درەو میدیا: بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست درەو میدیا كەوتووە لە كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە دەدرێت، بەڵام تا ئێستا روون نیە ئەو بڕیارە لەم مانگەوە جێبەجێ دەكرێت یاخود لە مانگی داهاتووەوە، چونكە ئەو موچەیە كە بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دابەشبكرێت، موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووە، بۆیە لە مانگی داهاتووەوە موچەی مانگی یەكی 2019 دابەشدەكرێت. ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ بڕی 522 ملیار دینار و 410 ملیار دیناری زیادەی مانگەكانی پێشوو خراوتە سەر ژمارە بانگی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارەكە بە كاشی بگاتە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی هەینی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پرسی پاشەكەوتی موچە كۆدەبێتەوەو ئەگەری لابردنی پاشەكەوتی موچە زۆرە. ئەگەر بەشێوەیەكی بەردەوام 522 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە ( یەك ترلیۆن و 44 ملیار دینار) سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمیش بەم شێوەیەیە: • بڕی (522ملیار)دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران دەبێتو بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت . • سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (700 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (500 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات. • داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت. • ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (24 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەداتو ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت. بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 44ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكاتو سەرباری ئەوەش (147ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.
درەو میدیا: وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی شوباتی 2019 دا (١٠١)ملیۆن و (387)هەزارو (615) بەرمیل و بە بەهای زیاتر لە (٦) ملیارو (167) ملیۆن و (815) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (60.834)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی شویات لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (99)ملیۆن و (120)هەزارو (6) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 1 ) ملیۆن و ( 753 ) هەزارو ( 373 ) بەرمیل هەناردەكراوە .
( درەو میدیا): بیژەن زەنگنە، وەزیری نەوتی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند عێراق دوو ملیار دۆلار پارەی غاز و كارەبای ئێران قەرزارە. زەنگنە لە لێدوانێكیدا كە ئاژانسی " ئیسنا"ی ئێرانی بڵاویكردەوە راشیگەیاند، لەو كاتەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندوەتەوە، رێككەوتنی عێراق و ئێران بۆ ئاڵوگۆڕكردنی نەوتی خاوی كەركوك بە نەوتی ئێران راگیراوە.
( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و کۆنگرێس لەسەر پرۆژە یاسایەك بۆ كۆتاییهێنان بە داخستنی بەشێكی حكومەت رێككەوتن و بە گوێرەی ئاژانسێكیش لەماوەی داخستنی بەشێك لە دامودەزگاكانی حكومەتی فیدراڵیدا، ئابوری ئەمریكا لانی كەم شەش ملیار دۆلار زیانی كردووە. ئاژانسی " ستاندەرد ئاەند بۆرز" رۆژی هەینی رایگەیاند بەهۆی داخستنی بەشێك لە حكومەت و وەستانی كرێكارەكان لە بەرهەمهێنان و چالاكی ئابوری بە فیڕۆدەر، ئابوری ئەمریكا شەش ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە. دوای درێژترین ماوەی داخستنی بەشێك لە حكومەت لە مێژووی ئەمریكادا، هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریكا پرۆژە یاسایەكیان بۆ كۆتاییهێنان بە داخستنی حكومەت پەسەندكرد كە بە شێوەیەكی كاتی بودجە بۆ ئاژانسە فیدراڵییەكان دابیندەكات، بەڵام رەتیانكردەوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشنەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە بۆ بونیتانانی دیواری نێوان مەكسیك و ئەمریكا داوایكردووە و بڕەكەی 5.7 ملیار دۆلارە. بە گوێرەی یاساكە كە دۆناڵد ترەمپ ئیمزای كرد و چووە بواری جێبەجێكردنەوە، هەتا 15ی شوبات بودجە بۆ دامودەزگا و ئاژانسە فیدراڵییەكان دابیندەكات و مۆڵەتی سێ هەفتەی داوەتە كۆنگرێس و ترەمپ بۆئەوەی دانوستان بكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك دەربارەی ئاسایشی سنورەكان.
درەو میدیا: بە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق، داهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەگاتە ( یەك ترلیۆن و 175 ملیار دینار) كە 278 ملیار دیناری لە كۆی موچەی موچەخۆران زیاتر دەبێت. بە رەوانەكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە دەنێردرێت ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە: • بڕی (647ملیار)دیناری لە بەغدادەوە بۆ دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆران دەبێتو بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت 125 ملیار دینار بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی ، بەڵام بەغداد هەموو خەرجییە داراییەكانی تری هەرێم رادەگرێت، کۆى پشکى بودجهى ههرێمیش به موچهى فهرمانبهران و پارهى پێشمهرگه و شايسته داراییهکانى دیکهوه دهگاته 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینار" • سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (450 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات. • داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت. • ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەداتو ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت. بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 175ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكاتو سەرباری ئەوەش (278ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.
( درەو میدیا): هەڕەشەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە توركیا بەهای لیرەی توركی دابەزاندو ئەمڕۆ دووشەممە دوای كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، بەهۆی هەڕەشەكەی ترەمپ بەهای لیرەی توركی بەراورد بە دۆلاری ئەمریكی دابەزی و بەهای یەك دۆلارێكی ئەمریكی لەبەرامبەر لیرەی توركی بەڕێژەی 1.3% بەرزبووەوە و بە 5.52 لیرە مامەڵەی پێوەكرا. بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هەڕەشەی لە توركیا كرد و رایگەیاند واشنتۆن لە رووی ئابورییەوە توركیا وێراندەكات، ئەگەر ئەنكەرە هێرشبكاتە سەر كوردەكانی سوریا. ئەو هەڕەشەیەی ترەمپ كاردانەوەی لێپرسراوانی توركیای لێكەوتەوە و مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆكسمبۆرگ رایگەیاند وڵاتەكەی ئەمریكای ئاگاداركردوەتەوە كە لە هیچ هەڕەشەیەك ناترسێت و واشنتۆن ناتوانێت لەرێگەی هەڕەشەی وێرانكردنی ئابوری توركیاوە ئامانجەكانی بەدەستبهێنێت. وەزیری دەرەوەی توركیا وتیشی:" هاوبەشە ستراتیژییەكان لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە قسە ناكەن.
( درەو میدیا) بەپێی راپۆرتێكی گۆشەی ئابوریی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، هەرێمی كوردستان لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردودا، (14.030.000) چواردە ملیۆن و سی هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە كردوە، وەك لە راپۆرتەكەدا هاتوە؛ تێكڕای رۆژانەی هەناردەی نەوتی هەرێم (452.580) هەزار بەرمیل نەوت بوە، نرخی نەوتی برێنت لەو مانگەدا (52) دۆلار بوە، بەڵام هەرێم نەوتەكەی بە (10) دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشێت، واتە هەر بەرمیلێك نەوتی بە (42) دۆلار فرۆشتوە، بەوەش كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لەو مانگەدا (589.260.000) پێنج سەدو هەشتاو نۆ ملیۆن و دو سەدو شەست هەزار دۆلار بوە. دەقی راپۆرتەكە داهاتی فرۆشی نەوتی کوردستان بۆمانگی دیسەمبەری ساڵی 2018 هەرێمی کوردستان لە مانگی دیسەمبەردا (14.030.000) ملیۆن و سی هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانەوە، ئەمەش بەرزترین تۆمارە کە لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2018دا هەناردە کراوە بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو. - کەواتە رۆژانە هەرێم = 14.030.000 ÷31= 452.580 هەزار بەرمیل / ڕۆژ نەوتی هەناردە کردوە - تێکرای نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی دیسەمبەر (52) دۆلار بووە. - هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە (10) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت لە نرخی نەوتی برێنت واتە (42) دۆلار. - کەواتە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان = 14.030.000×42=589.260.000 پێنج سەدو هەشتاو نۆ ملیۆن و دوو سەدو شەست هەزار دۆلار.
(درەومیدیا): (عاسم جیهاد) وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی كانونی یەكەم (١٠١)ملیۆن و (313)هەزارو (958) بەرمیل و بە بەهای زیاتر لە (٦) ملیارو (195) ملیۆن و (345) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (61.150)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی تشرینی دووەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (١٠٠)ملیۆن و (٨٩٥)هەزارو (٣٤٢) بەرمیل و بە بەهای زیاتر لە (٦) ملیارو (195) ملیۆن و (345) دۆلار، بڕی هەناردەكراویش لە ڕێی بەندەری جەیهانی توركییەوە (٢٦١) هەزارو (٤٦٦)بەرمیل بووەو، بەبەهای ( 14 ) ملیۆن و ( 149 ) هەزارو ( 494 ) دۆلار، داهاتی سەرجەمی گەیشتوەتە زیاتر لە (٦) ملیارو (١٧5) ملیۆن و (٦٨٣) دۆلار. هەروەها بڕی هەناردەكراوی نەوتی گەیارە (157) هەزارو (150)بەرمیل بووە، بەبەهای ( 5 ) ملیۆن و ( 578 ) هەزارو ( 825 ) دۆلار.
( درەو میدیا): وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵدەدەن بە چەند قۆناغێك هەناردەی نەوت بگەیەننە 6.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. لە مەراسیمێكی كە بەبۆنەی سەركەوتن بەسەر داعشدا رێكخرابوو، سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند پێشبیندەكات بە تێپەڕینی كات نرخی دابەزینی نرخی نەوت كۆتایی بێت و جارێكی تر بەرزببێتەوە، راشیگەیاند ئەگەر ئۆپیك بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمی نەدایە ئەوا نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ نێوان 45- 50 دۆلار دادەبەزی. غەزبان باسیشی لە هۆكاری كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق كرد لەمدواییانەدا و رایگەیاند ئەوە بۆ هۆكاری تەكنیكی ناگەڕێتەوە و كێڵگەكانی عێراق توانایەكی باشیان هەیە، بەڵكو هۆكارەكەی بۆ نالەباری كەشوهەوا دەگەڕێتەوە و وتیشی:" ئامانجمانە توانای هەناردەی نەوتی عێراق بە چەند قۆناغێك بگەیەننە 6.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا". دەربارەی رێككەوتنی نێوان حكومەتی بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك، غەزبان راگەیاند هەرچەندە بڕی نەوتەكە كەمە، بەڵام كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق " سۆمۆ" نرخی زۆر باشی بەدەستگەیشتووە.
(درەو میدیا): هەرێمی كوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ( 11) بڕی 13 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە و داهاتەكەشی 760 ملیۆن و 380 هەزار دۆلار بووە كە دەكاتە نزیكەی ( 930 ملیار دینار). بەپێی راپۆرتێكی گۆشەی ئابوری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و لە ئامادەكردنی ئەنوەر كەریم، ئاماژە بە فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم كراوە. بەپێی راپۆرتەكە لە مانگی تشرینی دووەمی 2018 هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بۆرییەوە 13 ملیۆن و110 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە بۆ بەندەری جەیهانی توركی، واتا لەە یەك رۆژدا ( 13110000÷30= 437000 هەزار بەرمیلی رۆژانە. -تێكرای نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی تشرینی دووەم (68) دۆلار بووە، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (10) دۆلار كەمتر دەفرۆشیت لە نرخی نەوتی برێنت واتە (58) دۆلار، كەواتە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان ( 13110000×58 = 760.380.000 حەوت سەدو سەشت ملیۆن و سێ سەدو هەشتا هەزار دۆلار. http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2431
( درەو میدیا): دوای 58 ساڵ لە دامەزراندنی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت " ئۆپیك" لە بەغدا لە ساڵی 1960، وڵاتی قەتەر كشانەوەی خۆی لەو رێكخراوە راگەیاند دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە ئەندامێتی. سەعد بن شریدە كەعبی، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ كاروباری وزە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دەوحە رایگەیاند لە سەرەتای مانگی شوباتی 2019 قەتەر لە رێكخراوی ئۆپیك دەكشێتەوە و رێكخراوەكەشیان لەو بڕیارە ئاگاداركردوەتەوە. كەعبی راشیگەیاند ئەو بڕیارە ئارەزووی قەتەر نیشاندەدات بۆئەوەی هەوڵەكانی لە پەرەپێدان وگەشەپێدلنی پیشەسازی گازی سروشتی چڕبكاتەوە و ئەو پلانانە جێبەجێبكات كە پێشتر راگەیەنراوە بۆ زیادكردنی گازی سروشتی شل لە 77 بۆ 100 ملیۆن تۆن لە ساڵێكدا. ئۆپیك و ئامانجەكانی رێكخراوەی " ئۆپیك" ساڵی 1960 لەلایەن ئێران، عێراق، كوەیت، سعودیە و ڤەنزوێلاوە دامەزرێنرا و پاشان لە نێوانت ساڵی 1960 بۆ 2018، دە وڵاتی تر بوونە ئەندامی و هەندێك لەو وڵاتانە چەندجارێك ئەندامێتیان لەو رێكخراوەدا سڕكرد و پاشان كارایان كردەوە و ئەو 10 دەوڵەتەش بریتین لە قەتەر، ئیندۆنیزیا، لیبیا، ئیمارات، جەزائیر، نایجیریا، ئیكوادۆر، ئەنگۆلا، گابۆن و گینیای ئیستیوائیی و دواهەمینیشیان كۆنگۆیە كە 2018 بووە ئەندامی رێكخراوەكە. لە پێنج ساڵی یەكەمدا، بارەگای رێكخراوەكە لە شار ژنێڤی سویسرا بوو، پاشان لە ئەیلولی 1965 گوازرایەوە بۆ ڤیەننای پایتەختی نەمسا. ئامانجی ئۆپیك ئامانجی سەرەكی ئۆپیك بریتیە لە هەماهەنگی و یەكخستی سیاسەتی بازرگانی نەوتی وڵاتە ئەنداكەكانی، بۆ گەرەنتیكردنی نرخی دادپەروەر و جێگیر بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەردەوامیدان بە دابینكردنی نەوت بەشێوەیەكی كارا و رێكخراو بۆ وڵاتە بەكارهێنەرەكان و گەرەنتیكردنی بەدەستهێنانی قازانجی دادپەروەرانە بۆ ئەو وڵاتانەی كە وەبەرهێنان دەكەن لەو پیشەسازییەدا. - خشتەیەكی زەمەنی: • رێكخراوی ئۆپیك شەستەكانی سەدەی رابردوو لە كاتێكدا دامەزرا كە وڵاتانی تازە گەشەسەندووی دامەزرێنەری رێكخراوە لە قۆناغی راگوزەریی سیاسی نێودەوڵەتی و ئابوریدا بوون لە كاتی كۆتاییهاتنی داگیركاری و لەدایكبوونی چەند وڵاتێكی سەربەخۆی نوێ لە جیهانی سێیەمدا. • وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بڕیاری دامەزراندنی ئەو رێكخراوەیاندا، دوای بڕیاری گروپی كۆمپانیا فرە رەگەزەكان " حەوت خوشەكەكە" بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی خاو. - جەنگی عەرەب – ئیسرائیل لە ساڵی 1973 • راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن وڵاتە عەرەبییەكانەوە لە ساڵی 1973دا، پشێوی لە بازاڕادا دروستكرد كە بە یەكەمین شۆكی نەوتی ناودەبرێت و نرخی یەك بەرمیل نەوتی عەرەبی سوك لە 2.83 دۆلارەوە لە ساڵی 1973 بۆ 10.41 دۆلار بەرزبوەوە لە 1974دا. • ساڵی 1975 گروپی كارلۆس هەڵیانكوتایە سەر كۆبوونەوەیەكی ئۆپیك لە ڤیەننا و چەند وەزیرێكیان بە بارمتەگرت كە یەكێكیان ئەحمەد زەكی یەمانی وەزیری نەوتی سعودیە بوو. • ساڵی 1979 بەهۆی شۆڕشەوە لە ئێرانن ژاپۆنیەكان دەستیانكرد بە كڕینی بڕێكی زۆر لە نەوت، كە ئەو كات ئێران لە دوای سعودیەوە دووەم دەوڵەتی هەناردەكاری نەوت بوو. • ساڵی 1980 جەنگی عێراق- ئێران دەستیپێكردن بەهۆیەوە نرخی نەوت لە دەریای باكور لە بەریتانیا بۆ ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ بەرزبووە " 40 دۆلار بۆ یەك بەرمیل" و ئەوەش بەرزترین نرخ بوو لە ماوەی 10 ساڵدا. • ساڵی 1983 بۆرسەی نیویۆرك مامەڵەكردنی بە گرێبەستی دواخراو بۆ دەستپێكرد. • ساڵی 1986 بەهۆی پڕبوونی بازاڕی نەوت و گۆڕینی شێوازەكانی بەكارهێنانی نرخی نەوت دابەزنی و یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 8.75 دۆلار. • ئۆپیك لە دواییدا دەستبەرداری جێگیركردنی نرخەكان بوون نرخی نەوتی دابەزاند لە پێناوی بەدەستهێنانی پشكێك لە بازاڕدا و كاركردنی بە سیستمی پشكی بەرهەمهێنان دەستپێكرد. • لە كاتی جەنگی یەكەمی كەنداودا لە ساڵی 1990- 19991 نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاست سەركەوت و نرخی یەك بەرمیل گەیشتە 41.41 دۆلار. • لە نێوان ساڵی 1998- 1999 قەیرانی ئابوری ئاسیا سەریهەڵدا و نرخی نەوت لەو كاتەدا بۆ كەمتر لە 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی. • لە ساڵی 1999 دوای دوو هەوڵی شكستخواردووی پێشووتر، رێككەوتن كرا لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش بە رێككەوتن لەگەڵ مەكسیك و نەرویج ( ئەندامی ئۆپیك نین) بۆ راگرتنی داڕمانی نرخەكان و ئەوەش سەرەتای قۆناغی بوژاندنەوەی نرخەكان بووە. • ساڵی 2000 ڤەنزوێلا كە ئەو كات سەرۆكی ئۆپیك بوو، " رێوشوێنی گورزەی نرخەكان"ی راگەیاند كە دەقەكەی جەختدەكاتەوە لەسەر كەمكردنەوەی ئۆتۆماتیكی بەرهەمهێنان، ئەگەر نرخی نەوت دابەزی و زیادكردنی ئۆتۆماتیكی بەرهەم ئەگەر نرخی نەوت لە ( 22- 28 دۆلار) بەرزبووەوە بۆ چەند جۆرێكی دیاریكراو لە نەوت. • لە 11ی سێپتەمبەر / ئەیلولی 2001 هێرشكرایە سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیۆیۆرك و ئەوەش گەورەترین ئابوری جیهان و بەكارهێنەری وزەی هەژاند. • هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003دا رێگەی گرت لە هەناردەكردنی 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ بازاڕەكان. • ساڵی 2008 بۆ یەكەمجار نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی بەربەستی 100 دۆلار بۆ یەك بەرمیلی تێپەڕاند و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەتا تەمموزی هەمان ساڵ بەردەوام بوو، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكی گەیشتە بەرزترین ئاست كە 147.27 دۆلار بوو. • پاش ماوەیەك لەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا بۆ 32.4 دۆلار دابەزی ئەوەش نزمترین ئاست بوو لە ماوەی پێنج ساڵدا، بەڵام سیستمی بەرهەمهێنانی نەوت لەلای ئۆپێك دواتر وایكرد جارێكی تر نرخ بەرزببێتەوە. • لە كانونی دووەمی 2009 ئۆپێك پشكی بەرهەمێهنانی نەوت بۆ 24.84 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دیاریكرد، پاشان لە 2011 تا 201 بڕەكەی لە نێوان 3.8 و 32.30 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێكدا. • وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە بەشێوەیەكی نارەسمی بڕی بەرهەمهێنانیان بەرزكردەوە و لە پابەندبوونیان بەو پشكەی بۆیان دیاریكرابوو پاشگەزبوونەوە. • لە كانوونی دووەمی 2016 نرخی یەك بەمیل نەوت بۆ 25 دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 گەیشتبوە زیاتر لە 100 دۆلار بۆ یەك بەرمیل.
(درەومیدیا): (عاسم جیهاد) وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" بەپێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی تشرینی دووەمدا (١٠١)ملیۆن و (١٥٦)هەزارو (٨٠٨) بەرمیل و بە بەهای زیاتر لە (٦) ملیارو (١٧٩) ملیۆن و (٦٨٣) دۆلار. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو عێراق (107 ملیۆن و 530 هەزارو 8) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بەو پێیەش ئاستی هەناردەكردن بە نزیكەی ( 6 ملیۆن بەرمیل ) كەمیكردووە، هاوكات داهاتی نەوت لە مانگی تشرینی یەكەم (8 ملیار و 55 ملیۆن و 257 هەزار) دۆلار بووە،بەو پێیەش داهاتی نەوت زیاتر لە ( 2 ملیار دۆلار ) كەمیكردووە. عاسم جیهاد ئاماژەی بەوەشكردووە تێكڕای ڕۆژانەی هەناردەكردنی مانگی تشرینی دووەم گەیشتوەتە (٣) ملیۆن و (٣٧٢) هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بەندەرەكانی باشورو (٨) هەزارو (٧١٦) بەرمیلیش لەڕێی بەندەری جەیهانی توركی لە باكورەوە" و"تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (٦١)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لەمانگی تشرینی دووەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (١٠٠)ملیۆن و (٨٩٥)هەزارو (٣٤٢) بەرمیل و بڕی هەناردەكراویش لە ڕێی بەندەری جەیهانی توركییەوە (٢٦١) هەزارو (٤٦٦)بەرمیل بووەو، داهاتی سەرجەمی گەیشتوەتە زیاتر لە (٦) ملیارو (١٧٩) ملیۆن و (٦٨٣) دۆلار.
( درەو میدیا): لە ساڵی 2018دا ئاستی بەكارهێنانی نەوت لە وڵاتانی جیهان (99 ملیۆن و 300 هەزار) بەرمیلی رۆژانەیە، لەماوەی 10 ساڵدا ئاستی پێداویستی نەوتی جیهان 15 ملیۆن بەرمیل نەوت زیادی كردووە، لە سالی 2008 وڵاتانی جیهان پێویستيان بە (85 ملیۆن و 500 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بووە، بەڵام بەكارهێنانی نەوت لە ئاستی جیهاندا لە 2018 بەرزبوەتەوە بۆ (99 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل) نەوت لە وڵاتانی جیهاندا.
( درەو میدیا): بەتۆمەتی سەرپێچی دارایی كارلۆس غوسن، سەرۆكی كۆمپانیای زەبەلاحی بواری ئۆتۆمبیل" نیسان" لەلایەن دەسەڵاتدارانی ژاپۆنەوە لە تۆكیۆی پایتەخت دەستگیركرا. بە گوێرەی هەواڵێكی " بی بی سی " كۆمپانیای نیسان هۆكاری دەستگیركردنی كارلۆس غوسنی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە كە لە مامەڵە فەرمییەكاندا بەهای داهاتەكانی كەمكردوەتەوە و چەند مانگێكە لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكەن و دەركەوتووە كە لە مامەڵە رەسمییەكاندا غوسن بەهای داهاتی خۆی كەمدەكاتەوە. كۆمپانیای نیسان ئاشكراشیكردوە كە چەندین رەفتاری نەشیاویان لە كارلۆس غوسن بەدیكردووە و كۆمپانیاكەی بۆ كاری تایبەتی خۆی بەكارهێناوە و ئەنجومەنی كۆمپانیاكە لە ئایندەیەكی نزیكدا گرێبەستەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە. نیسان داوای لێبوردنیشی لە بەشداربوانی كردووە كە بەهۆی ئەو رووداوەوە توشی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ بوون و ئاشكراشیكردووە كە پلاندادەنێت بۆئەوەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دیاری كۆمپانیاكە " گریگ كیلی" لە پۆستەكەی دووربخاتەوە كە ئەویش لە رەفتاری خراپەوە تێوەگلاوە. كارۆلۆس غوسن بەرەگەز لوبنانییە و لە بەرازیل بە دایكبووە و نەودەكانی سەدەی رابردوو توانی هەردوو كۆمپانیای نیسان و رینۆ لە مایەپوچبوون رزگاربكات. كارلۆس غوسن كە خاوەنی رەگەزنامەی فەرەنسی و بەرازیلییە، گەورەترین كارگەی دروستكردنی ئۆتۆمبیلی هەیە لە سەندەرلاندی بەریتانیا، هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای رینۆی فەرەنسی و سەرۆكی كۆمپانیای میتسۆبیشی مۆتۆرزە و هاوکات سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە و سەرۆكی جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی رینۆ – نیسان- میتسۆبیشی مۆتۆرزی ستراتیژییە.
(درەو میدیا): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جارێكی تر بڕیاردانی لەسەر ئەو تانەیە دواخست كە لەبارەی نادەستوریبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ، تۆماركراوە. ئیاس ساموك وتەبێژی دادگای فیدراڵی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دادگا بە سەرۆكایەتی مەدحەت مەحمودو ئامادەبوونی هەموو ئەندامەكانی كۆبوەتەوەو تەماشای ئەو تانەیەی كردووە كە لەبارەی نادەستوریبوونی دەرهێنانو هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ، پێشكەشكراوە. بەپێی قسەی وتەبێژەكە، دانیشتنەكەی دادگا تایبەت بووە بە تەماشاكردنی راپۆرتی پسپۆڕانو دادگا تێبینی ئەوەی كردووە پسپۆڕەكان یەك راپۆرتی یەكگرتوویان پێشكەشنەكردووەو هەریەكەیان بۆچونێكی جیاوازی خستوەتەڕوو، بۆیە دادگا دانیشتنەكەی بۆ رۆژی 9ی مانگی داهاتوو هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی پسپۆڕان بتوانن بەر لە 10 رۆژ لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا راپۆرتێكی یەكگرتووە پێشكەش بكەن. وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دەرهێنانو فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی راستەوخۆ، پێشتر لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووە.