Draw Media

یادو بیر 

یادو بیر 

2021-03-02 07:04:19


پەیكار عوسمان

شیخ مەحمو ئەزانیت کێیە، چونکە حیزبێکی نیەو نەبراوەتە ناو شەڕو ململانێ ی سوڵتەو بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیاوە.. ئیتر نەشکراوە بە بتێکی موقەدەس، یان بە شەیتانێکی لەعنەتیی. بەڵکو وەکو مرۆڤێکی ئاسایی، باس لە باشییەکانیشی ئەکرێ و باس لە کەموکوڕی و هەڵەکانیشی ئەکرێ و دنیاش کاول نابێت!
بەڵام مەلامستەفاو مامجەلال و کاك نەوشیروان و ئاپۆو قاسملۆ.. ئەمانە هێشتا نازانین کێن و حەقیقەتیان ونە. چونکە حیزبیان هەیەو براونەتە ناو شەڕی سوڵتەو بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیاوە.. ئیتر لە مرۆڤی ئاساییشەوە کراون بە خوایەك بۆ پەرستن، یان بە شەیتانێك بۆ نەفرینکردن. لەکاتێکا ئەمە بۆ شێخ مەحمو وانیەو کەس ئەوی لێنەبووەو بە خواو کەسیش ئەوی لێ ی نەبووە بە شەیتان! 
جا ئەوانەی کە ئەبرێنە ناو شەڕو ململانێ، ئیتر قسەکردنیش لەسەریان ئاسایی نیەو کاتێ باسی ئیجابیاتیان بکەیت، پیاهەڵدانە یان وا وەرئەگیرێ. کاتێ باسی سلبیاتیان بکەیت، دژایەتییە یان وا وەرئەگیرێ. ئیتر هەموو قسەیەك لەبارەیانەوە، ئەبێتە بەشێك لە شەڕەکە، نەك بەشێك لە حەقیقەت و بابەتی گفتوگۆو لێکۆڵینەوە بۆ زانین. 
لێرەشدا یارو نەیار، هەردوکیان بە هەمان ئاست، لەم کەسانەو لە حەقیقەتیان داوە. چونکە هەم خوایاندن لە مرۆڤبوونیان ئەخات، هەم شەیتاندن. لە هەردو باردا ئیتر تۆ لە بەردەم مرۆڤێکدا نیت و لەبەردەم بابەتێکدا نیت بۆ زانین، بەڵکو لەناو شەڕێکدایت بۆ لایەنگیریی و بۆ بردنەوە!
هەر سەرکردەیەك بەس حیزبەکەی خۆی یادی بکاتەوە، ئیتر یان حەجمی هەر ئەونەیەو لەوە زیاتر نیە. یان غەدری لێکراوەو بچوكکراوەتەوە بەقەت حەجمی حیزب. هەر حیزبێکیش سەرکردەکەی بە گەورەتر لە حیزب ئەزانێت، ئەبێ لە حیزبا  کەلەبچەی نەکاو ئا لێرەدا هەر یادی نەکاتەوە، زۆر باشترە لەوەی کە حیزبییانە یادی بکاتەوە!
هەر سەرکردەیەك بەس حیزبەکەی خۆی یادی بکاتەوە، ئیتر دووجار غەدری لێکراوە. جارێك کە ئەبرێتە ناوچەی پیاهەڵدان، جارێکیش کە ئەبرێتە ناوچەی داشۆرین، هەردوکیشی لەسەر حسابی حەقیقەت. ئیتر ساڵەکان و یادەکان دێن و دەڕۆن و لە وێنەکەی ئەوان، بەس دوو گۆشەی ڕەش و سپی دیارەو منوتۆش هەر نەمانزانی حەقیقەتی کۆی وێنەکەی ئەوان چیە!
باشترین نمونەش بۆ ئەم دۆخەی ونبوونی حەقیقەت، حاڵەتی نوسەریی سەرکردەکانە. مەسەلەن کتێبەکانی ئاپۆ، لەملاوە ئینجیل و کتێبی پیرۆزی ئاپۆچییەکانە. لەولاوە بە حوکمی ململانێکە، بۆ خەڵکێکی تر، هەر مەوزوع نیەو ئا لێرەدا ڕەنگە ئەوروپییەکان زیاتر ئاپۆ بخوێننەوە وەك لە کوردەکان! ئەوەشی کە باجەکەی داوە، ئاپۆی نوسەرە. چونکە چ لە دۆخی کتێبی پیرۆزداو چ لە دۆخی کتێبی پەراوێزخراودا، ئیتر فیکرەکە ناگاو لە هەردو باردا عەقڵ غائیبە. جارێك عەقڵ غائیبە بە حوکمی عاتیفەو تەقدیس. جارێکیش عەقڵ غائیبە بە حوکمی تەحەفوزو هەڵوێستگیری و ڕەتکردنەوەی پێشوەخت. 
١- بۆ دەرچوون لەو دۆخە حەقیقەتکوژەی ناو شەڕو ململانێکان، گرنگە لە ئاستی تاكدا، ئیتر منو تۆ گوێ لە چیرۆکی یارو نەیار نەگرین. یان گوێ لە هەردوکیان بگرین و بە میزانی زانست و عەقڵ و ویژدان، حەقیقەتی سەرکردەکان، لە خاڵێکی سێیەمدا بدۆزینەوەو لەو دوو چاڵە تاریکە ڕزگاری بکەین.
هەڵبەتە ئێمە لە دەرەوەی یارییەکەدانین و سەرکردەکانیش لە دەرەوەی ئێمەدانین و لێرەدا باس لە بابەتیبوونێکی خەیاڵی نیە، کە وەکو ڕۆبۆت مامەڵە لەگەڵ بابەتی لێکۆڵراودا بکەین. نەخێر ئێمە ئینسانین و واقع لەناوماندایەو خۆشمان لەناو واقعداین و ئەنواع مەیل و هەست و لایەنگری و بەشداریمان هەیەو خۆشمان خەڵکی ئەو وڵاتەین و یاریزانین، نەك خەڵکی ئەرجەنتین و تەماشاکەر.. یەعنی ئاساییە مەیلێکت بۆ ئەمیان هەبێ و بۆ ئەویان نەتبێ.. بەڵام ئاسایی نیە مەیلە هەستییەکانت سەرخەیت بەسەر مەیلە عەقڵییەکانتاو لە ئینسانێکی ئازادەوە ببیتە کۆیلەیەکی دۆگماو بکوژی حەقیقەت. هۆشیارییش نەفیکردنەوەی مەیلە عاتفییەکانت نیە، بەڵکو کۆنترڵکردنیانە، بەقەت ئەوەی کە حەقیقەتی شتەکەو ئینسانییەتی خۆت ئەیخوازی!  
٢- لە ئاستی گشتیشدا، وەکچۆن ڕۆژێك و مۆنۆمێنتێك هەیە بۆ شەهید، وا چاکە ڕۆژێك و مۆنۆمێنتێکیش دانرێ بۆ سەرکردە. ئیتر بە یاسا، هەموویان پێکەوە لە یەك ڕۆژداو لە یەك شوێن و مەراسیمدا یادبکرێنەوەو هەمان گوڵ لەسەر هەموویان دانرێت. هەموو یادو ڕۆژێکی تری غەیری ئەمەش قەدەغە بکرێ، بۆئەوەی چیتر سەرکردەکان، بۆ خۆیان لە ڕەمزی حیزبەوە ببنە ڕەمزی نیشتمانی. بۆ ئێمەش لە کەرەستەی پەرتکردن و بەرهەمهێنانی ڕقەوە، ببنە کەرەستەی پێکەوەژیان و کۆکردنەوەو تۆلێرانسی سیاسی.
هەڵبەتە ڕۆژەکە بێلایەنبێ و ڕۆژی هیچ یەکێکیان نەبێ فەرزکرێ بەسەر ئەوانیتردا.. شوێنەکەش بێلایەنبێ و گۆڕی هیچیان نەبێت.. ڕەنگە شتێکی نائاسایی بێت، کابرا لە ڕۆژێکدا مردوەو تۆ لە ڕۆژێکی تردا یادی بکەیتەوە.. بەڵام بۆ دۆخی پەرت و داڕزاوی ئێمەو بۆ دەرچوون لەو زەلکاوی ڕق و خۆخۆرییە، ئەبێ شتی نائاسایی و نەکردە بکەین!
دواتر لە یادکردنەوە گرنگتر بیرکردنەوەیە. ئێمە لەناو یادەکاندا خۆمان و شتەکەشمان ونکردوەو ئەبێ لەناو بیرکردنەوەدا خۆمان و شتەکەش بدۆزینەوە. لەبری یادکردنەوەی شتەکان، گرنگە بیرێك لە شتەکان بکەینەوە. حەقیقەت لەناو بیرکردنەوەدا لەمس ئەکرێ و لە شوێنێکی ترەوە ناتوانین بەریکەوین. "یاد" هەر ئەمانباتەوە ناو تەقدیسکردن و نەفرینکردن. بەڵام "بیر" ئەمانباتە شوێنێك کە لانیکەم ئیتر لەوێدا بێ ڕێزی بە شتەکەو بێ ڕێزی بە یەکتر نەکەین لەسەر شتەکە. هەر ئەونەش بەسە بۆ حەقیقەتی ئینسانیی خۆمان، ئەگەرچی نەشگەین بە حەقیقەتی بابەتە بیرلێکراوەکە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand