Draw Media

گۆڕان لە بەردەم هەڵبژاردنێکی زۆر سەختدا !

گۆڕان لە بەردەم هەڵبژاردنێکی زۆر سەختدا !

2018-08-03 12:46:56


 

■ چیا عەباس ...

گۆڕان لە رەوشێکی نالەباری ناوخۆییەوە بە گرو تینەوە لە ئامادە سازیدایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم هەڵبژاردنە دوای یەکەم دابەزینی کێرڤی جەماوەری گۆڕانە، وەک لە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە هۆی ساختەکاری و ئەدای لاوازی بزوتنەوەکەوە رویدا.
ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریەکانی شکستی داعش، پەرچەکردارە نەرێنەکانی سەرنەکەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەری یان پێوە دیار دەبێت.
بێگومان تایبەتمەندیەکی تری ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕان لەوەدایە کە دامەزرێنەری بزوتنەوەکە و دارێژەری سەرەکی بەرنامە و پرەنسیپەکانی لە ژیاندا نەماوە.
کاک نەوشیروان دەرباری هەڵبژاردن و گۆرانکاری کەنزێکی سیاسی و فکری بەجێهێشتوە، ئەرکێکی گۆڕانە بە وردی لە پێکهاتەکانی ئەم ئیرسە تێبگات و پاشان بۆچون و چاوەروانیەکانی بۆ هەڵبژادنی ئایندە دارێژێت.
با بزانین کاک نەوشیروان لەم روەوە چی بۆ بەجێهێشتوین؟
دەرباری هەڵبژاردن نوسیویەتی:  " کاتێ باسی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی پارله‌مانی کوردستان هاته‌کایه‌وه‌ له‌ ناو خه‌ڵک‌دا دو بۆچون هه‌بو: 
یه‌که‌میان، داوای ئه‌کرد خه‌ڵک به‌گه‌رمی به‌شداری بکا....، ئه‌مانه‌ وایانئه‌زانی ته‌جروبه‌ له‌ رابردو وه‌رگیراوه‌. ئه‌مجاره‌یان پارله‌مان کارا و چالاک ئه‌بێ له‌ ئه‌نجامدانی فرمانه‌کانی‌دا. 
دوه‌میان، بێ هیوا بو له‌م پارله‌مانه‌ش، پێ‌ی وابو کۆپیه‌کی ئه‌وه‌ی پێشو ئه‌بێ و، ئه‌میش کارا نا‌بێ،ئه‌رکه‌کانی پێ جێبه‌جێ ناکری، چونکه‌ بڕیار له‌ ده‌س سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان‌دائه‌مێنێته‌وه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا هیچ سودێکی راسته‌قینه‌ی نابێ.
من خۆم له‌ گه‌ڵ بۆچونی یه‌که‌م بوم، به‌ هیوا بوم که‌هیچ نه‌بێ پارله‌مان هه‌ندێ له‌ ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ ئه‌کا، ... به‌ داخه‌وه‌ ئێمه‌مانان که‌ بانگه‌شه‌مان بۆ بۆچونی یه‌که‌م کرد و، داوامان له‌ هه‌موده‌نگده‌ران، له‌ کوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌، کرد به‌ په‌رۆش و گه‌رمیه‌وه‌ بچن بۆده‌نگدان ده‌رکه‌وت به‌ هه‌ڵه‌ چوبوین، چونکه‌ ئه‌میش ئه‌گه‌ر له‌وی پێشو لاوازترنه‌بوبێ ئازاتر نه‌بو".

دەرباری هه‌وڵی گۆڕین نوسیویەتی:
" ئه‌وانه‌ی باسی گۆڕین ئه‌که‌ن بیروبۆچونی و رێگه‌چاره‌سه‌ر و سیناریۆی جیاواز باس ئه‌که‌ن، هه‌ر له‌ هه‌وڵی گۆڕینه‌وه‌ له‌ ناو حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تا زه‌بروزه‌نگی شۆڕشگێڕانه‌ و شه‌ڕی چه‌کدار، تا راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی شار و تا بایکۆتی هه‌ڵبژاردن و تا شه‌ڕی هه‌ڵبژاردنه‌کان و زۆر شتی تر".
لە باسکردنی هه‌وڵی گۆڕین له‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نوسیویەتی:
" هه‌ندێک ئه‌ڵێن: گۆڕین به‌ ته‌نیا به‌ ره‌خنه‌ و نوسین ناکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕین بکری ئه‌بێ به‌شداری بکرێ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان دا... ، له‌ هه‌لومه‌رجی ئیستادا، به‌ هۆی ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسیه‌وه‌ که‌ له‌ وڵاته‌که‌دا پێڕه‌وی ئه‌کرێ کارێکه‌ له‌ کردن نایه‌ت. هۆکارەکەشی دەگەرێنێتەوە بۆ ئەوەی کە: " له‌ پشتی ئه‌مانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی تر هه‌یه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ به‌ڕێوه‌ ئه‌با و حوکمی وڵات ئه‌کا، ئه‌ویش "ده‌سه‌ڵاتی تارمایی" ه که‌ حیزب و ده‌سته‌به‌ندیه‌کانی ناو سه‌رکردایه‌تیه‌کانێتی‌. بۆیه‌ ئه‌بێ به‌ ته‌مای ئه‌مه‌ نه‌بین".
دەرباری ستراتیژی گۆڕان لە دەسەڵاتدا کاک نەوشیروان دەڵێت:  " هەندێک دەڵێن باشترین رێ هه‌وڵدانه‌ بۆ چاکسازی ده‌سه‌ڵات له‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. ئه‌م رێگه‌یه‌ له‌ هه‌مو رێگه‌کانی تر سه‌لامه‌تتر و ئاسانتره‌.
سه‌لامه‌تتره‌، چونکه‌ پشێوی سیاسی، ئاژاوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌کداری لێ ناکه‌ویته‌وه‌. ئاسانتره‌، چونکه‌ رێگه‌یه‌کی قانونیه‌، داووده‌زگا ده‌ستوریه‌کان ئه‌توانن له‌ پرۆسه‌یه‌کی قانونی دا، به‌ هێمنی و شێنه‌یی، جێبه‌جێ‌ی بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌ زۆر کار و ئەجێندای سەختە".
دەرباری هه‌وڵی گۆڕین له‌ ناو حیزبه‌وه کاک نەوشیروان گەیشتبوە ئەو قەناعەتەی‌
گۆڕین له‌م رێگایه‌وه‌ ئه‌گاته‌ به‌رده‌م ده‌رگایه‌کی داخراو.
سەبارەت بە هه‌وڵی گۆڕین له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزب پرسیار دەکات: " حیزب ئامڕازه‌ یا ئامانج؟ ". ئه‌گه‌ر ئامانج بێ ئه‌بێ بمێنێ و، ئه‌گه‌ر ئامڕازیش بێ ئه‌شێ بگۆڕێ و، ئه‌گه‌ر که‌ڵکی نه‌ما ئه‌شێ ده‌ستی لێ هه‌ڵبگیرێ و، ئه‌گه‌ر رێگه‌ی گرت ئالته‌رناتیڤی بۆ دروست بکرێ.
حیزب بێگومان ئامڕازه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانج ....، کاتێ ئامڕاز واته‌ حیزب ناتوانێ ئامانج به‌دی بهێنێ یا ئه‌بێته‌ رێگر له‌ به‌رده‌م به‌دیهاتنی ئامانج دا ئیتر پێویستی بون و مانی له‌ ده‌س ئه‌دا". لە درێژەی شێکردنەوەکەدا نوسیویەتی: " مادام گۆڕین له‌ ناو حیزبه‌وه‌ ناکرێ و مادام حیزب خۆی بۆته‌ رێگری گۆڕین و، مادام حیزب ئامانج نیه‌ که‌واته‌ ئه‌بێ به‌ دوای گۆڕین دا بگه‌ڕێین له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزب".
دیدگا و هەڵسەنگاندنەکانی کاک نەوشیروان تا ئەم چرکەیەش لە گەڵ واقیعی کوردستاندا گونجاون، بۆیە شایستەی بایەخی گرنگ و وردکردنەوەیەی وردن، بە تایبەت لای ئەوانەی بە دەنگێکی بەرز بانگەشەی خەست بۆ پێرەوکردنی رێبازی کاک نەوشیروان دەکەن. هەرچۆنێک بێت دروستە لە دەسەڵاتدارانی گۆڕان چەند پرسیارێک بکرێت:
بۆچی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بەوپەری پەرۆشیەوە و بە کێبرکێیەکی زەقی چەند هەڵسوراوێکی خاوەن ئەزمونی پەرلەمانی بەرەو ئەم هەڵبژاردنە دەگوزەرێن، وەک ئەوەی چاوەروان بن هەنگوین لە داری کلۆردا بدۆزنەوە؟
ئایا ئومێد و هیوایان بە گۆرانکاری لە رێگەی پەرڵەمانێکەوە کە گۆڕان ئەزمونی زۆر سەخت و تاڵی لە گەڵدا هەیە ئەوەندە تۆکمە و بەهێزە کە شایستەی ئەم پەرۆشی و هەرا و کێبرکێ توندە بێت؟
ئایا گۆڕان وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مەزنەکان لە رەوش و دۆخێکدایە تا بتوانێ بەشێک لە خواست و داواکاریەکانی جەماوەر بەدی بهێنێت؟ ئەو جەماوەرەی لە قسە و چرینەوەی دروشمەکان تێر بوە و کرداری دەوێت. 
ئایا چاوەروان دەکرێت گۆڕان پێگەی بەهێزی پەرڵەمانی جارانی ( هێزی دوەمی کوردستان) بپارێزێت تا بە جدی گوێی لێ بگیرێت و بە هۆی هەڵپەی دەسەڵاتدارەکانیەوە نەکەوێتە نێو گەمەی سیاسی بێ سەمەرە؟
ئایا چی لە سروشتی هێزە دەسەڵاتدارەکان، بەدەر لە گەمەی سیاسی، گۆراوە تا لە کۆتایی تونێڵە تاریکەکەدا روناکیەک بەدی بکرێت؟
وەڵامدانەوەی دروستی ئەمانە و چەندین پرسیاری تر تیشک دەخەنە سەر واقیعی سیاسی و ژیانی پەرلەمانی و نەخشە و سەنگی سیاسی کوردستان. بۆخۆم لەو باوەرەدام هەڵچنینی ئومێدی گۆرانکاری لە سەر ئەو واقیعە لە سەراب دەچێت.
لێرەدا مەبەستم کەمکردنەوەی رۆڵی پەرلەمان و پەرلەمانتارە دڵسۆز و خەمخۆرەکان نیە، ئەوەی گرنگە لە دوا مەتافدا چی دەگورێت و چی بەدەست دەهێنرێت، کێ دەسەڵاتدارە و چی دەکات و ناکات، کێ بریاری پرسە گرنگەکانی بە دەستەوەیە و ..... لە غیابی بەرچاورونی و وەڵام بۆ ئەم پرسە گرنگانە ژیانی پەرڵەمانی لە یاسادانان و لێپرسینەوە بەهای ئەوتۆیان نابێت. 
لە ناو هۆڵی پەرڵەمان وەک نوێژکردن لە گەشتێکی درێژ لە وشکانیدا لێ دێت و بۆ دەرەوەشی کورد وتەنی دەنگی دەهۆڵەکە تەنها لە دورەوە خۆش بەر گوێ دەکەوێت.  
گۆڕان لیستێکی سەد کاندیدی پێشکەشی کۆمسیۆن کردوە، بەشێک لێیان کەسانی خاوەن ئەزمون و توانان، لەو باوەرەدام ئەوانەی دەیبەنەوە لە چرینەوەی زۆربەی قەوانەکانی پێشو زیاتریان پێناکرێت، هەرچەندە ئەم ئەزمونانە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و چەند چەمکێکی ژیانی پەرلەمانی زیندو رادەگرن، بەڵام لەو باوەردام نابنە هۆکار بۆ گۆرانکاری بنەرەتی، چونکە لە ناخی سیستەمی سیاسیماندا سەپێنراوە کە گۆرانکاری گەورە لە پەرڵەمانەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە رێکەوتنی سیاسی دەسەڵاتدارانی حزب لە دەرەوەی پەرلەمان.
زیاتر لە سەدەیەکە کورد تینوی دیموکراسیە و داوای دەکات، کاتێك دەرفەتی بۆ رەخسا ئەو پرسە بچەسپێنێت هەر زو بەدەستی خۆی ئەوەشی هەبو کەلەپاچەی کرد. 
ناشیت گۆڕان لە بیری خۆی بباتەوە کە پارتی و یەکێتی وێرای رێکەوتن و بەرێوەبردنی حکومەتی هەرێم دو هێزی زۆر رکابەر و ناحەزن بەیەکتر، بەڵام کاتێک پێویست بکات دەست لە ناو دەستی یەکتر دەکەن.
گۆڕان لەم روەوە ئەزمونی زۆر تاڵی تێپەراندوە، لە گەڵ ئەوەشدا دەبێت بە وردبینی سیاسیەوە مامەڵە لە گەڵ ئەگەرەکان بکات و خۆی نەکاتە سورەی بەر لەشکری بەناو پرسی دیموکراسیەت و پابەندبونی کوێرانە بەچەند رێسا و ئیلتزام کە لە ژیانی پەرڵەمانی لای خۆمان بونیان نیە، وەک هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.
ئێستا کاتیەتی گۆڕان پشتگیری دواخستنی هەڵبژاردنەکان بکات و یەک و دوی لێ نەکات. ئەم ئەگەرە دەرفەتێکی باش بە گۆڕان دەدات تا ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و بە هیمەتێکی تر بەرەو هەڵبژاردن بروات و ئەگەری داکشانێکی ترزۆر لاواز بکات.
ئەگەر ئەم خاڵانە بە هەند وەر نەگیرێن تەنها یەک هەڵسەنگاندن دەمێنیت ئەویش: سەرانی گۆڕان بێ چەمکی ئۆپزسیۆن توانا و دیدگایان بۆ ئاراستەکانی تر لاوازن، ئەوکات پەرۆشی و گرجو گۆڵی و رکابەری خەستی یەکتر ئاماژەن بە خوگرتنێکی سیاسی بەم دیاردەیەی پێی دەوترێت هەڵبژاردن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand