درەو:
🔻 هەموو دەستوورەکانی عێراق، لە سەردەمە جیاوازەکانی پاشایەتی یان کۆماریدا، مەرجی ئەوەیان دانەنابوو کە سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران لە پێکهاتەیەکی دیاریکراو بێت، بەڵام نەریتی سیاسی لە هەموو ئەم سەردەمە درێژخایەنانەدا کە بەسەر سهدهیهکدا کێشرا، باڵادەست بوو.
🔹 لەعێراقی سەردەمی پاشایەتیدا (1921 - 1958)، پۆستی سەرۆک وەزیران گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەبووە، کە دەیان سەرۆک وەزیران کێبڕکێیان لەسەر ئەو پۆستە کردووە، ناسراوترینیان "نوری سەعید" بوو کە (14) جار پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی گرتووەتە دەست.
🔹 تایبەتمەندیی باڵا بەسەر سەردەمی پاشایەتیدا ئەوە بوو کە زۆربەی سەرۆک وەزیرانەکانی لە پێکهاتەی سوننە بوون، بەتایبەتی عەرەبی سوننە.
🔹 لە عێراقی سەردەمی کۆماریدا، لە دوای ساڵی (1958 تا ساڵی 2003)، پۆستی سەرۆک وەزیران لە پلەبەندیی دەسەڵاتدا لە پێشەنگی یەکەمی بایەخپێداندا نەبوو.
🔹 لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەی سەردەمی کۆماریدا تەنها سێ کەس پۆستی سەرۆک وەزیرانیان وەرگرت "ناجی تاڵیب" لە سەردەمی عەبدولسەلام عارف، و "محەمەد حەمزە زوبەیدی" و "دکتۆر سەعدون حەمادی" لە سەردەمی سەددام حوسێن).
🔹 دیمەنەکە لە قۆناغی دوای 2003دا بە تەواوی جیاواز بوو. نەریتەکە بە بەردەوامی مایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازێکی جیاواز، چونکە پێکهاتی عەرەبی شیعە لە سۆنگەی ئەوەی کە زۆرینەن هەژموونیان بەسەر دروستکردنی بڕیاری عێراقیدا گرت.
🔹 دوای ساڵی 2003 سیستەمەکە لە سەرۆکایەتییەوە گۆڕا بۆ پەرلەمانی، جڵەوی دەسەڵات کەوتە دەست حکومەت لە کەسایەتی سەرۆک وەزیراندا، سەرکردایەتیکردنی سوپا بەو پۆستەوە بەسترایەوە، بووبە گرنگترین پۆست.
🔹 یەکەم سەرۆک وەزیرانی ڕاگوزەر، دوای ساڵی 2003، دکتۆر ئەیاد عەلاوی بوو کە شیعە بوو، لە دوای ئەویش شەش کەسی تر هاتن کە هەموویان لە شیعە بوون، ئەوانیش: دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیکی و دکتۆر حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی و محەمەد شیاع سودانی، ئێستا عەلی زەیدی ڕاسپێدراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
پۆستی سەرۆک وەزیران لە سەردەمی پاشایەتیدا (1921 – 1958)
لەعێراقی سەردەمی پاشایەتیدا (1921 - 1958)، پۆستی سەرۆک وەزیران گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەبووە، کە دەیان سەرۆک وەزیران کێبڕکێیان لەسەر ئەو پۆستە کردووە، ناسراوترینیان "نوری سەعید" بوو کە (14) جار پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی گرتووەتە دەست، "جەمیل مەدفەعی" لە دوای ئەو دێت لە ڕووی ژمارەی سەرۆکایەتیکردنی حکومەتەوە (8) جار ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەڵام سەرۆک وەزیرانگەلێک هەن کە شوێنپەنجەیەکی گەورەتریان لە مێژووی عێراقدا جێهێشتووە، سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە تەنها یەک جار سەرۆکایەتی حکومەتیان گرتبێتە دەست.
زۆرینەی هەرە زۆری سەرۆک وەزیرانی سەردەمی پاشایەتی لە پێکهاتەی سوننە بوون، لە کاتێکدا لە شیعەکان تەنها ژمارەیەکی کەم نەبێت نەگەیشتنە ئەم پۆستە، دیارترینیان لە شیعەکان "ساڵح جەبر" بوو کە تەنها یەک جارئەو پۆستەی گرتەدەست، ئەویش دەستی لەکارکێشایەوە، جگە لەو شیعەیەکی دیکەش کە یەک جار سەرۆکایەتی حکومەتی گرتەدەست "دکتۆر فازڵ جەمالی" بوو، بەڵام ئەو لە پلەی یەکەمدا بەهۆی لێهاتوویی ئەکادیمی و دیپلۆماسییەوە لە سەردەمی پاشایەتیدا حسابی بۆ دەکرا.
هاوکات بەکر سدقی وەکو کورد تەنها یەک حکومەتی پێکهێنا، بەڵام ناوەکەی لە عێراقدا - و ڕەنگە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا - بە یەکەم کودەتای سەربازییەوە (ساڵی 1936) بەستراوەتەوە.
زۆر بە کورتی تایبەتمەندیی باڵا بەسەر سەردەمی پاشایەتیدا ئەوە بوو کە زۆربەی سەرۆک وەزیرانەکانی لە سوننە بوون، بەتایبەتی عەرەبی سوننە.
پۆستی سەرۆک وەزیران لە سەردەمی کۆماریدا (1958 – 2003)
سەردەمی کۆماری بە دەرچوون لەژێر عەبای بەریتانیا و «پەیمانی بەغدا» دەستی پێکرد، ئەمەش دوای شۆڕشی 14ی تەمموز بە ڕابەرایەتی (عەبدولکەریم قاسم 1958 - 1963). لە دوای ئەویش دووەم سەردەمی کۆماری هات (دوو برای هاوشان «عارفەکان»، عەبدولسەلام و عەبدولڕەحمان 1963 - 1968). پاشان، سێیەم سەردەمی کۆماری بە هەردوو وەشانەکەیەوە (ئەحمەد حەسەن بەکر 1968 - 1979 و سەددام حوسێن 1979 - 2003) بوون.
لە عێراقی سەردەمی کۆماریدا، لە دوای ساڵی (1958 تا ساڵی 2003)، پۆستی سەرۆک وەزیران لە پلەبەندیی دەسەڵاتدا لە پێشەنگی یەکەمی بایەخپێداندا نەبوو، چونکە بارودۆخەکە زۆر گۆڕا. دوای ڕووخانی پاشایەتی عەبدولکەریم قاسم سەرۆکایەتی وەزیرانی گرتەدەست، بەڵام ئەو فەرمانڕەوای ڕاستەقینە بوو لەگەڵ بوونی ئەنجومەنی سەروەری (مجلس سيادة) کە هیچ ڕۆڵێکی سەرەکی نەبوو. دوای ئەوە پۆستی سەرۆک کۆمار هەژموونی بەسەردا گرت، ئەمەش بە دەستپێکردن لە عەبدولسەلام عارف و برایەکەی عەبدولڕەحمان، پاشان ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حسێن بەردەوام بوو تا ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق.
لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەی سەردەمی کۆماریدا تەنها سێ کەس پۆستی سەرۆک وەزیرانیان وەرگرت "ناجی تاڵیب" لە سەردەمی عەبدولسەلام عارف، و "محەمەد حەمزە زوبەیدی" و "دکتۆر سەعدون حەمادی" لە سەردەمی سەددام حوسێن).
پۆستی سەرۆک وەزیران لە سەردەمی کۆماریدا (2003 – تا ئێستا)
دوای ساڵی 2003 بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕا، دەتوانرێت بە قۆناغی دووەمی کۆماری ناوزەد بکرێت، لە ڕووی سیستەمی سیاسییەوە، چونکە شێوازی سیستەمەکە لە سەرۆکایەتییەوە گۆڕا بۆ پەرلەمانی، و جڵەوی دەسەڵات کەوتە دەست حکومەت لە کەسایەتی سەرۆک وەزیراندا، و پۆستی سەرۆک کۆمار تا ڕادەیەکی زۆر بوو بە پرۆتۆکۆڵی، سەرەڕای ئەوەی بەپێی دەستووری عێراق کۆڵەکەی دووەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە. هەرچەندە هەموو دەستوورەکانی عێراق لە سەردەمە جیاوازەکانی پاشایەتی یان کۆماریدا مەرجی ئەوەیان دانەنابوو کە سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران لە پێکهاتەیەکی دیاریکراو بێت، بەڵام نەریتی سیاسی لە هەموو ئەم سەردەمە درێژخایەنانەدا کە بەسەر سهدهیهکدا کێشرا، باڵادەست بوو. لە سەردەمی پاشایەتیدا، عەرەبی سوننە هەژموونیان بەسەر پۆستە باڵاکاندا هەبوو لەسەر حسابی شیعە و کورد. هەمان شت لە ماوەی سەردەمەکانی کۆماریدا بەردەوام بوو.
بەڵام دیمەنەکە لە قۆناغی دوای 2003دا بە تەواوی جیاواز بوو. نەریتەکە بە بەردەوامی مایەوە بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازێکی جیاواز، چونکە عەرەبی شیعە لە سۆنگەی ئەوەی کە زۆرینەن هەژموونیان بەسەر دروستکردنی بڕیاری عێراقیدا گرت، و پۆستی سەرۆک وەزیران، کە سەرکردایەتیکردنی سوپای پێوە بەسترایەوە، بوو بە گرنگترین پۆست. یەکەم سەرۆک وەزیرانی ڕاگوزەر، دوای ساڵی 2003، دکتۆر ئەیاد عەلاوی بوو کە شیعە بوو، لە دوای ئەویش شەش کەسی تر هاتن کە هەموویان لە شیعە بوون، ئەوانیش: دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیکی و دکتۆر حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی و محەمەد شیاع سودانی.
ئەمڕۆ، دوای مێژوویەک کە بە وەرچەرخان لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت، "عەلی فالح کازم زەیدی" ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە هەوڵدەدات عێراق لە تەنگژەی ئێستای سیاسی و سەربازی و ئابوری ڕزگار بکات، وەک ئەوەی لە بەرنامەی کابینەکەی دا هاتووە پێشکەشی کردووە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 تا ئێستا (7) کەس پۆستی سەرۆك وەزیرانیان وەرگرتووە و و بە سوێند خواردنی "عەلی زەیدی"یەوە دەبێتە (8) کەس لە (9) حکومەتی ڕابردوودا.
- ئەیاد عەلاوی (حكومەتی كاتی) لە حوزەیرانی 2004 - نیسانی 2005
- ئیبراهیم جەعفەر لە نیسانی 2005 - ئایاری 2006
- نوری مالكی ئایاری 2006 - كانونی یەكەمی 2010
- نوری مالكی كانونی یەكەمی 2010 - ئەیلولی 2014
- حەیدەر عەبادی ئەیلولی 2014 - تشرینی یەكەمی 2018
- عادل عەبدولمەهدی تشرینی یەكەمی 2018 - تشرینی دووەمی 2019
- مستەفا كازمی ئایاری 2020 - تشرینی یەكەمی 2022
- محەمەد شیاع سودانی تشرینی یەكەمی 2022 - ئایاری 2026
- عەلی زەیدی ئایاری 2026 -
سەرچاوەکان؛
- دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق... کورد لە پرۆسەی حکومڕانیدا 2003 – 2025. (کتێب)
- الشرق الأوسط، عراق ما بعد 2003... من علاّوي إلى علاّوي، 7 فبراير 2020؛
https://shorturl.at/UQkR3
- درەو میدیا، هەشت کابینە لە دوای ڕوخانی سەدامەوە، 13 ئایار 2026؛
https://drawmedia.net/news/kurdistan/18695-hesht-kabine-le-dwai-rwxani-sedamewe