دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار چۆن دواخرا؟
2026-01-27 12:22:22
راپۆرت: درەو
دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق بۆ كاتێك كە هێشتا دیاری نەكراوە، دواخرا. بەهۆی ناكۆكی پارتی و یەكێتییەوە گومان لەسەر پێشێلكردنی وادە دەستورییەكان لە عێراق دروستبووە، بۆ چارەسەری ئەمە پەنا بۆ رۆژە پشووەكان براوە. بەگوێرەی دەستور بۆئەوەی دانیشتنەكە بەڕێوەبچێت دەبێت لە كۆی (329) پەرلەمانتار لانی كەم 220 كەسیان ئامادەبن، بە دەنگی هەمان ژمارە سەرۆك كۆمار لە گەڕی یەكەمدا هەڵدەبژێردرێت، ئەگەرنا پرۆسەكە دەكێشێتە ناو گەڕی دووەمەوە، لەحاڵی بەردەوامی ناكۆكی پارتی و یەكێتیدا ئەگەری دروستبوونەوەی "یەك لەسەر سێی پەكخەر" لە ئارادایە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
دواخستنی دانیشتنەكە
بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆك كۆمارێكی نوێ هەڵبژێرێت، بەڵام سەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دانیشتنەكە دواخرا.
هەرچەند هێشتا پەرلەمان بەفەرمی وادەی نوێی بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان دیاری نەكردووە، بەڵام بەگوێرەی نوسراوێك كە (شاخەوان عەبدوڵا) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان پێشكەشی كردووە، داوا كراوە دانیشتنەكە بۆ رۆژی یەكشەممەی ئایندە (1ی شوباتی 2026) دوابخرێت، ئەمە بۆ ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر كاندیدی پۆستەكە بگەنە رێككەوتن.

ماددەی 72ی دەستور دەڵێ: لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.
پەرلەمانی عێراق لە 29ی كانونی یەكەمی 2025دا دەستەی سەرۆكایەتی خۆی هەڵبژاردن، لە رۆژی 31ی كانونی یەكەمی 2025دا دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە، بۆیە بەگوێرەی خشتەی زەمەنی دەستور دەبێت سبەینێ واتا (28ی كانونی دووەمی 2026) دوا وادەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئەگەری دواخستنی دانیشتنەكە بۆ 1ی شوبات لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسییەوە وەكو پێشڵكردنی ماوە زەمەنییەكانی دەستوری عێراق ناودەبرێت.
بەڵام بەپێی قسەی (سرەو عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكە بۆ 1ی شوبات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رۆژە پشووەكان لەناو ماوەی دەستوری ئەژمار نەكراون، واتا رۆژە پشووەكان لە وادە دەستورییەكە دەركراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ماوەكە درێژبكرێتەوە.
سەرۆك كۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (16)ی 3ی شوباتی 2022ی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت لە لێكدانەوەی ماددەی 70ی دەستور، دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابەكەی (واتا رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە) بریتییە لە (دوو لەسەر سێ)ی تێكڕای ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، بەم پێیەش دەبێت لەكاتی كردنەوەی دانیشتنەكەدا لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمان، ژمارەی ئامادەبووان لە (220) پەرلەمانتار كەمتر نەبێت.
یەك لەسەر سێی پەكخەر
ساڵی 2022و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، شیعەی عێراق دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، لەگەڵ بەرەی لایەنەكانی نزیك لە ئێران (مالیكی+ عامری+ حەكیم+ فالح فەیاز+ عەبادی+ خەزعەلی و چەند لایەنێكی تر)، ئەم دوو بەرە لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت كەوتنە ناكۆكییەوە.
دادگای فیدراڵی لەسەردەمی ئەم ناكۆكییەدا، نیسابی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بە (دوو لەسەر سێ) دیاریكرد.
لەسەر بنەمای ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران (یەك لەسەر سێی پەكخەر)یان دروستكرد، كە كۆكردنەوەی 110 پەرلەمانتارە بۆ رێگریكردن لە تەواوبوونی نیسابی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەوهۆیەوە دواجار هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەڵوەشایەوە.
بۆیە لەم خولەشدا دەرگای دروستكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) هەیە، ئەگەر پارتی و یەكێتیی لەنێو خۆیاندا لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەنە رێككەوتن و لایەنە شیعەو سوننەكانیش دابەش ببن بەسەر ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتیدا.
سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر وەزیری ناوخۆدا!
بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، لەناو كورددا تائێستا ئەم پۆستە لای یەكێتیی بووە، بەڵام هاوشێوەی دوو خولی پێشوو، ئەمجارەش پارتی كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە پێشكەش كردووە.
كاندیدی فەرمی یەكێتیی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بریتییە لە (نزار ئامێدی)؛ كاندیدی فەرمی پارتیش (فوئاد حسێن)ە، هێشتا ئەم دوو حزبە لەسەر ئەوەی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بە یەك كاندیدەوە بچنە ناو پرۆسەكە.
پارتی پێوەرێكی دیاریكردووە و دەڵێ: ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆك كۆمار ببات، دەبێت دەستبەرداری (4) پۆستە وەزارییەكەی كورد ببێت لە بەغداد، لەبەرامبەردا یەكێتیی لەسەر هەمان هاوكێشەی پێشوو دەنگی بە كاندیدی پارتی داوە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و دەیەوێت هەمان دۆخ بەردەوام بێت، واتا جگە لە پۆستی سەرۆك كۆمار، (2) پۆستی وزارەتیش لە بەغداد وەربگرێت.
لەناو ناكۆكییەكاندا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لە بەغداد، پارتی و یەكێتیی لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتیش لە هەرێمی كوردستان ناكۆكن و، ئەگەر دانوستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكەن، دور نییە پۆستەكانی بەغداش نەبەستنەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە كوردستان، بەتایبەت پۆستی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە یەكێتیی داوای دەكات و لەسەر ئەمە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت راوەستاوە. وا دەردەكەوێت پارتی لە بەغداد بە پۆستی سەرۆك كۆمار فشار لە یەكێتیی دەكات و یەكێتیش لە كوردستان بە پۆستی وەزیری ناوخۆ فشار لە پارتی دەكات. دەستبەرداربوونی پارتی لە پۆستی سەرۆك كۆمار بە واتای دەستبەرداربوونی یەكێتیی دێت لە پۆستی وەزیری ناوخۆی هەرێم، لەم حاڵەشدا هەم گرێی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە هەم گرێی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە كوردستان.
سەرۆك كۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
دەستوری عێراق دەڵێ سەرۆك كۆمار بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) پەرلەمانتار، هەڵدەبژێردرێت.
خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار.
لێرەدا دەبێت ئەوە بوترێت، نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ گەڕی دووەمی دەنگدان هەمان نیسابەو، تەنانەت بە چوونە دەرەوەی پەرلەمانتارانیش نیسابەكە تێكناچێت و پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بەردەوام دەبێت.
كێ دەبێت بە سەرۆك كۆمار؟
هەینی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەران لیستی كۆتایی كاندیدەكانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگەیاند، كە (19) كاندیدن و بریتین:
1. شوان حویز فریق نامق
2. أحمد عبد الله توفیق أحمد
3. حسین گه حسن محمد سنجاری
4. نجم الدین عبد الكریم حمه كریم نصر الله
5. اسو فریدون علی
6. سامان علی إسماعیل شالی
7. صباح صالح سعید
8. عبد الله محمد علی ڤاهر العلیاوی
9. عبد اللگیف محمد جمال رشید شیخ محمد
10. إقبال عبد الله أمین حلیوی
11. نزار محمد سعید محمد كنجی
12. سردار عبد الله محمود تایمز
13. فۆاد محمد حسین بكی
14. مپنی أمین نادر
15. نوزاد هادی مولود
16. خالد صدیق عزیز محمد
17. ێزاد مجید حسن
18. رافع عبد الله حمید موسی
19. سالم حواس علی الساعدی
