Draw Media

سێیەم دەوڵەمەنترین كەسی چین واز لە كاری بازرگانی دەهێنێت

سێیەم دەوڵەمەنترین كەسی چین واز لە كاری بازرگانی دەهێنێت

2018-09-08 11:05:51


( درەو میدیا):
جاك ما، سێیەم دەوڵەمەنترین كەسایەتی چین و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای بازرگانی ئەلیكترۆنیی " عەلی بابا" خۆی خانەنشین دەكات و واز لە كاری بازرگانی دەهێنێت و خۆی بۆ بواری كاری خێرخوازیی لە بواری فێركردندا تەرخان دەكات، ئەوەش بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی.
جاك ما، ساڵی 1999 بەشداریكرد لە دامەزراندنی كۆمپانیای " عەلی بابا" و پاشان بوو بە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت لە جیهاندا و بەهای كۆمپانیاكە ئێستا بە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و خزمەتگوزاری لە بواری فرۆشتن لە رێگەی ئینتەرنێت و بەرهەمهێنانی فیلم و ژمێریاریی گریمانەییدا  پێشكەشدەكات.
جاك ما كە پێشتر مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ نیویۆرك تایمزدا وتی:" خانەنشینبوونم كۆتایی قۆناغەكە نییە، بەڵكو دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە و من زۆر فێركردنم خۆشدەوێت".
سامانی تایبەتی جاك مای تەمەن 54 ساڵ دەگاتە 40 ملیار دۆلار و بەوەش دەبێتە سێیەم كەسی دەوڵەمەند لە چین بە گوێرەی لیستی 2017ی فۆربس بۆ كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی چین.
لە ماوەی رابردووشدا جاك ما بە كەناڵی بلومبێرگی راگەیاندبوو كە دەیەوێت دامەزراوەیەكی تایبەت  بەخۆی دابمەزرێنێت و هەمان هەنگاوی بیڵ گیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بنێت و وتی:" دەكرێت لە بیڵ گیتسەوە شتی زۆر  فێرببم".
وتیشی:" ناتوانم بگەمە ئاستی دەوڵەمەندی ئەو، بەڵام دەتوانمم شتێكی بكەم باشتر لە ئەو ئەوەش خانەنیشن بوونە لە كاتێكی زوودا و باوەڕم وایە رۆژێك دێت بەمزوانە دەگەڕێمەوە بۆ وانە وتننەوە، باوەڕم وایە لەمەدا سەركەوتوو دەبم زیاتر لەوەی كە سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای عەلی بابا بم".
جاك ما سەرەتا وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی هانگشتۆی چینی لە هەرێمی چینگیانكی خۆرهەڵات دەستی بەكاركرد و پاشا لە نێو شوقەكەیەوە لە هانگشتۆ لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێیدا كۆمپانیای عەلی بابای دامەزراند.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand