کەرتی دەرمانی کوردستان چۆن باشتر ئەبێ؟
2018-08-05 20:17:33
د.عیسا عەبدولڕەحمان ...
کێشەی دەرمانی قاچاخ و ساختە کێشەیەکی جیهانیە لەسەرانسەری دنیادا بووەتە ئاستەنگ و ئاڵنگاریەک ڕوبەڕوی کەرتی تەندروستی جیهانی بۆتەوە و ساڵانە زیانێکی زۆری ماددی و گیانی لە جیهان ئەدات، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی BBC هەموو ڕۆژێک کەسێک ئەمرێت بەهۆی دەرمانی خراپ و ساختەوە، هەروەها زیانە ئابوریەکانی دەرمانی خراپ و ساختە بە سەروی 150 ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندەدەکرێت،کە کوردستانیش بەدەرنیە لەو کێشەیە. لەکوردستان دەرباز بوونی کەرتی دەرمان لەم هەموو پاشاگەردانی و بێسەروبەریە، لە جیاوازی نرخ و بەرزی نرخ و یاریکردن بەنرخ، لە دەرمانی قاچاخ و خراپ و کوالتی خراپ، لە قۆرخکاری و مامەڵەکردنی نایاسایی بەدەرمان بە داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتیمانی هەمەلایەنەی حوکمیە کە زۆربەی لایەنە حکومیەکان و تەنانەت کۆمپانیا گەورەکانیشی تێدا بێت. بەڕێوبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵ وەک باڵاترین دامەزراوەی دەرمان و چالاکترین بەڕێوبەرایەتی حوکمی گەورەترین هەوڵی داوە بۆ ڕێکخستن و بەپیشەییکردن و بەیاسایکردنی کەرتی دەرمان، لە تۆمارکردنی کارگە و کۆمپانیا و دەرمان و پشکنینی دەرمان و ڕێکخستنی نرخی دەرمان و بەئەلیکتڕۆنیکردنی مامەڵەکان لەڕێی داتا بەیسەوە، کە ئەم ئیشانەی کوالیتی کۆنتڕۆڵ لەناو هەموو لایەنە پەیوەندی دارەکانی تر بە کەرتی دەرمان بێوێنەیەو وێنەی نیە، کە ئەگەر حکومەت پشتگیری ماددی زیاتری کوالیتی کۆنتڕۆڵ بکات و دەرمانسازی زیاتری بۆ دابمەزرێنێت و موچەیان باشتر بکات و ئامێر و جیهازی زیاتری بۆ بکڕێت و بینای بەڕێوبەرایەتیەکە گەورەتر بکات ئەوا کوالیتی کۆنتڕۆڵ باشتر و باشتر ئەتوانێ چارەسەری کێشەکانی کەرتی دەرمان بکات. بەڵام کوالیتی کۆنتڕۆڵ بەتەنها ناتوانێت ڕوبەڕووی ئەو هەموو پاشاگەردانی و بێسەروبەریەی ناو کەرتی دەرمان بێتەوە،بەڵکو دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری وەک سەندیکای دەرمانسازان و پزیشکان و وەزارەتی ناوخۆ و ئاساییش و دادگاکان زیاتر تۆکمەتر و سیستماتیک و سەرپێ بخرێن بۆ ئەوەی باشتر ڕوبەڕوی گەندەڵیەکانی ناو کەرتی دەرمان بینەوە، خراپەکاران و تەزویرچیەکان دەزگیربکرێن و ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوە و شوێنەکانی فرۆشتنی دەرمان کە بەدەر لە ڕێنماییە دەرمانسازیەکان مامەڵە بە دەرمان ئەکەن دابخرێن. کوالیتی کۆنتڕۆڵ ئەوەی پێیکراوە لە سزادانی کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانە و دەستبەسەرداگرتنی دەرمانی خراپ و قاچاخ و ئاشکراکردنی قاچاخچی و ڕاپێچکردنی تەزویرچیەکان بەرەوڕوی یاسا کردوویەتی، ئەوەی ماوەتەوە بیکات بەدەرەجە یەک سەندیکای دەرمانسازانە و دواتر لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترە بۆ ئەوەی کەرتی دەرمان لەو پاشاگەردانیە ڕزگاری ببێت.
د.عیسا عەبدولڕەحمان
پزیشکی دەرمانسازی لە کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان