Draw Media

لە وەڵامی قوباد تاڵەبانییدا: بۆچی دەرچوانی زانکۆ لە کوردستاندا کارناکەن؟

لە وەڵامی قوباد تاڵەبانییدا: بۆچی دەرچوانی زانکۆ لە کوردستاندا کارناکەن؟

2018-08-07 08:15:51


■  مێگان كانه‌ڵی...

وەرگێرانی بۆ کوردی: شیڤان فازیل و كه‌مال چۆمانی....

لە تویتێكدا بۆ گەنجانی توڕە لە ئەنجامی کەمی دەرفەت لە بازاڕی کار قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرایەکی گەورەی لەناو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد دوای ئەوەی گوتی "ئەگەر ئامادەبن، خۆتان بگونجێنن له‌گه‌ڵ بارودۆخ و کارێك بکەن کە كه‌مێك خوارووی تمووحتان بێت". دواتر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە ئەکاونتەکەی خۆی لە فەیسبووك بڵاویکردۆتەوە گوتی " ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت، هه‌لێكی كار نه‌ره‌خسا بۆ ئه‌و خوێندكاره‌ كه‌ له‌ مه‌جاڵێكدا‌ خوێندویه‌تی، ئاساییه‌ و عایبیش نییه‌ به‌ دوای ده‌رفه‌تێكیتردا بگه‌ڕێت له‌ مه‌جاڵه‌كه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی نه‌بێت به‌ بڕوانامه‌كه‌ی یان ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌یخوێنێت." قوباد تاڵەبانی، چیڕۆکی خۆی وەك نموونە هێنایەوە: "من بە شەو و ڕۆژێك نەگەیشتم بەو پۆستە. من بەچەندین قۆناخم بڕی، بە قۆناخ و تاقیکردنەوەی سەختیش…ئەگەر سبەینێش لەم پۆستە نەمام، بایی ئەوەندە تەجروبەم لە ژیان و کاری جیاواز هەیە کەبوانم لە شوێنێك خۆم جێگیر بکەم". جگە لەو ڕاستییەی کە جێگری سەرۆك وەزیران چەندین دەرفەتی هەبووە کە هەرگیز بەردەست نین بۆ قوتابی و دەرچوانی ئاسایی، بەڵام ئەوە باشە کە دان بەوە دادەنێت کە حکومەت ڕۆڵی هەبووە لە بێکاریی لاوان. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ کەسێک کە ئاگاداری رەوشی بازاڕی کار لە کوردستان نەبێت، پیشنیارەکەی تاڵەبانیی بۆ گەنجان مانای ئەوە دەگەیەنێت کە بازاڕێکی کار هەیە کە ئەو گەنجانە لەخۆبگرێت. بەڵام ڕاستیەکە لەوەدایە کە هەرچەندە ئەگەر بێتوو بیانەوێت، زۆرینەی دەرچووان ناتوانن کار بدۆزنەوە، تەنانەت هەرجۆرە کارێکیش بێت - لە کەرت تایبەت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق ۷۵٠ هەزار دەرفەتی کاری لەنێوان ساڵانی ۲٠٠۵ - ۲٠۱٤ دروستکردووە، ۸٠٪ ئەو دەرفەتانە لە کەرتی گشتیی بووە. لەڕاستیدا هەڵئاوسانی کەرتی گشتیی لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی ناوەندی سەرانسەری عێراقی تێپەڕکرد بە زیادبوونی لە ٤۱.۹٪ بۆ ٤٤.۲٪ بۆ تەواوی دەرفەتەکانی کار لە ماوەی ساڵانی ۲٠٠۷ بۆ ۲٠۱۲، ئەم ڕێژەیە زۆر زیاترە لە گەشەی کەرتی تایبەت. لە هەمان کاتدا، ژمارەی دەرچووان بەڕێژەی ۹۸٪ زیادیکردووە لە نێوان ساڵانی ۲٠٠۳ بۆ ۲٠۱۳، کە زۆرینەی ئەم دەرچووانەش لە کەرتەکانی کارگێڕیی گشتی، پەروەردە و تەندروستی خراونەتەگەڕ. لەوکاتەی کە زۆربەی وڵاتانی پەرەسەندوو هەوڵی پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی لەڕێگەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی دەدەن، بەشی زۆری ئەم دەرفەت دروستکردن و دامەزراندانە لەڕێگەی مەحسووبیەت بووە نەوەك هەوڵی ڕاستەقینە بۆ پەرەسەندنی دابینکردنی خزمەتگووزاریی لە کەرتی گشتی هەڕێمی کوردستان.

بە دەستپێکردنی قەیرانی ئابووری، کەرتی گشتی بەهەمان شێوە تووشی قەیران دارایی بوو، وە حکومەتی هەرێم ناچاربوو بە کەمکردنەوەی مووچە و ڕاگرتنی دەمەزراندن. کەرتی تایبەت (کە بە شێوەیەکی سەرەکیی لەلایەن حکومەتەوە تەمویل دەکرا و کۆمپانیا هەرە گەورەکانی لە لایەن کەسانی سیاسیی باڵای پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن) بەشێوەیەکی خێرا پووکایەوە بەهۆی بردنە دەرەوەی سەرمایە و دابەزینی وەبەرهێنان و شکستی کەرتی بنیاتنان. بەشی زۆری کرێکارانی کەرتی بنیاتنان، کە نزیکەی ۳٠٪ ڕێژەی دامەزراندن لە کەرتی تایبەت پێکدەهێنن، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئینستیتیوتی مێری، کارەکانیان لەدەستدا لەدەرئەنجامی ڕاوەستانی پڕۆژەکان.

پرسی جێندەر ڕوویەکی تری ئەم کێشەیەیە. ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنیان هەیە لە هێزی کار لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، لەگەڵ ئەمەش ۹٠٪ ئافرەتان لە هێزی کاری هەرێمی کوردستان لە کەرتی گشتی دامەزرێندراون لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و کارگێریی، هەمان ئەو کار و پیشانەی کە زۆر بەقووڵی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ڕێکارە داراییەکان. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەی بێکاری لە نێوان ڕەگەزی نێرینە زۆر خێراتر گەشەی کردووە بەبەراورد لەگەڵ ڕەگەزی مێینە، دەرچووانی زانکۆ لە ڕەگەزی مێینە - کە نزیکەی نیوەی ژمارەی دەرچووانی قۆناخی دوای ئامادەیی لەکۆی ۱۱۵ هەزار دەرچووی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲٠۱۳، پێکدەهێنن - لەگەڵ ئەوەی کە ناتوانن دەرفەتی کار لە بوەرەکانی خۆیان لە کەرتی گشتی بدۆزنەوە، بەهەمان شێوە دووچاری بەربەستی کۆمەڵایەتیی بۆ دامەزراندن لە خزمەتگوزاری کەرتی تایبەت وەك کۆفرۆشی، خواردنگەکان، گواستنەوە و بنیاتنان، دەبنەوە. کاریگەری ئەمەش، بەشێوەیەکی گشتی، دەبێتە هۆی ئەوە کە دەرچووانی ڕەگەزی مێیینە لەدەرەوەی وڵات بەدوای دەرفەتی کار بگەڕێن یاخوود بەشێوەیەکی سەرەکی لە هێزی کار دووربکەونەوە.

بێگوومان چاوەڕوانییەکی گشتیی کۆمەڵایەتیی هەیە لە هەرێمی کوردستان، کە حکومەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی کار و پێدانی مووچە و گواستنەوە بۆ کەرتی تایبەت کە تێیدا مووچە نزمترە، کارکردن قوڕسترە و کاژێرەکانی کارکردن زیاترە. بەڵام ئەوە جۆرێکە لە چاوەڕوانیی کە چینی سیاسی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چەندین دەیە هەوڵیانداوە بۆ هێنانەدی بۆ دڵنیایی بوون لە وەفاداریی هاوسۆزان و دەنگدەرانیان. بۆیە، هەردەبڕێنێکی بێمتمانەیی و بێباوەڕی لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە دوورە لە ڕاستگۆیی، لەوکاتەی کە خەڵك بەڵێنی کار و سوودمەندبوونیان پێدراوە بەرامبەر بە پاڵپشتی یاخوود بێدەنگبوونیان وە دواتر هەڵدەستن بە دەربڕینی ناڕەزایەتی دوای ئەوەی کە چیتر ئەو کار و سوودانەی کە بەڵێنیان پێدرابوو، چیتر دابین ناکرێن. هەمان کەلتووری سیاسی ڕێگەی نەداوە بەکەرتی تایبەت، لەو کاتەی کە پێشتریش لاوازبووە، بگاتە ئاستێك کە دەرچووانی ئایندە لەخۆبگرێت. لە ساڵی ۲٠۱٦، لەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی داراییدا بوو، بانکی نێودەوڵەتی هۆشدار یدا لەبەرامبەر پەرەسەندنی قەیرانی بێکاریی لاوان. بە هەمان شێوە، پێشبینی پێویستی گەشەکردنی کەرتی تایبەتیان کردووە بە ڕێژەی ۱٠٪ بۆ هەر ساڵێك تاوەكو کەرتی تایبەت بتوانێت دەرچووانی ئایندە لەخۆبگرێت. لە ئابووریەکدا کە بەخێرایی بەرەو پووکانەوە چووە، بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی هەڵەی بەڕێوەبردن و گەندەڵی، ڕێگەی تێناچێت کە بتوانرێت ڕێژەی بێکاری لەنێوان دەرچووان و قوتابیان چارەسەربکرێت بە هاندانیان بۆ دۆزینەوەی کاری دەستی لە کەرتی تایبەت.

سه‌رچاوه‌كان:

MERI Report - http://www.meri-k.org/…/MERI-Economic-Report-January-2016-2

WB Report - http://documents.worldbank.org/…/106109-WP-P159972-KRG-Econ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand