(درەو میدیا): كۆمپانیای زەبەلاحی فەرەنسی بواری نەوت و غاز " تۆتاڵ" ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاب رایگەیاند لە پرۆژەی غازی پارسی باشوور لە ئێران دەكشێتەوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیشی لەو هەنگاوەی ئاگاداركردوەتەوە، ئەوەش دوای ئەو كۆمپانیایە كە وەبەرهێنانی دەگاتە چەندین ملیار دۆلار لە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران بەدەرنەكرا. تۆتاڵ لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" پرۆژەی گرێبەستەكە بەردەوامە و دەربارەی چارەنووسی پشكی تۆتاڵیش، تا ئێستا لە هەوڵوێستی رەسمی CNBC ئاگادارنەكراوینەتەوە، بەڵاك هەروەك وتمان CNBC كە كۆمپانیایەكی حكومیی چینییە مافی ئەوەی هەیە بەشداریمان پێبكاتەوە ئەگەر بڕیاری ئەوەیدا".
(درەو میدیا): بانكی فیدراڵی ئەمریكا بەنیازە پێنج بانكی عێراق بخاتە ناو لیستی سزاكانییەوە، دیارنییە ئایا هیچ یەكێك لەو بانكانە لقیان لە هەرێمی كوردستان هەیە یاخود نا. بەپێ چەند راپۆرتێكی هەواڵی كە لە زاری ژمارەیەك سەرچاوەی دیپلۆماسی عێراقییەوە بڵاوكراوەنەتەوە، بانكی فیدراڵی ئەمریكا سزا بەسەر پێنج بانكی نوێی عێراقیدا دەسەپێنێت و ئێستا تیمێكی راوێژكارانی ئەمریكا لە عێراقن بەمەبەستی چاودێریكردنی ئەو بانكانە كە بڕیارە هەمان ئەو سزایانەیان بەسەردا بسەپێندرێت كە پێشتر بەسەر بانكی "البلاد الاسلامی"دا سەپێندرا. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو پێنج بانكەی كە بڕیارە ئەمریكا سزایان بەسەردا بسەپێنێت گومانیان لەسەرە لەلایەن ئێرانەوە بەكاربهێنرێن بۆ حەواڵەی دارایی و لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە لەژێر چاودێریدان، بەڵام ئەوكات تەنیا یەك بانكیان سزای بەسەردا سەپێندرا. بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا جارێكی تر چاودێرییەكانی لەسەر ئەو پێنج بانكە عێراقییە كاراكردوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان خۆی دەبینێتەوە لە گومانی "گواستنەوەی نەختینەی پارە، حەواڵەی دارایی گوماناوی بۆ لوبنان و سوریا و ژمارەیەك وڵاتی ئاسیا و ئەوروپای خۆرهەڵات". ساڵی رابردوو ئەمریكا بانكی "ئیلافی ئیسلامی" عێراقی خستە لیستی رەشەوە. ئەو بانكانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە دەخرێنە ناو لیستی رەشەوە ناچاردەكرێن لە نێوان دوو بژاردەدا یەكێكیان هەڵبژێرن، راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی ئێران كە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندون یاخود راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ سیستمی دارایی ئەمریكا.
(درەو میدیا): كۆمپانیای " ئەپڵ"ی ئەمریكی بۆ تەكنۆلۆژیا بووە یەكەمین كۆمپانیای گشتی لە جیهاندا كە بەهاكەی بگاتە یەك ترلیۆن دۆلار. كۆمپانیای" ئەپڵ" كە دروستكەری مۆبایلی زیرەكی " ئایفۆن"ە لە مامەڵەی بۆرسەی نیویۆركدا بەهای پشكەكانی بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزبوەوە و گەیشتە 207 دۆلار. لە رۆژی سێشەممە رابردووەوە بەردەوامن پشكەكانی ئەپڵ بەرزدەبنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كۆمپانیاكە رایگەیاند لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجامی زۆرباش و پێشبینینەكراوی بەدیهێناوە. لە ساڵی 2007ەوە كە بۆیەكەمجار مۆبایلی ئایفۆن بۆ فرۆشتن خرایە بازاڕەوە پشكەكانی ئەپڵ بە رێەی لەسەدا 1100 بەرزبووەتەوە و ساڵی رابردووش بەهاكەی یەك لەسەر سێ زیادیكرد. نرخی پشكەكانی ئەپڵ ساڵی 1980 لە بۆرسەدا بەزیاتر لەسەدا 50000 بەرزبووەوە، ئەوەش زیاتربوو لە وەی ئاماژەپێدەری " ستاندەرد ئاند بۆرز 500" بەدەستیهێنا لە هەمان ماوەدا، كە پشكەكانی بە رێژەی لەسەدا 2000 بەرزبووەوە. راپۆرتی كۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەی بەوەداوە كە خواستێكی زۆر هەیە لەسەر گرانترین جۆری ئایفۆن و ئەوەش قازانجی وەرزیی كۆمپانیاكەی زیادكردووە و تێكڕای ناوەندی نرخی ئایفۆن گەیشتوەتە 724 دۆلار، ئەوەش زیاترە لە نرخی چاوەڕوانكراو كە 649 دۆلارە. كۆمپانیای ئەپڵ ئاشكراشیكرد " ئایفۆن ئێكس" كە ساڵی رابردووو خرایە بازاڕەوەو نرخەكەی 999 دۆلارە، لە هەموو جۆرەكانی تری ئایفۆن زیاتر فرۆشراوە لە چارەكی ئەمساڵدا.
(درەو میدیا): هیچ گەنجێك نییە كە خەونی ئەوەی نەبێت رۆژێك لە رۆژان لە ژیانیدا دەوڵەمەند ببێت و ببێت بە ملیۆنێر، ستیف سیپلۆدی بزنسمان دەڵێت:" لە دۆخی ئابوریی ئازاددا هەموو كەسێك دەتوانێت ئەو سامانە بەدەستبهێنێت كە دەیەوێت". سایتی “businessinsider” ، تایبەت بە كار و سەرمایە چەند هەنگاوێكی بڵاوكردەوە كە ئەگەر بیگرنەبەر لە تەمەنێ لاویدا دەتوانیت ببیتە ملیۆنێر: 1- زیادكردنی داهاتت بە هەند وەربگرە: گرانت كاردۆن كە لە تەمەنی سی ساڵیدا سامانەكەی گەیشتە چەندین ملیۆن دۆلار دەڵێت هەنگاوی یەكەم بریتیە لەسەرتەركیزخستنە سەر داهاتت، كاردۆن موچەی مانگانەی 3 هەزار دۆلار بوو, بەڵام دوای نۆ ساڵ بووە 20 هەزار دۆلار و بەوەش بووە ملیۆنێر. لە راستیدا بەدەستهێنانی سامان و پارە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام چەندین رێگا هەن بۆئەوەی داهاتی زیاتر بەدەستبهێنیت و دەتوانیت لە پاڵ پیشە سەرەكەییەكەتدا زیاتر لە كار و پیشەیەكی تر بكەیت و داهات و موچەی زیاتر بەدەستبهێنیت. 2- فرە سەرچاوەیی داهات: تۆماس كۆرلی ژمارەیەك توێژینەكەی لەسەر چەند ملیۆنێرێك ئەنجامداوە كە بەدەستی خودی خۆیان سامانێكی زۆریان كۆكردوەتەوە، یەكێك لە توێژینەوەكانی سەلماندویەتی كە پیاوانی خاوەنكار چەند سەرچاوەیەكیان بۆ بەدەستهێنتنی داهات هەیە، كە خۆی لە وەبەرهێنان لە بازاڕی دارایی و خانوبەرە و كاری تردا دەبینێتەوە، لەبەرئەوە باشترین رێگە بۆ دەستكەوتنی داهات فرەكردنی سەرچاوەكانیەتی. 3- پارە بۆ وەبەرهێنان كۆبكەرەوە نەم بۆ پاشەكەوت: پێویستە لەسەرت پارە كۆبكەیتەوە نەك بۆ پاشەكەوت بەڵكو بۆ وەبەرهێنان، كۆكردنەوە و دانانی پارە لە شوێنێكی متمانەپێكرا و هەرچی روویدا لێی نزیك نەبیتەوە، ئەوە ناچارت دەكات بەردەوام بیت لەسەر زیادتركردنی داهاتت، وەبەرهێنان قورس نییە، بەڵام لەو قورستر دۆزینەوەی رێگایەكە بۆ پاراستی سامان و پارەكانت، و ئاگاداربە سەركێشی نەكەیت لە پرۆژەی گەرەنتی نەكراودا. 4- یەكلاكەرەوە بە: لە بڕیاردانی هەڵە دووربكەوەرەوە، پێویستە مێشك و بیرێكی وات هەبێت بتوانیت بڕیاری دروست بدەیت، لەبەرئەوە بایەخ بە پەرەپێدانی تواناكانی مێشكت بدە بۆئەوەی هێزەی یەكلاكردنەوەت هەبێت ، تا بتوانیت بگەیتە بە خێرایی بڕیاربدەیت و بەبێ دوو دڵی. 5- لە بایەخدان بە دیمەنی دەرەوە دووربە: كۆردرۆنی ملیۆنێر دەڵێت:" لەسەرەتای كۆكردنەوەی پارەدا كاتژمێر و ئۆتۆمبیلی گرانبەها و ناوازەم نەكڕی، ئەوكاتە ئەو كارەم ئەنجامدا كە سامانەكەم و وەبەرهێنانەكانم زۆر قازانجیان كرد"، لەبەرئەوە لەسەرەتای بەدەستهێنانی پارە و ساماندا بەئاگابە و خۆت بە پارە و سامانەوە مەنوێنە. 6- بیروبۆچون دەربارەی پارە بگۆڕە: گەیشتن بە دەوڵەمەندی لەو رێگەیەوە دەستپێدەكان كە بیری پێدەكەیتەوە، و ئەوەی باوەڕت پێیەتی بۆ بەدەستهێنانی سامان، لێكدانەوەی ستیف سیپۆڵدی ملیۆنێر بۆئەوە ئەوەیە كە دەوڵەمەندیی بە شێوازی بیركردنەوە دەستپێدەكات و دروستكردنی سامان لە زاڵبوون و كۆنترۆڵكردنەوە بەدیدێت، دەوڵەمەندەكان دەزانن كە بەدەستهێنانی پارە لە كاری ناوخۆییەوە دەستپێدەكات. 7- وەبەرهێنان لە خۆتدا بكە: باشترین وەبەرهێنان، وەبەرهێنانە لە خودا بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی باشتر، تەكەر هاجسی ملیۆنێر لەو بارەیەوە دەڵێت:" بە تێكڕایەكی جێگیر رۆژانە لانیكەم 30 خولەك دەمخوێندەوە، جگە لە گوێگرتن لە رادیۆ لەكاتی شۆفێریدا، دەگەڕام و هەوڵمدەدا لە هەموو بوارەكانی وەك سیاسەت و ئابوری و وەرزش فێرببم، چونكە زانیاری وەك هەوا وایە". 8- ئامانجەكانت دیاری بكە: ئەگەر دەتەوێت پارەیەكی زۆر بەدەستبهێنیت، ئامانج و پلانێكی ئاشكرای بۆ دابنێ و دەستبكە بە جێبەجێكردن و بەدیهێنانی، پارە و سامان بە رێكەوت بەدەستنایەن، بەڵكو پێویستە دوای بكەویت، دەوڵەمەندەكان ئامانجیان روون و ئاشكرایە و ئەوان سامانیان دەوێت، لەبەرئەوە تاكە هۆكار بۆ زۆربەی خەڵك كە ئەوەی دەیانەوێت دەستیان ناكەوێت، ئەوەیە كە نازانن چیان دەوێت. 9- كەسانی كاریگەر لە خۆت نزیك بكەرەوە: بیرۆكەی سەرەكی ئەوەیە كە كەسانی بەهرەمەند كە هاوبیروبۆچونتن لە خۆت نزیكبكەرەوە، چونكە هاوڕێەیتی كەسانی زیرەك و داهێنەر بەهێزترە لە یەك مێشك و بیركردنەوە، لەبەرئەوە دەوڵەمەندەگان هەمیشە پەرۆشن بۆئەوەی لە كۆمەڵگەیەكدا بن كە لە ئاستی خۆیاندا بێت، چونكە مرۆڤ لەگەڵ كێیدا بێت و كێ لە چواردەوری بێت، پەیوەست دەبێت پێوەیان و هەوڵدەدات هاوشێوەیان بێت. 10- هەوڵبدە بۆ 10 ملیۆن نەك یەك ملیۆن: كاردۆن دەڵێت :" گەورەترین هەڵەی دارایی كە كردبێتم ئەوەبوو كە بە شێوەیەكی فراوان بیرم نەدەكردەوە، لەبەرئەوە من ئامۆژگاری هەموان دەكەم كە ئامانجیان بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێك بێت، پارە و سامانی سەر ئەم هەسارەیە سنوری نییە".
راپۆرتی: عەبدولڕەحمان رەزگەیی ئەمڕۆدا باشوری کوردستان لە سەخترین دۆخی ئابووری دایە، ئەوە جگە لەوەی تەواوی سێکتەرەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری پەکیان کەوتووە، لە ھەمان کاتدا حکومەت ناتوانێت بڕەموچەی پێویستیش بدات بە موچەخۆران، سەرباری ئەو قەرازانەی کە لەسەریەتی، لە وەڵامی بێموچەیی و خراپی دۆخی گوزەرانی خەڵکیشدا حکومەت بەغدا بە بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم تاوانباردەکات و ھۆکارەکە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە بەغدا لە مانگی 5 ساڵی 2014 وە بەشە بودجەی ھەرێمی بڕیوە، بیانووی حکومەتی مەرکەزیش بۆ بڕینی بوجە فرۆشتنی نەوتە بە شێوەی سەربەخۆ لەلایەن حکومەتی ھەرێم و بێ ئاگاداری بەغدا. زیادەڕەوی نیە ئەگەر بڵێین یەکێک لە ھەڵەترین بڕیارەکانی سەرانی کورد لە باشور بریتی بوو لە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ و نە گەڕانەوە بۆ حکومەتی بەغدا، لە 23 ی 5 ساڵی 2014 وە (ئاشتی ھەورامی) وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکەمەتی ھەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (Reuters) دەڵێت:- ئیتر بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێڕاق و ڕێخراوی فرۆشتنی نەوتی عێڕاق (State Oil Marketing Organization (SOMO)) نەوتی کەرکوک و ھەرێم دەفرۆشین لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکوک - جەیھانەوە، دوای ئەوەش بەغدا بەشە بوجەی ھەرێمی بڕی. زۆر ھەڵدەگرێت ئەگەر لە ھەموو ڕویەکەوە زیانەکانی بڕیاری فرۆشتنی نەوت لەلایەن ھەرێمەوە ھەڵبسەنگێنین، لە زیادکردنی بواردان بۆ احتیکار و بیانوودان بە حکومەتی مەرکەزی بۆ بڕینی بودجەی ھەرێم و ھەرزانفرۆشکردنی نەوت، بەڵام لێرە ئێمە زۆرتر فۆکس دەخەینەسەر ھەرزانفرۆشکردنی نەوت بە تورکیا لەلایەن ھەرێمەوە. ھەرێمی کوردستان چونکە دەوڵەت نیە ناتوانێت بە نرخی وڵاتێکی سەربەخۆ نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بفرۆشێت، زۆرینەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر وڵاتێک ستاتۆیەکی سەربەخۆی نەبێت ئەوا ھەر بەرمیلێک بە کەمتر لە 8 ھەشت دۆلار دەفرۆشێت لە بازاڕەکانی جیھان بە بەروارد بە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام بەرپرسانی ھەرێم ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ھەرێم بە کەمتر لە 11 دۆلار نەوتەکەی دەفرۆشێت، لە ھەردوو حاڵەتەکەدا لە ساڵی 2014 وە زیانی چەند ملیار دۆلارێک بەر ئابووری ھەرێم و عێڕاق کەوتوە، لە کاتێکدا ئەگەر ھەرێم بڕیاری سەربەخۆی فرۆشتنی نەدابا نە بەغدا بیانووی بڕینی بودجەی ھەرێمی ھەبوو، نە داھاتی نەوتیش ئاوا نا شەفاف دەبوو، نە بەو ڕێژەیەش زیان بەر ئابووری عێڕاق و ھەرێم دەکەوت بە ھۆی ھەرزانفرۆشکردنی نەوتەوە کە لە خوارەوە باسی دەکەین. لێرەدا دەتوانین دوو شیکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بکەین:- یەکەم/ ئەگەر بە کەمتر لە 11 یازدە دۆلار فرۆشرابێت بەم شێوەیەیە:- لە 23 ی 5 ساڵی 2014 وە ھەرێم بۆ ماوەی 7 مانگ بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی فرۆشتووە و بەپێی سەرجەم ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھەرێم مانگانە بە بەردەوامی 650000 (650000bbd) شەش سەدو پەنجا ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکات لە ھەر ڕۆژێکدا، بەو پێیە لە 7 حەوت مانگدا کە دەکاتە 210 ڕۆژ حکومەت 136,500,000 سەد و سیو شەش ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە کردوە و ھەر بەرمیلێکیش بە 11 یازدە دۆلار کەمتر فرۆشراوە کە بە بڕەکەی دەکاتە 1,501,500,000 یەک ملیار و پێنج سەد و یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار دۆلار کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان. لە ھەردوو ساڵی 2015 و 2016 دا کە دەکاتە 720 حەوت سەدو بیست ڕۆژ ڕۆژانە 650000 شەش سەدوو پەنجا ھەزار بەرمیل ھەناردە کراوە کە لەو دوو ساڵەدا دەکاتە 468,000,000 چوارسەدو شەست و ھەشت ھەزار بەرمیل و بەکەمتر لە 11 یازدە دۆلار دەکاتە بڕی 5,148,000,000 پێنج ملیار و سەدو چل و ھەشت ھەزار دۆلار کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان. لە 10مانگ و 15 ڕۆژی ساڵی 2017 دا واتا تا 16 ی October کە دەکاتە 315 سێ سەد وپازدە ڕۆژ ، ھەرێم ڕۆژانە 650000 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە کردووە، ئەوا دەکاتە 204,750,000 دوو سەدو چوار ملیۆن و حەوت سەدو پەنجا ھەزار بەرمیل، بە کەمتر لە 11 دۆلار لە بازاڕەکانی جیھان فرۆشراوە دەکاتە 2,252,250,000 دوو ملیار و دوو سەدو پەنجا و دوو ملیۆن دووسەدوو پەنجا ھەزار دۆلار. کۆی گشتی دەکات( 8,901,750,000) ھەشت ملیارو نۆسەدو یەک ملیۆن و حەوت سەدو پەنجا ھەزار دۆلار دووەم/ ئەگەر بە کەمتر لە 8 ھەشت دۆلار فرۆشرابێت بەم شێوەیەیە:- لە ماوەی حەوت مانگی ساڵی 2014 دا حکومەت 136,500,000 سەدو سیو شەش ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوتى ھەناردە کردووە، بەکەمتر لە 8 ھەشت دۆلار، ئەوا بە بڕی 1,092,000,000 یەک ملیار و نەودو دوو ملیۆن کەمتر فرۆشراوە. لە ھەردوو ساڵی 2015 و 2016 دا 468,000,000 چوارسەدوو شەست و ھەشت ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە بە کەمتر لە 8 دۆلار دەکاتە 3,744,000,000 سێ ملیار و حەوت سەدو چل و چوار ملیۆن دۆلار. لە 10 مانگ و 15 ڕۆژی ساڵی 2017 دا، حکومەت 204,750,000 دوو سەدو چوارملیۆن حەوت سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەکردووە، کە دەکاتە 1,638,000,000 یەک ملیار و شەش سەدو سی و ھەشت ملیۆن دۆلار کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان. کۆی گشتی دەکاتە( 6,474,000,000 ) شەش ملیار و چوارسەد و حەفتاو چوار ملیۆن دۆلار) لە دوای 16 ی October یشەوە بەپێی لێدوانێکی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم (سەفین دزەیی) بۆ کەناڵی Kurdsat News ھەناردەی نەوتی ھەرێم کەمبۆتەوە بۆ 300000 سێ سەد ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەو پێیە بێت مانگانە ھەرێم 9,000,000 نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، کە بەکەمتر لە 11 دۆلار دەیفرۆشێت کە لە ھەر مانگێکدا 99,000,000 نەودو نۆ ملیۆن دۆلار کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان دەیفرۆشێت و بە بەردەوامی مانگانە زیانی نەوەد و نۆ ملیۆن دۆلار زیان بە ئابوری ھەرێم دەگات. ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوەیە کە حاڵەتی یەکەم ڕاستبێت یان دووەم ئەوا لە ھەر بەرمیلێک 11 دۆلار نایەتەوە ناو خەزێنەی حکومەت، واتە ئەگەر ھەرێم بە 8 دۆلار بیفرۆشێت یان بە 11 دۆلار، ئەوا لەھەر بەرمیلێک 11 دۆلار کەمتر دێتەوە ناو خەزێنەی حکومەت.
(درەو میدیا): یەكێتی ئەوروپا باجی گومركی قورس بەسەر كەلوپەلی هاوردەی ئەمریكا دەسەپێنێت، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بەڵێنەكانی بۆ سەپاندنی باج بەسەر ئۆتۆمبیلی هاوردەكراوی ئەوروپادا جێبەجێ بكات. كۆمسیۆنی ئەوروپا كە سیاسەتی بازرگانی 28 ئەندامەكەی یەكێتی ئەوروپا جێبەجێ دەكات لە نامەیەكدا بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریكا دەڵێت:" هاوردەی ئەمریكا بۆ وڵاتانی ئەوروپا كە بەهاكەی دەگاتە 294 ملیار دۆلار لە هەموو كەرتە ئابورییەكانی ئەمریكا، رووبەڕووی رێوشوێنی دژ دەبێتەوە". دۆناڵد ترەمپ كێشەی جەختیكردەوە كە كێشەی ئەوروپییەكان زیان بازرگانییەكانی بۆ وڵاتەكەی لە چین كەمتر نییە و هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە بە رووبەرووی ئەوروپا دەبێتەوە بە سەپاندنی باجی گومركی بە رێژەی لە سەدا 20 بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبیلی ئەوروپا. یەكێتی ئەوروپا لە ماوەی رابردوودا باجی بەسەر بەرهەمەكانی جینزی ئەمریكەی و ماتۆڕسكیلی هاری دیفسۆندا سەپاند، لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە سەپاندنی باج بەسەر هاوردەی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی ئەوروپا بۆ ئەمریكا. كۆمسیۆنی ئەوروپا لە نامەكەیدا دەڵێت:" شیكردنەوەی ئابوریی جەختدەكاتەوە كە زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمەكان بە پلەی یەك زیان لە ئابوری ئەمریكا دەگەیەنێت، چونكە كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبیلی ئەوروپا بەشێوەیەكی گەورە بەشدارن لە ئابوری ئەمریكادا و ئامادەگییەكی هەمیشەیی پتەویان هەبووە". كۆمسیۆنی ئەوروپا ئاشكراشیدەكات كە كۆمپانیاكانی یەكێتی ئەوروپا كە بارەگاكانیان لە ئەمریكایە ساڵی 2017 نزیكەی 2.9 ملیۆن ئۆتۆمبیلیان بەرهەمهێناوە، كە دەكاتە هاوتای لە سەدا 26شی كۆی بەرهەمی ئەمریكا، هەروەها ئەو كۆمپانیایانە 120 هەزار هەلی كاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی لیژنەی نەوتی غازی پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنێت، كە بەهۆی دابیننەكردنی سوتەمەنیەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا بەشێكی زۆری یەكەكانی ئەو وێستگانە لەكار كەوتوون. بەپێی بەدواداچوونی عەلی حەمە ساڵح ئەم وێستگانە بەهۆی دابیننەكردنی سوتەمەنیەوە لەكاركەوتوون: - ١٠ وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای كۆمپانیای ماس كارناكات،كە توانای بەرهەمهێنانی ١٢٥٠ مێگاوات كارەبای هەیە. -٤یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبای بازیان كە توانای بەرهەمهێنانی ٥٠٠ مێگاوات كارەبای هەیە، تەنیا یەك دانەیان بۆ كەركوك كاردەكات، حكومەتی هەرێم سوتەمەنی بۆ دابینناكات. -٤ یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كەڵەك بەهۆی دابیننەكردنی سوتەمەنی كارناكات كە توانای بەرهەمهێنانی ٥٠٠ مێگاوات كەرەبای هەیە، بەشێكی بۆ موسڵ كاردەكات. عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوەش دەكات كە بە هۆی دابیننەكردنی سوتەمەنی ٦٠٪ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە ١٨ یەكەی ١٢٥ مێگاواتیە كارناكات، بەخستنەكاری ئەم یەكانە گرفتی كارەبا بەشێوەیەكی بەرچاو چارەسەر دەبێت. سەبارەت بە پاڵاوگەكانی نەوتیش عەلی حەمە ساڵح ئەوە دەخاتە روو كە هەردوو پاڵاوگەی گەورەی بازیان و كەڵەك، ژێرخانێكی گرنگی كوردستانن، حكومۆتی هەرێم نەوتیان بۆ دابیناكات و بەهۆی سیاسەتی چەوتی نەوتی هەرێم ١٠٠٪ خراونەتە خزمەت حكومەتی عێراق. سەبارەت بە نەوتی كەركوكیش عەلی حەمە ساڵح ئەوە دەخاتە روو -بەرهەمی نەوتی كەركوك لە ئێستادا ٢٢٣ هەزار بەرمیلەو بەم شێوازە دابەش دەبێت. - ٩٥هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوتن دێتە پاڵاوگەی كەڵەك، بەرهەمەكان دەدرێتەرە حكومەتی عێراق.. -٢٨هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ پاڵاوتن دێتە پاڵاوگەی بازیان.. -٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەدرێتە پاڵاوگەی دۆرە. -١٠ هەزار بەرمیل دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەیەكی دیكە. - ٤هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی گەیارە دەدۆزرێتەوە. -٥٦ هەزار بۆ پاڵاوگەی كەركوك. ئەوەی جێگای سەرنجە. دوو پاڵاوگەی گەورەی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم ئامادەنیە نەوتیان بداتێ، بەڵام حكومەتی عێراق نەوتیان بۆ دابیندەكات و بەرهەمە نەوتییەكانیان دەبەنە موسڵ و كەركوك، ئەمەش وایكردووە بەنزین و بەرهەمە نەوتییەكان لەو شارانە هەرزانتربن.
(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهات زیادیكردووە. عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشكرایكرد" مانگی حوزەیرانی رابردوو عێراق (105 ملیۆن و 640 هەزارو 160) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 521 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (69.322) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (7 ملیار و 323 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلار. بەڵام داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا (7 ملیار و 566 ملیۆن و 294 هەزار) دۆلار بووە.
(درەو میدیا): "پارەو ئاڵتونەكانتان بخەنە بازاڕەوە" ئەمە داواكاری حكومەتی تارانە لە خەڵكی ئێران بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە ئابورییەی كە ڕووی لە بازاڕەكانی وڵات كردووە. محەمەد باقر نەوبەخت وتەبێژی حكومەتی ئێران لە لێدوانێكدا كە میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە وتی: دەوڵەت نیازی هەیە دراوی میللی بەهێز بكات، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی میللی هەیە، هیچ كارێكی دەوڵەت بەبێ پشتیوانی و پاراستنی میللەت ناتوانێت بەرەو پێش بڕوات. نەوبەخت ئاماژەی بەوەكرد، حكومەتی ئێران هۆكاری ناسەقامگیری بەهای دراو نییە، ئەمریكا لە پشت ئەو پیلانگێڕییەوەیە. چەند رۆژێكە شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چەند شارێكی ئێرانی گرتوەتەوە، بەتایبەتی تارانی پایتەخت، خۆپیشاندانی ئەمجارە لەناو بازاڕەكانەوە سەریهەڵداوە، دوكاندارو كاسبكاران نیگەرانن لە دابەزینی بەهای تمەن لەبەرامبەر دۆلار، ئەمە سەرباری بێ بازاڕی و بەرزبونەوەی نرخی كاڵاكان. بەڵام وتەبێژی حكومەتی ئێران قسەیەكی پێچەوانە دەكات و دەڵێ" داهاتمان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بەرێژەی 60%ی بەرزبوەتەوە و داهاتی نەوتیش بەبەراورد بە ساڵی رابردوو بەرێژەی 74% زیادی كردووە و ئامارەكان دەریدەخەن ئابوریمان كێشەی نییە". پێشتریش حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، بەشی پێویستی خەڵك دراو لەناو بازاڕدا هەیە.
(درەو میدیا): وەزارەتی بازرگانی عێراق لە هەوڵدایە لە كەمكردنەوەیەكدا 50 هەزار تۆن گەن بكڕێت. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " رۆیتەرز" رایگەیاند عێراق هەوڵەدەدات لە كەمكردنەوەیەكی جیهانییدا 50 هەزار تۆن گەنمی ئەمریكی یان ئوسترالی یان كەنەدی بكڕێت. ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد دوا وادە بۆ پێشكەشكردنی گرێبەست بۆ ئەو كەمكردنەوەیە دووی تەمموزی داهاتووە.
( درەو میدیا): كۆمپانیای گازپرۆمی روسیی رایگەیاند بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كێڵگەی گەرمیانی هەرێمی كوردستان لە یەك ملیۆن تۆن تێپەڕیكردووە. كۆمپانیای غازپرۆم ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند قۆناغی یەكەمی زیادكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەی گەرمیان تەواو بووە و بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتەوە ئێستا گەیشتوەتەوە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت. رونیشیكردەوە بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی كێڵگەكە تا بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە 35 هەزار بەرمیل نەوتی خاو. كۆمپانیای غازپرۆمی روسیی لە ساڵی 2011 ەوە دەستی بەكاركردن كردووە لە كێڵگەی گەرمیان و لە ساڵی 2015ەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو كردووە.
(درەو میدیا): ئێران ناوەندێكی بازرگانی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستدەكات، ئەمە بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی (دانیشجویان)ی ئێران كە بە (ئیسنا) ناسراوە. حسێن نەجاتی سەرۆكی رێكخراوی پیشەسازی و بارزگانی و كانەكانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسەكە رایگەیاند، ئامانج لە دروستكردنی ئەو ناوەندە لە شاری سلێمانی ئاسانكاریكردنە بۆ كاروباری بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان. نەجاتی ئاماژە بەوەدەكات، روبەڕوی ئەو ناوەندە بازرگانییەی كە بڕیارە ئێران لەناو شاری سلێمانی دروستی بكات دەگاتە (300 مەتر چوارگۆشە) و دەكەوێتە ناوەڕاستی شاری سلێمانییەوە. باسلەوەشدەكات، ئێران پەیوەندی ئابوری هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەڕووی هەناردەكردنی كەلوپەلی ناو ماڵ و جۆرەكانی سیستمی ساردكەرەوە و جلوبەرگ و پیشەسازی خۆراك و ئارد، كردنەوەی ئەو ناوەندە لە سلێمانی یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادكردنی هەناردەی ئێران.
(درەو میدیا): بێ ئاویی تەنگی بە عێراق هەڵچنیوە و دووچاری قەیران بووە و كاریگەری راستەوخۆی ئەو قەیرانەش لەسەر كەرتی كشتوكاڵ زۆرە. لێپرسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند بەهۆی وشكە ساڵی و كەمیی ئاوەوە چاندنی برنج و چەند بەرهەمێكی تری كشتوكاڵی لە جوتیاران قەدەغەكراوە، بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە بەرهەمانە پێویستی زۆریان بە ئاوە. بە گوێرەی راپۆرتێك كە حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بۆ نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناردووە، وەزارەت بڕیاریدا لە پلانی حكومەتدا بۆ كشتوكاڵی وەزری هاوینە چاندنی برنج و گەنمەشامیی لابردووە بۆئەوەی بایەخی زیاتر بە ئاوی خواردنەوە و پیسەشازیی و سەوزە بدرێت و وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت دڵخۆش نییە بەو بڕیارە بەڵام ناتوانێت رایبگرێت. حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز دەڵێت:" برنج و گەنمەشامی زەرد لە پلانی وەرزی هاویندا دەرهێنراون بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوە، ئێمە وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ شەرمەزار بووین ، بە تایبەتی كە ئەو دوو بەرهەمە لە بەرهەمە ستراتیژییەكانن و جوتیارەكان زەوییەكانیان بۆ چاندنی ئامادەكردووە." دەشڵێت:" وەزارتی كشتوكاڵ ناتوانێت بەبێ رەزامەندی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو رەزامەندیی لەسەر چاندنی یەك دۆنم دەرببڕێت." ئاماژبۆئەوەشدەكات كە وەرزی رابردوو لە عێراقدا 100 هەزار دۆنم ( هەردۆنمێن 2500 مەتر چوارگۆشەیە) بە برنج چێنراوە. لە ماوەی رابردوودا توركیا بڕیاریدا بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئەلیسۆ بەوەش عێراقی رووبەڕووی دۆخێكی قورس كردەوە، چونكە 70%ی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە وڵاتانی دراوسێدان بە تایبەتیش رووباری دیجلە و فورات كە هەردووكیان لە توركیاوە دەڕژێنە ناو خاكی عێراقەوە.
(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند دوای وەستانی بۆماوەی چوار ساڵ بۆری گواستنەوەی نەوتی كێڵگەكانی كەركوكی بۆ بەغداد خستەوەگەڕ. جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند بۆری ستراتیژی گواستنەوەی نەوتی خاوی كێڵگەكانی كەركوك بۆ بێجی و لەوێشەوە بۆ بەغدا خراوەتوەگەڕ. لعێبی روونیشیكردەوە كە " بۆریەكە لە توانایدایە رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بگوازێتەوە و درێژییەكەی زیاتر لە 180 كیلۆمەترە و نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین و پاڵاوگەی دۆرە لە باشووری بەغدا دابیندەكات". سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس " رایگەیاند بۆری نەوتی كەركوك بۆ بێجی و بەغدا لە ئازاری 2014ەوە بەهۆی هێرشی تیرۆریستییەوە وەستاوە.