Draw Media

خشتەی زەمەنیی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق 

خشتەی زەمەنیی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق 

2025-11-14 13:46:44


راپۆرت: درەو 
بەگشتی خشتەی زەمەنی بۆ پێكهێنانی حكومەت لە عێراق، لەدوای تەوابوونی هەڵبژاردنەوە لانی كەم پێویستی بە (130 رۆژ) هەیە. بەگشتی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق، بەگوێرەی دەستور بە (4) قۆناغدا تێپەڕ دەبێت كە ئەمانەن: 
-    قۆناغی تانەكانی هەڵبژاردن و پەسەندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە
-    قۆناغی بانگەوازی سەرۆك كۆمار بۆ دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی نوێ و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان
-    قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو راسپاردنی كاندیدی كوتلەی گەورە
-    قۆناغی گفتوگۆی نێوان هێزە براوەكانی هەڵبژاردن و پێشكەشكردنی كابینەی وزاریی لەبەردەم پەرلەماندا

قۆناغی یەكلاكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن 
بەگوێرەی رێكارەكان، لە رۆژی دەنگدانەوە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر، حزب و كاندیدەكان بۆیان هەیە لە كۆمسیۆن سكاڵا لەسەر پرۆسەكە تۆمار بكەن. دواتر كۆمسیۆن بەگوێرەی جۆرەكانیان (زەرد، سەوز، سور) سكاكان پۆلێن دەكات و لەماوەی (10 بۆ 20) رۆژدا بڕیاریان لەسەر دەدات، دوای بڕیاردان لەسەر سكاڵاكان، سەرلەنوێ ماوەی (3 رۆژ) دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی حزب و كاندیدەكان لەبەردەم (ئەنجومەنی دادوەریی هەڵبژاردن)دا تانە لە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران بدەن سەبارەت بە سكاڵاكان. 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی هات، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاندوە، ماوەتەوە یەكلابوونەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، چونكە تاوەكو چارەنوسی ئەم تانانە یەكلانەبنەوە، ئەنجامی كۆتایی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند ناكرێت. 
دوای تانەكان لە بڕیارەكانی كۆمسیۆن تایبەت بە سكاڵاكان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەبێت لەماوەی (7 رۆژ)دا وەڵامی (ئەنجومەنی دادوەریی هەڵبژاردن) بداتەوە، پاشان دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەبێت لەماوەی (١٠رۆژ)دا لە ڕۆژی وەرگرتنی وەڵامی کۆمیسیۆنەوە، وەڵامی تانەکان بداتەوە بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدات.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی هات، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاندوە، ماوەتەوە یەكلابوونەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، چونكە تاوەكو چارەنوسی ئەم تانانە یەكلانەبنەوە، ئەنجامی كۆتایی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند ناكرێت. 
بڕیارەكانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لەبارەی تانەكانەوە بنبڕن، بە یەكلاكردنەوەی تانەكان، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت و لیستی ناوی (329) پەرلەمانتاری نوێ رەوانەی (دادگای باڵای فیدراڵی) دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی، ئەم دادگایەش لەماوەی (3) رۆژدا بڕیار لەسەر دروستی ئەنجامی هەڵبژاردن دەدات و بە نوسراو هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی تری لێ ئاگادار دەكاتەوە. 
بە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵی و راگەیاندنی ئەنجامەكە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، ئیتر هەنگاوە دەستورییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق دەستپێدەكەن، كە خۆی لەم هەنگاوانەدا دەبینێتەوە: 

بانگەواز بۆ دانیشتنی پەرلەمان
لەم قۆناغەدا، سەرۆك كۆمار (ئێستا لەتیف رەشیدە) داوای لە خولی نوێی پەرلەمان (خولی شەشەم) دەكات لەماوەی 15 رۆژدا یەكەم دانیشتنی خۆی سازبدات (ئەمە بەگوێرەی ئەوەی لە ماددەی 54ی دەستوردا هاتووە، بەپێی ئەم وادەیە نابێت ماوەی سازدانی دانیشتنەكە لە 15 رۆژ زیاتر درێژبكرێتەوە).
یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت، پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، بەمەش بەپێی ماددەی (56ی دەستور) ئیتر یەكەم رۆژی خولی نوێی پەرلەمان دەستپێدەكات. 
هەر لە دانیشتنی یەكەمدا، بەزۆرینەی دەنگی زۆرینەی رەها (واتا 50+1ی تێكڕای ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان) سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێرێت، دەنگدان نهێنی و راستەوخۆ دەبێت، (ئەمە بەگوێرەی ماددەی 55ی دەستور).
بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە لە عێراقدا داكەوتووە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی پێكهاتەی سوننەیە. 
براوەی یەكەمی سوننەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا هەر (محەمەد حەلبوسی)و حزبەكەیەتی (تەقەدوم)، بەڵام مەرج نییە ئەوان پۆستەكە پڕ بكەنەوە، ئەمە لەسەر پرسی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیی و كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان و ئیئتیلافی پێكهێنەری حكومەتی نوێ راوەستاوە. 

هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار 
لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت (ئەمە بەگوێرەی ماددەی 72ی دەستور).
خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار. 
لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، ساڵی 2022 پەرەسەندنێكی نوێ روویدا، لەم ساڵەدا و بە دیاریكراوی لە (3ی شوبات)دا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا لەسەر ئەوەی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بریتییە لە (دوو لەسەر سێ)، واتا دەبێت لە كۆی 329 ئەندام، 220 ئەندام ئامادە بن ئەوكاتە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەست بەكارەكانی بكات.
دیاریكردنی دوو لەسەر سێ وەكو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لە 2022دا كێشەی بۆ هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) دروستكرد، بەوهۆیەوە نەیانتوانی بەبێ لایەنەكانی تر پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوەو ئەمەش دواجار سەریكێشا بۆ كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ (بارزانی و حەلبوسی)دا.
بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆك كۆماری پشكی كوردە، تائێستا لەناو كورددا ئەم پۆستە لای یەكێتیی نیشتمانی بووە، ئەمجارەش پارتی و یەكێتیی وەكو دوو هێزی سەرەكی ناكۆكن و هیچ رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم و بەغداد لە نێوانیاندا نییە، بۆیە هێشتا دیار نییە ئایا ئەمجارە بازی پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە. 

دیاریكردنی كوتلەی گەورە
لەدوای هەڵبژاردنییەوە، سەرۆك كۆمار دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا داوا لە پەرلەمان بكات (كوتلەی گەورە) واتا ئەو كوتلەی كە زۆرترین پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت دیاری بكات، سەرۆك كۆمار كاندیدی ئەم كوتلەیە رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت (ئەم بابەتە لە ماددەی 76ی دەستوردا باسی لێوەكراوە).
لە سەرەتای خولی پێنجەمی پەرلەماندا، بەهۆی ئەو ململانێیەی كە لەنێوان دوو جەمسەرەكەی شیعە (موقتەدا سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی) روویدا، لە دانیشتنی یەكەمدا چوارچێوەی هەماهەنگیی بە پەلە لیستی ناوی پەرلەمانتارانی خۆی وەكو (كوتلەی گەورە) پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، ئەمە كێشەی دروستكرد، رۆژی 3ی شوباتی 2022 لەوەڵامی تانەیەكدا رایگەیاند، بەگوێرەی دەستور كوتلەی گەورە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت، ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌ شكایەوە. 

پێشكەشكردنی كابینە
بەگوێرەی ماددەی (76ی دەستور)، دوای راسپاردنی بە پێكهێنانی حكومەت لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، دەبێت كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران لەماوەی (30 رۆژ)دا كابینە وزارییەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، خۆ ئەگەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران لەماوەی ئەو 30 رۆژەدا نەیتوانی كابینەی وزاریی پێشكەش بكات، ئەوكاتە سەرۆك كۆمار بۆی هەیە لەماوەی 15 رۆژدا كاندیدێكی تر راسپێرێت بە پێكهێنانی حكومەت. 
بەگوێرەی دەستور، كابینەی حكومەت لە عێراق چ بەر نامەكەی چ وەزیرەكان دانە دانە لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت و نەك بە كۆمەڵ، هەروەها پێدانی متمانە بە حكومەت بە دەنگی زۆرینەی رەهایە (واتا 50+1ی كۆی ئەندامانی پەرلەمان). 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand