( درەو میدیا): وەزارەتی بازرگانی عێراق كڕینی گەنم لە روسیا تاوتوێدەكات و بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێك رەوانەی روسیا دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە كوالێتی و گونجانی گەنمەكە بۆ بەكارهێنانی لە عێراق. عێراق كە یەكێكە لە گەورە هاوردەكارانی دانەوێڵە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەردەوام لەو بوارەدا پشتی بە ئەمریكا بەستووە. محەمەد هاشم عانی، وەزیری بازرگانی عێراق دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە بەغدا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندن وەفدێك رەوانەی روسیا دەكات بۆئەوەی لێكۆڵینەوە بەكەن لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی گەنمی روسیا بەئامانجی زانینی كوالێتییەكەی و جۆرەكانی و ئاستی گونجانی بەكارهێنانی لە سیستمی كۆبوونی خۆراكدا. لایخۆشیەوە وتەبێژی دەستەی چاودێری كشتوكاڵی روسیا رایگەیاند پێشبینیدەكرێت وەفدەكەی عێراق پێش كۆتایی ئەمساڵ سەردانی روسیا بكات. عێراق ساڵانە پێویستی بە 4.5 ملیۆن تۆن گەنمە و ساڵانە بە شێوەی كەمكردنەوە لە ئەمریكا و ئوسترالیا و كەنەدای دەكڕێت و لەگەڵ سعودیەدا دوو وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن كە گەنمی روسیا هاوردەناكەن كە گەورەترین بەرهەمهێنەری دانەوێڵەیە لە جیهاندا.
(درەو میدیا): پەرلەمانتارێكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، سێ كۆمپانیا هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلیان بۆ بازاڕەكانی عێراق قۆرخكردووە، داوا لە عەبدولمەهدی دەكات ئەو قۆرخاكارییە بشكێنێت. (عالیە نسەیف) پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پێشتر هۆشدارییان داوە كە كۆمپانیاكانی (قاسد- لەیس- سەردار) بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلی بەكارهاتووی ئەمریكییان بەهاوكاری وەزارەتی بازرگانی قۆرخكردووە. كۆمپانیای سەردار كە ئەو پەرلەمانتارە ناوی هێناوە كۆمپانیایەكە كە خاوەنداریەتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەسێكی كورد. نسەیف ئاماژە بەوەدەكات، وەزارەتی بازرگانی لەڕێی دەركردنی نوسراوێكی فەرمییەوە ماوەیەكی دیاریكراوی بۆ كۆمپانیاكانو خەڵكانی تر دەستنیشانكردووە بۆ هاودەكردنی ئۆتۆمبیل، پاشان بازرگانییەكەی لەدەستی كۆمپانیای (قاسد)دا قۆرخكردووە. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "ستەمە ڕیگە بە چەند كۆمپانیایەكەی دیاریكراو بدرێت بازرگانی جۆرێك لە ئۆتۆمبیل بكەن، بەهۆی پەیوەندییان بە وەزیری پێشووی بازرگانییەوە" . ڕونیشكردوەتەوە، مافی هەموو عێراقییەكانو كۆمپانیاكانە هەر ئۆتۆمبیلێك بیانەوێت هاوردەی بكەن بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەكانو ناكرێت عێراقییەكان ناچاربكرێن لەچەند كۆمپانیایەكی دیاریكراوی ئۆتۆمبیل بكڕنو بەپێی ئارەزووی خۆیان نرخ بسەپێنن. (نسەیف) بەپێویستی دەزانێت سەرۆك وەزیران دەرگای هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلی (ئەمریكیو كەنەدی) بۆ سەرجەم كۆمپانیان بكاتەوە بەبێ جیاوازی.
( درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی ڕایدەگەیەنێت، داهاتی نەوت بەتەنیا بەشی گەشەپێدان ناكات و عێراق خاوەنی دەیان سەرچاوە بۆ هەستانەوەی ئابورییەكەی. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك لەئەكادیمی و میدیاكاران ڕایگەیاند: قەیرانی عێراق ئیدارییە نەك دارایی و پێویستە بایەخ بەدەستپێشخەریی لەسەر ئاستی كۆمەڵگای بدرێت، بۆ ئەوەش پشت بەكەرتی تایبەت دەبەستێت. عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەشداوە: داهاتی نەوت بەتەنیا بەشی گەشەپێدان ناكات و عێراق دەیان سەرچاوەی هەستانەوە و پێشخستنی دۆخی ئابوری هەیە.
( درەو میدیا): بەپێی راگەیەنراوێكی (گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان) كە ئەنوەر كەریم ئامادەی كردووە لە مانگی ئۆكتۆبەردا هەرێمی كوردستان هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بۆریەوە (12.950.000) دوانزە ملیۆن و نۆسەدو پەنجا هەزار بەرمیلی ناردوە بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركی كە رۆژانە دەكاتە (417.741 ) 417 هەزار و 741 بەرمیل. راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە نرخی بەرمیلێكی نەوت لە مانگی ئۆكتۆبەردا 76 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 10 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 66 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئۆكتۆبەر هەرێمی كوردستان( 854.700.00 )هەشت سەدو پەنجاو چوار ملیۆن و حەوت سەد هەزار دۆلار بووە. دەقی راگەیەنراوەكە
(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی بۆ مانگی تشرینی یەكەمی راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهاتی نەوت زیادیكردووە. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو عێراق (107 ملیۆن و 530 هەزارو 8) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 469 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (74.912) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (8 ملیار و 55 ملیۆن و 257 هەزار) دۆلار بووە، مانگی ئەیلولی رابردوو كە كۆی داهاتی نەوت ( 7 ملیار و 900 ملیۆن) دۆلار بووە.
( درەو میدیا): دوو بەرپرسی كۆمپانیای نەوتی باكور كە قسەیان بۆ ئاژانسی " رۆیتەرز" كردووە رایانگەیاندووە وێستگەیەكی هەناردەكردنی نەوت كە رۆژانە 12 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی كەركوك رەوانەدەكات بۆ پاڵاوگەكان داخراوە بەهۆی ئەوەی بۆری سەرەكی وێستگەكە شكێنراوە. ئاشكراشیانكرد كە كۆمپانیاكە ئێستا لە راپۆرتی بەرایی تیمی تەكنیكی دەكۆڵێتەوە كە ئاماژەیان بەوەداوە بۆ دزینی نەوتەكە ئەو بۆرییە شكێنراوە. ئەو دوو بەرپرسی جەختیشیانكردەوە كە لەماوەی 36 كاتژمێردا بۆرییەكە چاكدەكەنەوە.
(درەو میدیا): هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە هەفتەی داهاتوو خولەكەی تەواو دەبێت، مانگانە بەبڕی (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار خانەنشین دەبێتو شەش موچەی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت. بەپێی یاسای خانەنشینی، هەر پەرلەمانتارێك كە خولەكەی تەواو دەبێت، خانەنشین دەكرێتو دوای خانەنشینبوون، موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت، ئەمە بۆ هەموو فەرمانبەرێكی ئاسایی دەوڵەتیش بەهەمان شێوەیە. موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان پێش خانەنشینبوون بڕی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار، بە زمانی بازاڕی دراو لە كوردستان واتە (68 گەڵا). دوای تەواوبوونی خولەكەیان، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەبڕی (80%)ی موچەكانیان خانەنشین دەبێت، كە مانگانە دەكاتە (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار بۆ هەریەكەیان. (13) پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە لایەنە سیاسییەكان جارێكی تر هەڵبژێردراونەتەوە بۆ خولی پێنجەم، بەوپێیەش لە خولی چوارەمدا تەنیا (98) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی وەردەگرن. كۆی گشتی موچەی مانگانەی ئەو (98) پەرلەمانتارەی كە خانەنشین دەبن (637,000,000) شەش سەدو سی و حەوت ملیۆن دینارە. كۆی گشتی موچەی شەش مانگی خانەنشینی كە بەسەریەكەوە بە (98) پەرلەمانتاری خولی چوارەم دەدرێت دەگاتە (4,821,600,000) چوار ملیار و هەشت سەد و بیست و یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار دینار.
( درەو میدیا): حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە موچەی مانگەكانی ( 8 , 9 )ی موچەخۆرانی هەرێم بدات و موچەی مانگەكانی (10, 11 , 12 /2018 )ی موچەخۆران پاشەكەوت بكات و لەسەری مانگی 1/2019 ەوە موچە رێكبخاتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە موچەخۆران چاوەڕەوانن نەك هەر موچەیان بۆ پاشەكەوت نەكرێت، بەڵكو پاشەكەوت نەمێنێت و حكومەت دەست بكات بە دانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانیش. حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی تەواوەتی 4 مانگی 2015 و شەش مانگی 2016 و شەش مانگی 2017 و 7 مانگی 2018 ی موچەخۆرانی هەرێم قەرزار دەبێت. ئەوە لە كاتێكدا كە حكومەتی هەرێم هیشتا بەردەوامە لەسەر پاشەكەوتی موچە، هەرچەندە نرخی بەرمیلێك نەوت نزیكەی سێ هێندەی ئەوكاتی بڕیاری پاشەكەوتیدا بەرز بۆتەوە, داهاتەكانی هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا زۆر زیادی كردووە بە جۆرێك بە كۆی گشتی داهاتی هەرێم زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارەو بەشی زیاتر لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات داهاتەكانی هەرێم خۆی لە ( داهاتی نەوت ، بەشە پارەی بەغداد، داهاتی ناوخۆ، پارەی ئەمریكا) یەكەم/ داهاتی نەوت بەپێی خشتەكی ( سۆمۆ) تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی مانگی ئەیلولی هەرێمی كوردستان (405,378 ) بەرمیل بووە و لە مانگەكەشدا ( 12,161,328 ) بەرمیلی رەوانەكردووە كە داهاتی ئەو نەوتە دەكاتە ( 851 ملیۆن دۆلار ) كە نزیكەی ( 200 ملیۆن دۆلار)ی بۆ خەرجی كۆمپانیا و كرێی گواستنەوەو قەرزەكان دەڕوات، بەو پێیەش ( 651 ملیۆن دۆلار)ی دەمێنێتەوە كە دەكاتە ( 781 ملیار دینار) سێیەم/ پارەی عێراق ئەو پارەیەی كە مانگانە لە عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە ( 317 ملیار دینارە)، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە زیادبكرێت. چوارەم/ پارەی ئەمریكا ئەو پارەیەی كە مانگانە ئەمریكا بۆ پێشمەرگەی تەرخان دەكات ( 25 ملیۆن دۆلار) ە واتا ( 30 ملیار دینار) . بەو پێیەش كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەكاتە : داهاتی نەوت ( 781,236,000,000 ) حەوت سەدو هەشتاو یەك ملیارو 236 ملیۆن دینار + داهاتی ناوخۆ ( 120 ملیار دینار) ە + پارەی بەغداد ( 317 ملیار دینارە) + پارەی ئەمریكا ( 30 ملیار دینار)، كۆی گشتی دەكاتە = 1,248,236,000,000 ( یەك ترلیۆن و 248 ملیار و 236 ملیۆن دینار ) بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ موچە پێویستیان بە ( 897 ملیار دینار) هەیە بەو پێیەش داهاتی مانگانە (1,248,236,000,000 دینار - 897,000,000,000 دینار = 357,000,000,000 ملیار دینار لەكۆی موچە دەمێنێتەوە واتا داهاتی هەرێم بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و 357 ملیار دیناریشی زیادە كە بۆ خەرجی وەزارەتەكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت. بەڵام تا ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوامە لەسەر پاشەكەوت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
( درەو میدیا): لەسەر داوای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رۆژانە 500 هەزار لیتر نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، تا هەر ماڵێك بەرمیلێك نەوتی بەركەوێت. سەرچاوەیەك بە "درەو میدیا"ی راگەیاند بەرهەم ساڵ داوای لە وەزیری پێشووی نەوتی عێراق كردووە، بڕی رۆژانەی نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بكات و ئەویش رەزامەندی لەسەر داواكەی دەربڕیوە، بە جۆرێك رۆژانە بۆ پارێزگای سلێمانی 180 هەزار لیتر و پارێزگای هەڵەبجە 108 هەزار لیتر و پارێزگای هەولێر و دهۆكیش 212 هەزار لیتر نەوتی سپی بنێردریت كە كۆی گشتی دەكاتە 500 هەزار لیتر نەوتی رۆژانە. ئەو نەوتەی لە بەغدادوە دێتە هەرێم جیاوازە لەو نەوتەی كە حكومەتی هەرێم خۆی دابەشی دەكات، ئەتوانرێت بە ئاسانی ماڵی بەرمیلێك نەوتی سپی بۆ دابین بكرێت، بۆ دابەشكردنی ئەو نەوتەی كە لە بەغدادوە دێت دەسەڵاتی تەواو دراوە بە پارێزگاكانی هەرێم بۆ دابەشكردنی ئەو نەوتە بەسەر ماڵاندا.
(درەو میدیا): بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە، عێراق مانگی تشرینی دووەم، هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران رادەگرێت و هەوڵدەدات لە توركیاوە هەناردەی بكات، ئەوەش بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار كە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز كردووە. بەوتەی ئەو دوو سەرچاوەیە عێراق رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لە رێگەی تانكەرەوە هەناردەی ئێران دەكات. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشدا حكومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ناوەڕاستی تشرینی یەكەم لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گەیشتوەتە رێككەوتن، بۆ هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆری هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی، بەڵام ئەو رێككەوتنە دەبێت لەلایەن سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق عادل عەبدولمەهدییەوە رەزامەندی كۆتایی لەسەر بدرێت.
راپۆرتی: درەو میدیا لە خشتەیەكدا كە ئاراستەی سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق كراوە لەلایەن سۆمۆوە ( كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق)بڕی هەناردەی نەوتی رۆژانەو مانگانەی هەرێمی كوردستان رون دەكاتەوە لە 1/1/2018 تا 19/10/2018 بەجۆرێك، تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانەی نەوتی لە مانگی 10 تشرینی یەكەم( 433,782 )بەرمیل بووە، خۆ ئەگەر ئەو تێكرایە بۆ تەواوی مانگی 10 دابنرێت ئەوا هەرێم لە مانگی ( 13 ملیۆن و 13 هەزار 460 ) بەرمیل رەوانە دەكات، تەنانەت لە رۆژی 1/10/2018 هەناردەی نەوتی هەرێم ( 534,914 ) بەرمیل بووە لەو رۆژەدا، لە ماوەی 19 رۆژی ئەم مانگەدا هەرێمی كوردستان ( 7 ملیۆن و 808 هەزار 069 ) بەرمیلی رەوانە كردووە. نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهان نزیكەی 80 دۆلارە نەوتی هەرێم كەمتر لە 10 دۆلار دەفرۆشرێت، واتا داهاتی نەوتی تەنها ئەو 19 رۆژەی مانگی 10 دەكاتە ( 546 ملیۆن و 564 هەزار دۆلار) خۆ ئەگەر تێكڕای مانگی 10 وەربگرێن ئەوا داهاتی مانگی 10ی نەوتی هەرێم دەكاتە ( 910 ملیۆن دۆلار ) هەر بەپێی خشتەكە تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی مانگی ئەیلولی هەرێمی (405,378 ) بەرمیل بووە و لە مانگەكەشدا ( 12,161,328 ) بەرمیلی رەوانەكردووە كە داهاتەی ئەو نەوتە دەكاتە ( 851 ملیۆن دۆلار ) كە نزیكەی ( 200 ملیۆن دۆلار)ی بۆ خەرجی كۆمپانیا و كرێی گواستنەوەو قەرزەكان دەڕوات، بەو پێیەش ( 651 ملیۆن دۆلار)ی دەمێنێتەوە كە دەكاتە ( 781 ملیار دینار) لەگەڵ پارەكەی بەغداد كە ( 317 ملیار دینار)ە لەگەڵ پارەی ئەمریكیەكانی كە ( 30 ملیار دینار)ە لەگەڵ ( 120 ملیار دینار)ی داهاتی ناوخۆ، كۆی گشتی دەكاتە ( یەك ترلیۆن و 250 ملیار دینار) هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركی لە 1/1/2018 ەوە - لە مانگی یەكی 2018 دا هەرێم رۆژانە ( 310هەزار و 705 ) بەرمیل نەوتی رەوانكردووە كە لەو مانگەدا ( 9 ملیۆن و 631 هەزارو 845 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە. - لە مانگی دوو واتا شوباتی 2018 هەرێم برشی ( 8 ملیۆن و 479 هەزارو 95 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای رۆژانە دەكاتە ( 302 هەزارو 825 ) بەرمیل نەوت، - لە مانگی سێ واتا ئازاری 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 189 هەزارو 950 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 328 هەزارو 708 ) - لە مانگی چوار واتا نیسانی 2018 دا هەرێم بڕی ( 9 ملیۆن و 386 هەزارو 387 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 312 هەزارو 880 ) - لە مانگی پێنج واتا ئایاری 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 496 هەزارو 853 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 338 هەزارو 608 ) - لە مانگی شەش واتا حوزەیرانی 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 329 هەزارو 825 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 344 هەزارو 328 ) - لە مانگی حەوت واتا تەموزی 2018 دا هەرێم بڕی ( 11 ملیۆن و 743 هەزارو 816 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 378 هەزارو 833 ) - لە مانگی هەشت واتا ئابی 2018 دا هەرێم بڕی ( 11 ملیۆن و 556 هەزارو 702 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 372 هەزارو 797 ) - لە مانگی نۆ واتا ئەیلولی 2018 دا هەرێم بڕی ( 12 ملیۆن و 161 هەزارو 328 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 405 هەزارو 378 ) - لە مانگی دە واتا تشرینی یەكەم 2018 دا ( تەنها 19 رۆژ )هەرێم بڕی ( 7 ملیۆن و 808 هەزارو 069 ) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە رۆژانە دەكاتە ( 433 هەزارو 782 )
(درەو میدیا): ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژە بە ئاستەنگە ئابورییەكانی بەردەم كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكات و رایدەگەیەنێت: لە ماوەی (۱۲) ساڵ حوكمی حیزبی دەعو ەو بە كابینەكانی ( مالیكی و عەبادی) تا ئێستا قەرزەكان لە ۱۲٤ ملیار دۆلار نزیك دەبنەوە. ئەحمەد حاجی رەشید لە پۆستیکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوەشكردووە، نوێنەری وڵاتانی نادی پاریس لە ۱۷_۲۱ نۆڤەمبەر ساڵی ۲٠٠٤ لە واشنتۆن كۆبونەوەیەكی گرنگیان سازدا بە ئامادەبونی شاندی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە لێخۆش بوونی قەرزە دەرەكییەكانی عیراق كە لەو كاتە 38 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بوو كە بەسێ قۆناغ گەیشتە 7 ملیار و800 ملیۆن دۆلار واتە لیخۆشبونی۸٠٪ قەرزە دەرەكیەكان ،ئەمە لە كاتیكدا بوو ڕێژەی قەرزەكانی عێراق تا ۲٠٠٤ هەڵكشابوو بۆ نزیكەی ۱۲٠ ملیار دۆلار تا لە ۲۹ سێپتەمبەری ۲٠٠٤ وڵاتانی نادی پاریس دەستیان كرد بە كوژانەوەی قەرزەكانی سەر عێراق بەمەرجێ عێراق پابەند بێت بە پەیرەوكردنی سیاسەتەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە دیسان قەرزەكانی عێراق بەرەو هەڵكشان دەڕۆن بە هۆی ناجێگیری ئابوری و سیاسی ماوەكانی پێشوو و هەروەها دڵسۆز نەبوون بۆ پاشەرۆژی عێراق و وەچەكانی ئایندە لەلایەن سەركردەكانی عیراق لە ماوەی (۱۲) ساڵ حوكمی حیزبی دەعوە و تا ئێستا قەرزەكان لە ۱۲٤ ملیار دۆلار نزیك دەبنەوە. تەنها بڕی ئەو سووەی (ریبا) لەسەر عێراقە بۆ تەنها یەك ساڵ كە (٤۱) دەزگاو دامەزراوەو وڵات وەری دەگرن دەكاتە (۳۸۳٤٠۷۲) سێ ترلیۆن هەشسەدو سی و چوار ملیارو حەفتاو دوو ملیۆن دینارە كە بەدۆلار دەكاتە نزیكەی بە نرخی فەرمی (۱۱۸۲) دینار بۆ هەردۆلاریك دەكاتە (۳۲٤۳۷۱۷٠٥۲) سی ملیارو دووسەدو چل و سێ ملیۆن و حەوسەدو حەڤدە هەزارو پەنجاو دوو دولارە. ئەوە لە كاتیكدا فائیدە یان سوو هەبیت دەبێت قیستی دانەوەی قەرزیش باس بكەیە كە چەند هێندەی ئەو پارەیەیە كە لە بوجەكەدا هاتوە بڕەكەی دەكاتە (۱۱۱۸۸٠٦۲۲٦٦) یازدە ترلیۆن سەدوو هەشتاو هەشتملیارو وشەست ەو دوو ملیۆن و دووسەدوو شەست و شەش هەزار دینارە كە بە دۆلار دەكاتە (۹٤٦٥۳٦٥٦٥٠) نۆ ملیارو چوارسەدو شەست و پێنج ملیۆن و سێ سەدو شەستە پێنج هەزارو شەسەدو پەنجا دۆلار دەخەمڵێنریتكە بەگشتی هەردوو فائیدەو قیست دەكاتە (۱٥٠۲۲۱۳٥۸۲۲)پازدەترلیۆن و بیست و دوو ملیارو سەدو سی پینج ملیۆن و هەشسەدو بیست وو دوو هەزار دینار واتە بەنزیكەیی (۱۲۷٠۹٠۸۲۷٠۲) دوازدە ملیارو حەوتسەدو نۆ ملیۆن هەشتاو دوو هەزارو حەوت سەدودوو دۆلارە كەوای كردوە بوجەی سیادی بگاتە (٤٦) ترلیۆن دیناری عێراقی و تەنها بڕی تەرخانكراو بۆ بۆ دانەوەی فائیدەو قیست بەئەندازەی هەندی وڵانی ئەقلیمی و چەند ولاتیكی جیهانی ببیت. پرسیارە كە لیرەدا ئەوەیە : ئایا عادل عەبدولمەهدی دەتوانێت ئەم میراتە قورسەی دوو پێشینە كەی خۆی مالیكی و عبادی لەكۆڵ عێراق بكاتەوە.
( درەو میدیا): " بۆ پارتی ویەكێتی، لەبری ئەو هەموو وەفدە باڵایە بۆ پۆستە كانتان دەنێرن بۆ بەغداد، وەفدیكیش بنێرن بۆ پێشمەرگەو وقوتی خەڵك".ئەمە وتەی ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵە لە پەرلەمانی عێراق كە لە نوسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،" لەپرۆژە یاسای بودجەی ۲٠۱۹ پشكی پێشمەگە لەبودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق دادەنریت بەبڕی (۳۷) ملیار دینار مانگانە كە بەكۆی گشتی دەكاتە(٤٤٤) ملیار دینار بەڵام تەنها دەزگای دژە تیرۆری عێراق كە (۱۲٠٠٠) چەكدارە بڕی (۷۳۸٠۹۱۱۸۷) حەوتسەدو سی و هەشت ملیار و نەوەدو یەك ملیۆن وسەدو هەشتاو حەوت هەزار دیناری بۆ تەرخان دەكرێت،هەروەها ژمارەی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كەلەبوجەدا پەسەند كراوە بە(۱۲۲٠٠٠) چەكدار بڕی (۲٠۹۸۲۹٠٤۷٠) دوو ترلیۆن ونەوەدو هەشت ملیارو دووسەدو نەوەد ملیۆن وچوارسەدو حەفتا هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە" ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەكردووە" لەبەرانبەردا ئەم ژمارانە سەر ژمێری پێشمەرگە نازانرێت كامیان راستە": ۱_ بەپێی لیدوانی شارەزا یەكی ئابوری كەلە وەزارەتی دارای و ئابووری دەوامی دەكرد درایگەیاند، كە ژمارەی موچە خورانی وەزارەتی پێشمەرگە (٤۳۲٠٠٠) كەسن . ۲_ بەپێی لێدوانی ئەندام پەرلەمانەكانی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی ئەو كەسانەی كەلەوەزارەتی پێشمەرگە موچە وەر دەگرن(٤۲۸٠٠٠)كەسن . ۳_بەپێی سەرژمێری بایۆ مەتریەكەی حكومەتی هەرێم بێت ژمارەی پێشمەرگە (۲٦٦٠٠٠) كەسن ٤_ بەپێی دەنگدانی تایبەت بێت كەلەم هەلبژاردنەی ۳٠\۹ ئەنجام درا (۱۷٠٠٠٠) كەسن٠ ٥_ بەپێی تەخمین و خەمڵاندی عێراق بیت ژمارەی پێشمەرگە (٤٥٠٠٠) كەسن. ٦_ بەپێی ئەو برە پارەیە بیت كە ئەمریكیەكان تەرخانیان كردوە و بری (٤۲۱) ملیۆن دۆلارە تەنها (٦٠٠٠٠) كەسن . ئەحمەدی حجی رەشید لەكۆتایی نوسینەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات"بەتەنها بودجەی تەرخان كراو بۆ حەشدی شە عبی و وەزارەتی بەرگری (۹۹٦۳٥۷٥۱۷٠) نۆ ترلیۆن و نۆسەدو شەست و سێ ملیارو پینج سەدوحەفتاوپینج ملیۆن وسەدو حەفتا هەزار دینارە، بەڵام تەرخانكراو بۆ هەریمی هەرێمی بڕی(۸۹۷٠٤٦۷۲۲٦) ).هەشت ترلێۆن و نۆسەدوو حەفتا ملیارو چوارسەدوشەست و حەوتملیۆن دووسەدوو بیست و شەش هەزار دینارە"
( درەو میدیا): ڤەنزوێلا رووبەڕووی داڕمانی ئابوریی بووەتەوە حكومەتی ئەو وڵاتەش كە نیكۆلاس مادۆر سەرۆكایەتی دەكات بۆ رووبەڕبوونەوەی پەنای بۆ چەندین بیرۆكەی ناكلاسیكی بردووە، بەڵام هەمویان شكستیانهێناوە. ساڵی رابردوو حكومەتی ڤەنزوێلا پرۆگرامێكی بۆ بەخێوكردنی كەروێشك راگەیاند و ژمارەیەكی زۆر كەروێشكی بەسەر دانیشتوانی وڵاتدا دابەشكرد و هانیدان بەخێوی بكەن. هەروەها شوباتی رابردووش حكومەتی ڤەنزوێلا بۆ رزگاربووون لەو سزا ئابورییانەی لەلایەن ئەمریكاوە بەسەریدا سەپێندراوە دراوی ئەلیكترۆنیی" پترۆ"ی دەركرد بە ئامانجی بوژاردنەوەی ئابوری ئەو وڵاتە و باشتركردنی بەهای دراوی نیشتمانی. بەرای چاودێرانی ئابوریی ئەو هەنگاوانەی حكومەتی كاراكس هەوڵێكی شكستخواردووە بۆ حكومەتێك كە پێویستە لەسەری 150 ملیار دۆلار قەرزبداتەوە. سەرچاوە: بی بی سی
(درەو میدیا): عێراق دووەم گەورە هاوردەكاری كاڵای ئێرانییە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمە بەپێی قسەی فەرمانگەی گومرگیی ئێران. ئاژانسی فارس بڵاویكردەوە، لە شەش مانگی رابردودا، عێراق بڕی (9 ملیۆن و 618 هەزار) تەن كاڵای ئێرانی بەبەهای (4 ملیار و 564 ملیۆن) دۆلار هاوردە كردووە. بەپێی قسەی ئاژانسە ئێرانییەكە، ئاستی كڕینی كاڵای ئێران لەلایەن عێراقەوە لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی بەها بەرێژەی 44.58% زیادیكردووەو لەسەر ئاستی ساڵانەش بەرێژەی 45.32% بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە. تۆمارەكانی فەرمانگەی گومرگیی ئێران ئاماژە بەوەدەكەن، ئێستا لە دوای چین، عێراق دووەم گەورە هەناردەكاری كاڵای ئێرانییە، لە پلەی سێیەمدا ئیماراتی عەرەبی دێت كە لە ماوەی رابردوودا ئاستی كڕینی كاڵای ئێرانی كەمكردوەتەوە. جگە لەو وڵاتانە، ژمارەیەك وڵاتی تر كڕیاری كاڵای ئێرانین، لەوانە ئەفغانستان و هیند.