شەلەلی سیاسی
2018-08-01 11:11:54
■پەیكار عوسمان ..
گرگنێکی وەکو 'نەوەی نوێ' عەقڵی بەوە شکا کە قسەیەکی نوێ فڕێ بداتە ساحەکەوە، هاتووە ئەڵێ سەرۆکی لیستەکەم کاندیدی ئێمەیە بۆ سەرۆك وەزیران.
کەچی چوار حیزبی زل و زەبەلاح عەقڵیان پێ نەشکا قسەیەکی نوێ حیکایەتێکی نوێ جوڵەیەکی نوێ بکەن!
ئاخر ئەوە بۆ نەوەی نوێ یارییەکەی گاڵتییە، تەنیا بۆ موخاتەبەی دەنگدەرە، نەك بەڕاستی بۆ مونافەسەی بەدەستهێنانی سەرۆك وەزیران. بەڵام بۆ چوار هێزەکە، جگە لەوەی هەمان شتە بۆ دەنگدەر، یارییەکی ڕاستیشە بۆ مونافەسە. وەلێ پێئەچێ لەگەڵ کاکە نەوەیا عەقڵیش نێژرابێ، عەقڵی شتی گەورەو ستراتیجی نا، تەنانەت عەقڵی شتی بچوك و وردەواڵەی سیاسیش!
کێشەکە ئەوەیە ئەم هێزانە خۆشیان باوەڕیان بە خۆیان و بە پرۆسەکە نەماوە، بەڵام لە عینادییەکی تەواو ناماقوڵدان لەگەڵ خۆیان، وازحیش دیارە کە عینادییەکە بەرەو شکستێکی تریان ئەبات، بەڵام بەڕادەیەك توانای جوڵەیان لەدەستداوە، کە شکستێك ئاسایی ڕووبدا، پێیان باشترە لە هەڵگەڕانەوەو جوڵەیەکی نائاسایی و موفاجء!
ئەوەش ڕێك شەلەلی سیاسییەو شەلەلیش خودی نائومێدییە، چونکە ئومێدی سیاسیی لە جوڵەدایە.
وەستان لەسەر جمود، هەرگیز ناکاتە نەفەسدرێژی و بەردەوامبوون، نەفەسدرێژی و بەردەوامبوون تەنیا بەردەوامبوونە لەسەر جوڵە.
هەرگیز بەرگریش لە جموددا نیە، بەرگری خودی جوڵەیەو تەسلیمبوونیش خودی دووبارەبوونەوە!
سوربوون لەسەر جمود لە دوور مەودادا گۆڕانکاریت ناداتێ، بەڵکو هەر ئێستاو لە مەودای نزیکدا ئەیسەلمێنێ کە تۆ هێزی گۆڕانکاری نیت. بەڵکو ئەوە سوربوونە لەسەر جوڵە، کە لە دوور مەودادا نەتیجەت ئەداتێ.
هەڵبژاردن و بایکۆت و هەموو عینوانە سیاسییەکانی تریش، هیچیان لە خودی خۆیاندا نە ئومێدن نە نائومێدی، نە بەرگرین نە تەسلیمبوون. بەڵکو لەناو سیاقە سیاسیەکەدا دەرئەکەوێ کە چین و چی نین.
مەسەلەن پێش دە ساڵ هەڵبژاردنی ٢٥ی٧ ئومێدو بەرگریبوو چونکە جوڵەبوو. بەڵام هەڵبژاردن لە ئێستادا نائومێدی و تەسلیمبوونە چونکە جمودە!
هەر ئەونەشی کە هەڵبژاردن بووبە جمود، ئیتر بایکۆتی هەڵبژاردن ئەبێتە جوڵەو ئەبێتە بەرگری و ئومێدیش.
ئەمەوێ بە یەك جوملە بڵێم (ئومێدی سیاسی پەیوەندی بە هەڵبژاردن و بایکۆتەوە نیە، پەیوەندی بە جوڵەو جمودەوە هەیە.)
جا هیزە موعارزەکان ئەگەر خەونی گەورەو خەمی گشتیش نەبێ، هەر وەکو حیزب و لەبەر خۆیان، پێویستیان بە بایکۆتێکی هەڵبژاردن هەیە، بۆ موراجەعەو خۆڕێکخستنەوە، هەروەها بۆ وەستاندنی ئەو خلۆربوونەوەیەی کە تێیدان!
کە جوڵەیەك چووە گیرفانی جمودەوە، ئیتر وەستانێك جگە لەوەی ئەبێتە ئەرك، ئەشبێتە خودی جوڵە.