Draw Media

( درەو میدیا): بەپێی راگەیەنراوێكی (گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان) لە مانگی ئەیلولدا هەرێمی كوردستان ( 12.370.000) بەرمیل نەوتی رەوانەی بەندەری جیهانی كردووە، كە رۆژانە دەكاتە ( 399.032 ) بەرمیل. راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە نرخی بەرمیلێكی نەوت 77 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 8 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 69 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئەیلولی هەرێمی كوردستان ( 853.530 ) دۆلار بووە. .


(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی بۆ مانگی ئەیلول راگەیاند و لەو مانگەدا رۆژانە بە تێكڕا 3.456 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە و داهاتەكەشی حەوت ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بووە. بە گوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی عێراق هەناردەی نەوت لە مانگی ئەیلولدا بەبەراورد بە مانگی ئاب كەمیكردووە و هۆكارەكەشی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە دامەزراوەكان و خراپی كەشوهەوا گەڕاندوەتەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكردووە لە مانگی ئەیلولدا رۆژانە  3.853 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە كێڵگەكانی باشوورەەوە هەناردەی دەرەوە كردووە و هەر بەرمیلێكیش بە 74.91 دۆلار فرۆشراوە و كۆی داهاتی ئەو مانگەش حەوت ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بووە.


(درەو میدیا): لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، داهاتی عێراق بەبەراورد بە خەرجییەكانی بڕی (14 ترلیۆن و 9 ملیار) دینار زیادەی هەبووە. بەشێوەیەكی گشتی داهاتی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا (45 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بووە، ئەم داهاتەش لەدوو سەرچاوەی سەرەكییەوە بەدەستهاتووە: یەكەم: داهاتی نەوت لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی نەوتی عێراق (40 ترلیۆن) دینار بووە، كە رێژەی (80%)ی كۆی گشتی بودجە پێكدەهێنێت. دووەم: داهاتەكانی تر داهاتەكانی تری عێراق كە لەسەرچاوەكانی ترەوە دەستكەوتوون جگە لە نەوت، لەماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا (5 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بووە، كە رێژەی (12%)ی كۆی گشتی بودجە پێكدەهێنێت. بەپێی زانیاری سایتی سۆمەریەنیوز، خەرجی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا (30 ترلیۆن و 48 ملیار) دینار بووە: •    بودجەی وەبەرهێنان: (ترلیۆنێك و 48 ملیار) دینار لەم بوارەدا خەرجكراوە •    بودجەی وەبەرهێنان: (29 ترلیۆن) دینار لەم بوارەدا خەرجكراوە  بەشێوەیەكی دیاریكراو، خەرجییەكانی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەمشێوەیە دابەشبووە: •    موچەی فەرمانبەران: 17 ترلیۆن و 39 ملیار دینار •    پێداویستییە خزمەتگوزارییەكان: 129 ملیار دینار •    دانەوەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان: 3 ترلیۆن و 900 ملیار دینار •    خەرجی چاودێری كۆمەڵایەتی: 6 ترلیۆن و 600 ملیار دینار دیارترین ئەو وەزارەتانەی كە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زۆرترین خەرجییان هەبووە: •    وەزارەتی دارایی: 7 ترلیۆن و 400 ملیار دینار •    وەزارەتی ناوخۆ: 5 ترلیۆن دینار •    وەزارەتی بەرگری: 2 ترلیۆن و 68 ملیار دینار •    ئەنجومەنی وەزیران: ترلیۆنێك و 800 ملیار دینار دیارترین ئەو پارێزگایانەی كە لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زۆرترین خەرجییان هەبووە: •    بەغداد: ترلیۆنێك و 27 ملیار دینار •    بەسرە: 526 ترلیۆن دینار •    زیقار: 447 ترلیۆن دینار


( درەو میدیا): وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی گەیارەی پارێزگای نەینەوا دەستیپێكردوەتەوە و رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت لەو كێڵگەیە دەردەهێنرێت، ئەوەش دوای دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و بیرە نەوتەكان و دامەزراوە و بۆرییەكانی كە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان پێگەیشتبوو. جەبار لعێبی وەزیری نەوت، لە بروسكەیەكدا بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت بە هەوڵ و تێكۆشانی كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی باكور و كۆمپانیا هاوكارەكانیی توانراوە دەست بە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی گەیارە بكرێت و رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت لەو كێڵگەیە دەردەهێنرێت و پلانیشیان داناوە بۆئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگەیە تا كۆتایی ئەمساڵ بگەیەننە 60 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. لعێبی راشیگەیاندوووە لە رابردوودا نەوتی ئەو كێڵگەیە تەنها بۆ ناوخۆ بەكارهێنراوە، بەڵام ئیتر لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا هەناردەی دەرەوە دەكرێت و رۆڵی دەبێت لە زیادكردنی داهاتی وڵاتدا. گەیارە گەورەترین ناحیەی پارێزگای نەینەوایە و دەكەوێتە 60 كیلۆمەتری باشووری موسڵ.  


(درەو میدیا): دابەزینی بەهای لیرەی توركیی، سەرمایەدار و بزنسمانە عەرەبەكان بە گشتی و قەتەرییەكان بە تایبەتی هانداوە رووبكەنە توركیا  بۆ كڕینی كۆشك و خانوبەرە. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا 60 كۆشك لە شاری ئیستانبوڵ كە دەڕوانێت بەسەر گەرووی بۆسفۆردا خراونەتەڕوو بۆ فرۆشتن، كە لە نێویاندا 30 كۆشكی مێژووی هەیە نرخەكانیشیان لە نێوان 4.5 بۆ 95 ملیۆن دۆلاری ئەمریكیدایە، جگە لە نزیكەی 40 شووقەی كوالێتی بەرز بە نرخی 1.7 بۆ 12 ملیۆن دۆلار. بە گوێرەی ئاژانسی " دیمیروین"ی توركی لە شاری ئیستانبوڵ 600 كۆشك هەن كەبەسەر گەرووی بۆسفۆردا دەڕوانن، و 233 كۆشكیان بە مێژوویی دادەنرێت. هاوكات رۆژنامەی " حوڕییەت"ی توركیا رایگەیاند ناوچەی نێوان بوغازچ و سوڵتان محەمەد فاتح لە هەموو شوێنەكانی تر نرخیان بەرزترە، بەڵام هەردوو گەڕەكی بەیبیك و یانیكۆی كە دەكەونە بەری ئەوروپای بۆسفۆر و قەندیلی و ئەنادۆڵۆهیساری كە كەوتونتە بەری ئاسیا زۆرتر خواستیان لەسەرە. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشجداوە كە كۆشكەكانی سەر بۆسفۆر لەدوای نزمبوونەوەی بەهای لیرەی توركییەوە خواستێكی زۆریان لەسەرە و زۆربەی كڕیارەكانیش لە قەتەرەوە دێن. سینەم یەڵماز راوێژكاری بواری خانوبەرە لە ئیستانبوڵ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی دیمیرۆین دەڵێت بیانییەكان ئەم دۆخە بە هەل دازانن بۆئەوەی خانوەبەرەی باشیان لە توركیا دەستبكەوێت و سود لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر لیرە وەربگرن و ئاماژەبەوەشدەدات كە لە وڵاتانی عەرەبی بەگشتی و قەتەر بە تایبەتی هاتونەتە بازاڕەكەوە بۆ كڕینی كۆشك و شوقە. راشیدەەگەیەنێت كە یاسای نوێ سەپاندوویەتی كە دەبێت كڕین و فرۆشتنی خانوبەرە بە لیرەی توركی بكرێت وەك هەوڵێكی دەسەڵاتداران بۆ پاڵپشتیكردنی دراوی نێوخۆ و دەشڵێت بەهۆی ئەوەوە بەها و نرخی كۆشەكەكان بە لیرە بەرزبوەتەوە و ئەوەش كڕیارەكانی ناوخۆی هاندا داوای نزمكردنەوەی نرخەكان بكەن. یەڵماز ئاشكراشیدەكات كە كڕیارەكانی ناوخۆ داوادەكەن بەرێژەی 40% و 50% نرخەكان كەمبكرێنەوە نەك تەنها بۆ كۆشكەكانن بەڵكو بۆ هەموو جۆرەكانی خانوبەرە لەسەر هێڵی گەروی بۆسفۆر، رونشیكردەوە كە خاوەن كۆشك و خانوەكان هیچ داشكاندنێك بۆ بیانییەكان ناكەن.


( درەو میدیا): ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار ساڵدا و  نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتە نزیكەی 81 دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوەهات دوێنێ‌ یەكشەممە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت " ئۆپێك" و بەرهەمهێنەرە سەربەخۆكان لە جەزائیر كۆبوونەوە و بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد نەكەن. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەر،  ئەمڕۆ دووشەممە نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 1.63 دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتوەتە 80.47 دۆلار، هەروەها نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تێكساس 1.18 دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتوەتە 71.96 دۆلار. هاوكات هەردوو كۆمپانیای بازرگانی نەوت،  تراڤیگۆرا و مێركۆریان رایانگەیاند پێشبینیدەكرێت نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت تا سەری ساڵ بگاتە 90 دۆلار و لە سەرەتای 2019شدا لە 100 دۆلار تێپەڕبكات، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی نەوت بەهۆی جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران لە تشرینی دووەمی داهاتوودا. كۆمپانیای جی پی مۆرگان پێشبینیدەكات بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریكاوە بازاڕی نەوت رۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیل لە دەستبدات.


( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و داوایان لێدەكات نرخەكەی دابەزێنن. ترەمپ لە نوێترین تویتیدا جارێكی تر توڕەیی خۆی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەردەبڕێت و داوا لە " ئۆپێك" دەكات كاربكات بۆ دابەزاندنی نرخەكەی، لەبەرامبەر ئەوەی كە ئەمریكا پارێزگاری لە چەند وڵاتێكی ئەندامی رێكخراوەكە دەكات. ترەمپ  ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تویتێكدا دەڵێت:" ئێمە چەند وڵاتێك لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزین، كە ئەگەر ئێمە نەبین ئەوا بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئاسایشیان سەقامگیر نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بەردەوامن لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، پێویستە لەسەر ئۆپێكی خۆرخكار ئێستا نرخی نەوت دابەزێنێت". ئەمە یەكەمجار نییە كە سەرۆكی ئەمریكا رەخنە لە رێكخراوی "ئۆپێك" دەگرێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لە حوەزیران و تەمموزی رابردووش رایگەیاند وڵاتەكەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رەتدەكاتەوە و رایگەیاند بە دەستی هەندێك نرخی نەوت بەرزدەكرێتەوە. تویتەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە هەفتەی داهاتوو وڵاتانی ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك لە جەزائیر كۆدەبنەوە و پێشبینی دەكرێت لە و كۆبوونەوەیەدا وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت چاو پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا بخشێننەوە.


(درەو میدیا): بەهۆی قەیرانی ئابوریی و بەرزبوونەوەی نرخی كاغەزەوە حكومەتی توركیا بڕیاریدا رۆژنامەی رەسمی حكومەت رابگرێت. لە ماوەی رابردوودا دۆخی ئابوری توركیا داڕمانی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی ئەوەی لیرەی توركی 40%ی بەهاكەی لەدەستدا و ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو كاغەزەی بۆ چاپكردنی رۆژنامە بەكاردەهێنرێت.   حكومەتی توركیا بڕیاریدا ئیتر رۆژنامەی رەسمی حكومەت بەشێوەی ئەلیكترۆنیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوبكرێتەوە و كارمەندانەی ئەو رۆژنامەیەی كە لە ساڵی 1920ەوە دامەزرێنراوە لەو بڕیارە ئاگاداركراونەتەوە و بڕیاردراوە بگوازرێنەوە بۆ دامەزراوەكانی تر. رۆژنامەی رەسمی توركیا تایبەت بوو بە بڵاوكردنەوەی بڕیار و مەرسوم و یاسایانەی كە پەرلەمانی توركیا و سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتی وەزیران دەریاندەكات و مانگانە هەشت هەزار كۆپی لێ بڵاودەكرایەوە، بەڵام لە چەند مانگەی دواییدا تەنها دوو هەزار كۆپی لێ‌ چاپدەكرا. هەرلەهەمان چوارچێوەدا گۆڤاری " " كۆمیدیی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاغەزی چاپەوە نرخەكەی زیادكرد و هاوكات هەردوو رۆژنامەی " سوزجو" و " وەتەن"  رایانگەیاند لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە پاشكۆ تایبەتەكانیان چاپ ناكەن. سەرچاوە: رۆژنامەی زەمان


( درەو میدیا): جاك ما، سێیەم دەوڵەمەنترین كەسایەتی چین و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای بازرگانی ئەلیكترۆنیی " عەلی بابا" خۆی خانەنشین دەكات و واز لە كاری بازرگانی دەهێنێت و خۆی بۆ بواری كاری خێرخوازیی لە بواری فێركردندا تەرخان دەكات، ئەوەش بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی. جاك ما، ساڵی 1999 بەشداریكرد لە دامەزراندنی كۆمپانیای " عەلی بابا" و پاشان بوو بە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت لە جیهاندا و بەهای كۆمپانیاكە ئێستا بە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و خزمەتگوزاری لە بواری فرۆشتن لە رێگەی ئینتەرنێت و بەرهەمهێنانی فیلم و ژمێریاریی گریمانەییدا  پێشكەشدەكات. جاك ما كە پێشتر مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ نیویۆرك تایمزدا وتی:" خانەنشینبوونم كۆتایی قۆناغەكە نییە، بەڵكو دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە و من زۆر فێركردنم خۆشدەوێت". سامانی تایبەتی جاك مای تەمەن 54 ساڵ دەگاتە 40 ملیار دۆلار و بەوەش دەبێتە سێیەم كەسی دەوڵەمەند لە چین بە گوێرەی لیستی 2017ی فۆربس بۆ كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی چین. لە ماوەی رابردووشدا جاك ما بە كەناڵی بلومبێرگی راگەیاندبوو كە دەیەوێت دامەزراوەیەكی تایبەت  بەخۆی دابمەزرێنێت و هەمان هەنگاوی بیڵ گیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بنێت و وتی:" دەكرێت لە بیڵ گیتسەوە شتی زۆر  فێرببم". وتیشی:" ناتوانم بگەمە ئاستی دەوڵەمەندی ئەو، بەڵام دەتوانمم شتێكی بكەم باشتر لە ئەو ئەوەش خانەنیشن بوونە لە كاتێكی زوودا و باوەڕم وایە رۆژێك دێت بەمزوانە دەگەڕێمەوە بۆ وانە وتننەوە، باوەڕم وایە لەمەدا سەركەوتوو دەبم زیاتر لەوەی كە سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای عەلی بابا بم". جاك ما سەرەتا وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی هانگشتۆی چینی لە هەرێمی چینگیانكی خۆرهەڵات دەستی بەكاركرد و پاشا لە نێو شوقەكەیەوە لە هانگشتۆ لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێیدا كۆمپانیای عەلی بابای دامەزراند.  


( درەو میدیا): لە جەژنی ڕەمەزانەوە تاكو ئەمڕۆ گەشتیاران بە بەردوامی ڕوو لە كوردستان دەكەن، لە جەژنی قوربان ژمارەكە زۆر زیادی كرد. لە ماوەی ١٨تــا ٢٨ / 8/ 2018 زیاترلە ( ٣٤٩ )هەزار گەشتیار هاتۆتە هەرێمی كوردستان و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ١٩% زیاد كردوە. بڕی ( ١٤٦ ملیار )دیناریش داهات هاتۆتە بازاڕەكانی هەرێم. لە 90% گەشتیاران لە خواروو ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و 5% لە ئێران و 4% لە فرۆكەخانە و 1% لە ئیبراهیم خەلیل بووە. گەشتیاری خوارو ناوەڕاستی عێراق زیادی كردوە بەڵام گەشتیاری بیانی و ئێرانی كەمی كردوە. لە ٦ مانگی یەكەمی ئەم ساڵ ٢٠١٨ ژمارەی گەشتیاران بریتی بووە لە یەك ملیۆن و ٣١٠ هەزار گەشتیار. بە پێی پلانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار تا كۆتای ساڵ ژمارەی گەشتیاران بەرز دەبێتەوە بۆ زیاتر لە ( ٢ ملیۆن و 500 هەزار) گەشتیار.  


(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئابی رابردووی راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهاتی نەوت زیادیكردووە. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی ئابی رابردوو عێراق (111 ملیۆن و 61 هەزارو 618) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 583 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (69.593) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (7 ملیار و 729 ملیۆن و 57 هەزار) دۆلار بووە، بەراورد بە مانگی تەمموز داهاتی نەوتی ئاب  ( 200 ملیۆن دینار ) زیادیكردووە كە (7 ملیار و 532 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار بووە.  


(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی تەمموزی رابردوو راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهات زیادیكردووە. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی  تەمموزی رابردوو عێراق (109 ملیۆن و 857 هەزارو 705) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 661 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (68.322) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (7 ملیار و 532 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا (7 ملیار و 323 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلار بووە. واتا داهاتی نەوت بە بەراورد بە مانگی رابردوو زیاتر لە ( 200 ملیۆن دۆلار ) زیادیكردووە.


( درەو میدیا): سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران كاریگەری زۆری كردوەتە سەر هاتنی گەشتیارانی ئەو وڵاتە بۆ مەزارەكانی كەربەلا و زیانێكی زۆری ئابوریی لێكەوتوەتەوە. بەوتەی لیژنەی ئابوری ئەنجومەنی پارێزگای كەربەلا بەهۆی كەمبوونەوەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانەوە، دوكان و بازاڕ و هۆتێلەكان هەزاران كرێكاریان دوورخستوەتەوە. ناسر خەزعەلی سەرۆكی لیژنەی ئابوری ئەنجومەنی پارێزگای كەربەلا لە لێدوانێكیدا بۆ " سۆمەریە نیوز" وتی:" كەربەلا پشت بە گەشتیاریی ئاینیی دەبەستێت و دوای سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا و خراپبوونی دۆخی ئابوریی، زەحمەتە گەشتیارە ئێرانییەكان بێنە كەربەلا". خەزعەلی وتیشی:"دەیان هۆتێل لە پارێزگاكە داخراون و كرێكار و كارمەندەكانیان بێ كاربوون".


هەواڵ: فازل حمەڕەفعەت بەپێی نوسراوێكی محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی و كانزا و بازرگانی ئێران كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ماوەی دوو رۆژە ئێران هەناردەی ژمارەیەك كاڵا و ماددەی سەرەتایی بۆ دەرەوە راگرتووە. ئەو مادە و كاڵایانەی كە ئێران هەناردەكردنی بۆ دەرەوە راگرتوون بریتین لە: •    هەموو جۆرەكانی كاغەزی چاپ، بەستەبەندی و رۆژنامە •    هەموو جۆرەكانی كلینیكس •    هەموو جۆرەكانی شیری وشك •    هەموو جۆرەكانی شیری وشكی منداڵ •    چای فەل و لەپاكەتنراو •    كەرەی لەپاكەتنراو سەروو 500 گرامی هەر بەگوێرەی ئەو نوسراوە كە وەزیری بازرگانی ئاڕاستەی بەرپرسی گومرگەكانی ئێرانی كردووە، هەناردەی ئەم جۆرە كاڵا و خۆراكانە تا كاتێكی نادیار رادەوەستن، بەڵام بڕیارەكە هەناردەی ئەو كارگانە ناگرێتەوە كە خۆیان مادەی سەرەتایی بەرهەم دەهێنن. ئەحمەد یاسین بەڕێوەبەری كۆمپانیای فابیباب بۆ بەرهەمهێنانی كارتۆن لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، بەڵی ئەو نوسراوەی وەزیری بازرگانی ئێران راستە و ئێران ئێستا مەوادی خامی كارتۆن بە ئێمە نادات. وتی: لە هەرێمی كوردستان (6) كارگەی بەرهەمهێنانی كارتۆن هەیە و زیاتر لە 400 كەس لەم بوارەدا كاردەكەن، ئەو بڕیارەی ئێران بەرێژەی 100% كاریگەری لەسەر كاركردنی ئێمە كردووە. بەبۆچونی ئەحمەد یاسین، بەهۆی ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەریدا سەپاندویەتی، ئێران ترسی لە داهاتوو هەیە و راگرتنی هەناردەی ماددەی خام بۆ دەرەوە بۆ ئەوەیە وەبەرهێنەرانی دەرەوە ناچار بكرێن كاڵا لە ئێران بكڕن نەك ماددەی بنەڕەتی، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم باج لەسەر هاوردەی كاڵای ئێرانی زیاد نەكات، كاری ئەوان رادەوەستێت، چونكە توركیاش ماددەی خام بە ئەوان نادات. پێشنیازی زیادكردنی باج لەسەر ئەو كاڵایانەی كە ئێران هەنادەی ماددە سەرەتاییەكانی راگرتوون، بۆ بازاڕێكی وەكو هەرێمی كوردستان كە پشتئەستورە بە كاڵای ئێرانی، لێكەوتی تری لەسەر ئابوری هەرێم دەبێت، چونكە زیادكردنی باج دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخ لەسەر كڕیار لە بازاڕەكاندا. بەڕێوەبەری كۆمپانیای فابیباب پێشبینی دەكات لەماوەیەكی كورتی داهاتوودا نرخی كلێنس و كارتۆن لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو بڕیارەی ئێرانەوە بەرێژەی 20% بەرزببێتەوە. بۆ وەركرتنی زانیاری زیاتر (درەو میدیا) پەیوەندی بە سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانییەوە كرد، بەڵام ئەو وتی: ئێمە ئاگاداری ئەو بڕیارەی وەزیری بازرگانی ئێران نین. ئەم بڕیارە لەكاتێكدایە ئێستا لە هەموو كات زیاتر ئێران پێویستی بەوەیە ئاستی هەناردەی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات زیاتر بكات، بەتایبەتی كە سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رۆژ لەدوای رۆژ كاریگەری زیاتریان دەردەكەوێت. بەپێی قسەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا لە (6 ملیار) دۆلار زیاترە. بەپێی هەندێك زانیاری، رێژەی 10%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ دەرەوە، بۆ هەرێمی كوردستان دەڕوات. بەشی گەورەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵا و شمەكە، لەبەرامبەردا هەناردەكردن كە شادەماری ئابورییە بۆ هەر وڵاتێك، زۆر لاوازە، هەناردەی هەرێم بۆ ئێران كورت دەبێتەوە لە چەند كاڵایەكدا كە بریتین لە:  • نەوتی رەش و نەفتا و پاشماوەی پاڵاوگەكان و قیرو غازی شل • پێستە و ریخۆڵە • مس و فافۆن لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە: • دەروازەی پەروێزخان • دەروازەی باشماخ • دەروازەی حاجی ئۆمەران جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە: • دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌ • دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن • دەروازەی شوشمێ‌ لە تەوێڵە


(درەو میدیا): هەردوو كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی بەریتانیا " بریتش ئێر وەیز"  هێڵی ئاسمانی فەرەنسا " ئێر فرانس" رایانگەیاند لە سەرەتای مانگی داهاتوەوە  گەشتەكانیان بۆ ئێران رادەگرن. هەردوو كۆمپانیاكە رایانگەیاند گەشتەكانیان بۆ ئێران لە رووی بازرگانییەوە هیچ سوودێكی نەماوە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەماوەی رابردوودا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە و سزاكانی بۆسەر تاران گەڕاندەوە و بەوەش بەهای دراوی ئێران زۆر دابەزی و قەیرانێكی دارایی و ئابوریی سەخت لەو وڵاتە دروستكردووە ئێرانییەكان چیتر ناتوانن گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بكەن. هێڵی ئاسمانی بەریتانیا دوای چوار ساڵ دابڕان، دوو ساڵ لە مەوبەر گەشتەكانی بۆ ئێران دەستپێكردەوە، و دواهەمین گەشتی كۆمپانیاكەش لە لەندەنەوە بۆ تاران رۆژی 22ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و رۆژی دواتر دەگەڕێتەوە. كۆمپانیاكە داوای لێبوردنیشی لەو گەشتیارەكانی كرد كە بەنیازن دوای ئەو رۆژە گەشت بۆ ئێران بكەن و رایگەیاند قەرەبووی ئەوانە دەكاتەوە كە بەو بڕیارەی زیانیان پێدەگات، یاخود لەرێگەی هێڵی ئاسمانیی ترەوە گەشتەكانیان بۆ رێكدەخات. هێڵی ئاسمانی فەرەنسا سەرەتای ئەم هەفتەیە گەشتە هەرزانەكانی بۆ ئێران " جۆن ئێر لاین" لە سێ‌ گەشتەوە بۆ یەك گەشت لە هەفتەیەكدا كەمكردەوە و 18 ئەیلولی داهاتووش كۆتایی بە گەشتەكانی بۆ ئێران دەهێنێت. هێڵی ئاسمانی هۆڵەنداش " كەی ئێڵ ئێم" مانگی رابردوو رایگەیاند لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە گەشتەكانی لە ئەمستردامەوە بۆ تاران رادەگرێت. هەر بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و كۆمپانیای دڵنیایی ئەڵمانیی " ئەلیانز" و كۆمپانیای شەحن و گواستنەوەی دەریایی دانمارك " میرسك" رایانگەیاند چالاكی و كارەكانیان لە ئێران كەمدەكەنەوە. سەرچاوە: بی بی سی   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand