی زۆر بەرز ئەینەڕاند و کاک حەیدەر برام بە گەمەوە ئەیوت ئەوە ئیسە ئەمان بینێ و بۆردمانمان ئەکات. ئێمەیش بە پەلە شتەکانمان خراپ ئەکرد. ڕۆژێکیان دوانیوەڕۆ بوو من و جەڵەبێ منداڵ ڕۆیشتین بۆ بەر ئاوایی. لەگەڕانەوەدا من وتم ئەڕۆم بۆ چۆڕ بۆ ماڵ باوەگەورەم. بە تاق تەنیا ڕێکەوتم. ئیتر نازانم چۆن گەیشتمە چۆڕ و چۆن لە ناوڕێدا جڕوجانەوەر نەیان خواردم و لە بیرم نییە چۆن ماڵ باوەگوەرەم دۆزییەوە. لە شێخەکوێرە بوو کە یەکەم جار چوومە خوێندنگە بەڵام بە نافەرمی. باوکم ئەیبردم و خۆیشی لەگەڵم دائەنیشت تا خووی پێ بگرم. ئەو ترس شکاندنە زۆر باش بوو چون لەو دەور و زەمانەدا هیچ جۆرە ئامادە کردنێک نەبوو بەر لەوەی منداڵ ئەبوو بە شەش ساڵ و ئەچووە خوێندنگە. دوای چەند مانگ دیسان گەڕاینەوە دێکەمان نێ. بەڵام چوار ساڵ دواتر دیسان ئاوارە بووینەوە، ئەمجارە ڕوو بە گاڕان ڕۆیشتین و لە دێی دووەیسە گیرساینەوە. ماڵ نەبوو تێی چین لە ناو خوێندنگەی دێکەدا ئەژیاین لەگەڵ چەند بنەماڵەی تردا. بڕێ ڕۆژ لەگەڵ دایکمدا ئەڕویشتین بۆ سەر کێوەکان بۆ گیا کەندن. گۆزروان، قنگر، چاوکووتکە، ... بەڵام زۆربەی ڕۆژەکان من و حەیدەر و شاخەوان برام گەمەمان ئەکرد. تۆپێنمان ئەکرد و بە قاقەز فڕۆکەی جۆراوجۆرمان درووست ئەکرد. دوای چەند مانگ دیسان گەڕاینەوە نێ. ماوەیە بوو لە بەر زۆری بۆردمان، خەڵکی ئاوایی بەیانیان زوو ئەڕۆیشتین بۆ سەر کێوەکان و نزیکەی شەو ئەهاتینەوە بۆ ناو ئاوایی. بنەماڵەی ئێمە ئەچووین بۆ شاپانەسەرە لای کێوی شەڕگا. خەڵکێ زۆری تریش ئەهاتن بۆ ئەو شوێنە و دەوروبەری. کابرایە سەیرخۆش بوو جاروبار خۆی ئەشاردەوە لە بنە دەوەنێکدا و وەکوو فڕۆکە ئەیگرمان. ئیتر ئەو عالەمە لە ترسا هەر یەکە و بە لایەکدا ڕای ئەکرد. بێجگە لەو ئاوارەییانە، نێ زۆر بێوەی تر بوو لە مەریوان و لە دێکانی سەر سنوور. جا بۆیە ژمارەیە زۆر ئاوارە لە نێ ئەژیان و زۆریان دوای شەڕەکەیش هەر لە نێ مانەوە. ساڵی نەوەد و یەک، ژمارەیە زۆر لە باشووری کوردستانەوە هاتنە نێ و تا ماوەیە لەوێ بوون. یارمەتی ئاوارە و لێقەوماو دابونەریتێکی کوردانەیە کە ئەبێ کورد شانازی پێوە بکا. درێژەی ئەبێ ...
■ ئێڤار ئیبراھیم.. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی میللەتەکەمان بدەینەوە، دەبینین بە درێژای مێژووی گەلی کورد رووبەڕووی شاڵاوی کوشت و بڕین و لەناوبردن و ئەنفال و جینۆسایدی دوژمنان و داگیرکەران بونەتەوە، ئەویش یان لەبەر ئەوەی کوردبونیان بوە وەک نەتەوە یانیش لەبەر ھۆکاری بیروباوەرەکەیەوە بووە، لە ساڵی ١٨٧٢ ەوە لە لایەن عوسمانیەکانەوە جینۆساید کراون، لە ساڵی ١٩١٥ لە جینۆسایدی تورکەکان بەرامبەر بە ئەرمەنەکان کوردە ئێزیدیەکانیش رووبەڕووی لەناو چون بونەتەوە، لە ساڵی ١٩٣٥ یشدا جارێکی‌تر بەدەستی سوپای عێراقەوە رووبەڕووی لەناوبردن بونەتەوە دواتر پڕۆسە بەدناوەکەی ئەنفالیان بەسەردا جێبەجێکراوە و بەشێکیان لەناوچون، لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ یشەوە بە ھۆکاری کردەوەی تیرۆریستی سەدانیان بونەتە قوربانی. لە دوای ئەو ساڵانەشەوە وەک دووبارە بونەوەی مێژوو لە ساڵی ٢٠١٤ کوردان رووبەڕووی ھێرشی نامرۆڤایەتی گەورەترین و ترسناکترین گروپی تیرۆریستی بونەوە بەناوی گروپی تیرۆریستی داعش کە بەناوی ئاینی ئیسلامەوە خۆی نیمایش کرد و ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەکاردەھێنن بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانیان و لە چەندین لاوە ھێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانیە کورد نشینەکان لەوانە قۆڵی کەرکوک و جەلەولا و شەنگال و مەلا عەبدوڵا و مەخمور و چەندین ناوچەی تر. لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ چەکدارانی داعش ھێرشی نامرۆڤانەیان کردە سەر ناوچەکانی قەزای شەنگال و دەوروبەر و ئامانج لەو ھێرشە بەمەبەستگرتنی ئێزیدیەکان و ئێزیدیە نشینە رەسەنە کوردەکانیانی کردە قوربانی و ھێرشی مەترسیدارییان کردە سەر خەڵکی سڤیل، لە دەورانی مێژوودا تا ئەم بەروارەی سەرەوە ئێزیدیەکان توشی لەناوچون و کوشتن بونەتەوە لە ساڵی ١٨٣١ توشی قڕکردن بونەتەوە، کە دەتوانرێت بە درێژکراوە و دووبارەبونەوەی مێژووی شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایدی سەر کوردان ئەژماربکرێت کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا، چونکە ھاوشێوە و ھۆکار و لێکچونی زۆر ھەیە لە نێوان ئەو دوو تاوانەدا . بە پێی سەرچاوە فەڕمی و نا فەڕمیەکان زیاتر لە ھەزار و ٢٠٠ ئێزدی کوژراون بە ژن و پیاو گەنج و پیر و مناڵەوە، ھەروەھا زیاتر لە ٤٠٠٠ ھەزار ژن و کچی ئێزیدی کەتنەدەست داعش و رفێنران بۆ ناوچەکانی ژێردەستی خۆیان، بەتەنھا لە گوندی کۆچۆ ٤٠٠ بۆ ٨٠٠ کەسیان کوشتوە و ئەو گوندەیان خەڵتانی خوێن کردوە بە تراژیترین شێوە. کەس و کاری ئەوانەی کە رفێنراون یان کوژراون ئاوارەی چیای شەنگال و ناوچەکانی تری باشوری کوردستان بونەوە کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەس دەبێت، خێزانی وا ھەیە یەک کەسی لێ رزگارنەبوە و لەلایەن داعشەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ناوبراوە، یان یەک کەسی لێ ماوەتەوە یان دایک یان باوک یان کوڕ یان کچ یان ھیچیان لە ژیاندا نەماون، لەکاتی ھەڵاتن و ئاوارەبونیشیان بۆ چیای شەنگال بەھۆی نەبونی خۆراک و زۆری مانەوەیان لەو ناچە دورەدەستەکان بەھۆی نەگەیشتنی پێداویستی خۆراک و بەھاناوە نەچونیان یان درەنگ بەھاناوەچونیان نزیکەی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کەس لە چینە جیاوازەکان پیر مناڵ ژن لە برسا و تینوێتیدا مردن یان لەسەرمادا گیانیان لەدەستدا. ئەو بارودۆخە دژوار و نەخوازراوەی دەرحەق بە ئێزیدیەکان دروستکرا بۆ کورد و بۆ ئیزیدیەکانیش تاوانێکی گەورە و کاریگەر بوو بەسەر کورد داھات لەسەدەی بیست و یەک، دەتوانین بڵێین ئەو تاوانەش جینۆسایدە بەرامبەر بە بە میللەتی کورد و بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ، چونکە ھەم لەبەر کوردبونیان بوو ھەمیش لەبەر بیروباوەرەکەیانەوە بوو ھەروەھا زۆر لێچکچووی تر . رفاندنی ژنانی و کچانی ئێزدی دوای ئەو پەلامارە دڕندانەی داعش و داگیرکردنی ناوچەکانی شەنگال بەداخەوە کۆمەڵگاکەمان رووبەڕووی تراژیدیترین کەموێنەی زوڵم و ستەم بۆوە بەرامبەر بە بەشێک لە ئافرەتانی کورد، بە دیاری کراویش ژنان و کچانی ئێزیدی . لە روانگەی داعشەوە ئێزیدیەکان خەڵکانێکن یان دەبێت دەستبەرداری ئاین و ئاینزاکانیان و کلتوری سەدان ساڵەی خۆیان بوبان یان پیاوەکانیان بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەناوبران، ژنەکانیشیان وەک کۆیلە و کەل و پەل و کاڵا مامەڵەیان پێوەکرا ، ە بەپێی کلتوری و نەریتی کۆنی عەرەبیانە و یاسایی جەنگەل بەناوی ئاینی ئیسلامەوە لە بازاڕەکانی ژمارەیەک وڵاتی عەرەب وەک کەنیزە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرا. زۆربەی زۆری ئەو کچ و ژنانەی کە فریانەکەوتن خۆیان لە دەست چەکدارانی داعشەوە دەربازبکەن کەوتنە دەست چەکدارەکان و رفێنران پاشان بە کۆیلە کران کە ژمارەیان ٤٠٠٠ ھەزار ژن و کچ بووە و لەو ژمارەیەش ٣٤٣ ژنیان بە رێگای جیاواز ئازاد کراون ، دواتر بەسەر ئەمیر و چەکدارە وەحشیەکانی خۆیان دابەشکراون و بە زۆر کردویانن بە خێزانی خۆیان وەک ئامرازێک بۆ ئارەزووە کێوییەکانی خۆیان. چەندین سەدەیە بەبەردەوامی ئەم دیمەنانە لەسەر کورد دووبارە دەبنەوە، کێشەی سەر کورد بەتەنھا دوژمنی بەھێز نیە، بەڵکو کێشە و بەڵاو مەینەتی کێشەی نێو ماڵ و نێوخۆی کوردە کە بە دەیان ساڵە بەو دەردەوە دەناڵێنێت، روداو کارەساتە مێژووەکان لەھەر شتێک زیاتر توانای ھاوسۆزی میلەت و یەکخستنی نێوماڵی میلەتیان ھەیە، بەڵام میللەتی کورد بەپێچەوانەوە ھەرچەندە لەچاو میللەتانی تر رووبەڕووی کارەساتی گەورە بوەتەوە بەڵام بەھۆکارێک لە ھۆکارەکان نەبوەتە ھۆی یەکگرتنی نێوخۆی بەڵکو زۆرجار میللەتی کوردی دابەش کردوە بۆ چەند بەرەیەک ناکۆکی قوڵ لەسەر کارەساتەکان دروست بووە. ئاشکراشە ھەر میللەتێک خاوەنی ھێزێک و یەک ریز و یەک ئیرادە نەبوو، نێوماڵێکی شێواو و پەرتەوازەی ھەبوو داگیرکەران بە ئاسانی دەتوانن زەفەری پێ بەرن و خاکەکەی خاپور بکەن رۆڵەکانی شەھید بکەن زیندانەکان پڕ بکەن. تاقە ڕێگای دەرچوونمان سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە رەواکانی میلەتەکەمان لە بەرامبەر داگیرکەراندا، یەکخستن و رێکخستن و کۆکردنەوەی نێوماڵی کورد و شان بە شانی یەک ڕاوەستانە لە ھەرچوارپارچەی کوردستان بەرامبەر بە ھەر ئالنگاریەک کە لە ئێستا و لە داھاتوودا روبەڕوو دەبێتەوە.
■ له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج.. ناسری ره‌زازی هونه‌رمه‌ند بۆ بایكۆت " داكێڵ " به كار دێنێت ، داكێڵ وشه‌یه‌كی زۆر جوانی موكریانهو بۆ یاخی بونی گابه كار دێت، نه‌یكرد نایكا ، ئه‌ها كه پاسداری ئێرانی وتی نهمیشه یانی نهمیشه ، داكێڵ زۆر جوانتره له بایكۆت هیوادارم میدیا ئیدی ئه‌و وشه‌یه به كار بێنن . بۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردن ، مقۆ مقۆیه‌ك دروست بووه له سه‌ر نه‌چوون و داكێڵكردن ، جارێ هێشتا ڕوون نیه هه‌ڵبژاردن 30 -9 ده‌كرێت یان ده‌ڕواته مانگی 12 یاخود ساڵی دادێ ، ئێستا ئه‌وه‌ی له هه‌مووان زیاتر ده‌ڵێ ده‌بێ 30 -9 به ڕێوه بچێت له ژێره‌وه هه‌وڵی دواخستنی ده‌دات ، گریمان له 30-9 به ڕێوه چوو ئایه داكێڵ چاره‌سه‌ره ، ئایه نه‌چوون و به‌شداری نه‌كردن له سودی سته‌مكاری و نادادی نیه ، به‌شداری نه‌كردن بارودۆخه‌كه وه‌ك خۆی ناهێڵێته‌وه‌و هه‌ر له بازنه‌ی بۆشدا ناسوڕێینه‌وه ، ئاخۆ به‌شداری بكرێت یان نا ، به‌شداری نه‌كردن سوده‌كانی چین كه‌س ئه‌وه‌ی لێكداوه‌ته‌وه ، كه‌س ده‌توانێ بڵێ ده‌سكه‌وتی به‌شداری نه‌كردن بریتیه له‌م خاڵانه‌و قازانجی بۆ كورد‌و پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ، له راستیدا به‌شداری كردن هیچ نه‌بێت نیشانه‌ی ململانێ و به‌رده‌وامی و ملنه‌دانه ، له به‌شداری كردنا ئومێد هه‌یه نه‌ك به‌شداری نه‌كردن . جگه له داكێڵ و نه‌چوون ده‌یان رێگه‌ی تر هه‌یه ، لانی كه‌م خۆپیشاندان ، داوای گۆڕانكاری ، تا ده‌گاته شۆڕشی سپی ، گۆڕینی نادادی و سته‌م به داكێڵ نابێ داكێڵ خۆ به ده‌سته‌وه دانه ، عه‌ره‌به‌كان ده‌ڵێن بێده‌نگی نیشانه‌ی ره‌زامه‌ندیه ، جا خۆ داكێڵ جۆرێكه له بێده‌نگی ، مادام ئێمه داوای دادگه‌ری و یه‌كسانی و ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین ، نابێ بیر له داكێڵ بكه‌ینه‌وه ، خۆ مانگرتن له به‌رده‌م پارله‌مان و داوای دانانی ده‌ستورو پارله‌مانێكی كارا و بگۆڕ زۆر له داكێڵ باشتره ، كورسیه‌كان به 20%ی ده‌نگده‌رانیش پڕ ده‌كرێته‌وه ، وه‌ك چۆن له هه‌موو دنیادا به‌و جۆره‌یه كه‌واته داكێڵ هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه‌و بیر له رێ و شوێنی دیكه بكرێته‌وه باشتره
■ چیا عەباس ... گۆڕان لە رەوشێکی نالەباری ناوخۆییەوە بە گرو تینەوە لە ئامادە سازیدایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ئەم هەڵبژاردنە دوای یەکەم دابەزینی کێرڤی جەماوەری گۆڕانە، وەک لە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە هۆی ساختەکاری و ئەدای لاوازی بزوتنەوەکەوە رویدا. ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریەکانی شکستی داعش، پەرچەکردارە نەرێنەکانی سەرنەکەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەری یان پێوە دیار دەبێت. بێگومان تایبەتمەندیەکی تری ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕان لەوەدایە کە دامەزرێنەری بزوتنەوەکە و دارێژەری سەرەکی بەرنامە و پرەنسیپەکانی لە ژیاندا نەماوە. کاک نەوشیروان دەرباری هەڵبژاردن و گۆرانکاری کەنزێکی سیاسی و فکری بەجێهێشتوە، ئەرکێکی گۆڕانە بە وردی لە پێکهاتەکانی ئەم ئیرسە تێبگات و پاشان بۆچون و چاوەروانیەکانی بۆ هەڵبژادنی ئایندە دارێژێت. با بزانین کاک نەوشیروان لەم روەوە چی بۆ بەجێهێشتوین؟ دەرباری هەڵبژاردن نوسیویەتی: " کاتێ باسی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی پارله‌مانی کوردستان هاته‌کایه‌وه له ناو خه‌ڵکدا دو بۆچون هه‌بو: یه‌که‌میان، داوای ئه‌کرد خه‌ڵک به‌گه‌رمی به‌شداری بکا....، ئه‌مانه وایانئه‌زانی ته‌جروبه له رابردو وه‌رگیراوه. ئه‌مجاره‌یان پارله‌مان کارا و چالاک ئه‌بێ له ئه‌نجامدانی فرمانهکانیدا. دوه‌میان، بێ هیوا بو له‌م پارلهمانهش، پێی وابو کۆپیه‌کی ئه‌وه‌ی پێش‌و ئه‌بێ و، ئه‌میش کارا نابێ،ئه‌رکه‌کانی پێ جێبه‌جێ ناکری، چونکه بڕیار له ده‌س سه‌رکردایه‌تی حیزبهکاندائهمێنێتهوه. له به‌ر ئه‌وه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هیچ سودێکی راسته‌قینه‌ی نابێ. من خۆم له گه‌ڵ بۆچونی یه‌که‌م بوم، به هیوا بوم که‌هیچ نه‌بێ پارله‌مان هه‌ندێ له ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ ئه‌کا، ... به داخه‌وه ئێمه‌مانان که بانگه‌شه‌مان بۆ بۆچونی یه‌که‌م کرد و، داوامان له ههمودهنگدهران، له کوردستان و له ده‌ره‌وه، کرد به په‌رۆش و گه‌رمیه‌وه بچن بۆده‌نگدان ده‌رکه‌وت به هه‌ڵه چوبوین، چونکه ئه‌میش ئه‌گه‌ر له‌وی پێش‌و لاوازترنهبوبێ ئازاتر نه‌بو". دەرباری هه‌وڵی گۆڕین نوسیویەتی: " ئه‌وانه‌ی باسی گۆڕین ئه‌که‌ن بیروبۆچونی و رێگه‌چاره‌سه‌ر و سیناریۆی جیاواز باس ئه‌که‌ن، هه‌ر له هه‌وڵی گۆڕینه‌وه له ناو حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌وه تا زه‌بروزه‌نگی شۆڕشگێڕانه و شه‌ڕی چه‌کدار، تا راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی شار و تا بایکۆتی هه‌ڵبژاردن و تا شه‌ڕی هه‌ڵبژاردنه‌کان و زۆر شتی تر". لە باسکردنی هه‌وڵی گۆڕین له ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه نوسیویەتی: " هه‌ندێک ئه‌ڵێن: گۆڕین به ته‌نیا به ره‌خنه و نوسین ناکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕین بکری ئه‌بێ به‌شداری بکرێ له ده‌سه‌ڵاته‌کان دا... ، له هه‌لومه‌رجی ئیستادا، به هۆی ئه‌و سیسته‌مه سیاسیه‌وه که له وڵاته‌که‌دا پێڕه‌وی ئه‌کرێ کارێکه له کردن نایه‌ت. هۆکارەکەشی دەگەرێنێتەوە بۆ ئەوەی کە: " له پشتی ئه‌مانه‌وه ده‌سه‌ڵاتێکی تر هه‌یه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه به‌ڕێوه ئه‌با و حوکمی وڵات ئه‌کا، ئه‌ویش "ده‌سه‌ڵاتی تارمایی" ه که حیزب و ده‌سته‌به‌ندیه‌کانی ناو سهرکردایهتیهکانێتی. بۆیه ئه‌بێ به ته‌مای ئه‌مه نه‌بین". دەرباری ستراتیژی گۆڕان لە دەسەڵاتدا کاک نەوشیروان دەڵێت: " هەندێک دەڵێن باشترین رێ هه‌وڵدانه بۆ چاکسازی ده‌سه‌ڵات له ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه به هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه. ئه‌م رێگه‌یه له هه‌مو رێگه‌کانی تر سه‌لامه‌تتر و ئاسانتره. سه‌لامه‌تتره، چونکه پشێوی سیاسی، ئاژاوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌کداری لێ ناکه‌ویته‌وه. ئاسانتره، چونکه رێگه‌یه‌کی قانونیه، داووده‌زگا ده‌ستوریه‌کان ئه‌توانن له پرۆسه‌یه‌کی قانونی دا، به هێمنی و شێنه‌یی، جێبه‌جێی بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به زۆر کار و ئەجێندای سەختە". دەرباری هه‌وڵی گۆڕین له ناو حیزبه‌وه کاک نەوشیروان گەیشتبوە ئەو قەناعەتەی گۆڕین له‌م رێگایه‌وه ئه‌گاته به‌رده‌م ده‌رگایه‌کی داخراو. سەبارەت بە هه‌وڵی گۆڕین له ده‌ره‌وه‌ی حیزب پرسیار دەکات: " حیزب ئامڕازه یا ئامانج؟ ". ئه‌گه‌ر ئامانج بێ ئه‌بێ بمێنێ و، ئه‌گه‌ر ئامڕازیش بێ ئه‌شێ بگۆڕێ و، ئه‌گه‌ر که‌ڵکی نه‌ما ئه‌شێ ده‌ستی لێ هه‌ڵبگیرێ و، ئه‌گه‌ر رێگه‌ی گرت ئالته‌رناتیڤی بۆ دروست بکرێ. حیزب بێگومان ئامڕازه بۆ به‌دیهێنانی ئامانج ....، کاتێ ئامڕاز واته حیزب ناتوانێ ئامانج به‌دی بهێنێ یا ئه‌بێته رێگر له به‌رده‌م به‌دیهاتنی ئامانج دا ئیتر پێویستی بون و مانی له ده‌س ئه‌دا". لە درێژەی شێکردنەوەکەدا نوسیویەتی: " مادام گۆڕین له ناو حیزبه‌وه ناکرێ و مادام حیزب خۆی بۆته رێگری گۆڕین و، مادام حیزب ئامانج نیه که‌واته ئه‌بێ به دوای گۆڕین دا بگه‌ڕێین له ده‌ره‌وه‌ی حیزب". دیدگا و هەڵسەنگاندنەکانی کاک نەوشیروان تا ئەم چرکەیەش لە گەڵ واقیعی کوردستاندا گونجاون، بۆیە شایستەی بایەخی گرنگ و وردکردنەوەیەی وردن، بە تایبەت لای ئەوانەی بە دەنگێکی بەرز بانگەشەی خەست بۆ پێرەوکردنی رێبازی کاک نەوشیروان دەکەن. هەرچۆنێک بێت دروستە لە دەسەڵاتدارانی گۆڕان چەند پرسیارێک بکرێت: بۆچی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بەوپەری پەرۆشیەوە و بە کێبرکێیەکی زەقی چەند هەڵسوراوێکی خاوەن ئەزمونی پەرلەمانی بەرەو ئەم هەڵبژاردنە دەگوزەرێن، وەک ئەوەی چاوەروان بن هەنگوین لە داری کلۆردا بدۆزنەوە؟ ئایا ئومێد و هیوایان بە گۆرانکاری لە رێگەی پەرڵەمانێکەوە کە گۆڕان ئەزمونی زۆر سەخت و تاڵی لە گەڵدا هەیە ئەوەندە تۆکمە و بەهێزە کە شایستەی ئەم پەرۆشی و هەرا و کێبرکێ توندە بێت؟ ئایا گۆڕان وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مەزنەکان لە رەوش و دۆخێکدایە تا بتوانێ بەشێک لە خواست و داواکاریەکانی جەماوەر بەدی بهێنێت؟ ئەو جەماوەرەی لە قسە و چرینەوەی دروشمەکان تێر بوە و کرداری دەوێت. ئایا چاوەروان دەکرێت گۆڕان پێگەی بەهێزی پەرڵەمانی جارانی ( هێزی دوەمی کوردستان) بپارێزێت تا بە جدی گوێی لێ بگیرێت و بە هۆی هەڵپەی دەسەڵاتدارەکانیەوە نەکەوێتە نێو گەمەی سیاسی بێ سەمەرە؟ ئایا چی لە سروشتی هێزە دەسەڵاتدارەکان، بەدەر لە گەمەی سیاسی، گۆراوە تا لە کۆتایی تونێڵە تاریکەکەدا روناکیەک بەدی بکرێت؟ وەڵامدانەوەی دروستی ئەمانە و چەندین پرسیاری تر تیشک دەخەنە سەر واقیعی سیاسی و ژیانی پەرلەمانی و نەخشە و سەنگی سیاسی کوردستان. بۆخۆم لەو باوەرەدام هەڵچنینی ئومێدی گۆرانکاری لە سەر ئەو واقیعە لە سەراب دەچێت. لێرەدا مەبەستم کەمکردنەوەی رۆڵی پەرلەمان و پەرلەمانتارە دڵسۆز و خەمخۆرەکان نیە، ئەوەی گرنگە لە دوا مەتافدا چی دەگورێت و چی بەدەست دەهێنرێت، کێ دەسەڵاتدارە و چی دەکات و ناکات، کێ بریاری پرسە گرنگەکانی بە دەستەوەیە و ..... لە غیابی بەرچاورونی و وەڵام بۆ ئەم پرسە گرنگانە ژیانی پەرڵەمانی لە یاسادانان و لێپرسینەوە بەهای ئەوتۆیان نابێت. لە ناو هۆڵی پەرڵەمان وەک نوێژکردن لە گەشتێکی درێژ لە وشکانیدا لێ دێت و بۆ دەرەوەشی کورد وتەنی دەنگی دەهۆڵەکە تەنها لە دورەوە خۆش بەر گوێ دەکەوێت. گۆڕان لیستێکی سەد کاندیدی پێشکەشی کۆمسیۆن کردوە، بەشێک لێیان کەسانی خاوەن ئەزمون و توانان، لەو باوەرەدام ئەوانەی دەیبەنەوە لە چرینەوەی زۆربەی قەوانەکانی پێش‌و زیاتریان پێناکرێت، هەرچەندە ئەم ئەزمونانە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و چەند چەمکێکی ژیانی پەرلەمانی زیندو رادەگرن، بەڵام لەو باوەردام نابنە هۆکار بۆ گۆرانکاری بنەرەتی، چونکە لە ناخی سیستەمی سیاسیماندا سەپێنراوە کە گۆرانکاری گەورە لە پەرڵەمانەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە رێکەوتنی سیاسی دەسەڵاتدارانی حزب لە دەرەوەی پەرلەمان. زیاتر لە سەدەیەکە کورد تینوی دیموکراسیە و داوای دەکات، کاتێك دەرفەتی بۆ رەخسا ئەو پرسە بچەسپێنێت هەر زو بەدەستی خۆی ئەوەشی هەبو کەلەپاچەی کرد. ناشیت گۆڕان لە بیری خۆی بباتەوە کە پارتی و یەکێتی وێرای رێکەوتن و بەرێوەبردنی حکومەتی هەرێم دو هێزی زۆر رکابەر و ناحەزن بەیەکتر، بەڵام کاتێک پێویست بکات دەست لە ناو دەستی یەکتر دەکەن. گۆڕان لەم روەوە ئەزمونی زۆر تاڵی تێپەراندوە، لە گەڵ ئەوەشدا دەبێت بە وردبینی سیاسیەوە مامەڵە لە گەڵ ئەگەرەکان بکات و خۆی نەکاتە سورەی بەر لەشکری بەناو پرسی دیموکراسیەت و پابەندبونی کوێرانە بەچەند رێسا و ئیلتزام کە لە ژیانی پەرڵەمانی لای خۆمان بونیان نیە، وەک هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا. ئێستا کاتیەتی گۆڕان پشتگیری دواخستنی هەڵبژاردنەکان بکات و یەک و دوی لێ نەکات. ئەم ئەگەرە دەرفەتێکی باش بە گۆڕان دەدات تا ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و بە هیمەتێکی تر بەرەو هەڵبژاردن بروات و ئەگەری داکشانێکی ترزۆر لاواز بکات. ئەگەر ئەم خاڵانە بە هەند وەر نەگیرێن تەنها یەک هەڵسەنگاندن دەمێنیت ئەویش: سەرانی گۆڕان بێ چەمکی ئۆپزسیۆن توانا و دیدگایان بۆ ئاراستەکانی تر لاوازن، ئەوکات پەرۆشی و گرجو گۆڵی و رکابەری خەستی یەکتر ئاماژەن بە خوگرتنێکی سیاسی بەم دیاردەیەی پێی دەوترێت هەڵبژاردن.
■ هەڤاڵ كوێستانی .... بزووتنەوەی گۆڕان، بۆگۆڕانکاریی ریشەیی لە سستمی حوکمڕانیی ئەم هەرێمەدا دامەزرا و شێوازی خەباتی مەدەنیانە و کاری پەرلەمانیشیی وەک چەقی ئە خەباتەی خۆی هەڵبژارد. خەبات پەرلەمانی،ئەگەر تا هەڵبژاردنی پێشووش شێوازێکی دروست وکاریگەر بووبێ، ئەوا لەو ساتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان،دەرگای پەرلەمانی داخست،ئیدی لەوێ بەدواوە،خەباتی پەرلەمانی ،لەم هەرێمەی ئێمەدا و لەمانەوەی هەژموونی پارتی و یەکێتیش لەگەڵیدا،کۆتایی هات...هەتا ئەم دوو حیزبە جومگەسەرەکیەکانی داهاتیان بە دەستەوەبێ و،خاوەنی هێزی چەکداری حیزبیی خۆیانبن..هەتا دادگا و سندووقەکانی دەنگدانیش لەژێر کۆنترۆڵی ئەماندابن،پرۆسەی هەڵبژاردن لەمەهزەلەیەکی سیاسی بەولاوە،شتێکتر نابێ.خۆ ئەگەر ئەم دوو حیزبە چەکدارە زانیبایان،دەنگدانی خەڵک ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە دوای خۆیدا دێنێ،دەنگدانیشیان یاساغ دەکرد. هەربۆیەش بەشداریکردنی گۆڕان و لایەنەکانی دیکەش لەم هەڵبژاردنەدا،لەزیاتر قایمکردنی پایەکانی ئەو دوو حیزبە و لەشەرعیەتدان بەساختەکاری و لەزیاتر بێئومێدکردنی خەڵک و لەلاوازکردن و بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی گۆڕانکاری بەولاوە،شتێکی دیکەی لێشین نابێ. بۆیە: سەرباری ئوەی هەڵبژاردن بەیەک لە رەگەزە سەرەکیەکانی دیمکراسی دەزانم و لەگەڵ خەباتیدوور لەتوندوتیژی و زەبروزەنگدام،بەڵام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو ژینگەیەدا کە ئەم دوو حیزبە سەپاندوویانە،بەهیچ شێوەیەک خزمەتی خەباتی دیموکراسیان و مەدەنیانەی خەڵک ناکات و ئەوەندەی دیکەش پەرلەمان سووک دەکات، بۆیە منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو دەنگانەی داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکەن هەڤاڵ کوێستانی ۲٠۱۸/۸/۳
■ ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج .. كادری ژنی حزبه‌كان له هه‌رێم به پشتیوانی قسه‌ی سه‌ركرده‌و كه‌سانی هه‌ره باڵای ناو حزبه‌كانیان ره‌نگه ببنه كه‌سایه‌تی، به‌ڵام نابنه سیاسی. مام جه‌لال به‌هه‌مو ته‌مه‌نی داكۆكی له ژن دهكردو ده‌یان ژن له‌رێگای هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌كانی ئه‌وه‌وه بونه پارلهمانتارو وه‌زیرو سه‌ركردایه‌تی له‌ناو یه‌كێتی، تا ماوه‌یه‌كی كورتیش پێش ئێستا هه‌ردو فراكشنی پارله‌مانی یه‌كێتی له پارله‌مانه‌كانی به‌غداو هه‌ولێر ژن ده‌یبردن به‌رێوه‌و ئێستاشی پێوه‌بێت ژناناێكی زۆر له‌ناو یهكێپی سه‌رۆكی لیست‌و سكرتێری پارله‌مان‌و سه‌ركردایه‌تی ومه‌كته‌ب سیاسین، كه‌چی ژن كائینێكی مردوی بێكه‌سه له‌ناو یه‌كێتیدا. كاك نه‌وشیروان له‌به‌رامبه‌ردا هه‌مو ته‌مه‌نی رقی له كه‌سایه‌تی نهشمیلهیی ژن بوه، نزیكایه‌تی ژنی قبوڵ نه‌بوه‌و له‌هه‌ندێ باردا به موسیبه‌ت و نیچه ئاسا سه‌رلێشێوێنه‌ری پیاوی سیاسی ته‌ماشای ژنی كردوه، له‌كه‌سه یه‌كه‌مه‌كان بوه پێشمه‌رگایه‌تی ژنی ره‌تكردۆته‌وه له شاخ‌و پێی باش نه‌بوه ژن بێ نێرینه‌یه‌كی خێزانه‌كه‌ی ده‌رفه‌تی بونه پێشمه‌رگه‌ی پێ بدرێ. بۆخۆم زۆر ورد له‌وباسه‌دا دیراسه‌ی نوسینهكانیم كردوه گه‌رچی له هه‌ندێ جێگه‌دا ده‌ڵێ وایان پێوتوم و وانیم، به‌ڵام ئه‌مه راستیهكهیه، هاوشێوه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ژنی ره‌تكردۆته‌وه وه‌ك كه‌سایه‌تی ژنبون، ژنی له ته‌نوره‌و مكیاژ و بۆندا ته‌حه‌مول نه‌كردوه. به‌ڵام عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌وه‌دا له نه‌وشیروان مسته‌فا جیا بوه كه ژنی به چه‌كدار قبوڵبوه و یاخی بوه له ره‌وتی باوی حزبه‌كانی باشور و كۆمه‌لگه‌ی كوردی. له‌كۆتایشدا ده‌بینین ئه‌م سه‌ركرده‌یه كادری سیاسی و عه‌سكه‌ری ژنی باشتری له‌وه‌ی مام جه‌لال پێ په‌روه‌رده كراوه، كاك نه‌وشیروانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی فراوانی به‌ڕوی ژناندا كرده‌وه و به‌تایبه‌ت له خاوه‌ندارێتی كردن له‌و نه‌وه نوێیه‌ی ژنان كه ئیمتیازی خوێنیان نه‌بو، هه‌روه‌ك به خه‌باتی خێزانه‌كانیانه‌وه نهدهنازین. به‌ڵام ئهوهیئهمین و ئۆجه‌لان ته‌با ده‌كا ئه‌وه‌یه هه‌ردوكیان تێگه‌یشتون له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ده‌بێ ژنان له عه‌قڵیه‌تی پیاوه‌كان كهبهردهوام به‌نێوان رانیان ده‌یانبینن، بهدوربگیرێن، تا ببنه كه‌سایه‌تی. به‌ڵام یه‌كه‌میان هه‌وڵی داوه ژن دوره‌په‌رێز بگرێ تا خۆراگر ده‌بێ، واتا كه‌مته‌رخه‌می پیاوسالار به‌كه‌سایه‌تی ژن خۆی رشتوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌هه‌مو كه‌س زیاتر خودی خۆی له‌عه‌قڵیه‌تی پیاوه هاوسه‌نگه‌ره‌كانی تێگه‌یشتوه، دوه‌میان ، واتا ئۆجه‌لان،ژنی داوه‌ته ده‌م قورساییه‌كان تا خۆراگر ده‌بێ، و به‌خاتری ئه‌مه وزه نێریهنهییهكهی پیاوه‌كانیشی ته‌زاندوه كه به بڕوای من تا راده‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر چی له‌گه‌ڵ پێوه‌ری دیمۆكراسی و مافی مرۆڤدا یه‌كناگرێته‌وه، به‌ڵام عه‌داله‌تی زیاتر تیایه‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی سه‌نگینتره. پێم وایه له‌ده‌ره‌ه‌ی ئه‌م عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌كی خهساندنه هیچ ده‌وایه به‌ده‌ردی ژنی باشوری نایه‌ت به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه ده‌بێ عه‌قڵیه‌تێكی ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤ له‌دایك بێ جا له‌ناو خودی ئه‌م حزبه كۆنانه‌دا یان له‌ده‌ره‌وه‌یان كه عه‌قڵی نێرایه‌تی بخه‌سێنێ و له‌گه‌ڵیشیدا بتوانێ هه‌زمی ژن بهتهنورهو بۆنه‌وه بكا تا بتوانێ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیمۆكرات بكا. تا تێ بگا ریشتاشین و قاتلهبهركردنی پیاوان هاوشێوه‌ی ته‌نوره‌و بۆنله‌خۆدان و قژ به‌ردانه‌وه‌ی ژنانه و ده‌بێ پێوه‌رێك هه‌بێ بۆ خۆكۆنترۆلكردنی تاك له ئاست ئه‌م جۆره به‌ریه‌كه‌وتنه جێندهریهدا. چونكه كۆتكردنی تاك به كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری كه‌سی نایه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی دیمۆكراسیدا، وه‌كچۆن به‌خشینی پۆست به ژن له‌سه‌ركردایه‌تی و پارلهمانهكاندا مانای بڕوابون به ژن و كه‌سایه‌تی ژن ناگه‌یه‌نێ! بیرمان نه‌چێت، له‌گه‌ڵ زیادبونی ژماره‌ی لیسته‌كان و حزبه كێبهركێكارهكاندا ره‌وتێكی پۆپولیستی سه‌راپای لیسته‌كانی گرتوه‌و له‌ناویشیدا ژنان به پله‌یه‌كی باڵاتر وه‌ك كاڵایه‌كی جوانكاری بۆ لیسته‌كان به‌كاردێن. ئه‌م كاڵایهی كه عومقێكی سیاسی روكه‌شی هه‌یه‌و له‌رێگه‌ی كورسیه‌كه‌یه‌وه كه‌سایه‌تی بۆ داده‌تاشرێ، نه‌ك ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تیه‌كی راسته‌قینه‌ی لیسته‌كه‌ی و ره‌گه‌زه‌كه‌ی بكا، به‌ڵكو له سروشتدا ته‌نها ئیزافه‌یه‌كه بۆ سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی به كاڵا كردنی كورسی‌و پێگه فه‌رمیه‌كان. چونكه هو كورسی و پێگه فه‌رمیانه شایسته‌ییان له كۆمه‌ڵێ دسپین و پرۆفیشناڵیتیهوه سه‌رچاوه‌ده‌گرن كه به‌داخه‌وه ژنان و پیاوانی ئه‌م یه‌ك دو خوله‌ی دواینی هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ به‌هاو پێوه‌رێكی پێوه نه‌هێشتن تا له‌رێگه‌یانه‌وه ژن و كورسی و كه‌سایه‌تی پێ بێورێ. تێبینی لێره ته‌نوره‌و بۆن، واتای ئازادی تاكه‌كه‌س دێ زیاتر له‌وه‌ی ته‌فسیری ئیدۆلۆجیای به‌رته‌سكی بۆبكرێ.
■ عەبدوڵا مەحمود.. ٣/٨/٢٠١٨ چوارساڵ بەسەر کارەساتی داگیرکردنی شەنگالدا، یان دروستر بڵێێن چوار ساڵ بەسەر رادەستکردنی شەنگال لەلایەن دەسەڵات و بەرپرسانی پارتییدا بە دەستی داعش تێپەردەبێت. چوار ساڵ لەمەوبەر لەکاتێکدا خەڵکی شەنگال و دەوروبەری خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون، لە پلانێکی غافڵگیرانەدا، جینوسایدێکی ئاشکرای ئیسلامی کران و شارێکی گەورەی پر دانیشتوان و دەوروبەری بوونە نێچیری درندەیی هێزێکی وەکو داعش، کەتیایدا بەهەزاران ئینسان کوشتارکران و بەهەزارانیان دیلکران و ژنان و کچانیان کران بە کەنیزەک و لە بازاری کرێن و فرۆشتنی ئیسلامی‌دا، خرانە مامەڵەی بازاری سونەتی ئیسلامی محەمەدییەوە. لەو کارەساتەدا 430 هەزار كەس ئاوارەبوون 140 هەزاریان روویانکردە چیای شنگال، 290 هەزاریان چوونە شار و شوێنانی دیکەی باشووری كوردستان و زیاتر لە 6 هەزار كەس بێسەروشوێن بوون، کە ٣٤٥٥ ژن و ٢٨٠٠ پیاو بوون. هەروەها ٦٥ هەزار کەس بوونە پەنابەر و زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەس کۆمەڵکوژکران ٢٧٤٥ منداڵ بۆ هەمیشە لە نازی دایک و باوکیان بێبەش کران. بەدەیان و سەدان ئینسانی بێ‌تاوان لە دەیان گۆڕدا شوێن بزرکران و کۆمەڵکوژی لە دەیان ناوچەدا بەرێوەبرا. تەنها لەڕێگای چیای شەنگالدا زیاتر لە ٦٠٠ مناڵ و پیرو پەککەوتە گیانیان لەدەستدا. هەروەها ٨٠% شەنگال خاپورکرا، هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و سەرچاوەی بژێوی هەزاران خێزان، شێوێندرا. ئەم روداوە لە کاتێکدا روویدا کە سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و خێڵێکی بەرین لە نووسەری کڕدراو ویژدان مەیوو لەسەرەتادا هاتنی داعشیان بەخێرو بەرەکەت لەقەڵەمدا، هەموو وتیان فرسەتە... داگیرکردنی موسڵ و ئەو تاوانکارییەی لەو شارەدا لەسەر دەستی داعش رویدا، ویژدانی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نۆکەرە قەڵەم بەدەستەکان و نووسەرە توشبووەکان بە فایرۆسی نەتەوەپەرستی، نەک نەجوڵا، بەڵکو کردیانە شایی و لۆغان و وەکو فرسەتێک بۆ کورد!! کوردستانی باشور!! لێیان روانی و رایانگەیاند شانسی کورد کراوەتەوە، مادەی ١٤٠ کۆتایی هاتووە، دەورەیەکی نوی هاتۆتە ئاراوە و هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر بە بەغدادا، بەقازانجی کوردایەتی شکاوەتەوە. سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەتیش پارتی، کە هەمیشە بە هێزی پێشمەرگە و زێرەفانیەوە دەفشین، کاتێک هێزەکانی داعش پەلاماری شەنگال و دەوروبەریاندا، بێ هیچ بەرگرییەک رایانکردو بەسەدان هەزار ئینسانیان، بەدەستی بەستراوەوە بۆ جانەوەرانی ئیسلام جێ هێشت. هێندە بێ شەرمانە رایانکرد، تەنانەت ئامادەنەبوون بەر لە ڕاکردنیان دانیشتوانی شارەکەو دەوروبەری ئاگادار بکەن، کە نایانەوێ یان ناتوانن بەرگری بکەن، تا لانی کەم خەڵک بیرێك لە خۆیان بکەنەوە یان بتوانن شار و شوێنی ژیانیان چۆڵ بکەن و کاریگەری ئەم کارەساتەو قوربانیەکانی کەم بکاتەوە. هەر ئەوەشە وادەکات گومانەکان بۆ رادەستکردنی شەنگال بە پیلانی پێش وەختە بکاتە یەقین. ئەو کارەساتە گەورەیە کە دەکرێ بڵێن یەکێک لە گەورەترین مەرگەسات و جینۆسایدی سەرەتای هەزارەی سێهەمی دنیایە، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، جگە لە ئاڵوگۆرێکی زۆر لاوەکی لە چەند پۆستێکی ئیداری کە پەنجەکانی دەستێک تەواو ناکەن، هیچ لێپرسینەوەو سزایەک، نەگەیشتە دەستی تۆمەتبارانی ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە، بەتایبەتیش لە سلکی سەربازی و بەرگرییدا!! ئەوەش هێندەی تر ئەو راستیە دووپات دەکاتەوە، کە بریاری پشتی ئەو کارەساتە، بریاری سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە و سات و سەودایەکی پشت پەردەی پارتی لەگەڵ داعش بەئاشکرا بەیان دەکات. سات و سەودایەک کە ئەوکاتە بۆسەرانیان بۆتە نیعمەت، لەسەر لاشەی جینۆسایدی بەکۆمەڵ و ئیغتیسابی ژنان و کچان و بازارکردنەوەو مامەڵە پیکردنیان و ئاوارەیی بە کۆمەڵ و ئەو مەرگەساتەی هەرگیز ناتوانرێت لە بیربچێتەوە. نابێ ئەو راستیەش فەرامۆش بکرێت، کە تەواوی حزب و هێزەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی، لە یەکێتییەوە، بۆ حزبی گۆڕان و سۆشیالیست و کۆمەڵ و یەکگگرتوو، ئامادەییان تیا نەبوو ئەو کاتە ئەو رووداوە ئیدانە بکەن، بەمەش نیشانیاندا، باکیان بە کوشتار و مەرگی بەکۆمەڵی خەڵکی نییە، پارتی هاوپەیمان و هاو خانەوادەیان و پەیوەنییەک کە ئەوان بە پارتی دەبەستێتەوە بە گەورەتر و گرنگتر لە گیانی قەسابی کراو گۆری بەکۆمەڵ و کرین و فرۆشتن بەژنانەوە، بزانن... بەمەش بوونە هاوکار یان لایەنگر لەو پیلانە چەپەڵەی مەرگی هەزاران ئینسانی بەدوای خۆیدا هێناو برنێکی قوڵ و گەورەی ساڕ‌ێژ هەڵنەگری، لەدوای خۆی بەجێهێشت... ئێستا کە ٤ هەمین ساڵیادی ئەو کارەساتەیە، هیشتا بەسەدان و هەزار کەس چارەنووسیان لەدەستی داعشدایە و بەسەدان ژن و کچ لای خەلیفەکانی داعشن، یان مامەڵەیان پێوەدەکرێت. هێشتا بەهەزاران کەسیان ئاوارەن و لەهەموو ئەوانەش واوتر برینی ئەم روداوە، لە قوڵایی روح و جەستەی هەموو ئینسانێکی بەئەمەک و ویژدان زیندوودا بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە... سارێژکردنی ئەم زامە کەم دنیا دیووە، لە سەختی سەختر و لە ئەستەم ئەستەم ترە... کەچی جگە لەچەند رۆژ پێش و چەند رۆژ دوای ئەم بەروارە رەشە، ئەم مەرگەساتە لەبیرنەچووەوە، ئەحزابی دەسەڵات بەدەستی کوردستان و بەتایبەتیش پارتی، جگە لەهەندێک چالاکی فریودەرانەو بەرنامەی میدیایی، کارێکی تریان لە دەستوردانییە، بۆ قوربانیانی ئەم رووداوە و قەرەبووکردنەوەیان... زۆرتر لەوەش ئەم کارەساتەش وەکو هەموو کارەسات و مەرگەساتەکانی تری وەکو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال و... لەلایەن ئەحزبی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە وەکو سەرمایەی سیاسی بەدەستەوە دەگیرێت بۆ سات و سەوداو مامەڵە لەسەر کردن... کارکردن و تیکۆشان بۆ رزگارکردنی ئەو هەزاران ئینسانەی لەدەستی داعشدا ماون، بۆ رزگارکردنی ئاوارەکان و گێرانەوەیان، وە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو کارەساتە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەوربەری، کارێکی دەستبەجێیەو بەبێ کاری چروپڕ لەو زەمینانەدا، باسی بە جینۆساید ناساندنی ئەم مەرگەسات و کوشتارە بە کۆمەڵە، فریوکارییەکی ئاشکرایە... دانیشتوانی شەنگال، لەلایەکەوە بەهۆی بوونی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە فەرامۆش کراون و بەو هۆیەشەوە شەنگال بە فەرمی سەر بە هەریمی کوردستان نییە، لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی هەریمەوە، ئاوڕێکی جدی لێ نادرێتەوە... بەم شیوەیە دانیشتوانی شەنگال و دەوروبەری بەو زامە قوڵە کەم وێنەیەوە بوونەتە قوربانی ململانێی نیوان هەرێم و ناوەند، نێوان داعش و بزوتنەوەی کوردایەتی و هەرەشەی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا... بەم جۆرە ئاشی وردکردن و هارینی خەڵکی شەنگال و دەوروبەری بێ وەستان لەلایەن کۆمەڵێک هێزی دژە ئینسانیەوە، دەگەرێت... هەوڵدان بۆ رزگارکردنی شەنگال لەدەستی ئەو هەموو گورگە کەڵبە خوێناویانە، کاری تیکۆشەران و ئینسان گەلێکە کە ئینسان لایان بەنرخترین سەرمایەیەو، ماندونەناسی رزگاری ئینسانن بی لەبەرچاوگرتنی دین و مەزهەب و نەتەوە و ئینتیمای حزبی... خەڵکی شەنگال و دەوروبەری نابێ هیچ خۆشباوەرییەکتان بە فریوکاری دەسەڵاتی ناوەند و هەرێم هەبێت... پێویستە قوڵی خەباتکارانەی لێ هەڵبماڵن و ئاسۆی رزگاری خۆیان و قەربووکردنەوەو ئایندەیەکی باشتر بەدەستی خۆیان، بە پشتیوانی هێزو لایەنی پیشکەوتنخوازو ئینسانی و دنیای بێ‌دار بەپشت بەستن بەخۆیان بگرنە بەر... شەنگال، بەڵگەنامەی یەکێک لە گەورەترین تاوانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتییە و لێ‌خۆش بوون هەڵناگرێت و دەبێت، هەموو تۆمەتبارانی ئەم کارەساتە دوور یان نزیک لە دادگای نێودەوڵەتیدا، دادگایی بکرێن...
■ یاسین تەها... تەمەنی خەریکە دەچێتە سەرو 85 ساڵ، لە کۆڵانێکی تەنگەبەر و خانویەکی کۆنی بەشە مێژویییەکەی شاری نەجەفدا ژیانێکی سادە بەسەردەبات، کەچی فەتوا و رێنماییە نوسراوەکانی لە عێراقدا بێ چەند و چون حوکمی قانونیان هەیە. هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت بەئاسانی بڕگەكانی دەستوریش پەکبخات، ئەو پیاوە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانییە. لە ئێرانەوە بۆ عێراق رەنگە ئایەتوڵڵا سیستانی وەک مەرجەعی کۆچکردو موحسین ئەلحەکیم (1970 مردوە) خاوەن کەسایەتییەکی کاریزماتیک و باکگراوندێکی ئاینیی گەورە نەبێت، بەو پێیەی لە بنەماڵەیەکی زۆر ناسراوی نەجەفیی نییە و لە شاری مەشهەدی ئێرانەوە هاتوە، بەڵام لە سەردەمی مەرجەعییەتی ئەمدا شیعەی عێراق لە دۆخی چەوسانەوەو تەنگپێهەڵچنینەوە پەڕینەوە بۆ سەر تەختی حوکمڕانیی بەغدا. لەم گۆڕانە مێژوییەدا کە لە عێراق رویدا، سیستانی شەڕەفی مامانێتیکردنی لەداییکبونی ئەم حوکمڕانییە شیعییەی ئێستای پێ بڕا. ئەمە لەکاتێکدا مەرجەعەکەی پێش خۆی کە گەورە مامۆستا و پەروەردەکاری بو، ئەبولقاسمی خوئی، لە دەمی راپەڕینە جەماوەرییەکەی 1991ی باشوری عێراقدا بەتۆبزی لە نەجەفەوە برا بۆ دیداری سەدام حسێن، لەسەر تەلەفزیۆنی عێراقیش فەتوای پێدرا کە ئەو ڕاپەرینە فیتنە و کاری ئاژاوەچییەکانە و دەبێت بەزویی کۆتایی پێ بهێندرێت، بەمەش گەنجە شیعە خوێن ـ گەرم و راپەڕیوەکانی لە خۆی تۆراند و وێنە پیرۆزەکەی وەک رێبەری دین و دونیای شیعە کەمێک شێوا. هەمو ئەو گێڕانەوانەی لە ناوەندی شیعییدا هەن لەبارەی منداڵیی و پێگەیشتن و دەرکەوتنی سیستانییەوە وەک هەمان ئەو چیڕۆکانەن کە لەبارەی کەسانی هەڵکەوتو و بەهرەدار و داناوە بیستراون. لە زیرەکیی و قوڵبونەوە لە بیرکردنەوە و بێمنەتیی لە بەرژەوەندییە دونیاییەکاندا. ئەو دروست لە 1951دا هاتۆتە عێراق، تا ئێستاش هەڵگری رەگەزنامەی ئەم وڵاتە نییە، بەڵام ئێرانیبونەکەی و نەبونی رەگەزنامەی عێراقیی نەبوەتە رێگر لەبەردەم ئەوەی ببێتە خاوەنی قسەی یەکەم و کۆتایی لە کاروبارەکانی وڵات‌دا. هەرچەندە دوای 2003 پێشنیازکرا رەگەزنامەی عێراقیی بدرێتە سیستانی، بەڵام ناوبراو ئەم باسەی رەتکردەوە و وەک زۆر شتی دیکە بەبێدەنگی کوشتی بۆ ئەوەی مۆرکی نێونەتەوەییی دین و مەزهەب وەک خۆی بمێنێتەوە و هەواداران و پەیڕەوکەرانی لە ئێران و وڵاتانی دیکەی دونیا هەڵویستەکانی پەیوەستنەکەنەوە بە رەگەزنامەکەیەوە. جگە لەمەش ئەگەر کەسێک 35 ساڵی ژیانی لەژێر دەستی ئاسنینی رژێمی بەعسدا بەبێ رەگەزنامە بەئاسایی گوزەراندبێت ئێستا چ پێویستی بە رەگەزنامەی عێراق هەیە لە کاتێکدا چوار ساڵی تەواوە وەک ناڕەزاییەک لە کارەکانیان دەرگای ماڵەکەی لەسەر سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆک پارلەمان، وەزیرەکانی عێراق داخستوە و هەمویان ئاواتەخوازن دەرگایان لێ بکاتەوە تا لەڕێی دیداری ئەوەوە، وێنەی خۆیان لەبەر چاوی پێکهاتەی زۆرینەی عێراق جوان بکەن. دەرکەوتنی وەک مەرجەعی باڵا هەرچەندە ناوبانگی سیستانیی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی پاش مەرگی ئایەتوڵڵا خوئیی گەورە مەرجەعی شیعە (1992) و نوێژکردنی سیستانی لەسەر تەرمەکەی لەناو مەزاری ئیمام عەلییدا، بەڵام تا هەردوو شەرعزانی شیعەی هاوئاستی خۆی کە لە نەجەف بون، مورتەزا بروجەردی و میرزا عەلی غرەوی، لە 1998 دا تیرۆر نەکران، سیستانی نەبوە مەرجەعی باڵا. سەرەڕای ئەوەی لەنێوان 1998 ـ 2003 سیستانی هیچ چالاکییەکی نەبوە و تەنانەت دەرگای فەتوادان و میوانداریکردنی خەڵکیشی داخستوە، بەڵام لەگەڵ روخانی رژێمدا (2003) وەکو بەهێزترین پیاوی عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان و حاکمی مەدەنیی ئەمەریکا لە عێراق، پۆڵ بریمەر، لەسەر دانانی دەستور و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، کەوتوەتە دانوستان و بیروڕا گۆڕینەوە. لە دەمی هەڵبژاردنە گشتییەکەی 2004ـ 2005یشدا سەرپەرشتیی پێکهێنانی ئیئتیلافێکی یەکگرتوی شیعیی کرد کە بەهاوکاریی کورد و بەشێوەی هەمیشەیی پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران و جومگە گرنگەکانی دیکەی حوکمڕانیی عێراقی گرتەدەست. ئەم دەسەڵاتە مەعنەویی و هێزە گەورەیەی سیستانییش هەڵقوڵاوی بایەخپێدانی خوئی مامۆستای و ئەمری واقیعە وەک کەسی یەکەمی حەوزەی ئایینیی نەجەف کە مێژوی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی پێنجەمی کۆچیی. لە ئێستاشدا سیستانی جگە لە عێراق لە ئێران، هیند، پاکستان، لەناو شیعەکانی سعودیە و وڵاتانی کەنداو، هەردو ئەمەریکا و ئوستورالیا بە ملیۆنەها کەس بە مەرجەعی تەقلیدی خۆیانی دەزانن و پەیڕەوی لە فەتوا و ئیجتیهادە فیقهییەکانی دەکەن. ململانێی نفوز و داهات لە ئێستادا سیستانی بە "مەرجەعی باڵای تایفەی ئیمامی" دەناسرێت لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام تاقە مەرجەعی بێڕکابەر نییە و لە پەنا سیستانییدا شیعەکان چەندین مەرجەعی دیکەی گەورەی تەقلیدیان لە عێراق، ئێران و لوبنان هەیە. لەئایینزای شیعەدا مەرجەع جگە لە فەتوای ئایینیی، ئیدارەکردنی "مافە شەرعییەکان"یشی بە دەستە کە بریتییە لە کۆکردنەوەی زەکات و سەدەقە، ئیدارەکردنی ئەوقاف، خاوەندارێتی داراییی گشتیی (اڵاموال العامه)، جگە لەمانەش هەمو تاکێکی شیعەش دەبێ پابەندبێت بەوەی ساڵانە پێنج یەکی (خمس)ی داهاتەکەی رادەستی خەزێنەی ئەو مەرجەعییەتە بکات کە شوێن فەتوا و رێنماییەکانی دەکەوێت. کۆی قەبارەی ئەم داهاتانەش دەگەنە ملیۆنەها و ملیارەها دۆلار و بەشێکن لە هۆکاری ناواخن و پشت پەردەی ململانێی مەرجەعەکانی تەقلید، چونکە سەرجەمیان لە پێشبڕکێی بەخشینەوەی پارە و دروستکردنی پڕۆژە و پەیداکردنی شوێن پێ هەڵگری زیاتر دان. زۆرجاریش باڵادەستی بۆ دەوڵەمەندترینیانە وەک ئەوەی کە ئێستا عەلی خامنەیی دەیەوێت لەڕێی زیادکردنی موچەی فەقێکانی حەوزەی هەواداری (مقلد) خۆیەوە لە شاری نەجەف جێگە بە نانە دەروێشییەکەی سیستانی لێژ بکات. لەسەر ئاستی عێراق هیچ مەرجەعێک رکابەریی سیستانی پێ ناکرێت لە پارە و داهاتدا بەو پێیەی گەورە مەرجەعی باڵا و خاوەن زۆرترین هەوادارە، بەڵام لەسەر ئاستەکانی دی بەدور نییە لە رەخنە و ناڕەزایی و هەمیشە پرسیاری ئەوە دەکرێت چۆن سیستانی بەسەلامەت لە دەستی بەعس دەرچوە لە کاتێکدا زۆربەی ئایەتوڵڵا و شەرعزانەکانی دی هاوڕێ و هاوئاستی ئەو تیرۆر یان ئیعدام کراون. پێگەی فەرمی نوسینگەی سیستانی لە میانەی ژیاننامەی ناوبراودا پارێزگاریکردن لە مانەوەی حەوزەی ئایینیی شیعە بە دەستکەوتی جیهاد و خۆڕاگریی سیستانی لە قەڵەم دەدات. لە تێکڕای 35 ساڵی تەمەنیدا لەژێر دەستەڵاتی بەعس، سیستانی تەنها لە راپەڕینەکەی 1991دا ماوەیەک لە ئوتێل دەستبەسەرکراوە. بە قەولی نوسینگەکەشی "دواتر بە بەرەکەتی ئالوبەیت ئازادبوە". هەروەها بانگەشەی ئەوەش دەکات کە بەڵگەنامەکان دەریدەخەن چەندینجار پلانی تیرۆرکردنی داندراوە بەڵام "فێڵی خودا پێش فێڵی پیلان گێڕان کەوتوە". پێدەچێت ئەم بانگەشەی نوسینگەی سیستانی جێگەی بڕوای تەواوی جەماوەری شیعە نەبێت، چونکە هەندێکجار هەوادار و ئۆرگانەکانی نزیک لەم مەرجەعە ناچار بون باس لەوە بکەن لە کۆی 12 ئیمامی مەعسومی شیعە تەنها حوسێن و مەهدی دژی رژێمی حوکمڕانی سەردەمی خۆیان راپەڕیون، "تەنانەت ئیمام حوسێنیش بۆ چاکسازیی هات بۆ عێراق نەک بۆ روخاندنی حوکمی یەزید لە شام"، ئیتر بۆچی سیستانی جاڕی یاخیبون بدات لە دژی سەدام؟ بە لای ئەوانەوە گرنگ پاراستن و سەروکاریکردنی حەوزەی ئایینیی بوە کە کانیاوی شیعەگەرییە نەک شۆڕش و سیاسەت و بەرەنگاریکردنی رژێم. مەرجەعیەتی بێدەنگ و مەرجەعیەتی گۆیا (بوێژ) بەپێی پۆلێنی شیعەناسەکان مەرجەعیەتی سیستانی گوزارشتە لە جۆرە مەرجەعیەتێک کە لە ئەدەبییاتی نوێی هەندێک لە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعییدا پێیدەگوترێت "بێدەنگ ـ ڵامت"، ئەم تەرزە شیعەگەرییەش زیاتر لە تەسەوف و کەنارگرتنەوە نزیکە. وا ناسراوە کە زۆربەی پرسەکان بەبێدەنگیی بەڕێدەکات لەپێناو سەلامەتیی مەزهەبدا. بەرانبەر بەمەش رەوتێکی شیعەگەریی شۆڕشگێڕ هەن کە بە گۆیا (بوێژ) ناسراون، ئەمانە جگە لە ئایینداریی و خوێندنی حەوزە، کار بۆ هاتنەکایەی دەوڵەتی ئیسلامی‌یش دەکەن و لەسەر دەستی محەمەد باقر سەدر (دامەزرێنەری حیزبی دەعوە) رەنگڕێژیی بۆ کراوە. لەسەر دەستی براکەشی محەمەد سادق سەدر (باوکی موقتەدا و مامۆستای رێبەری روحیی حیزبی فەزیلە محەمەد یەعقوبی) دەرکەوتوە و ناسراوە، ئەنجامیش بوەتە هۆی لەسێدارەدانی سەدری یەکەم (1980) و تیرۆرکردنی سەدری دوەم و موستەفا و موئەمەلی کوڕی (1998). هەرچەندە ساڵانێکی زۆر ئەم بابەتە تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانی شەقامی شیعیی بو، بەڵام پاش ئەوەی مەرجەعییەتی سیستانی مینبەری سەحنی حوسەینی کەربەلای کردە دەلاقەیەک بۆ شەنوکەوی هەفتانەی بارودۆخی عێراق، چی دی مانایەک بۆ چەمکی "مەرجەعییەتی بێدەنگ" نەمایەوە، بەتایبەت بەم دواییانە کە سیستانی زنجیرەیەک هەڵوێستی بنبڕ و جومگەیی راگەیاند کە دیارترینیان بریتی بو لە پێداگریی لەسەر گۆڕینی مالیکی، فەتوادانی بۆ جیهاد لەدژی داعش و پێکهێنانی حەشدی شەعبیی، پێداگریی بەردەوام لەسەر پێویستیی ریفۆرم لەسەرجەم کەرتەکانی وڵات، لە ئێستادا هەندێک پێیانوایە ئەگەر مەرجەعییەتی سیستانی نەبوایە کە سەدرییەکان و حیزبی دەعوە و فەزیلە بە کلاسیکی ناوی دەبەن، ئەوا داعش حوکمڕانیی شیعەی لە عێراق دەکردە بەشێک لە مێژو لە کاتێکدا ئەوان کە خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن نەیانتوانی بەرگریی لە خاکی عێراق بکەن. ئەمەش تای تەرازوەکەی بە لای سیستانییدا لاسەنگ کردوە. تێبینی: ئه‌م بابه‌ته دوو ساڵ به‌ر له ئێستا له ماڵپه‌ڕی پاسه‌وان بڵاو كراوه‌ته‌وه.
■پەیكار عوسمان .. گرگنێکی وەکو 'نەوەی نوێ' عەقڵی بەوە شکا کە قسەیەکی نوێ فڕێ بداتە ساحەکەوە، هاتووە ئەڵێ سەرۆکی لیستەکەم کاندیدی ئێمەیە بۆ سەرۆك وەزیران. کەچی چوار حیزبی زل و زەبەلاح عەقڵیان پێ نەشکا قسەیەکی نوێ حیکایەتێکی نوێ جوڵەیەکی نوێ بکەن! ئاخر ئەوە بۆ نەوەی نوێ یارییەکەی گاڵتییە، تەنیا بۆ موخاتەبەی دەنگدەرە، نەك بەڕاستی بۆ مونافەسەی بەدەستهێنانی سەرۆك وەزیران. بەڵام بۆ چوار هێزەکە، جگە لەوەی هەمان شتە بۆ دەنگدەر، یارییەکی ڕاستیشە بۆ مونافەسە. وەلێ پێئەچێ لەگەڵ کاکە نەوەیا عەقڵیش نێژرابێ، عەقڵی شتی گەورەو ستراتیجی نا، تەنانەت عەقڵی شتی بچوك و وردەواڵەی سیاسیش! کێشەکە ئەوەیە ئەم هێزانە خۆشیان باوەڕیان بە خۆیان و بە پرۆسەکە نەماوە، بەڵام لە عینادییەکی تەواو ناماقوڵدان لەگەڵ خۆیان، وازحیش دیارە کە عینادییەکە بەرەو شکستێکی تریان ئەبات، بەڵام بەڕادەیەك توانای جوڵەیان لەدەستداوە، کە شکستێك ئاسایی ڕووبدا، پێیان باشترە لە هەڵگەڕانەوەو جوڵەیەکی نائاسایی و موفاجء! ئەوەش ڕێك شەلەلی سیاسییەو شەلەلیش خودی نائومێدییە، چونکە ئومێدی سیاسیی لە جوڵەدایە. وەستان لەسەر جمود، هەرگیز ناکاتە نەفەسدرێژی و بەردەوامبوون، نەفەسدرێژی و بەردەوامبوون تەنیا بەردەوامبوونە لەسەر جوڵە. هەرگیز بەرگریش لە جموددا نیە، بەرگری خودی جوڵەیەو تەسلیمبوونیش خودی دووبارەبوونەوە! سوربوون لەسەر جمود لە دوور مەودادا گۆڕانکاریت ناداتێ، بەڵکو هەر ئێستا‌و لە مەودای نزیکدا ئەیسەلمێنێ کە تۆ هێزی گۆڕانکاری نیت. بەڵکو ئەوە سوربوونە لەسەر جوڵە، کە لە دوور مەودادا نەتیجەت ئەداتێ. هەڵبژاردن و بایکۆت و هەموو عینوانە سیاسییەکانی تریش، هیچیان لە خودی خۆیاندا نە ئومێدن نە نائومێدی، نە بەرگرین نە تەسلیمبوون. بەڵکو لەناو سیاقە سیاسیەکەدا دەرئەکەوێ کە چین و چی نین. مەسەلەن پێش دە ساڵ هەڵبژاردنی ٢٥ی٧ ئومێد‌و بەرگریبوو چونکە جوڵەبوو. بەڵام هەڵبژاردن لە ئێستادا نائومێدی و تەسلیمبوونە چونکە جمودە! هەر ئەونەشی کە هەڵبژاردن بووبە جمود، ئیتر بایکۆتی هەڵبژاردن ئەبێتە جوڵەو ئەبێتە بەرگری و ئومێدیش. ئەمەوێ بە یەك جوملە بڵێم (ئومێدی سیاسی پەیوەندی بە هەڵبژاردن و بایکۆتەوە نیە، پەیوەندی بە جوڵەو جمودەوە هەیە.) جا هیزە موعارزەکان ئەگەر خەونی گەورەو خەمی گشتیش نەبێ، هەر وەکو حیزب و لەبەر خۆیان، پێویستیان بە بایکۆتێکی هەڵبژاردن هەیە، بۆ موراجەعەو خۆڕێکخستنەوە، هەروەها بۆ وەستاندنی ئەو خلۆربوونەوەیەی کە تێیدان! کە جوڵەیەك چووە گیرفانی جمودەوە، ئیتر وەستانێك جگە لەوەی ئەبێتە ئەرك، ئەشبێتە خودی جوڵە.
■ ئاراس فەتاح... ئەندرێ مارلۆ دەڵێت ”ھەندێ جار سیاسەت وەکو گراماتیک وایە، گەر ھەڵەیەک ھەموو بیکەن، لەدەرئەنجامدا وەکو رێسایەک لەلایەن ھەمووانەوە قبوڵدەکرێت.“ سیاسەتی کوردیی لەم چەند ساڵەی دواییدا بووە بە ماشێنێکی گەورەی بەرھەمھێنانی ھەڵە و چاککردنەوەی ھەڵەی ستراتیژیی بە ھەڵەی گەورەتر. گراماتیکی سیاسەت لە ھەرێمیشدا بووە بە قبوڵکردنی ھەڵەکانی دەسەڵات لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە و کردنی ھەڵەکان بە ھەڵەی ھەمووان و لەوێشەوە بوونی بە ڕێسایەکی گشتیی بۆ ھەمووان و قبوڵکردنی وەکو دیاردەیەکی ئاسایی لەلایەن ھەمووانەوە. لە داخستنی پەرلەمانەوە بیگرە تادەگاتە شکستی نیشتیمانیی گەورەی ریفراندۆم و ئاشبەتاڵی سیاسیی و سەربازیی شانزەی ئۆکتۆبەر، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەغدا و بەئاساییکردن و قبوڵکردنی ئەو ھەموو تەزویرەوە بیگرە تادەگاتە قبوڵکردنی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و درێژکردنەوەی تەمەنی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر؛ ھەموو ئەمانە ئاماژەی ترسناکن بۆ بێدەسەڵاتیی و ھیچنەکردەیی و کاڵفامیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر ھەموو ئەو کارەساتە سیاسیی و ئابووریی و سەربازییانە و مانای کردنی ھەڵەی گراماتیکی دەسەڵاتە بە ھەڵەی ھەمووان و قبوڵکردنێتی وەکو رێسایەکی سیاسەتکردن لە ھەرێمدا. لەمڕۆشدا ھەرێمی کوردستان لەلایەن چەند نوخبەیەکی سیاسیی دژەحوکمڕانەوە ڕەخنەدەکرێت کە نە ھاوکاریی و پڕۆژەی پێکەوەییان ھەیە، نە خەونی گەورە و نە ستراتیژی درێژخایەن و نە ئیرادە و بیرکردنەوەی قووڵیشیان ھەیە بۆ چۆنێتی دەستکاریکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگاکەیاندا. نەنگییەکی گەورەیە کاتێک متمانەی نێوان ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەیەکتر وێرانتر بێت لە متمانەی نێوان ھەریەکەیان لەگەڵ دەسەڵات. کارەسات ئەوەیە کاری ئۆپۆزیسیۆن ببێت بە سەقامگیرکردنی پایەکانی دەسەڵات بەبێئەوەی خۆی دەسەڵاتی ھەبێت. شەرمێکی سیاسیی بێوێنەیە کە جیاوازییەک لەنێوان گوتاری ئۆپۆزیسیۆنبوون و تێپەڕاندنی یاسا مەترسیدارەکانی دەسەڵاتدا نەمێنێت، وەکو لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمدا بینیمان. فیاسکۆ ئەوەیە کاتێک ھەڵەی گراماتیکی دەسەڵات کە زمان و بیرکردنەوە و ماناکانی سیاسەت و رێکخستنی دیموکراسییانەی کۆمەڵگا وێراندەکات، لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بکرێت بە رێسایەکی گشتیی بۆ ھەمووان. ئۆپۆزیسیۆنی ھەرێم لەم ساڵانەی دواییدا نە توانیویەتی ببێت بە مەترسیی بۆ دەسەڵات نە توانیویەتی ببێت بە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتیش. تاکە کەرەسەیەک کە ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵاتی وەکو داھۆڵ پێ ترساندووە، تەنھا بێزاریی و تووڕەیی و نائومێدیی خەڵکی ئێمەیە. ئەم دۆخی ھیچنەکردەیی و بێ ئایدیایی و بێ پلانییەی کە ھێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بەرھەمیانھێناوە، بەبەرجەستەکراویی باجەکەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمدا وەردەگرن. لەکاتێکدا ئەم دەسەڵاتە دوای ریفراندۆم لە خراپترین دۆخی سیاسیی و سەربازیی و ئەخلاقیی خۆیدا بوو نەتوانرا بە پرۆژەیەکی ھاوبەش لەقبکرێت. لە کاتێکدا ئەم دەسەڵاتە بەشێوەیەکی وەرزیی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ھەرێمدا بە سیستەماتیکی تەزویر لە دەنگی ھاونیشتیمانیانی خۆی دەکات و ئەتکی کەرامەتیان دەکات، ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش نەیانتوانی بیکەن بە ڕووداو و بەرگریی لە دەنگی خەڵک بکەن. زانیارییەکی گەورەی ناوێت بۆئەوەی لەوە تێبگەین کە پاش ئەم ھەموو ھەل و ئەزموون و تاقیکردنەوانە، ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەبەردەم تاقیکردنەوە و پرۆڤەیەکی واقیعیی خەڵکدان، چونکە بەبێ تەزویری گەورەش سندوقەکانی دەنگدان بە خواست یان بەزۆر، یان پڕدەبن لە دەنگی ئەندامانی حیزبە باڵادەستەکان و ھەموو ئەوانی تر بەڕێژەی جیاواز بچووکدەبنەوە و دەبن بە کەمینە و ئەتۆمی حیزبیی. یان خاڵی دەبن لە دەنگی خەڵکی ناڕازیی و ئەوانەی بایکۆتی ھەڵبژاردن دەکەن و نایانەوێت جارێکی تر بەشداریی لەو مەھزەلە و بێڕێزییە گەورەیەدا بکەن. گەر ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەم شێوەیەی ئێستایان بێفیکر و بێپلان و بێستراتیژ بن و ئامادەی قبوڵکردنی بێڕێزییی بەردەوام بن کە بەرامبەر بە خۆیان و بە کۆمەڵگاکەیان دەکرێت، ئەوا خەڵکی ناڕازیی و نائومێدی ئەم وڵاتەش لەکاتی دەنگداندا بە بایکۆتکردن وەڵامی کۆنکرێتی ئەوان و دەسەڵاتیش دەداتەوە. ساڵانێکە ئۆپۆزیسیۆن ئەوەی بیرچووەتەوە کە وەزیفەی سەرەکیی ئەو دروستکردنی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار نییە بۆئەوەی پێی بژین، بەڵکو پێگەیاندنی خەڵکانێکە کە بۆ سیاسەت بژین و لە خەمی گشتیی کۆمەڵگاکەیاندا بن. گەر ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتی ئێمەدا ئەو ڕاستییە سانایە نەبینێت کە لەم دۆخی وێرانەیەی متمانەی ھاونیشتیما‌نیان بە سیاسەت شتێک نەماوە ناوی خەباتی پەرلەمانتاریی بێت، ئەوە بێچەندوچوون بەدەستی خۆیان دەزگای پەرلەمان دەکەن بە کۆمپانیایەکی فرەپشکیی بۆ کردنی سیاسەت بە پیشە. گەر ڕێسای بەگشتییکردنی ھەڵە لە گراماتیکی سیاسەتدا ڕاستبێت وەکو ئەندرێ مالرۆ دەڵێت، ئەوا بۆ موزیکیش ھەر ڕاستە: گەر لە کۆنسێرتێکدا چەند ئامێرژەنێک بە ئارەزووی خۆیان پاتیتورەکان بخوێنێتەوە و لە کۆتاییدا موزیکێکی تر بەرھەمدێت لەوەی کە کۆمپۆنیستەکە دایناوە، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە کە گوێگری بێسەلیقە و نەزان لە کۆتاییدا وەکو بەرھەمێکی ھونەریی ھەڵسوکەوتی لەگەڵدابکات و چەپڵەڕێزانی بکات. سیاسەتمەداری گەورەی ئیتاڵی ئامینتۆرە فانفانی بەدروستیی پەنجەی خستۆتە سەر ئەم برینەو دەڵێت: سیاسەت وەکو کۆنسێرتێک وایە کە تیایدا گوێی بێ ئەزموون، دەنگی ئامێرەکان بە موزیک تێدەگات. ئێمە ساڵانێکە باس لەوەدەکەین کە جگە لە نەبوونی ئیرادە و دیدگایەکی پێکەوەیی ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دەستکارییکردنی پێگەی دەسەڵات، یەکێک لە کێشە سەرەکیی و گرفتە قووڵەکانی پەرلەمان ئەوەیە کە ئەم ھێزانە ھەمیشە تیمی پلە سێ و چواری خۆیان بۆ ناردووە و ئەمەش وایکردووە کە دەسەڵات بتوانێت بە ئارەزوی خۆی بێ‌ڕێزییان بەرامبەر بکات. سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن باس لە گۆڕینی سیستەم دەکەن بەبێ ئەوەی خۆیان ببن بە بکەری سەرەکیی لەپرۆسەی دروستکردنی گۆڕانکاریی لەناو سیستەمدا. زۆرینەیان پێیان شەرم بوو ببن بە پەرلەمەنتار و شەڕە سیاسییەکانیان ببەنە ناو پەرلەمانەوە. یان ھەندێکیان ھەر لە ترسی دەنگنەھێنان و ئیحراجیی ناچنە ناو ئەو پرۆسەیەوە. ھەر ئەم دۆخەشە وایکردووە جگە لە ھەندێ چرکەساتی تایبەت کە ئەم دەزگایە رۆڵی گرنگی تیادا گێڕاوە، کۆی مێژووی ئەم پەرلەمانە گێڕانەوەی حیکایەتی بێھەیبەتیی ئەم دەزگایە و داستانیی بێڕێزییکردن بێت بەرامبەر بە وەزیفەکەی. بە ھەموویان، بە پلەی جیاواز، ئەم دەزگایەیان کرد بە یەکێک لە بێزراوترین و بێماناکراوترین دەزگا گرنگەکانی ئەم کۆمەڵگایە و داماڵراوە لە ھەموو ھەیبەت و رەھەندێکی ئەخلاقیی و سیاسیی. وایلێھات کە پاسەوانە سەرەکییەکانی کەی بیانەوێت بەشەق پەرلەمانتار و سەرۆکەکەی دەردەکەن و چۆنیان بوێت ئیملای سیاسەتی پەرلەمان دەکەن و بە دەنگی ئەوانەی ئەم بێڕێزییە گەورەیەشیان بەرامبەر کراوە، یاساکانی خۆشیان تێپەڕێنن. لەڕاستییدا ئەوە تەنھا پاسەوانە سەرەکییەکانی نین کە ئەم شوێنەیان کردووە بە دیوەخان و بە کەرەسەیەک بۆ شێواندنی متمانەی خەڵک بە سیاسەت و وێرانکردنی پرنسیپی لێپرسینەوە لە حوکمڕانان و شکاندنی ئەخلاقی بەرپرسیارێتی، بەڵکو ئەوانەشن کە جگە لە دەستەپاچەیی لە دەرەوەی پەرلەمان و بە ناردنی تیمی سێھەم بۆ بۆڵەبۆڵی سیاسیی، ملکەچ و بەشدارن لە رێکخستنی ئەم رێسا و شانۆگەرییە پانتۆمیم ئاسایەی کە دژ بە پەرلەمان و لەناو پەرلەماندا سازدەکرێت. مەترسییەکەش لە داھاتوودا گەورەترە، گەر پەرلەمانی داھاتوو بکرێت بە کۆنسێرتێکی سیاسیی و پڕبکرێت لە گۆرانیبپێژ و دەنگبێژ و زۆربێژ، ئەوا بەتەواوی دەبێت بە بێژۆک، واتە شوێنێک بۆ چەنەبازیی.