Draw Media

چیرۆکی سەرکەوتن

چیرۆکی سەرکەوتن

2018-08-03 21:50:35


■ كۆچەر بیركار ....
  بەشی یەک --

دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر بیرم کردەوە کە لە زنجیرەیەکدا باسی بڕێ لەو شتانە و کەسانە بکەم کە بوونەتە هۆی سەرکەوتنم یا بوونەتە ڕێگرم لە ژیانی خوێندەواریمدا. یەکەم بەشیم بڵاو کردەوە بەڵام سەرقاڵی ژیان نەیهێشت زیاتری لە سەر بنووسم. ئەوەی خوارەوە ئەو بەشی یەکەمەیە.
لە مەریوان خوێندنگە و خوێندن بە شێوەی ئەم سەردەمە مێژوویەکی کۆنی نییە هەرچەن خوێندنی حوجرە لە زۆر کۆنەوە بووە. دوور بوونی شارەکە لە شارە گەورەکان لە لایەکەوە و کورد بوونی خەڵکەکەی لە لایەکی ترەوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتانی ئێران ئەو ناوچە پەرە پێ نەدەن.
چەن مانگ دوای لە دایک بوونم شۆڕشی ئێران ڕووی دا و زۆری پێ نەچوو کە شەڕی ئێران و ئێراق دەستی پێ کرد. شەڕێ کە پێوەندی بە کوردەوە نەبوو. شەڕی فارس و عەرەب بوو بەڵام ماڵی کورد بوو وێران ئەکرا. وڵاتەکەمان پەراوێز خرابوو و باری ئابووریی نالەبار بوو. خەڵکەکە هەر فریای فڕکەفڕک و کۆچکاری ئەکەوتن.
پێنج ساڵانە بووم کە لە دێی شێخەکوێرە پەنابەر بووین! باوکم جاروبار ئەیبردم بۆ خوێندنگە تا وردە وردە خووی پێ بگرم. خۆیشی لەگەڵمدا دائەنیشت لە پۆلەکە. لە شەس ساڵیدا بە ڕەسمی دەستم کرد بە خوێندن لە نێ. خوێندنگەکەمان ڕووت و قووت بوو. ماڵ بوو و کرابوو بە خوێندنگە. تەنیا دوو سێ دیوی تێدا بوو و بەشی نەئەکرد جا بۆیە بڕێ لە پۆلەکان لە ناو چادردا بوون. کە چوومە پۆلی سێ خوێندنگەکەمان گوێزرایەوە بۆ شوێنێکی تر. کە چوومە پۆلی چوار دیسان گوێزراینەوە خوێندنگەیەکی نوێ کە شیاوتر بوو.
سەرەڕای ئەو کەموکووڕییانە، خوێندکاری لادێیی وەک من ئەبوایە کاری کشتوکاڵیشی کردایە کە زۆر ماندووکەر بوو.
بە گشتی مامۆستاکانمان زەحمەتکێش بوون و هەوڵیان ئەدا فێرمان کەن. پەروەردە کردنی خوێندکاری سەرەتایی ناڕەحەتترە لە خوێندکاری زانکۆ. بڕێ لە مامۆستاکان دڵڕەق بوون و هەموو ڕۆژێ شووڵکاری و دارکارییان ئەکردین. لە جێی پەلکەی زولفی ڕەش پەلکەی سیمی کەوە و سووریان ئەنا مشتمان.
یەکێ لە مامۆستا هەرە باشەکانم مامۆستای پۆلی پێنجم بوو بە ناوی کاک ڕەحمان کە خەڵک بە ڕەحمانی خاتوو مەلێعا ناویان ئەبرد. پیاوێکی زۆر هێمن و لە سەرخۆ بوو. هەموو ڕۆژێ دوای تەواو بوونی وانەکان داستان و حەکایەتی بۆ ئەگێڕاینەوە. لە ڕۆژە خۆشەکانی بەهاردا ئەیبردین بۆ دەشت و چیا و لەوێ وانەکانی ئەوتەوە. جاری وایش بوو ئەیبردین بۆ دەشتی کانیسانان و پۆلێکی خوێندکاری کانیسانانیش ئەهاتن بۆ ئەوێ و هەردوو مامۆستا بە یەکەوە فێریان ئەکردین.
تا ئەو شوێنە لە بیرم بێ، یەکەم جار کە هەستم کرد حەز لە بیرکاری ئەکەم پۆلی پێنج بووم. زۆریش خەریکی نەئەبووم بەڵام باشم لێ ئەزانی. لەوانەیە لە بەر باشی مامۆستاکەمان بووبێ.

بەشی دوو 
هەشت ساڵی منداڵیم لە ناو تەنوورەی شەڕی بێ مەعنای ئێران و ئێراق بە سەر برد. دوو وڵاتی زل دەستیان نابووە قوڕگی یەکتر، شەلم کوێرم شەڕەشەقیان ئەکرد. زۆرێ خەڵکیان بە کوشت دا و زۆرێ ماڵیان وێران کرد. زۆر جار دیومە فرۆکە بۆردمانی کردوە و بۆمبی ڕژاندووە بە سەر مەریواندا. تۆپ و قومپارە و تەنانەت بۆمبی شیمیاییشیان پێشکەش کردین. هەردوولایان داوەشێن بۆ خێر و بەرەکەتێ هەناردەیان کردین. لە لایە تریش شەڕی پێشمەرگە و سوپای پاسداران بوو. زۆر کەس کوژران، زۆرێ زیندانی کران و ئەشکەنجە دران. ئەم شەڕیشە هەر ماڵوێرانی کوردی لێکەوتەوە.
پێنج ساڵ تەمەنم بووم کە شەڕ تەواو گەرم بوو و خەڵکی دێکەمان واتە نێ و خەڵکی دێکانی دەوروبەری ئاوارە بووین و کۆچمان کرد بۆ دێکانی دوورتر لە سنووری ئێران و ئێراق لە بناری کێوی قەلەبەرد. لەگەڵ چەند بنەماڵەی تردا بە تەراکتۆر گواستمانەوە و یەکەم شەو لە دێی دەری یا نشکاش لە ژێر کەپرێکدا خەوتین. ڕۆژی دواتر ڕێکەوتینەوە و گەیشتینە دێی چۆڕ و نەنە. ماڵ باوەگەورەم لە چۆڕ مانەوە و ئێمەیش چووینە دێی شێخەکوێرە.
لە بیرمە لەگەڵ برا و خوشکەکەمدا بە قوڕ فڕۆکە و شتمان درووست ئەکرد. جار جار فڕۆکەی ڕاسیانە ئەهات بە دەنگێکی زۆر بەرز ئەینەڕاند و کاک حەیدەر برام بە گەمەوە ئەیوت ئەوە ئیسە ئەمان بینێ و بۆردمانمان ئەکات. ئێمەیش بە پەلە شتەکانمان خراپ ئەکرد.
ڕۆژێکیان دوانیوەڕۆ بوو من و جەڵەبێ منداڵ ڕۆیشتین بۆ بەر ئاوایی. لەگەڕانەوەدا من وتم ئەڕۆم بۆ چۆڕ بۆ ماڵ باوەگەورەم. بە تاق تەنیا ڕێکەوتم. ئیتر نازانم چۆن گەیشتمە چۆڕ و چۆن لە ناوڕێدا جڕوجانەوەر نەیان خواردم و لە بیرم نییە چۆن ماڵ باوەگوەرەم دۆزییەوە.
لە شێخەکوێرە بوو کە یەکەم جار چوومە خوێندنگە بەڵام بە نافەرمی. باوکم ئەیبردم و خۆیشی لەگەڵم دائەنیشت تا خووی پێ بگرم. ئەو ترس شکاندنە زۆر باش بوو چون لەو دەور و زەمانەدا هیچ جۆرە ئامادە کردنێک نەبوو بەر لەوەی منداڵ ئەبوو بە شەش ساڵ و ئەچووە خوێندنگە.
دوای چەند مانگ دیسان گەڕاینەوە دێکەمان نێ. بەڵام چوار ساڵ دواتر دیسان ئاوارە بووینەوە، ئەمجارە ڕوو بە گاڕان ڕۆیشتین و لە دێی دووەیسە گیرساینەوە. ماڵ نەبوو تێی چین لە ناو خوێندنگەی دێکەدا ئەژیاین لەگەڵ چەند بنەماڵەی تردا. بڕێ ڕۆژ لەگەڵ دایکمدا ئەڕویشتین بۆ سەر کێوەکان بۆ گیا کەندن. گۆزروان، قنگر، چاوکووتکە، ... بەڵام زۆربەی ڕۆژەکان من و حەیدەر و شاخەوان برام گەمەمان ئەکرد. تۆپێنمان ئەکرد و بە قاقەز فڕۆکەی جۆراوجۆرمان درووست ئەکرد. دوای چەند مانگ دیسان گەڕاینەوە نێ.
ماوەیە بوو لە بەر زۆری بۆردمان، خەڵکی ئاوایی بەیانیان زوو ئەڕۆیشتین بۆ سەر کێوەکان و نزیکەی شەو ئەهاتینەوە بۆ ناو ئاوایی. بنەماڵەی ئێمە ئەچووین بۆ شاپانەسەرە لای کێوی شەڕگا. خەڵکێ زۆری تریش ئەهاتن بۆ ئەو شوێنە و دەوروبەری. کابرایە سەیرخۆش بوو جاروبار خۆی ئەشاردەوە لە بنە دەوەنێکدا و وەکوو فڕۆکە ئەیگرمان. ئیتر ئەو عالەمە لە ترسا هەر یەکە و بە لایەکدا ڕای ئەکرد.
بێجگە لەو ئاوارەییانە، نێ زۆر بێوەی تر بوو لە مەریوان و لە دێکانی سەر سنوور. جا بۆیە ژمارەیە زۆر ئاوارە لە نێ ئەژیان و زۆریان دوای شەڕەکەیش هەر لە نێ مانەوە. ساڵی نەوەد و یەک، ژمارەیە زۆر لە باشووری کوردستانەوە هاتنە نێ و تا ماوەیە لەوێ بوون. یارمەتی ئاوارە و لێقەوماو دابونەریتێکی کوردانەیە کە ئەبێ کورد شانازی پێوە بکا.
درێژەی ئەبێ ...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand