Draw Media

فابریکەکردنی ئەحمەد الشرع

فابریکەکردنی ئەحمەد الشرع

2024-12-18 10:47:03


سەردار عەزیز

سەرکردەناسی زانستێکی بەرفراوانە. هەندێک پێیان وایە کەسێک وەک سەرکردە لەدایک دەبێت، تیورەی تر پێی وایە سەرکردە دروست دەبێت، هەندێکی تر پێیان وایە سەرکردە دروست دەکرێت. دیارە پێناسەی سەرکردە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر جیاوازە. بۆ نمونە لە هەندێک کەلتوردا سەرکردە ئەوەیە کە کاری گەورە دەکات، لە هەندێک کەلتوری تردا ئەوەیە کە ڕێگا دەدات بە ئەوانیتر هەتا کاری گەورە بکەن.

لە کەلتوری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەلتوری سەرکردە، کەلتورێکی دڕندانەیە. بە زۆری خەڵک بڕوایان وەهایە کە سەرکردە دەبێت ئەو کەسە بێت کە زۆربەی هێزەکان لە دەستی ئەودایە، نەیارەکانی لە ناو دەبات و کاری گەورە دەکات. ئەمە لە گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵک، لە ئاگایی خەڵکی ئاسایی، لە تاریکایی کەلتوری ناوچەکەدا زۆر بە خەستی بۆنی دێت.

سەرباری ئەم کەلتورە دواکەتووە، ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێکی تایبەتدا دەژین، ئەویش توانای تەکنەلۆجیاو میدیاو دەوڵەمەندبوونی زانستەکانی وەک دەرونناسی، پەیوەندی و مێشک، کە چۆن وێناو تێگەیشتن و هالەو ئەفسانە بۆ کەسەکان بەرهەم دەهێنرێت لە ڕێگای چنین و بڵاوکردنەوەی وێناو دیدو بەردەوام دوبارەکردنەوەی. ئەمە باسی بوونی سوپایەک لە ماستاوچی و ڕاوێژکارو زەبابیک ناکەم.

ئێستا ئەحمەد شەرع، بە سەرۆککراوی سوریا لەم دۆخەدا دەژی. وڵاتانی وەک تورکیاو قەتەر پێویستیان بەوەیە کە ئەم کەسە بەسەر کایەی سیاسی سوریادا زاڵبێت. لەم ڕوەوە هەموو میدیاو ناوەندو سەرمایەکانیان خستوەتە کار. شەرع بە تەواوی راهێنراوە، شێلراوە، سەرلەنوێ ئامادەکراوەتەوە. تەنانەت وەک ئەحمەد مەنسور دەڵێت، کاتێک دەستیان بەم پرۆسەیە کرد، ئەو هەندێک قەڵەو بوو، بۆیە بۆ چاوی خەڵکی باش نەبوو، بۆیە دەبوو کێشی خۆی دابەزێنێت. نەک لەش و لاری و جل و بەرگی کە بەلای خەڵکی سادەوە زۆر گرنگە، بەڵکو لە شێوازی قسەو باری دەرونی و چۆنێتی پەیوەندیکردندا راهێنانی زۆری پێکراوە.

ئەمە لە کاتێکدا خۆی ئامادەکراوە، بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە چەندین کەناڵ و ناوەند و کەسایەتی و پارەیەکی زۆر تەرخانکراوە بۆ بونیادنانی ئەفسانەو وێناو حەکایەت و نەرەتیڤی زۆر دەربارەی هەتا هەموو ئەوانی تر لە ناو کایەی سیاسی سوریادا پەراوێز بخات.

میدیای کوردی کە خۆی بە ئاگایی و بێئگایی ئامادەیە بۆ دیکتاتۆر دروستکردن کەوتوەتە ناو ئەم تەڵەیەوە و تەپوتۆزی تیادا دەکات.

دیارە دەبێت لەو ڕوانگە ستراتیژییە بگەین، کاتێک ناوەندەکان پێویستیان بە ئەنجامدانی پرۆژەکانیانە، ئەوا ناتوانن دەزگا دروست بکەن، بەڵکو ئاسانترو سودمەندانەترە کە کەسێک بەرهەم بهێنن. لە هەمانکاتدا خەڵکی ناوچەکەو کەلتورەکەی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی کەسێک وەک کاریزماو خاوەن توانای بان-مرۆیی، لەوەی بیر لە دەزگا یان ناوەند بکاتەوە بۆ پیادەکردنی دەسەڵات.

دیارە هەندێک دەڵێن کە خەتای خەڵک نیە، بەڵکو خەتای نوخبەیە. هەڵەی ئەم دیدە لەوەدایە نازانێت کە خەڵک نازانن دژ بە خۆیانن.

لە سوریا باری دەرونی زۆرێک لە سوننە ئامادەیە بۆ تۆڵە، خۆزاڵکردن، غرورو هەبوونی ماف و حەق. هەموو ئەمانە زەمینەن بۆ هاتنی دیکتاتۆرێکی تر. دیارە هەندێک بنەما هەیە کە دیکتاتۆریەت دەکات بە ناچاریی، بۆ نمونە، ئەگەر سوننەی عێراق بیانەوێت وەک سوننە حوکمی عێراق بکەن، تەنها دەبێت لە ڕێگای دیکتاتۆرێکەوە بیکەن. ئەمە بوو کە سیستانی بەپێچەوانەی برێمەر پێداگریی لە سەر دیموکراسیی کرد، چونکە دیموکراسی یانی زۆرینەو زۆرینە یانی شیعە. ئەمە بۆ عەلەوی سوریاش راستبوو. سوریا لە ئەدیب شیشکلییەوە هەتا خێزانی ئەسەد تەنها دیکتاتۆری بینیوە. ئێستا هەتا بەرەوە دیموکراسیی بڕوات پێویستی بە ڕێنمایی ناوەندی جیاوازترە لە قەتەرو تورکیا، کە دوو ناوەندی تیرۆرن لە ناوچەکەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand