Draw Media

وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ سیمۆن دولان، ئەو ملیۆنێرەی كە لە قوتابخانە دەركرا، بەڵام بەهۆی  بیرۆكەیەكی ناوازە و تەنها بڵاوكردنەوەی ریكلامێكەوە لە رۆژنامەیەكدا، بوو بە خاوەنی پرۆژەیەك و توانی ببێتە ملیۆنێر. دولان لە رۆژنامەیەكی ناوخۆدا ریكلامێكی بڵاوكردەوە رایگەیاند، ئامادەیە بە 10 پاوەند خزمەتگوزاری لە بواری ژمێریارییدا پێشكەشبكات و ئەو ریكلامەش ژیانی بۆ هەتاهەتایە گۆڕی. دولان ئەو كاتە تەمەنی 22 ساڵ بوو، ماوەی 15 ساڵ بوو لەسەر پارەی هاوكار كۆمەڵایەتی " سۆسیال" دەژیا، كاتێك بەهۆی شۆفێریكردن لەژێر كاریگەری خواردنەوە كهولییەكاندا مۆڵەتی شۆفێرییەكەی لێ‌ سەندرایەوە و بێ‌ كاربوو، بەڵام دوای بڵاوكردنەوەی ریكلامەكە كەسێك پەیوەندی پێوەدەكات:" دوای سێ‌ هەفتە كەسێك پەیوەندیكرد، كاروباری ژمێریاریم بۆ تەواوكرد، پاشان ریكلامێكی ترم بڵاوكردەوە و ئیتر بەوشێوەیە كار بەردەوام بوو". دولان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەسەر مێزی چێشتخانەكەی كاری ژمێریای دەكات و پاشان لە ساڵی 1997 یەكەمین لقی كۆمپانیای ژمێریاری " ئێس جی دی " لە ناوچەی بركهامستیدی 26 كیلۆمەتری باكوری خۆرئاوای لەندەن دەكاتەوە و كارەكانی بە خێراییەكی بێ‌ وێنە پێشدەكەوێت هەتا دەبێتە كۆمپانیایەكی پێشەنگ بە بواری ژمێریارییدا. " لە گەورەوە بۆ گەورەتر " زۆربوونی گرێبەست و زیاتربوونی قازانجەكانی بەهای كۆمپانیاكەی دۆلان و پشكەكانی لە بازاڕدا زۆر بەرزكردەوە، و ژمارەی كڕیارەكانی لە 2014دا گەیشتە زیاتر لە 14500 كڕیار، و 20 ملیۆن پاوەندی قازانج كرد و دۆلان كۆمپانیاكەی بە بەهای 100 ملیۆن پاوەند فرۆشت و لەبەرئەوەی ئەو تاكە خاوەنی كۆمپانیەكە بوو، 81 ملیۆن پاوەندی بەدەستهێنا. دولان باسلەوەدەكات كە ئەم سەركەوتنەی بە قۆناغ دوای قۆناغ بەدەستهێناوە و گەشەكردنی كۆمپانیاكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنتەوە كە هەمیشە كاریكردووە بۆ ئەوەی هەموو مانگێك لە مانگی پێشووتر ئەنجامی زیاتر بەدەست بهێنێت :" بەبەهای 800 پاوەند قازانجی كرد، پاشان 1000 پاوەند و ئەو پرۆسەیە بەردەوام بوو بۆ چەندین ساڵ و كۆمپانیاكەش لە گەورەوە گەوەرەتر بوو". بەڵام سەركەوتنی كۆمپانیاكەشی رووبەڕووی ئاستەنگ بوەوە، هەندێك لە فەرمانبەرەكانی هەوڵیاندا بڕی 10 هەزار پاوەند بۆ 60 هەزار پاوەندی لێ‌ بدزن، بەڵام بەوتەی دولان هیچیان لە سزا دەربازنەبوون و كۆمپانیاكە زیاتر لە 200 كارمەندی هەبووە و تێیاندا بووە كە بەنیازی دزی بووە. شێتی گەنجێتی چیرۆكی سەركەوتنی دولان زیاتر نامۆ دەبێت، ئەگەر زانیمان كە دولان لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە قوتابخانە دەركراوە، لەبەرئەوەی " پرسیاری نامۆ" ی زۆر كردووە و ئەو وەبەرهێنەرە ئێستا سیستمی فێركردن لە ئینگلتەرا بە " بێ‌ سود و نازانستی" وەسفدەكات و رەخنەش لەوە دەگرێت كە هانی گەنجان بدرێت بەردەوام بن لە خوێندن لە زانكۆ لە پێناوی ئەوەی پیشەیەكی جدیی بەدەستبهێنن و دەڵێت:" هەمیشە تەماشای رووە زانستییەكانی شتەكان دەكەم، و ئەگەر لایەنی زانستیم نەبینییەوە ئەوا سەرنج نادەمە كارەكە". ئەو چالاكیانەی كە لە دەرەوەی خوێندنگە ئەنجامیدەدات، هەستی دولانیان بۆ كاركردن پەرەپێدا، ئەو لە تەمەنی 10 ساڵیدا كاریكردووە و رۆژنامەكانی دابەشكردووە و كاتێكیش تەمەنی دەبێتە 13 ساڵ بلیتی یانسیبی دەفرۆشت لەو بارەیەوە دەڵێت كە هەمیشە زۆر هۆگری ژمارە بووە:" لە قۆناغی سەرەتاییدا لە ماتماتیكدا باش بووم و لەوەشەوە هۆگری دارایی بووم". پێشبڕكێی ئۆتۆمبیل دولان دواتر روودەكاتە وەبەرهێنان لە پێشبڕكێی ئۆتۆمبیل و ساڵی 2008 تیمی گۆتا سپۆرتی دامەزراند، دوای ئەوەی هاوسەرەكەی لە ساڵیادی لە دایكبونیدا ئەزمونی رۆژێكی لە شۆفێریكردنی ئۆتۆمبیلی پێشبڕكێ بە دیاری پێشكەشدەكات و دولان و دوو هاوڕێی تری لە شاری لۆمۆنی فەرەنسا ساڵی 2014 لە پێشبڕكێیەكی ئۆتۆمبیلدا پلەی پێنجەم بەدەستدەهێنن و وەبەرهێنان لە بواری پێشبڕكێی ئۆتۆمبیلدا گەشە پێدەدات و ساڵی رابردوو بەبەهای هەشت ملیۆن پاوەند فرۆشی هەبووە و 500 هەزار پاوەندی قازانج كردووە. هەروەها ئێستا دولان لە كۆمپانیای فڕۆكەوانی ساوس ئیند بەشێكی تایبەت بە فڕۆكەوانی هەیە و سێپتەمبەری رابردووش جارێكی تر لەگەڵ چەند  هاوڕێیەكی  كۆمپانیایەكی ژمێریاری دامەزراندەوە و هاوشێوەی كۆمپانیای یەكەمی " ئێس جی دی" سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە. ئاستەنگەكانی بازاڕ بەڵام شارەزای بواری ژمێریاریی " ئیما سمیپ" دەڵێت ئێستا بازاڕ رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە و پێویستە لەسەر دولان بەئاگابێت چونكە:" یاسا و مەرجە نوێكان ئەو كەسانە ماندوو دەكەن كە لە كەرتی ژمێریاریدا كاردەكەن، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری لەوانەیە تەكنۆلۆژیا بێت". سەرەڕای ئەو سەركەوتنانەی بەدەستی هێناون، بەڵام دولاب دان بەوەدا دەنێت كە چەنین بیرۆكەی لە بواری وەبەرهێناندا شكستیانهێناوە لە نێویشیاندا دامەزراندنی كۆمپانیایەك بۆ نمایشكردنی جلوبەرگ و دەڵێت:" وەبەرهێنانی بچوك بوو، بەڵام دەشمزانی كە هەرگیز سەركەوتوو نابێت". ئاشكراشیدەكات كە گەورەترین شكست بەلای خۆیەوە " راگەیاندنی براندێكی بازرگانی بۆن" بوو دەڵێت:" پرۆژەكە كاتێكی زۆری دەخایاند، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو قازانجی زۆری دەكرد، بەڵام ئەوەی روویدا ئەوەبوو من بایەخی تەواوەتیم پێ نەدا". نوسینی: سوزان بێرن تۆڕی بی بی سی  


(درەو میدیا): بونیادنانی پرۆژەیەكی تایبەت ئێستا بووە خەونی زۆر لەو كەسانەی كە دەیانەوێت دۆخی ژیانیان باشتر بكەن و بژێوی خۆیان و خێزانەكانیان بە شێوەیەكی باشتر دابین بكەن، بەڵام گەورەترین بەربەست لە بەردەم دەستكردن بەو پرۆژە تایبەتانە نەبوونی سەرمایەتی پێویستە بۆ پرۆژەكانیان، لەم سۆنگەیەوە سایتی " business insider"  شەش پرۆژەی بۆ ئەو كەسانە خستوەتەڕوو كە پێویستیان بە سەرمایەیەكی زۆر نیە كە ئەمانەن: 1- داهێنانی كەسی: داهێنانە كەسییەكانی وەك هونەر و كاری دەستی دەتوانرێت بكرێت بە سەرچاوەیەكی باشی پەیداكردنی بژێویی و باشتركردنی ژیان، هەروەها پێویستیشی بە سەرمایەیەكی زۆر نیە، هەموو ئەوەی پێویستە ئەو ئامێرانەیە كە كاریان پێدەكەیت و دەشتوانیت لە رێگەی دانانی پەیجێكەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یان لە رێگەی سایتەكانی تایبەت بە فرۆشتنی وەك " ئەمازۆن " و " ئیبای" بە ئاسانی شمەكاكان بفرۆشیت و ساغیان بكەیتەوە. 2- چاككردنەوەی ئامێرە ئەلكیترۆنییەكان: ئەگەر تۆ زۆر خولیای چاككردنەوەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانت هەیە، ئەوا دەتوانیت ئەو بەهرەیەت بەكاربهێنێت و پرۆژەی تایبەت بە خۆت  بۆ چاككردنەوەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەستپێبكەیت و زۆریش پێویست ناكات، دوكان بكڕیت یان بەكرێیی بگریت بۆ ئەو كارە، بەڵكو دەتوانیت لە ماڵەوە پرۆژەكەت دەستپێبكەین و بەوەش پێویستت بە سەرمایەیەكی زۆر نابێت. 3- راوێژكاری: هەندێك كەس دوای بەدەستهێنانی شارەزاییەكی باش لە كاردا یان لە بوارێكدا، لە بواری راوێژكاریدا كاردەدەن و لەبەرامبەر راوێژپێكردنیان لە بابەتێكی دیاریكراودا پارە وەردەگرن. 4- فرۆشتن وەك لایەنی سێیەم: ئەوەش لە رێگەی كڕینی كەلوپەل و شمەك لە بەرهەمهێنەرەكان و گەیاندنی بە كڕیارەكان، دوای وەرگرتنی بڕێك قازانج، ئەو كەسەی ئەم كارە دەكات جگە لە ئامێرێكی كۆمپیوتەر و هێڵی ئینتەرنێت هیچ سەرمایەیەكی تری ناوێت و دەتوانێت بە ئاسانی ئەو كەلوپەل و بەرهەمانە بفرۆشێت كە لە رێگەی هەردوو سایتی " ئەمازۆن " و " ئیبای" دەیانكڕێت. 5- بە كرێدانی خانووەكەت: یەكێك لەو رێگایانەی كە لە خۆرئاوای بۆ بەدەستهێنانی پارە زۆر بەربلاوە بریتیە لە بەكرێدانی خانوو یان بەشێكی، ئەوەش لە رێگەی سایتێكەوە بەناوی " Airbnb " ، ئەم سایتە خانوەكەت یان بەشێكی بەرامبەر بە بڕێك پارە بۆ دەدات بەكرێ، هاوشێوەی ئەوەی لە هۆتێلەكاندا روودەدات، سایتەكەش بڕێك پارەی دەستكەوێت لەبەرامبەر ریكلامكردن بۆ خانوەكەت لە سایتەكەدا. 6- پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە كەسانی تر دەتوانیت لە رێگەی پێشكەشكردنی چەند خزمەتگوزاریی بە هاوڕێ‌ و دراوسێ و ناسیاوەكانت بڕێك پارە بەدەستبهێنێت، ئەویش لە رێگەی كڕینی پێداویستیی و گەیاندنی بۆیان، یان گواستنەوەی منداڵەكانیان بۆ خوێندنگە، یان سەعیكردن بە خوێندكار و چەنین خزمەتگوزاری تر. سەرچاوە: business insider  


(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئایاری رابردوو راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهات زیادیكردووە. عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشكرایكرد" مانگی رابردوو عێراق (108 ملیۆن و 194 هەزارو 920) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 490 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك لەو مانگەدا گەیشتوەتە (69.932) دۆلار.  داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (7 ملیار و 566 ملیۆن و 294 هەزار) دۆلار، ئەمە بەبێ هەناردەی نەوتی كەركوك. داهاتی مانگی نیسانی رابردوو ( 6 ملیار و 474 ملیۆن و 260 هەزار دۆلار) بووە بەو پێیەش لە نێوان مانگی نیسان و ئایاردا زیاتر لە یەك ملیار دۆلار زیادیكردووە. 


(درەو میدیا):  موچەی پەرلەمانتارو وەزیر و راوێژكارو پلە تایبەتەكان زیادكراو رێژەی پاشكەوتەكەیان لە (75%)ەوە كەمكرایەوە بۆ (40%)، بەوەش موچەی وەزیر و پەرلەمانتارێك لە (2 ملیۆن دینار)ەوە بۆ نزیكەی (5 ملیۆن) دینار زیادكرا.  بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچە، كە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی گرتەوە جگە لە (وەزیر و پەرلەمانتار و پلە تایبەتەكان)، ناڕەزایی لەناو پەرلەمانتاران و راوێژكاران و پلە تایبەتیەكان دروستكرد، بۆیە حكومەتی هەرێم بە رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان و دور لە چاوی راگەیاندنەكان بڕیاریدا دەستكاری پاشەكەوتی موچەكانیان بكرێت، بەشێوەیەك رێژەی پاشەكەوتی موچەكانیان لە (75%)ەوە بۆ (40%) كەمكراوەتەوە. وەزیرو پەرلەمانتار كە كۆی موچەیان نزیكەی (8 ملیۆن و 300 هەزار دینار)ە، لەدوای پاشەكەوتی موچەوە رێژەی (75%)ی موچەكانیان لێبڕدرا و كۆی گشتی موچەكانیان بوو بە (2 ملیۆن و 75 هەزار دینار)، بەڵام ئێستا كە رێژەی پاشەكەوتیان بۆ (40%) كەمكراوەتەوە، كۆی موچەكەیان دەبێتە (4 ملیۆنو 980 هەزار دینار)، ئەم زیادكردنە (وەزیر و پەرلەمانتار و راوێژكار و دادوەرەكان و پلە تایبەتییەكان) دەگرێتەوە.  بڕیارە ئەم مانگە وەزیر و پەرلەمانتار و پلە تایبەتەكان بەم سیستمە نوێیە موچەمانیان وەرگرن. (درەو میدیا) پەیوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكەوە كرد لەسەر ئەو پرسە، هەموویان راستی زانیارییەكانیان پشتڕاستكردەوە، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی هاوڕێ پەرلەمانتارەكانیان نیگەران دەبن، ئامادە نەبوون بەناوی خۆیانەوە هیچ لێدوانێك بدەن.


(درەو میدیا): لە زیادكردنێكی ئاشكرادا لەشاری سابورۆی دوورگەی هۆكایدۆی باكوری ژاپۆن دوو كاڵەكی جۆری "یوباری" بە نرخێكی پێوانەیی فرۆشران كە 3.2 ملیۆن یەنی ژاپۆنییە ( نزیكەی 29300 هەزار دۆلار). ساڵانە لە ژاپۆن لەگەڵ پێگەیشتنی میوە وەرزییەكاندا ئەو جۆرە لە زیادكردنی ئاشكرا بۆ ئەو جۆرە میوانە دەكرێت كە بەهایەكی زۆریان هەیە. ژاپۆنییەكان بایەخێكی زۆر دەدەن بە میوە گرانبەهاكان و كاڵەكی یوباریش جۆرێكە لەو میوانە و كە لە دوورگەی هۆكایدۆ دەڕوێنرێت. سەرچاوە: مۆنتیكارلۆ  


بە گوێرەی داتاكانی ئەنجومەنی زێڕی جیهانیی وڵاتە عەرەبییەكان خاوەنی 1006 تۆن زێڕی یەدەگن. بە گوێرەی داتاكانی ئەو ئەنجومەنە سعودیە پلەی یەكەمی ریزبەندی گرتووە و خاوەنی 323 تۆن زێڕە و دوای ئەویش جەزائیر دێت كە 174 تۆن زێڕی هەیە و لیبیاش لە پلەی سێیەمدایە و خاوەنی 117 تۆن زێڕە و وڵاتەكانی تریش بەمشێوەیە یە: عێراق: 90 تۆن زێڕی یەدەگی هەیە كوەیت:  79 تۆن میسر: 77 تۆن ئوردن: 44 تۆن قەتەر: 27 تۆن سوریا: 26 تۆن مەغریب: 22 تۆن ئیمارات: 8 تۆن تونس و بەحرەین و عومان: 14 تۆن لەسەر ئاستی جیهانیش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پلەی یەكەمی گرتووە و  خاوەنی 8133 تۆن زێڕی یەدەگە. ئەنجومەنی زێڕی جیهانی رێكخراوێكە كاردەكات بۆ پەرەپێدانی بازاڕی پیشەسازی زێڕ لە جیهاندا و داتا و زانیاری و گۆڕانكارییەكانی بازاڕی زێڕ دەخاتەڕوو بارەگاكەی لە بەریتانیایە. وەرگێڕانی: نامیق رەسول سەرچاوە: سایتی " ئەلحوڕە"  


(درەو میدیا): شەوی رابردوو لە كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا لە دوایاری ئەمساڵی جامی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا" چامپیۆنز لیگ" یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیی بە ئەنجامی سێ‌ گۆڵ بەرامبەر بە گۆلێك لە یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی بردە و بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەك و 13 یەمین جار لە مێژوویدا جامەكەی بەدەستهێنا. یەكێتی تۆی پێی ئەوروپا كە سەرپەرشتی ئەم پاڵەوانێتییە دەكات، بڕی یەك ملیار و 200 هەزار یۆرۆی بۆ كۆی خەڵاتە داراییەكانی پاڵەوانێتی ئەمساڵی " چامپیۆنز لیگ" تەرخانكردووە و هەر یانەیەكی بەشداربووی خولی ئەمساڵ بڕی 12 ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆی پێدەبەخشرێت و كۆی داهاتەكانی پاڵەوانی خولەكەش دەگاتە 57 ملیۆن و 200 هەزار یۆرۆ بەم شێوەیە خەڵاتەكان دابەشدەكرێت: •    خەڵاتی بەشداریكردنی هەر یانەیەك 12 ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆیە. •    خەڵاتی هەر بردنەوەیەك لە قۆناغی گروپەكاندا یەك ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆیە. •    خەڵاتی هەر یەكسانبونێك لە قۆناغی  گروپەكاندا نیو ملیۆن یۆرۆیە. •    خەڵاتی سەركەوتن بۆ قۆناغی 16 ، شەش ملیۆن یۆرۆیە. •    خەڵاتی سەركەوتن بۆ قۆناغی 8، شەش ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆیە. •    خەڵاتی گەیشتن بە  قۆناغی نیوەی كۆتایی، حەوت ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆیە. •    خەڵاتی گەیشتن بە یاری كۆتایی 11 ملیۆن یۆرۆیە. •    خەڵاتی ئەو یانەیەی دەبێتە پاڵەوانی خولەكە 15 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆیە. سەرچاوە: ئاژانسەكان  


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ لە كۆڵانەكانی بازاڕی كۆنی ناسراو بە " گراندا بازاڕ" لە ناو جەرگەی ئیستانبوڵی كۆندا، دەنگی بازرگانانی دراو نابیسترێت، ئەوان ئێستا بەردەوام لەجیاتی ئاڵوگۆڕی دراو ، سەرقاڵی گێڕانەوەی هەواڵەكانن و دەڵاڵەكانی دراو لە دوا نرخ و بەهای دراوی ناوخۆی دەكەن، كە چەند هەفتەیەكە بە شێوەیەكی بەرچاو لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكیدا  بەردەوامە لە دابەزین.. كەشێكی گوماناوی باڵی كێشاوە بەسەر بازاڕەكانی درا و دوكانەكانی كانزا گرانبەهاكان لە وڵاتدا، دوای ئەوەی لیرەی توركی بەرامبەر دۆلار لەم پێنج مانگەی دوایید زیاتر لە 20%ی بەهاكەی لەدەستدا. ئیفلیجبوونی جموجوڵی بازرگانی بەیانی چوارشەممە بەهای لیرەی توركی دابەزینێكی تری بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 4.88 لیرە بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی، وادەردەكەوێت كە بارودۆخی وڵات كە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان و سەرۆكایەتی دەچێت لە مانگی رابردوودا، قورسایی و كاریگەری كردبێتە سەر دۆخی ئابوری، كە حكومەتی توركیا بە سەرۆكایەتی پارتی داد و گەشەپێدان ماوەی 16 ساڵە لەسەری دەژی. سۆكسێل ئوموت ( 55 ساڵ ) بازرگانی زێڕە لە بازاڕی كۆن دەڵیچت دۆخی بازاڕەكە دووچاری ئیفلیجی كردوین، هەموان دەمانەوێت بزانین كاروبارەكان بە كوێ‌ دەگەن و هەروەها نرخی لیرە كەی جێگیر دەبێت؟ جەختیشدەكاتەوە كە خواست لەسەر كڕینی زێڕ و ئاڵتون نیمچە وەستاوەو تەنها پرۆسەی فرۆشتن هەیە، هەموان بە بۆچونی خۆیان چاوەڕوانن نرخی دراو بەرەو سەقامگیری و جێگیری بڕوات. حكومەتی توركیا لە هەوڵدایە كەمێك لە فشارانەی لەسەرین سوك بكات، بە تایبەتی فشاری پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، كە ئەم دۆخە بە هەلێكی باش دادەنێن بۆ تۆڵەكردنەوە لە پارتی دەسەڵاتدار پێش وادەی هەڵبژاردنەكان، ئەمەش بەوتەی چاودێری سیاسی توركی گۆكتای بەیرم. بەیرم دەشڵێت:" ئەمجارە قەیرانەكە وادەردەكەوێت زۆر قورس بێت، حكومەت توانای نەبێت كە چاكی بكات." دكتۆر عەبدولڕەحمان ئەلجاموس، پسپۆری سیاسەت و ئابوری لە توركیا دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرە بۆ هۆكاری ئابوری و سیاسی دەگەڕێنێتەوە و هۆكارە ئابورییەكان بریتین لە " ئاماژەپێدەرەكانی هەڵاوسانی بەرز، ململانێی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و بانكی ناوەندیی و ناكۆكی لەسەر نرخی سوود." ئەردۆغان مانگی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی " بلومبێرگ" رایگەیاندبوو كە پلاندادەنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری ئابوریی ئەگەر لە هەڵبژاردنەكەی مانگی داهاتوودا سەركەوتن بەدەستبهێنێت". ئەردۆغان داواشی لە بانكی ناوەندی توركیا كرد " كە سەربەخۆیە" ئاگاداری ئەوەبێت سەرۆك چی دەڵێت و لەسەر ئەو بنەمایە كاربكات. ئەردۆغان و كۆنترۆڵی ئابوری سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان داوا دەكات تێكڕای سوود كە لە توركیا دەگاتە 13.5% داببەزێنرێت و باوەڕی وایە كە بەرزبوونەوەی نرخی سوود دەبێتە هۆی هەڵاوسان، شارەزایانیش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە وەبەرهێنەران باوەڕیان بەو رێوشوێنە نییە كە سەرۆكی توركیا پلانی بۆ دادەنێت بۆ كەمكردنەوەی هەڵاوسان. بەكر بۆزداغ وتەبێژی حكومەتی توركیا رۆژی چوارشەممە وتی :" ئەوەی باوەڕی وایە كە یاریكردن بە نرخی لیرە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو دەگۆڕێت، هەڵەیە، گەلی توركیا یارییەكە و ئەوانەشی ئاشكراكرد كە لە پشتیەوەن و رێگە بەكەس نادرێت زیان بە توركیا بگەیەنرێت." بۆزداغ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە ولایەتی یۆزگاتی ناوەڕاستی توركیا وتیشی:" زۆر باش دەزانین كە ویستێك هەیە هەوڵدەدات كاریگەری بخاتە سەر دەنگدەرانی توركیا لە رێگەی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر لیرەدا، پێش هەڵبژاردنەكانی 24ی حوەزیرانی داهاتوو، بنەماكانی ئابوری دەزانین و جەختدەكەینەوە كە ئابورییەكەمان بەهێزە." وتەبێژی حكومەتی توركیا هۆشداریشدایە ئەوانەی لە شتی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارن بەرامبەر بە لیرە وتی :" پیلانگێڕی زۆر دەگێڕدرێت پێش هەڵبژاردنەكان." جەختیشیكردەوە لەسەرئەوەی كە هەموو ئاستەنگەكان وەك پێشوو تێدەپەڕێنن، و هەموو ئەو پیلانگێڕیانە دژی توركیا دەگێڕدرێن بە ئامانجی تەگەرەخستنە بەردەم سەركەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتوودا، یان لانیكەم بۆ سنورداركردن و كۆت و پێوەندكردنی لە رێگەی پەرلەمانەوە." پەرلەمانی توركیا رۆژی 28ی نیسانی رابردوو ، پێشنیارێكی هەردوو پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیای پەسەندكرد بۆئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمان رۆی 24ی حوەزیران لەجیاتی تشرینی دووەمی 2019 بەڕێوەبچێت و لەگەڵ ئامادەكارییەكانیش بۆ هەڵبژارد قەیرانی دابەزینی بەهای دراوی توركیی ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە و زیانێكی ئابوری زۆری پێگەیاندووە. سەرچاوە: بی بی سی  


نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە ئەمڕۆی نرخی بەرمیلێك نەوت لە جۆری برێنت بە 79 دۆلار و 47 سەنتە،  هاوكات، ئێستا نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمەریكی لە بازاڕەكانی جیهان بە 71 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت. بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە كاتێكدایە كە پێشتر نرخی بەرمیلێك نەوت لە 2016 گەیشتبووە نزیكەی 27 دۆلار.     


ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت بەپێی زانیارییەك كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە ناو پەرلەمانی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، رێژەی پاشەكەوتی موچەی پەرلەمانتارانی كوردستان كەمدەكرێتەوە. سەرچاوەیەكی لە پەرلەمانی كوردستانەوە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە ئاشكرایكرد، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستێكی نوێی موچەیە بۆ پەرلەمانتاران. سەرچاوەكە وتی: بڕیار بووە سبەینێ پێنج شەممە سەرۆكایەتی پەرلەمان موچەی مانگی (2)ی ساڵی 2018 وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەكردنی لیستی نوێی موچەی پەرلەمانتارانەوە دابەشكردنی موچەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیاری دەستكەوتووە كە پەرلەمانتارانی كوردستان لە هەموو فراكسیۆنەكان داوایانكردووە موچەكانیان زیادبكرێت و بڕی پاشەكەوتی موچەكانیان كە بەرێژەی 75% ە، كەمبكرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەو داواكارییانە بڕیاردراوە بە كەمكردنەوەی پاشەكەوت و زیادكردنی موچەكانیان. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری لەوبارەیەوە پەیوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكەوە كرد، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی ئاگاداری ئەو بڕیارە نین، هیچ لێدوانێكیان نەدا. لە پێش پاشەكەوتی موچە پەرلەمانتارێكی كوردستان بە تەواوی دەرماڵەكانیەوە ( 8 ملیۆن و 300 هەزار) دیناری وەردەگرت، بەڵام دوای سیستمی پاشەكەوت رێژەی لە 75%ی موچەكەیان بڕدراو بڕی موچەكەیان بە پێی رێژەكە دەكاتە ( 2 ملیۆن و 75 هەزار دینار) .   


بەرهەمهێنەرانی ئایس كرێم لەسەر ئاستی جیهان نیگەرانن لە گرانبونی نرخی ماددەی (ڤانێلا)، كە هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی گەرمادا، كاریگەری لەسەر پیشەسازییەكە دروستكردووە. ئێستا نرخی یەك گرام ماددەی (ڤانێلا) لە بازاڕدا گرانترە لە یەك گرام زیو، هۆكاری ئەم گرانبونەش دەگەڕێتەوە بۆ گەردەلولی وێرانكەری"ئیناوو" كە مانگی مارسی رابردوو مەدەغەشقەری گرتەوە و بەهۆیەوە لانی كەم (78) كەس لە ناوچە كەناراوییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە كە بەناوبانگە بە بەرهەمهێنانی "ڤانێلا"، گیانیان لەدەستدا. مەدەغەشقەر رێژەی 85%ی كۆی گشتی بەرهەمی "ڤانێلا" لەسەر ئاستی جیهان بەرهەمدەهێنێت، ئێستا نرخی یەك كیلۆ قۆچی ڤانێلا (600) دۆلاری ئەمریكییە. بەپێی زانیارییەكان گەردەلولی "ئیناوو" رێژەی 30%ی بەرهەمی "ڤانێلا"ی لە مەدەغەشقەر وێران كردووە، بەوهۆیەشەوە نرخی ماددەكە لە بازاڕی جیهانیدا بەرزبوەتەوە. رۆژنامەی "دەیلی میل"ی بەریتانیا ئاشكرایكرد، بەهۆی ئەو گەردەلول و وشكەساڵییەوە لە مەدەغەشقەر، كۆگایەكی بەناوبانگ فرۆشتنی ئاسی كرێم لە لەندەن كاركردنی راگرتووە.  


بەرێوەبەرایەتی بانكی رەشید رایگەیاند، پێشینەی هاوسەرگیری بۆ یەكەم هاوسەرگیری یان دووەم هاوسەرگیری لە 5 ملیۆن دینارەوە بۆ 10 ملیۆن دینار زیادكرا، بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە موچەكانیان لە بانگی رەشیدە، بەرمەجی ئەوەی ساڵێك بەسەر گرێبەستی هاوسەرگیریاندا تێپەڕنەبوبێت. 


وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی داهاتی نەوتی هەناردەكراوی مانگی نیسانی راگەیاند وەزارەتی نەوتی عێراق لە سایتەكەی خۆی بڕی نەوتی هەناردەكراوی مانگی نیسانی رابردوو، داهاتەكەی ئاشكراكرد. بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیە كە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت بڵاویكردوەتەوە، لە مانگی نیساندا كۆمپانیای سۆمۆ زیاتر لە 100 ملیۆن و 197 هەزار و 197 بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی باشوور و ناوەڕاستی هەناردەكردووە و داهاتەكەشی شەش ملیار و 474 ملیۆن و 260 هەزار دۆلار بووە و هیچ بڕە نەوتێكی كەركوكیش لە راپۆرتەكەدا تۆمارنەكراوە. بە گوێرەی بەیاننامەكە لە مانگی نیساندا تێكڕا كۆمپانیای سۆمۆ رۆژانە سێ‌ ملیۆن و 340 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە و هەر بەرمیلێكیش بە " 64.615 " دۆلار فرۆشراوە. .


وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆ، هاوەردەكردنی پێنج بەرهەمی كشتوكاڵیی لە دەرەوە رادەگرێت. مەهدی قەیسی بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا وتی:" وەزارەتەكە هاوردەكردنی پەتاتە، شووتی، كاڵەك، بیبەر و كولەكە لە یەكی ئایارەوە بۆ كاتێكی نادیار رادەگرێت، جگە لەوەش راگرتنی بەرهەمی تەماتە و خەیار و باینجان و سیر و ماسی بەستوو بەردەوام دەبێت، ئەوەش لەبەرئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زۆرە و بۆ تەندروستی مرۆڤیش لە بەرهەمی هاوردە باشترە." قەیسی وتیشی " وەزارتی كشتوكاڵ بە گوێرەی رۆژژمێری كشتوكاڵی كاردەكات كە هاوردەكردن و  راگرتنی هاوردەكردنی بە شێوەیەكی باش رێكخستووە بە گوێرەی بوونی بەرهەمی ناوخۆ، ئەوەش بۆ پاڵپیشتیكردن و پارێزگارییكردنە لە بەرهەمی نیشتمانیی".  


عەبدوڵا حەوێز كە رۆژنامەنوسی كەناڵی بی بی سی بەریتانییە لە بەدواداچونێكدا پشكی پارتی و یەكێتی لە نەوتی هەرێم بڵاودەكاتەوە لەگەڵ رێژەی ئەو نەوتەی دەینێرنە دەرەوە.  - لەژێر دەسەڵاتی پارتی (ئێستا) : ٣٠١٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەمدەهێنرێت. - لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی (ئێستا): ٢٣٤٠٠ بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەمدەهێنرێت.  بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ٢٨٣ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەست دراوە لە رۆژئاوای کەرکووک و لە نەوینەوا کە هەموو لەژێر دەستی پارتی بووە. واتە لەپێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەم شێوەیە بوو: - پارتی: ٥٨٤ هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە بەرهەم دەهات لەژێر کۆنترۆڵی پارتی - یەکێتی: ٢٣٤٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەم دەهات ئەو کێڵگە نەوتیانەی لەژێر دەستی پارتیدان (لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە) ئەمان: - ئەتروش کە لەلایەن کۆمپانیای تاقەی ئیماراتیەوە بەرێوەدەبرێت رۆژانە ٣٠ هەزار بەرمیل لەرێی بۆری نەوتی هەرێمەوە دەفرۆشرێت. - دەمیر داغ لەلاکەن کۆمپانیای ئۆریکس پیترۆلۆم بەرێوەدەبرێت رۆژانە ٣٦٠٠ بەرمیلی رەوانەی دەرەوە دەکرێت. - خورمەڵە کە لەلایەن کۆمپانیای کار کە سەر کە هی بنەماڵەی بارزانیە بەرێوەدەبرێت و رۆژانەی ١٠٥ هەزار بەرمیلی لێ بەرهەم دەهێنرێت - کە ٤٠ هەزاری دەبرێتە پاڵاوگەکان و ٦٥ هەزاری لەرێی بۆری نەوتەوە دەفرۆشرێت. - شێخان کە لەلایەن کۆمپانیای کیسۆن پیترۆلۆمی کەنداوەوە بەرێوە دەبرێت و رۆژانەی ٣٥ هەزار بەرمیلی لێ دەفرۆشرێت - تاوکێ کە لەلایەن کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بەرێوە دەبرێت و رۆژانە ١١٠ هەزار بەرمیلی لێ دەفرۆشرێت - سەمرەت کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆیل هینت بەرێوە دەبرێت و رۆژانە شەش هەزار بەرمیلی لێ دەفرۆشرێت - سوارە تیکا کە لەلایەن کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینیرجی بەرێوە دەبرێت و رۆژانە ١٢ هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەفرۆشرێت . - کۆی گشتی ئەم نەوتەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی پارتی دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت: ٣٠١٦٠٠ بەرمیل لە رۆژێکدا دەردەهێنرێت کە ٢٦١٦٠٠ بەرمیلی دەفرۆشرێت، ٢٢٦ هەزاری لەرێی بۆری نەوتی هەرێم تورکیاوە دەفرۆشرێت و ٣٥ هەزار بەرمیلەکەی شێخان لەرێی تەنکەرەوە دەفرۆشرێت، ئەوەی تر کە ٤٠ هەزار بەرمیلی خورمەلەیە دەچێتە پاڵاوگەکان، بەڵام وردەکاریی نازانرێت. ئەو کێڵگە نەوتییانەی لەژێر دەستی یەکێتیدان ئەمان: - سەرقەڵا کە لەلایەن کۆمپانیای گاز پرۆم نەفت بەرێوەدەبرێت و رۆژانە ٩٥٠٠ بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت - کە ٥ هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەکان دەچێت و ٤٥٠٠ بەرمیلی دەفرۆشرێت - تەقتەق کە لەلایەن کۆمپانیای تۆپکۆوە بەرێوە دەبرێت و رۆژانە ١٤ هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمدەهرێت و هەر ١٤ هەزاری دەبرێتە پاڵاوگەکان. - - کۆی گشتی ئەم نەوتەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت: ٢٣٥٠٠ بەرمیل لە رۆژێکدا دەردەهێنرێت کە ٤٥٠٠ بەرمیلی دەفرۆشرێت و ئەوەی تر دەچێتەوە پاڵاوگەکان، بەڵام وردەکاری نازانرێت. ئەو کێڵگانەی کە هەرێم لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە دەستی داون، کە هەموو لەژێر دەستی پارتی بوون: - بای حەسەن کە لەلایەن کۆمپانیای کاری بنەماڵەی بارزانیەوە بەرێوە دەبرا و رۆژانە ١٩٥ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. - ئاڤانا کە لەلایەن کۆمپانیای کاری بنەماڵەی بارزانیەوە بەرێوە دەبرا و رۆژانە ٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. - عەین زالە کە رۆژانە ٤ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. - بەتما و سوفیە کە رۆژانە ٤ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. - لەم ناوچەیە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پارتی ٢٨٣ هەزار بەرمیلی رۆژانە نەوتی لەدەست داوە. https://twitter.com/HelenCRobertson/status/953932299854327808 http://www.petroleum-economist.com/articles/politics-economics/middle-east/2018/iraqi-kurdistan-sinking-fast



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand