Draw Media

نوگرەسەلمان و سیدنایا ... میراتیی نیوسەدەی بەعس

نوگرەسەلمان و سیدنایا ... میراتیی نیوسەدەی بەعس

2024-12-18 09:07:42


دڵسۆز حەمە

ئەگەر ئەو وێنە تراژیدی و ترسناکانەی زیندانەکانی سیدنایا، ئەو مرۆڤە بریندارو تێکشکاو و لە مرۆڤخراوانەی  لە دە ڕۆژی ڕابردوودا بۆ دنیای دەرەوە، بۆ کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا دیمەنی شۆکهێنەرو دڵڕەق تراژیدی بن، ئەوا بۆ کۆمەڵگای عێراقی و کورد بەتایبەتی کە هەمان سیستەمی سیاسی بەعسیزمی ئەزمون کردوە لە خراپترین و قێزەونترین ڤێرژنیدا ئەوا ئەو دیمەنانە دیمەنی ئاشنان و ئەو ئازارو چەوسانەوەو بێنرخکردنەی ئینسانمان لە خراپترین و دڵڕەقترین و قێزەونترین فۆرمەکانیدا ئەزمون کردوە، لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر برینەکانی ئەو یادەوەریە (دەستەجەمعیە) دەکولێتەوەو دەچینەوە بەردەم هەمان دیمەنی دڵرەقی و توندوتیژی کە لە سەرەتای ڕوخانی بەعس لە عێراقدا بەریکەوتین و سەرقاپی ئەو زێرابە سیاسی و زیندانە  گەورەیە هەڵدرایەوە کە عێراقی بەعس بوو!
دوای پەنجا ساڵ ئەزمونکردنی بەعسیزم لە عێراق و سوریادا، میراتی سیاسی و فەرهەنگی و ئابوری و ئینسانی و تەنانەت سایکۆلۆژی ئەو هێزە بۆ ملیۆنەها  مرۆڤی ئەو دەڤەرە بریتییە لە وێرانەیەکی ئابوری  و کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و ژینگەیی و نابوتکردنی پایە دەرونی و ئینسانیەکان، ئەو پایانەی  کۆمەڵگاکان بە زیندویی و پێکەوە گرێدراوی دەهێڵێتەوە، ئەو پێکەوەو بوونەی هێزی ئینتیماو گرێدان و وزەی ئومێد  دەبەخشێتە تاکەکان بۆ گرێدان بە خاک و نیشتمان و کۆمەڵگاو بەداهاتوشەوە، ئەم وزەیە نەک لە بن هاتووە، بەڵکو ئێستاکە بەشار ئەسەد وەکو سەددام، کۆمەڵگایەکی جێهێشتوە، هەژارو برسی، لەڕووی دەرونی و ئینسانی و فەرهەنگی سایکۆلۆژییەوە کۆمەڵگایەکی تراوماتیکی و پەشێوو شپرزە، هەشت ملیۆن ئاوارەی هەندەران و ملیۆنەها ئاوارەی ناوخۆی سوریا، سێ  شاری  گەورەی خاپورو سەدان دێهات و شارۆچکەی وێران، ژێرخانی ئابوری ڕوخاو، کۆمەڵگایەکی پارچە پارچەو دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان زیندانی ترسناک  کراوە  بەسەر ڕۆژگارو چیرۆک  و حیکایەتی ترسناکتردا !
بەعس لە عێراقدا، تەواوی توانستی ئابوری بەهیزی وڵاتەکەی لە زنجیرەیەک شەڕی وێرانەکاری و عەبەسیدا بەفێڕۆدا، لە کڕینی چەک و جبەخانەی سەربازی و پیشەسازی سەربازی و سەرفکردن لەسەر دروشم  و خیتابێکی سیاسی ڕەگەزپەرست و شۆڤینی عەرەبی، خیتابێک  کە پارچەپارچەکردن و نامۆکردن و تۆرانی زیاتری پێکهاتە زۆرو جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقی  بەرهەم دەهێنا لە جێگای کۆکردنەوەو پێکەوگرێدان و قوڵکردنەوەی هەستی ئینتیماو پێکەوەگرێدان، توانستە ئابورییەکانی عێراقی بەعس ئەوەندەی لە بیناکردنی زیندان و کۆشک و تەلارەکانی سەرۆک و کڕینی چەک و جبەخانەو بیناکردنی سیستەمی جاسوسیکردن بەسەر هاوڵاتیان و سیستەمی داپڵۆسین و چەوسانەوەو زەلیلکردنی خەڵكدا بەفیڕۆ درا، هێندە لە دروستکردنی قوتابخانەوزانکۆو خەستەخانەو ڕێگاوبانەکاندا خەرج نەدەکرا، لەدیدی بەعسدا هاوڵاتیی عێراقی و کورد بەتایبەتی بەهای مێشولەیەکیشی نەبوو، هەربۆیە بێبەشکردنی بە بچوکترین مافەکانی مافی ڕادەربڕین و قسەکردن بە جۆرێک ترسناک بوو کە زیندانەکانی ئەبوغرێب  و نوگرەسەلمان و هەیئەی کەرکوک و موسڵ جمەیان دەهات لە ئینسانی عێراقی کە ڕەنگە لەسەر نوکتەیەک، پێکەنینێک، ڕستەیەک، چرپەیەک، هەڵەیەک، دڕاندنی وێنەی سەرۆک بە دڕندانەترین شێوە ژیانی لێسەندرابێتەوە یان لە سوچ و قوژبنی زیندانە ترسناک و تاریک و تونەکاندا ڕوبەڕووی مەرگی هێواش کرابێتەوە.
ڕەنگە ترسناکترین لێکەوتەکانی چەوسانەوەو زەلیلکردنی ئینسان، شکانی ئیرادەی ژیان بێت، شکان و بچوککردنەوەی وێنەی ئینسان لە دیدی خۆیدا، دواجار کۆمەڵگای مرۆڤە تێکشکاوەکان کۆمەڵگایەکی ترسناکە کە بۆ ئیرادەی خەوبینین، ئیرادەی گۆڕان و نوێکردنەوەی شێوازی بیرکردنەوەو فڕێدانی یەکجارەکی کەڵکەڵەی کۆیلەبون و دیلێتی هەربۆیە ئەو کۆمەڵگایانەی کە چەندین نەوە فەرهەنگی دیلی و چەوسانەوەو بێڕێزی وتوندوتیژی و بێنرخکردنی مرۆڤ ئەزمون دەکەن، ئەو مرۆڤانەی بەسەر دڵڕەقی و ئیرهاب و کوشتن  و خوێنڕشتن و توندوتیژیدا چاویان دەکرێتەوە، زەحمەتە  لە قۆناغی ئازادیدا، لەقۆناغی دوای ڕوخانی دیکتاتۆردا، دوای گۆڕانەکاندا، زەحمەتە وزەی ئازادی ولێبوردەیی و وزەی پێکەوەژیان و دیموکراسیان تێدا بێت، هەربۆیە لەم ناوچە پڕ ئازارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دکتاتۆرێک بەدکتاتۆرێکی دی دەگۆڕێت، سیستەمێکی چەوسێنەر بە یەکێکی چەوسێنەتر دەگۆڕێت، شێوازی بیرکردنەوەی  چەوسانەوەو توندوتیژی و پاوانخوازی و ڕەگەزپەرستی و تۆتالیتاری لە دەسەڵاتێکەوە ڕادەستی سیستەمێکی تر دەکرێت، لە هێزێکەوە رادەستی هێزە نوێیەکان دەکرێت، عێراقی دوای سەددام و سوریای ئێستا کە ئاسۆی ژیان و خیتابێکی نوێ وسیستەمێکی سیاسی نوێی تێدا بەدی ناکرێت، نمونەی دووبارەکردنەوەی میراتە سیاسی و سیستەمی بیرکردنەوە داخراوەیە  کە هەڵگری پڕۆژەیەکی نوێ و جیاوازی  پێ نیە !

 

زۆربەی ڕژێمە عەرەبیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕژێمی شمولی و نادیموکراتی و گەندەڵ و نەویستراون لەناو میللەتاندا، لەدوای پەنجاکانی سەدەی ڕابوردوو، ڕزگاربونی وڵاتانی عەرەبی  یەک لەدوای یەک و درستکردنی دەوڵەتە (ناسیۆنالستی) عەرەبیەکان، ئیدی دروشمە  ئاگراوی و حەماسییەكانی ئازادی نیشتمان  دەبێتە سەرەتای دروستبونی کۆمەڵێک سیستەمی  تۆتالیتاری عەرەبی گەندەڵ و چەوسێنەر، نادیموکرات و داپڵۆسێنەر، سیستەمە عەرەبیەکان خراپترین مۆدێلی دەوڵەتی ناسیۆنالستین لە دنیادا، بەڵام بەعسی عەرەبی ترسناکترین و دڕەندەترینیان بووە لە مێژوی هاوچەرخی ناوچەکەدا.

بەعس لە عێراقدا گۆڕی بەکۆمەڵ و چەکی کیمیایی و لە سێدارەدانی بێدادگایی و پاکتاوی نەژادی و وێرانکردنی شارو شارۆچکەو ڕووبارو هۆڕو زەنگاوەکان، سوتانی ملیۆنەها دارخورما، زەوی بەپیتی کشتوکاڵی  و وێرانکردنی لادێکان، ڕاگوێزان و دەرکردنی بەزۆرەملێ  و هەڵگیرسانی زنجیرەیەک جەنگی ماڵوێرانکەری بەرهەمهێنان کە  کۆمەڵگای عێراقی بە جۆرێک نابوت کرد چەندان نەوەی دی باجی بێمێشکی و توندوتیژی  و وێرانەکارییەکانی بەعس دەدەن، بەعس لە سوریا، هەمان ڕەفتاری فاشستی و نامرۆڤانەی  کردوە، هاوڵاتی کوردەکانی بێبەش دەکرد لە پێدانی ناسنامە، لە مافی  منداڵبوون، لە مافی  بەکارهێنانی زمان و فە رهەنگ و کەلتور، دەرکردن لەسەر زەوی و خاکی خۆیان، بەعس خراپترین و دڕندەترین ڤێرژنی ناسیۆنالیزمی فاشیلی عەرەبیە لە ناوچەکەداو لە دوای دروستبونی دەوڵەتی ناسیۆنالستی عەرەبەکانەوە .
ئەوەی ئێستا لە سوریادا دەبینرێت هەمان ئەو مۆدێلە قێزەونەی بەعسە کە بەدرێژایی نیوسەدە سەرقاڵی نابوتکردنی کۆمەڵگاکان و زەلیکردنی ئینسانی ئەو دەڤەرە بوون بەگرتنەبەری سیاسەتی زیندان و زەلیلکردن، بەعس داهێنانی گەورەی کردوە لە شێوازەکانی ئازاردان و زەلیلردنی ئینساندا، داهێنانی کردوە لە شێوازەکانی کوشتن و پارچەپارچەکردنی ئینساندا، لە بێئیرادەکردن و داماوکردنی  کۆمەڵگاکاندا هەتا ئیرادەی گۆڕین و بیرکردنەوەی گۆڕینیان تێدا بکوژێت، ئەگەر ڕاستگۆ بین، ئیرادەی نێودەوڵەتی نەبوایە بەعس نە لە عێراق نە لە سوریان نەدەجوڵاو ڕاماڵینیان زەحمەت بوو، بەعس لەهەمبەر هاوڵاتی و ژن  و منداڵیشدا لە بەکارهێنانی کیمیایی و کوشتن و لەتوپەتکردن نەدەپرنگایەوە، دڵڕەقی و ترسناکی بەعس بەجۆرێک بوو کە تەنها هاوڵاتی عێراقی و سوری دەتوانێت گوزارشت لە ترسناکی ئەو سیستەمە بکات، هەمیشە سیستەمە تۆتالیتارو چەوسێنەرەکان هەتا دڵنیاتر بن لە قێزەونی و ئەویستراوی خۆیان ئامڕازی ترسناکترو ڕێگای نامرۆڤانەتر دەگرنەبەر بۆ درێژەدان بەمانەوەی خۆیان، بەعس لە عێراق و سوریادا هەمیشە ئاوا بوون، دواجار  فشارو ئیرادەی نێودەوڵەتی  توانیان ئەو باڵاخانە  ئاسنینەی زوڵم  وزۆر بەسەرشانی ژن و مناڵی ئەو دەڤەرەوەیە بڕوخێنن، دەنا لاچونیان زەحمەت بوو .
هەڵدانەوەی سەرقاپی زێرابەکەی بەعس پێویستی بە لەسەروەستان و ڕامانێکی قوڵ هەیە، بە خوێندنەوەی ئەو قۆناغە مێژوییە ترسناکە لە دەیان گۆشەی جیاوازی مێژویی و ئەکادیمیەوە، پرسیار لەسەر ئەو هەموو دڵڕەقی و بەرخوردە نامرۆڤانە ناعەقڵانی و نائەخلاقیانەی کە دەشێت مرۆڤ لەهبەر مرۆڤێکی تردا پیادەی بکات، پرسیار لە سەر چەمکی زیدان و ئازاردان، لەسەر دروشمەکانی نیشتمان و هاوڵاتی و بکەری سیاسی، لەسەر چۆنیەتی بیناکردنی سیستەمێکی چەوسێنەر لە هەناوی هەمان کۆمەڵگاوە، نە سەدام حوسەین و نە بەشار ئەسەد بە تەنها دەیانتوانی کۆمەڵگایەک بەو جۆرە ترسناکە زەلیل و بێئیرادە بکەن ئەگەر سیستەمێکی هیرارکی و سیستەمێکی بیرکردنەوەو سیستەمێکی ئیداری و سەربازی و مرۆیی لە پشتیانەوە نەوەستابێت، ئەو سیستەمە چۆن ئاوا دروست دەبێت و بۆ دروست دەبێت و کێن ئەوانەی دەبنە بەشێک لەو ستراکتورە ترسناکە ؟ بۆ دەبن ؟ چۆن دەبن ؟؟ هەڵهاتنی ترسنۆکانەی دیکتاتۆرێکی ترسناکی وەکو سەددام کە سەدان جەنەراڵ و ئەفسەی پڕۆفێشناڵ و ئەکادیمی بێ دادگاو لێپرسینەوە بەر گوللە دەدا بەناوی هەڵهاتن و ترسنۆکی لەبەرەکانی جەنگدا، بەڵام  خۆی بە ترسنۆکانەترین شێوە کوناوکون خۆی دەشاردەوەو بە تا کەوتە دەست سەربازە ئەمەریکییەکان، هەروا بەشارو بن عەلی چۆن ترسنۆکانە لە میللەتەکەیان هەڵهاتن، ئیرادەی بچوکترین زیندانیان نەبوو کە لە زیندانەکانی ئەواندا ڕوبەڕووی ئەشکەنجە دەبونەوە و نەدەڕوخان !!، ئەوانە ڕێکەوتی مێژویین یان بەرهەمی هۆشیاری کۆمەڵگاو پێکهاتە  جیاوازەکانی ؟ بەعس و سیستەمی بیرکردنەوەی تۆتالیتاری، داگیرکردنی کۆمەڵگا، چەوسانەوەی مرۆڤ و داگیرکردنی سامانی  گشتی و بێنرخکردنی ئینسان، سەرکوت و داپڵۆسین پشتگۆیخستنی کۆمەڵگاو بیناکردنی زیندانەکان و کۆشکی دەسەڵاتدارەکان کە  پشت قاییم دەکەن بە هێزی سەربازی و دەزگای جاسوسی و ترس و تۆقاندن و بێمافکردنی ئینسان، ئەمانە  میراتیی بیرکردنەوەی  بەعسیانەیە لەهەر هێزێکدا  ئامادە بێت و لەهەر سوچێکی دنیادا بێت هەمان سیستەمی چەوسانەوەو ئازارو مەینەتی  بەرهەم دێنێتەوە  !
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand