(درەو): دوو (حاجی) ئێستا رابەرایەتی بزوتنەوە دەكەن، هەردووكیان خۆیان بە حەق دەزانن، یەكێكیان دەڵێ شەرعیەتی كۆنگرەم هەیەو ئەوەی تریان دەڵێ شەرعیەت لای منە. بزوتنەوەی كۆن بە رابەرایەتییەكی نوێوە هێڵی گۆڕانكاریی لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی، لای خۆیەوە گۆڕانكارییەكانی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی هەڵوەشاندەوە كە شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەچوو. كۆنگرەی 12 بۆ جاری سێیەم (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)ی كردەوە بە رابەری گشتیی، ئەمە ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، چونكە بەپێی پەیڕەو "حاجی عیرفان" مافی ئەوەی نەبوو خۆی كاندید بكاتەوە، تاكە كاندیدی بزوتنەوە بۆ پۆستی رابەر لە كۆنگرەدا (كامیل حاجی عەلی) بوو، بەڵام بەهۆی ئەو پێوەرەی دیاریكرابوو كە بەدەستهێنانی دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بوو بۆ رابەرایەتی، "حاجی كامیل" سەرنەكەوت و بەم میكانیزمە رابەری پێشوو لە پۆستەكەیدا هێڵدرایەوە. هێڵی گۆڕانكاری كە لە ساڵی 2019وە لەناو بزوتنەوە سەریهەڵداوە، ئەمڕۆ بەناوی (بزوتنەوەی ئیسلامی)یەوە خۆی راگەیاندو رابەرایەتی بزوتنەوەكەیان لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەندەوەو بەخشیی بە (كامیل حاجی عەلی). دكتۆر محەمەد بازیانی سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشە لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیەدایە كە كامیل حاجی عەلی رابەرایەتی دەكات و یەكگرتنی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەكەو هەڵوەشاندنەوەی بزاڤی چاكسازی راگەیاند. رەوتی گۆڕانكاریی لە دادگاكانی كوردستان سكاڵای یاسایی لەبارەی پێشێلكاری و ئەنجامەكانی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوە تۆمار كردووە، بەڵام هێشتا دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەوە نەداوە، ئەوان جگە لە تۆماتباركردنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان، باس لە ساختەكاریش دەكەن لە دەنگدانی كۆنگرەدا. سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی 12ی بزوتنەوە بەفەرمی ئاڵای بزوتنەوەی پێشكەشی كامیل حاجی عەلی كردو وەكو رابەری بزوتنەوە ناساندی. ئەوەی ئەمڕۆ راگەیەندرا لەڕووی ناوەوە هەمان بزوتنەوە كۆنەكەیە، بەڵام بە رابەرێكی نوێوە. دوای ئەم گۆڕانكارییە ئێستا بزوتنەوەی ئیسلامی لەیەك كاتدا دوو رابەری هەیە كە بریتین لە هەریەكە (حاجی عیرفان)و (حاجی كامیل)، تا ئەو كاتەی دادگا بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوەو ناوی حزبەكەو رابەرایەتییە یاساییەكەی بە یەكێكیان دەبەخشێت. كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی رۆژی 5ی شوباتی ئەمساڵ بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی 12ی خۆی لە شاری هەولێر بەست. عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كرد بوو، بەپێی پەیڕەوی بزوتنەوە مافی ئەوەی نەبوو خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، ئەمە وایكرد تەنیا كامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكات. لایەنگرانی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بۆ رێگرتن لە سەركەوتنی كامیل حاجی عەلی پێوەرێكیان دیاریكرد، پێوەرەكە ئەوە بوو "ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەم دەنگەی بەدەستنەهێنا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە". ئەم میكانیزمە مشتومڕی دروستكرد لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام ئەوكات عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی رابەری ماوەتەواوبوو دەیوت" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە". عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لەناو كۆنگرەدا وتی:" مامۆستا مەلا عوسمان (یەكەم رابەری بزوتنەوە) موئامەرەیەكیان لێكردو بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت". بەم میكانیزمە، كامیل حاجی عەلی كە تاكە كاندید بوو دەنگی 50+1ی كۆنگرەی بەدەستنەهێناو عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەكو رابەر مایەوە. لەبارەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (12) كۆنگرەی بەستووە. ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوەو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان). دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان، یەكەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 1993 لەنێوان بزوتنەوەی ئیسلامیو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەكێتی رابەری گشتی بزوتنەوە (عوسمان عەبدولعەزیز)ی دەستگیركردو دواتر لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئازادی كردو بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێكردن، لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئێرانییەكاندا دوای یەكەمین شەڕی ناوخۆیی، بزوتنەوەی ئیسلامیو یەكێتی نیشتمانی كۆتاییان بە شەڕ هێناو رێككەوتنیان كرد، لەوكاتەوە تاوەكو ساڵی 2001 ناوچەی هەڵەبجەو خورماڵو هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزوتنەوەی ئیسلامیو لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردەسەر هەندێك گروپ كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوبونەوە، (عەلی عەبدولعەزیز) دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیركرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزوتنەوە ناوچەی هەژمونو هێزی چەكداری خۆی لەدەستداو كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە. لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریكردو (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، كە رێژەی 5%ی تێكڕای دەنگەكانی ئەو هەڵبژاردنەی پێكدەهێنا. ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم بزوتنەوەیە (27 هەزارو 147) دەنگی بەدەستهێناو دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەكانی كەمیكردو تەنیا (7 هەزارو 481) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە. ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی (21 هەزارو 834) دەنگی بەدەستهێناو یەك كورسی بردەوە. بەپێی داتاكانی بەردەستی (درەو)، لە ساڵی 1992 بۆ 2013 دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا لە (49 هەزار) دەنگەوە بۆ (21 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، واتە نزیكەی 50%ی دەنگەكانی خۆی لەدەستداوە. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كردو هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كردو بەشداری نەكرد.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران تا دێت گەورەتر و فراوانتر دەبێت. ژمارەیەکی زۆری شارەکانی ئەو وڵاتە و بڕێکی زۆر لە زانکۆ و خوێندنگاکانیش نەمانی توانا و تەحەمولی قبووڵکردنی ئەو ڕژێمە سیاسییە دینییە نیشان ئەدەن، کە چوار دەیەیە لە ئێرندا حوکمڕانە. سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا سیستمێکی دەسەڵاتگەر و ئەوتۆریتێرە. لە ئەدەبیاتی زانستیدا دەوڵەتی ئێرانی بە سیستمی ”جووت دەوڵەتیی“ Dual state یان دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا ناودەبرێت. لە ئاستێکدا دەستور و ھەڵبژاردن و پەرلەمان و سەرۆک کۆمارێکی ھەڵبژێردرا و سوپایەکی فەرمی و حکومەتێک ھەیە، کە بە فەرمی بەرپرسن لەبەردەم پەرلەمانێکی ھەڵبژێردراودا. ( بە ھەموو نووقسانییەکانی ئەم سیستمەوە) کەچی لە سەرێکی دیکەوە ڕەھبەر و مەجلیسە ھەڵنەبژێراوەکانی دەوروبەری ڕەھبەر ھەن، بە دەسەڵاتێکەوە گەورەتر و زیاتر لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمار وحکومەت و پەرلەمان. لە پاڵ ئەمانەشدا ئامادەگیی ”سوپای پاسداران“ کە سوپایەکی نافەرمییە و ئەرکە سەرەکییەکەی بریتییە لە پاراستنی شۆڕشەکەی خومەینی، لە دژەشۆڕشەکانی ناو ئێران خۆی. ئەوەی ئەم دوو بەشەی سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا بەیەکەوە گرێئەدات تیورەی ”ویلایەتی فەقیە“ە، کە تیورەیەکی دینیی سیاسییە و بەو سیستمە ”جووت دەوڵەتییە“ ناوەرۆک و شوناسێکی دینیی، دەبەخشێت. ڕەھبەر دەسەڵاتێکی گەورە و کۆنترۆڵنەکراوی ھەیە، بڕیارەکانی نەک قابیلی ڕەتکردنەوەنین، بەڵکو قابیلی گفتوگۆ لەسەرکردنیش نین. لە ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا تەنھا لە ئێراندا ئەم سیستمە بوونی ھەیە و ھەر ئەمەشە تایبەتمەندییەکی گەورە بە سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا دەبەخشێت. (تێکەڵکردنی ئەم سیستمە ئێرانییەی حوکمڕانیی، بۆ نموونە، بە سیستمی حوکمڕانیی لە سعودیە یان لە میسر یان لە مەغریب یان لە تونس یان لە تورکیا یان لە سوریا، ھتد.. ھەڵەیەکی تیوریی و مەنھەجیی گەورەیە). ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕووئەدات یاخیبوونی زۆرینەی کۆمەڵگای ئێرانییە، بە تایبەتی یاخیبوونی نەوە نوێکانە، لەو سیستمە تایبەتە. کۆنترۆڵکردنی ژیانی ڕۆژانە و سنووردارکردنێکی گەورەی ئەو ئازادییە سادانەی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا پێوستی پێیەتی، بەناوی دینەوە، ئاکاری سەرەکیی ئەم سیستەیە. بەرجەستەترین فۆرمی کۆنترۆڵکردنی ژیانی ڕۆژانەش، خۆی لە کۆنترۆڵکردنی لەشی ئافرەتان و شێوازی دەرکەوتنیان لەناو ژیانی گشتیدا نمایشدەکات. ئەوەی لە ئێستادا ڕووئەدات وەڕسبوونی ئەو کۆمەڵگایەیە لەم سیستمە تایبەتەی حوکمڕانیی، کە لەپاڵ قەیرانە ئابوریی و ژینگەیەیی و سیاسییە گەورە و بەردەوامەکانیدا، ھەڵگری ئەو فۆرمە پەڕگیرەش لە کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی ئازادییە سادەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکانیشە. لە کۆنترۆڵکردنی توانای بەیەکەوەبوونی نێر و مێ بە یەکەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی جل و بەرگ و پۆشاک و بۆ چۆنیەتی دەرکەوتن لەناو ژیانی گشتیدا، بە تێپەڕین بەناو کۆنترۆڵکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیکردن و بوارەکانی تەفریحی ڕۆژانە لەناو یانە و شوێنە گشتییەکانی پشووداندا. ھەمو ئەمانە لەپاڵ تەماحی وڵاتەکە بۆ بوون بە ھێزی ژمارەیەکی ناوچەکە و پەیداکردنی ھەیمەنە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا. ئینجا بوون و ئامادەگیی دیاسپۆرایەکی ئێرانی چالاک لە دەرەوەی ئێراندا، کە لەم ساتەدا لە جوڵەیەکی دەرەکیی بەردەوامدایە لە بەشێکی بەرچاوی شارە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیادا. ئاشکرایە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا ڕووئەدات یاخیبوونی نەوەی سێھەمی شۆڕشی ئێرانییە بەڕووی ئەو واقیعە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و دینیی و ڕەمزییەدا کە ئەو شۆڕشە و بکەرە دینییە حوکمڕانەکانی لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ئێستا دروستیانکردوە. واقیعێک لەپاڵ تیورەی ”ویلایەتی فەقیە“دا، دروستبووە. سێ ڕەمز و کردەی سەرەکیی لە ئێستادا دەرکەوتی یەکەمی شوناسی ئەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتییە، نیشانئەدەن. یەکەمیان ئاگر، دووھەمیان حیجاب، و سێھەمیشیان، سەما. ئەوەی دەیبینین کچانێکی گەنجن، بە دەم سەماکردنەوە حیجابەکانیان دادەکەن و لەناو ئاگردا دەیسوتێنن. ئەوەی ڕووئەدات نیشاندانی ھەوڵدانی لەشێکە بۆ خۆپاکژکردنەوە لە خڵتە زۆرەکانی ئەو سیستمە حوکمڕانییەی چل ساڵە ئامادەیە، ھەوڵدانی لەشێک بۆ ئازادبوون و چێژوەرگرتن لە ژیان. ئەوەی دەیبینین تاکەکەسێکە دەیەوێت ھەم خۆری بەربکەوێت و ھەم سەما بکات و ھەم ترسی نەبێت لەوەی کەسێک لە دواوە ڕایبکێشێت و بیبات و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. تاکەکەسێک دەیەوێت ئازادبێت. ئەو فیکرەش کە بەرگریی لە ئازادییەکانی تاکەکەس دەکات و مافەکانی ژیانی دەسەلەمێنێت، فیکرێکە زیاد لە سێ سەدە مێژووی ھەیە و لە ئێستاشدا لە بەشێکی گەورەی جیھاندا ئامادەیە. لەسەردەمی ھیگڵەوە ئەو ڕاستییە سادەیە فێربووین کە لە دونیای مۆدێرندا شتێک بەناوی ئازادییەوە لە دەرەوەی دەوڵتەدا بوونی نییە و بوونی نابێت، ئازادیی پەیوەستە بە بوونی دەوڵەتەوە، بەڵام دەوڵەتێک کە ھەم خۆی بەشێکبێت لە پرۆسەی دەرکەوتن و بەرجەستەبوونی ئازادیی لەناو مێژوودا، ھەم خۆیشی دروستکەر و پارێزەری ئەو ئازادییە بێت کە کۆمەڵگایەکی ھاوچەرخ پێویستیی پێیەتی. ئەوەی دەوڵەتی مۆدێرن دەکات بە دەوڵەت ئەو پەیوەندییە پتەو و ھەمەلایەنەیە کە بە ئازادییەوە ھەیەتی. لەم دیدگا ھیگڵیەوە، ئەوەی لە ئێراندا ھەیە و ئامادەیە ئەو شێوازەیە لە دەوڵەت، کە نەک لەسەر بنەمای بەرجەستەبوونی ئازادیی لەناو مێژوودا دانەمەزراوە، بەڵکو خۆیشی لە دۆخی پەلاماردانێکی ڕۆژانەدایە بۆسەر فۆرمە ھەرە سادە و ھەرە ڕۆژانەییەکانی ئازادیی. گرەو کردن لەسەر ئایندەی بزوتنەوەکە لە ئێستادا زەحمەتە، تەنھا عەقڵیەتێکی فاڵگرەوە دەتوانێت باس لە سەرکەوتن یان ژێرکەوتنی حەتمی بزوتنەوەیەکی لەم بابەتە بکات. ئەوەی لە ئێستادا بکرێت ئەنجامبدرێت، جگە لە پشتگیریکردنی یاخیبوونەکان، ھەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەوەی ڕووئەدات، نەک پێشبینیکردنی دەرەنجام و ئاراستەی گەشەکردنی ڕووداوەکان. مێژووی ئێران، وەک مێژووی ھەر کۆمەڵگایەکی دیکە، ”فێڵ“ ی تایبەتی خۆی ھەیە و ئەم فێڵەش وادەکات نەزانرێت بۆ کوێ دەڕوات و بەچی دەگات. ”فێڵی مێژوو“ بەو مانایەی ھیگڵ لە ڕوانینیدا بۆ مێژوو باسیدەکات. فێڵی مێژوو لای ھیگڵ پەیوەندیی بە وێناکردنی ئەم فەیلەسوفەوە بۆ مێژوو وەک جوڵەیەک ھەیە، کە بەردەوام دوو ئاستی ھەیە: یەکەمیان ئاستی بینراوی مێژووە، واتە ئەو مێژووە بەرچاوەی کە دەیبینین و ڕووداوەکانی لەبەردەمماندا ڕووئەدات. ئاستی دووھەمیان، ئاستی بوونی مێژوویەکی دیکە و ناوەکیی و نەبینراوە، کە وەک چوارچێوەی مێژووی یەکەمیان، کاردەکات. لای ھیگڵ مێژوو کورتنابێتەوە تەنھا بۆ ئاستە ناوەکییەکەی. ئاستی دووھەمی مێژوو زۆرجار مێژوو بەرەو ئاراستە و خاڵێک پاڵ پێوەدەنێت، کە بکەرەکانی ناو ئاستی یەکەمی مێژوو، نایبینن و ھەستی پێناکەن. بۆ ڕونکردنەوەی ئەم خاڵە ھیگڵ باس لە نموونەی جەنگ و پەلامارەکانی ناپۆلیۆن بۆ ئەوروپا و بەشەکانی تری جیھان، دەکات. مێژووی بەرچاوی ھێرشەکانی ناپلیۆن، مێژووی وێرانکاریی و دیکتاتۆریەت و ھەوڵدانی پەیداکردنی ھەیمەنەیە بەسەر چەندان وڵاتانی جیھاندا. لەناو فەرەنسا خۆیشیدا مێژووی سەرکوتکردنی بەشە ناڕازییەکانی ناو کۆمەڵگای فەرەنسی دوای شۆڕشی فەرەنسییە. لەم ئاستەدا ناپۆلیۆن ژەنەڕاڵێکی سوپای پڕ تەماحە، ھەم پەلاماری کۆمەڵگای فەرەنسیی و ھەم پەلاماری وڵاتانی تری ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقاش ئەدا و خەونی دەستگرتنی بەسەر جیھاندا، ھەیە. بەڵام لەژێر ئەم مێژووە بینراوەوە، مێژوویەکی ناوەکیی نەبینراو ھەبووە، کە مێژووی بڵاوبوونەوەی بەھاکانی ”ئازادیی و یەکسانیی و برایەتیی و عەقڵانیەت و دیموکراسیەت” بوو. فێڵی مێژوو، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم بەھایانە بوو لەو شوێنانەدا بەر پەلامارە وێرانکەرەکانی ناپۆلیۆن کەوتوون. لە پەیوەندیدا بە یاخیبونەکانی ئەمڕۆکەی ئێرانەوە دەکرێت بڵێین، ڕاستە گرتن و کوشتن و ڕاونان و پەلاماردن لە ئاستی یەکەم و بەرچاوی مێژووی ئەم ساتەوەختەدا ھەن و ئامادەن و دەشێت تەواو خوێناویی و وێرانکارانەش بن، بەڵام فێڵێکی مێژوویش ئامادەیە، کە پابەستە بە بڵاوبوونەوەی مافە گەردونییەکانی مرۆڤ و خواستی زیاتر و زیاتری ئازادیی و ویستی پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی و ڕێزگرتن لە تاکەکەسەوە. لەناو ئێراندا مێژوویەکی ناوەکیی تایبەت ھەیە کە کەسانی وەک شای ئێران و سوپا و ساڤاک و خومەینی و پاسداران و ڕۆشنبیرانی وەک عەلی شەریعەتی و جەلالی ئالی ئەحمەد و شەریعەتمەداریی و ئەوانیتر دروستیانکردوە. بەڵام ئاستێکی دەرەکی مێژووش ھەیە، کە مێژوویەکی جیھانییە، مێژووی لەدایکبوون و بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی مافەکانی مرۆڤ و بیرۆکەی یەکسانیی و دیموکراسیەت و ڕێزگرتنی کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی جیاوازییەکانە. لەمڕۆکەی جیھاندا ھیچ مێژوویەک بوونی نییە ھەردوو دەرکەوتەکەی مێژووی تێدانەبێت و ھەردوو دەرکەوتەکەی مێژوو بەیەکەوە نەژیی. بەشە یاخیبووەکەی کۆمەڵگای ئێرانی ھێز لەو بەھایانەوە وەردەگرێت کە لە مێژووە دەرەکیی جیھانییەکەوە دێت و بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە، کۆمەڵێک بەھا کە وێنایەکی تر بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ و پەیوەندیی و ژیان، پێشنیاردەکات و نیشانئەدات. لە چل ساڵی ڕابردوودا فێڵێک لە فێڵەکانی مێژوو لە ئێراندا بەرجەستەبووە. ئایەتوڵا و حوکمڕانە دینییەکەی ئەو وڵاتە دەیانویست لە ئێراندا کۆمەڵگا و مرۆڤێکی دینیی گوێڕایەڵ دروستبکەن کە تیورەی ویلایەتی فەقیە ناوەرۆک و چوارچێوەکانی ژیانیان، دەستنیشانبکات، کەچی چل ساڵی حوکمڕانی ئەو ھێزە دینییانە کۆمەڵگایەکی عەلمانیی و یاخی دروستکردوە، ناکۆک بە خواست و ویست و ئیرادەی ئایەتوڵاکان. ئەمە ئەو فێڵەیە کە مێژوو لە ئێراندا ئەنجامیداوە و پیادەیکردوە. لە ئێێستاشدا فێڵی تازەی مێژووی لەو وڵاتەدا ئامادەیە، کە فێڵی گواستنەوە و بەناوەکیکردنی بەھاکانی تاکەکەس و مافەکان و ئازادییەکانە و ھەوڵدانی کردنیانە بە ئاکاری ژیانی ئەو نەوانەی کە چیتر ناتوانن لەگەڵ تیورەی ویلایەتی فەقیە و دەوڵەتی دینیدا بژین. ئەو خاڵەی پێویستە لە بنەڕەتەوە ئاشکرابێت ئاگاداربوونە لەو ڕاستییە کە مرۆڤ تەنھا بە ھۆشیاریی خۆیەوە لەناو مێژووی بەرچاو و ناوچەیی خۆیدا کارناکات، بەڵکو مێژوویەکی دەرەکییش ھەیە، کە بەھا و دید و ڕوانینی جیاوازیی تێدایە و ئەویش بەشدارە لە ئاراستەکردن و جوڵاندنی مێژووە ناوەکییەکەدا. ئەوەی لە ئێراندا ڕووئەدات، تەنھا یاخیبوونێکی ناوەکیی نییە بەڕووی دەوڵەتێکی دینیدا، بەڵکو مێژوویەکی دەرەکیش ئاراستەی دەکات کە پڕە لە بەھاکانی مافی تاکەسیی و ئازادیی و یەکسانیی و سەربەخۆیی. ھتد.. بینینی ئەم ئاڵۆزییە مەرجێکی گرنگیی تێگەیشتنە لەوەی لە ئێستادا و بەبەرچاومانەوە ڕووئەدات، بەڵام بەبێ کەوتنە ناو تەڵەی بیرکردنەوەی جەبریی و حەتمیگەراییەوە. نە شتێک بەناوی حەتمیەتی سەرکەوتنەوە لەئارادا نییە، نە بەناوی حەتمیەتی کەوتنەوە. ئەوەی ھەیە مێژوویەکی ئاڵۆزی خەباتی ڕۆژانەی خەڵک و بەگەڕخستنی ئیرادەی دەسکاریکردنی جیھانە. بەڵام خەبات و ئیرادەیەکی گۆڕانکاریی کە لەناو ئێراندا ڕوویان بە چەندەھا کۆسپی گەورە و ڕێگری ھەمەجۆردا تەقیقوەتەوە و دەتەقێتەوە.
درەو: داهات و فرۆشی نەوتی كەركوك نزیكەی دوو هێندە زیادی كردووە لە مانگی ئابدا داهاتی نەوتی كەركوك (105) ملیۆن دۆلار بووەو لە مانگی ئەیلولدا داهاتەكەی گەیشتووەتە (193 ملیۆن) دۆلار. هەناردەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لەمانگی ئابدا ( ملیۆنێك و 109 هەزارو 528) بەرمیل بووە، نرخی بەرمیلێك لەو مانگەدا (95) دۆلار بووە كۆی گشتی داهاتەكەی دەكاتە (105 ملیۆن و 405 هەزار ) دۆلار هەناردەی كیڵگە نەوتییەكانی كەركوك لە مانگی ئەیلولدا ( 2 ملیۆن و 169 هەزارو 180) بەرمیل بووەو نرخی بەرمیلێك لە مانگی ئەیلول لە (88.83) دۆلار بووە كۆی داهاتەكەی دەكاتە ( 193 ملیۆن) دۆلارە. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەی نەوتی كەركوك لە نێوان مانگەكانی ( ئاب و ئەیلول)ی 2022 بەم شێوەیەیە: • هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی ئەیلول 2022: (2 ملیۆن و 169 هەزارو 180) بەرمیل بووە • هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی ئابی 2022: (ملیۆنێك و 109 هەزارو 528) بەرمیل بووە لە نێوان مانگی ئاب و ئەیلولدا جیاوازیەكە ( ملیۆنێك و 59 هەزارو 652 )بەرمیلە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی ئابدا دوو هۆكار بووە: • خەزنكردن و هەڵگرتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی كەركوك. • پێداویستی ناوخۆیی و زیادبوونی بەرهەمی پاڵاوگە ناوخۆییەكان. سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی كەركوك ئەوكات بە (درەو)ی راگەیاند: بەرهەمی رۆژی 31/8/2022 نەوتی كەركوك (340 هەزار) بەرمیلە بەمشێوەیە دابەش بووە: • (85 هەزار) بەرمیل نەوتی بەڕێژەی (25%)ی خەزن كراوە لە خەزانەكانی كەركوكدا كە توانای خەزنكردنی (3 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەیە. • (255 هەزار) بەرمیلی بەكارهێندراوە بەرێژەی (75%) بەم شێوەیە: - (49هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی كراوە، واتا لەكۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كەركوك كە (340 هەزار) بەرمیلە (14%) دەكات. - (206 هەزار) بەرمیلی لەناوخۆدا بەكارهاتووە بەم شێوەیە: • (40 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی كار. • (39 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی بازیان • (52 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاگەی بێجی • بەشەكەی تریشی بۆ پاڵاوگەكانی ترو وێستگەكانی كارەبایە
درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئەیلولی 2022 راگەیاند: • داهاتی نەوت لە مانگی ئەیلولی رابردوودا گەیشتوەتە (8 ملیارو 773ملیۆن) دۆلار، واتا ( 12ترلیۆن و 720ملیار) دینار • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئەیلولی گەیشتوەتە (98 ملیۆنو 765 هەزارو 153 هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 292 هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئەیلولی گەیشتوەتە (88.83) دۆلار. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئابی 2022 راگەیاند: • داهاتی نەوت لە مانگی ئابی رابردوودا گەیشتوەتە (9 ملیارو 784ملیۆن) دۆلار، واتا (14ترلیۆن و 620ملیار) دینار • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئابی گەیشتوەتە (101ملیۆنو 859هەزارو 528هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 286هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئابی گەیشتوەتە (96) دۆلار. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی تەموزی 2022 راگەیاند: • داهاتی نەوت لە مانگی تەمووز رابردوودا گەیشتوەتە (10ملیارو 608ملیۆن) دۆلار، واتا (15ترلیۆن و 381ملیار) دینار • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (102ملیۆنو 385هەزارو 49هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 303هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (103) دۆلار.
درەو: بەپێی ڕوپێوییەکی (ڕێکراوی کاری نێودەوڵەتی) لە نیوەی دووەمی ساڵی 2021؛ # ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕا نزیکەی (18%)ە، پارێزگای دهۆک (24.1%)، پارێزگای هەولێر (17.7%) و پارێزگای سلێمانی (11.9%)ی تێدا تۆمار کراوە. # بە تێکڕا لە ڕووی بەشداری هێزی کارەوەلەسەر ئاستی عێراق پارێزگای هەولێر گەورەترین بەشداری هەیەو ڕێژەکەی دەگاتە (47%)، لەدوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت بە (46.3%) و دواین پارێزگاش ئەنبار دێت بە (31.7%). # لە ڕووی بێ کارییەوە، لەسەر ئاستی گشتی عێراق بە تێکڕای (16.3%) تومار کراوە. لەسەر ئاستی پارێزگانیش نەینەوا بەرزترین ڕێژەی بێکاری تێدا تۆمار کراوەو ڕێژەکە گەیشتووە بە (32.8%)، پاشان موسەنا (27.3%)، زیقار (25.8%)، پارێزگای دهۆک (24.1%) و بەسرە (21.8%) ڕێژەی بێ کاری تێدا تۆمار کراوەو دواین پارێزگاش کە کەمترین ڕێژەی بێ کاری تێدا تۆمار کراوە بابل ە کە (5.5%)ە. # دەستی هێزی کار لە عێراقدا دابەشبووە بەسەر (9%)ی دەستی کار سەرقاڵی کاری کشتوکاڵن، (23%) کاری پیشەسازی دەکەن، نزیکەی (63%) لە سێکتەری خزمەتگوزاریدان و (4%) ی هێزی کار لە سێکتەرە ئابوردییەکانی دیکەدا کاردەکەن. # دەستی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان دابەشبووە بەسەر (8%)ی دەستی کار سەرقاڵی کاری کشتوکاڵن، (17%) کاری پیشەسازی دەکەن، نزیکەی (73%) لە سێکتەری خزمەتگوزاریدان و (2%)ی هێزی کار لە سێکتەرە ئابوردییەکانی دیکەدا کاردەکەن. ڕوپێوی هێزی کار لە عێراق بۆ ساڵی 2021 بەپێی ڕوپێوێکی (ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی) بە هەماهەنگی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە نیوەی دووەمی ساڵی (2021) ئەنجام دراوە. لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕوپێوییەکی نیشتمانی و گشتگیر ئەنجامدراوە، تێیدا دۆخی کار و بێکاری و قەبارەی کرێکاران و بێکارانی سەرجەم عێراقی تێدا خراوەتەڕوو، ئەم ڕوپێویەش یەکێکە لە ڕوپێوییە گرنگەکان، کە بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و دەستەی ئاماری هەرێم و دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق بەڕێوەچووە. ڕوپێوییەکەش کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ دەردەخات دەربارەی بازاڕی کار و تایبەتمەندی شارو ناوچەکانی عێراق و ئاستی پێداویستی هەلی کار، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ داڕشتنی سیاساتی گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا. بۆ ئەنجامدانی ڕوپێوییەکەش (16 هەزار و 400) خێزان لە سەرانسەری عێراق وەک عەینە وەرگیراون. لەم ڕاپۆرتەدا بەشێک لەو ئامارانە دەخەینەڕوو. یەکەم؛ ئاماژە سەرەکییەکانی هێزی کار و کاری نیوەناچل لە عێراق بۆ ساڵی 2021 بەپێی ئەو ڕوپێوییەی کە بەهەماهەنگی (ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا) لە نیوەی دووەمی ساڵی (2021) ئەنجام دراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق کە تەمەنیان لە سەرو (15) ساڵەوەیە ژمارەیان (26 ملیۆن و 91 هەزار) کەسە، (10 ملیۆن و 304 هەزار)یان وەکو هێزی کار دێنە هەژمار. لەو ژمارەیەش (8 ملیۆن و 601 هەزار)یان لە کاردان و (1 ملیۆن و 703 هەزاریان) بێ کارن. ژمارەی ئەوانەشی لە دەرەوەی هێزی کارن بە هۆکاری خوێندن یان تەمەن یان هەر شتێکی دیکەوە (15 ملیۆن و 787 هەزار) کەسن. هاوکات ژمارەی ئەوانەی کاری نیوەناچڵیان هەیە بۆ هەردوو جۆری "نیوەناچڵ لە کات"ی کارکردن و "نیوەناچڵ لە شێوازو جۆر"ی کارکردن ژمارەیان داگاتە (683 هەزار) کەس. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت (1 ملیۆن و 43 هەزار) کە بێنە نێو هێزی کارە لە عێراقدا. بۆ وردەکاری زیاتر دەربارەی هێزی کار لە عێراق بەپێی ڕەگەزو تەمەن بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) هەر سەبارەت بە هێزی کارو ڕێژەی بێکاری بەپێی ڕوپێوییەکە کۆی ڕێژەی بەشداری هێزی کار لە بازاڕی کاری عێراقیدا بریتیە لە (39.5%) و ڕێژەی دامەزراندن بەرامبەر بە ژمارەی دانیشتووان دەگاتە (33%)، تێکڕای ڕادەی بێکاری (16.5%) تێدەپەڕێنێت، ئەوانەشی کاری نیوەناچڵ لە (کات و جۆر)ی کاردا ئەنجام دەدەن (23%)ن و ڕێژەی بێکاری و هێزی کاری چاوەڕوانکراو دەگاتە (24.2%). بۆ وردەکاری زیاتر دەربارەی ڕێژەی هێزی کار و بێکاری و کاری نیوەناچڵ لە عێراق بۆ ساڵی (2021) بەپێی ڕەگەزو تەمەن بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) دەربارەی شێوازی دابەشبوونی ڕێژەی هێزی کاری دانیشتوانی عێراق بەپێی ڕەگەز و تەمەن و ئاستی خوێندەواری و پێکهاتەی دانیشتوان لە تەمەنی کاردا لە ناو هێزی کار و دەرەوەی هێزی کار بەپێی ڕەگەز و تەمەن، هاوکات ڕێژەی گەنجان لەدەرەوی پەرەوەردەو کار و ڕاهێنان بەپێی ڕەگەز لە پارێزگاکانی عێراق، تێکڕای داهاتی فەرمانبەرانی فەرمی بەپێی ڕەگەز بە(مانگ و سەعات) بەپێی ڕوپێوییەکە بۆ ساڵی (2021) بڕوانەی چارتەکانی ژمارە (1، 2، 3، 4 و 5) چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) چارتی ژمارە (4) چارتی ژمارە (5) دووەم؛ ڕێژەی بەشداریکردنی هێزی کار و ڕێژەی بێکاری بەپێی پارێزگاکان بەپێی ڕووپێوییەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق، لە ڕووی بەشداری هێزی کارەوە پارێزگای هەولێر گەورەترین بەشداری هێزی کاری هەیە ڕێژەکەی دەگاتە (47%)، لەدوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت بە (46.3%)، پاشان پارێزگای سەڵاحەدین بە (41.1%)، بەسرە بە (40.7%) و بەغداد (40.6%). دواین پارێزگاش ئەنبار دێت بە (31.7%). لە ڕووی بێ کاریشەوە، لەسەر ئاستی گشتی عێراق بە تێکڕای (16.3%) تومار کراوە. لەسەر ئاستی پارێزگانیش نەینەوا بەرزترین ڕێژەی بێکاری تێدا تۆمار کراوەو ڕێژەکە گەیشتووە بە (32.8%)، پاشان موسەنا (27.3%)، زیقار (25.8%)، پارێزگای دهۆک (24.1%) و بەسرە (21.8%) ڕێژەی بێ کاری تێدا تۆمار کراوەو دواین پارێزگاش کە کەمترین ڕێژەی بێ کاری تێدا تۆمار کراوە بابل ە کە (5.5%)ی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری زیاتر دەربارەی ڕێژەی بەشدارت لە کار و ڕێژەی بێکاری لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بۆ ساڵی (2021) بڕوانە (چارتی ژمارە (6)) چارتی ژمارە (6) بەڵام سەبارەت بە ڕێژەی بەشداری هێزی کار و ڕێژەی بێ کاری لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2021) ئامارەکانی بەم جۆرەیە؛ - لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تێکڕای ڕێژەی بەشداری لە هێزی کار بریتیە لە (44.3%) و تێکڕای ڕێژەی بێکاری بریتییە کە (17.9%). - پارێزگای هەوڵێر (47%) هێزی کاری تێدا بەگەڕخراوەو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لە پلەی یەکەمدایە، بەڵام لە ڕووی بێ کارییەوە لە سەر ئاستی هەرێم بە پلەی دووەم دێت و (17.7%)ی هێزی کاری تێدا بێ کارە. - پارێزگای سلێمانی (46.3%) هێزی کاری تێدا بەگەڕخراوەو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لە پلەی دووەمدایە، بەڵام لە ڕووی بێ کارییەوە لە سەر ئاستی هەرێم بە پلەی دووەم دێت و (11.9%)ی هێزی کاری تێدا بێ کارە. - پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەرێم لە دوای هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێرەوە دێت لە هەردوو دۆخی بەبێ کاری و خستنەگەڕی هێزی کارەوە، بە جۆرێک؛ (39.6%) هێزی کاری تێدا بەگەڕخراوەو لەسەر ئاستی هەرێم لە پلەی سێیەمدایە، لە ڕووی بێ کارییەوەشەوەهەر پلەی سێیەم دێت و (24.1%)ی هێزی کاری تێدا بێ کارە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (چارتی ژمارە (7)) چارتی ژمارە (7) سێیەم؛ پشکی دەستی کار لە سێکتەرە ئابورییە سەرەکییەکانی عێراق لە ساڵی 2021 دەستی ئەوە هێزەی لە عێراقدا لە کاردایە دابەشبووە بەسەر سێ سێکتەری سەرەکی ئابوری کە بریتین لە سێکتەرەکانی (کشتوکاڵ، پیشەسازی و خزمەتگوزاری) بە جۆرێک لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق؛ - بە رێکڕا نزیکەی (9%)ی هێزی کار سەرقاڵی کاری کشتوکاڵن. - بە رێکڕا زیاتر لە (23%)ی هێزی کار سەرقاڵی کاری پیشەسازین. - نزیکەی (63%)ی هێزی کار لە سێکتەری خزمەتگوزاریدا کاردەکەن. - زیاتر لە (4%) ی هێزی کار لە سێکتەرە ئابوردییەکانی دیکەدا کاردەکەن. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (8)) سەبارەت بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زانیارییەکان بەم جۆرەن؛ - لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم؛ نزیکەی (8%)ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و (17%)ی لە کەرتی پیشەسازی و (73%)ی لە کەرتی خزمەتگوزاری و (2%)ی لە کەرتە ئابورییەکانی دیکە کار دەکەن. - پارێزگای هەولێر؛ (5%)ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و (19%)ی لە کەرتی پیشەسازی و (75.5%)ی لە کەرتی خزمەتگوزاری و (0.5%)ی لە کەرتە ئابورییەکانی دیکە کار دەکەن. - پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە؛ نزیکەی (11%)ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و (18%)ی لە کەرتی پیشەسازی و (70.5%)ی لە کەرتی خزمەتگوزاری و (0.5%)ی لە کەرتە ئابورییەکانی دیکە کار دەکەن. - پارێزگای دهۆک؛ (5%)ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و (19%)ی لە کەرتی پیشەسازی و (75.5%)ی لە کەرتی خزمەتگوزاری و (0.4%)ی لە کەرتە ئابورییەکانی دیکە کار دەکەن. بڕوانە (چارتی ژمارە (9)) چارتی ژمارە (8) چارتی ژمارە (9) سەرچاوە؛ - Iraq Labour Force Survey 2021, The International Labour Organization (ILO) partnered with the Central Statistical Organization (CSO) and the Kurdistan Region Statistics Office (KRSO) in Iraq, to implement the first national Labour Force Survey (LFS) in a decade.
درەو: دۆسیەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی كە لە سەرەتای ئەم مانگە لە دادگای سلێمانیەوە رەوانەی هەولێر كرابوو، لە هەولێرەوە رەوانەی سلێمانی دەكرێتەوە، پێشتر دۆسیەكە لە دادگای كەرخی بەغدادەوە رەوانەی دادگای سلێمانی كرابوو. سەرچاوەك لە دادگای پێداچونەوە بە (درەو)ی ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەمە 26ی ئەم مانگە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، دەستەی شارستانی بە نوسراوی ژمارە (742) دۆسیەی پێداچونەوەی (لاهور شێخ جەنگی) ڕەوانەی دادگایی بەرایی سلێمانی كردەوەو بڕیارە رۆژی یەكشەمە بگاتەوە دادگای سلێمانی، واتا دادگاییكردنی ئەو دۆسێیە لە دادگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت. دۆسیەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لەسەر بافڵ تاڵەبانی لە دادگای سلێمانی تۆماری كرد، لە مانگی ئایاردا رەوانەی بەغداد كرا، دواتر لە بەغدادەوە رەوانەی دادگای سلێمانی كرایەوە، لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا لە دادگای سلێمانیەوە رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر كرا، بڕیاردراوە لە دادگای هەولێریشەوە رەوانەی دادگای سلێمانی بكرێتەوەو لە سلێمانی پرۆسەی دادگاییەكە بەڕێوە بچێت. بەپێی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لە رۆژی 11/5/2022 لە دادگای كەرخی بەغداد لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماریكردووە هاتووە: بافڵ تاڵەبانی هەستاوە بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی ئەمەش كارێكی نایاساییە، چونكە كۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتەو لە كۆنگرەدا دەنگی بەدەستهێناوەو متمانەی پێدراوە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی حزبی پێشێلكردووە، هاوكات گۆڕانكارییەكان پێچەوانەی بڕیارەكانی فەرمانگەی رێكخراوو حزبە سیاسیەكانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقە، داواكارن ئەو گۆڕانكارییانەی لە حزبدا كراوە رابگیرێت. دوای ئەوەی لەسەر داوای بریكاری یاسایی بافڵ تاڵەبانی كەیسەكە لە دادگای كەرخی بەغدادوە گواسترایەوە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی، بریكاری یاسایی لاهور شێخ جەنگیش داوایكردووە كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەكی تری هەرێم. بە پێی نوسراوی داواكاریی بریكارەكەی لاهور شێخ جەنگی كە دەست (درەو) كەوتووە تیایدا هاتووە: بریكارەكەم (لاهور شێخ جەنگی) لە دادگای كەرخی بەغداد سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە لەبەر ئەوەی لە حزب دووریخستووەتەوە، ئەمەش كارێكە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیە. پارێزەری بافڵ تاڵەبانی داوایكردووە كەیسەكەی لە بەغدادەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوەی سلێمانی ناوچەی ژێر دەسەڵات و هەیمەنەی بافڵ تاڵەبانیە، هێزە حزبیەكانی بافڵ تاڵەبانی دەوری ماڵی لاهور شێخ جەنگیان گرتبوو، بۆیە داواكارین كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ هەر دادگایەك لە پارێزگایەكی تری هەرێمی كوردستان جگە لە سلێمانی. لە نوسراوێكی تردا سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەستەی شارستانی داوای لە دادگای بەرایی سلێمانی كردووە دۆسیەكە رەوانەی هەولێر بكەن بەمەبەستی پێداچوونەوە. لە ئێستاشدا دۆسێكە لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێرەوە رەوانەی دادگای سلێمانی دەكرێتەوە.
درەو: ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان)، (85) واژۆیان كۆكردەوە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی (پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم) فراكسیۆنەكانی (یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، سەربەخۆكان و پێنج ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان) واژۆیان نەكرد. رۆژی 11/6/ 2022 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ بەڕێوەچوونی وادەی هەڵبژاردن، بۆیە بڕیاریان داوە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ دوو وەرزی یاسادانان واتا (ساڵێك) درێژبكەنەوە. (درەو) زانیویەتی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ پێشنیازە یاسایەك بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا زانراوە (85) ئەندامی پەرلەمان واژۆیان كردووە بۆ درێژكردنەوە بەم شێوەیە: فراكسیۆنی پارتی (45) ئەندام واژۆیان كردووە فراكسیۆنی یەكێتی (22) ئەندام واژۆیان كردووە پێكهاتەكان (11) ئەندام واژۆیان كردووە فراكسیۆنی گۆڕان (7) ئەندام واژۆیان كردووەو (5) ئەندام واژۆیان نەكردووە ئەوانیش (عەلی حەمە ساڵح، ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، شایان عەسكەری). پێشنیازە یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان واژۆی پێویستی بۆ كۆكرایەوەو ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراو بڕیارە بەم زوایە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت و تێپەڕێندرێت. پەرلەمانو درێژكردنەوە پەرلەمانی كوردستان ئێستا تەمەنی دەبێت بە (30 ساڵ)، لەم تەمەنەدا پەرلەمان (7) جار بەهۆكاری شەڕی ناوخۆییو ناكۆكی سیاسی پارتیو یەكێتییەوە تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوەو ئێستا ئامادەكاری بۆ درێژكردنەوەی (هەشتەم) دەكات. تەنیا خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان (4) جار پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە. • یەكەم درێژكردنەوە: یەكەم درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا بوو، بە بڕیاری ژمارە (1)و بەواژۆی (جەوهەر نامیق سالم) سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، لە رۆژی 27/5/1995، تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە (ئەوكات پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی بوو). لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: - خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق یەك ساڵ درێژ دەكرێتەوە لە بەرواری (4/6/1995)ەوە. * دووەم درێژكردنەوە: لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی 3/6/1996 بە واژۆی (نەژاد ئەحمەد عەزیز ئاغا) لە جیاتی سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بۆ ماوەی (3) مانگ تەمەنی ئەنجومەنی نیشتمانی درێژكراوەتەوەو لەمادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: - خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی 4/6/1996ەوە بۆ ماوەی (3) مانگ درێژ دەكرێتەوەو قابیلی درێژكردنەوەی دیكەشە. * سێیەم درێژكردنەوە: مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (3) رۆژ دوای رووداوەكانی 31ی ئابی 1996، پەرلەمانی كوردستان بە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم) بەبڕیاری ژمارە (2) لە رۆژی 3/9/1996 تەمەنی پەرلەمانی بۆ ماوەی (2) ساڵ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: - دەوری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق تاكو 4/6/1998 درێژ دەكرێتەوە. * چوارەم درێژكردنەوە: ئەمجارە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەیەكی نادیار تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن درێژكرایەوە، پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (9) لە رۆژی 15/4/1998 كە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم)ی لەسەرە تەمەنی خۆی درێژكردەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێتو لە مادەی یەكەمی پڕیارەكەدا هاتووە: - ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لەكاردا دەبێت تا هەڵبژاردنی تازەو بەستنی یەكەم دانیشتنی خۆی. لەدوای پرۆسەی ئاشتی، یەكێتیو پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانو جێگرەكەی بە دەوری دەبێتو ناوی خولی پەرلەمانی كوردستانیشان نا خولی گواستنەوە، هەر لەوكاتەشەوە ناوی (ئەنجومەنی نیشتمانی) گۆڕدرا بە (پەرلەمانی كوردستان). ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی (د. رۆژ نوری شاوەیس) بەبڕیاری ژمارە (21) لە 15/10/2002 بڕیاریدا: - ماوەی ئیشوكاری ئەنجومەنی نیشتمانی سەرەتا لە 4/10/2002ەوە تا هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەن دانیشتنی یەكەمی بەناوی (خولی گواستنەوە) دەبێت. - سەرۆك و جێگر پلە یان مەنسەبیان دەگۆڕنەوە ئەم ئاڵوگۆڕە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تاكاتی هەڵبژاردنی خولی دووەم. • پێنجەم درێژكردنەوە: لە رۆژی 13/5/2009 پەرلەمانی كوردستان لە خولی دووەمدا تەمەنی خۆی درێژكردەوە لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 4/6/2009 كۆتایی پێدێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان دەمێنێتەوە تاكو هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ • شەشەم درێژكردنەوە: پەرلەمانی كوردستان لە خولی سێیەمداو لە دانیشتنی رۆژی 30/6/2013 خولی هەڵبژاردنی بۆ ماوەی نزیكەی (3) مانگ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی دانیشتنەكەدا هاتووە: - خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20/8/2013 تەواو دەبێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان تا 1/11/2013 لەسەر كاری خۆی دەمێنێت و هەڵبژاردن لە 21/9/2013 ئەنجام دەدرێت. • حەوتەم درێژكردنەوە: پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی خۆیدا لە 24/10/2017 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی یەك ساڵ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرەلمانی كوردستان دوو خولی گرێدانی تر لەكاردا دەبێت لە بەرواری 6/11/2017 ەوە. راپۆرتی پەیوەندیدار
(درەو): هێرشەكانی دوێنێی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بارەگای پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، لەناو بەرپرسو لایەنەكانی كوردا كاردانەوەی جۆراوجۆری دروستكرد. هەندێك بەتوندی ئیدانەیان كرد، هەندێكی تر ئیدانەیان كرد، بەڵام بەهانەیان بە كۆماری ئیسلامی داوە هێرش بكات، هەندێكی تر بێدەنگییان هەڵبژاردووە. كاردانەوەی بەرپرس و لایەنە كوردییەكان لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر بارەگای پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەمشێوەیە: • مەسعود بارزانی: ئەوە تاوانكارییە.. هەرێمی كوردستان نەكرێت بە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێ. • بافڵ تاڵەبانی: رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە. • لاهور شێخ جەنگیی: خوای گەورە ئێمەی لەسەر ئەم خاكە داناوەو هیچ كەسو لایەنێك بە كوشتنو بڕین جێگەمان پێ لەق ناكات. • شاسوار عەبدولواحید: ئیدانەی دەكەین.. ئێمە لەگەڵ خەڵكداین. • بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق: .... (تائێستا هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە). • فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق: بەتوندترین شێوە ئیدانەی دەكەین.. ئەم كارە تاكلایەنە ئاڵۆزی لەناوچەكە زیاتر دەكات. • فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان: بەتوندی ئیدانەو سەركۆنەی دەكەین. • محەمەدی حاجی مەحمود: بەنیگەرانییەوە ئەڕوانینە بۆردومانەكانی كۆماری ئیسلامی. • كۆمەڵی دادگەریی: ئیدانەی هەر بۆردومانێك دەكەین.. هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران بارەگاكانیان لەناوچەی نیشتەجێبوون دوربخەوە. • یەكگرتووی ئیسلامی: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین، بەڵام دژی ئەوەین هەرێمی كوردستان بكرێت بە سەرچاوەی هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ. • سێ پارتە چەپەكە (شیوعی+ زەحمەتكێشان+ بزوتنەوەی دیموكراتی): ئیدانەی دەستدرێژی ئێران دەكەین.. حكومەتی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا تۆماربكات. • بزوتنەوەی ئیسلامی: .... (تائێستا هیچ راگەیەندراوێكی فەرمی لەبارەی هێرشەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە) • سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەت بە راگەیەندراو ئیدانەیان كرد. • سەرۆكایەتی پەرلەمان بەزارەكی ئیدانەی كردو راگەیەندراوی بڵاونەكردەوە. دوێنێ 28/9/2022 سوپای ئێران بە موشەك و درۆنی خۆكوژ هێرشێكی فراوانی كردە سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە (زڕگوێز، كۆیە، پردێ) بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا (18) كەس شەهید بوون و زیاتر لە (60) كەسیش برینداربوون، كە بەشێك لە بریندارەكان ژن و منداڵ و هاولاتی مەدەنین.
درەو: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بە زۆرینەی زۆری ئەندامەكانی بڕیاریدا لەگەڵ یەكێتی و پارتی بەشدار بێت لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت. ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیكرد لەسەر ئەوەی بەشدار بێت لەگەڵ پارتی و یەكێتی بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم؟ ئەو پرسە خرایە دەنگدانەوەو زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بەدەستهێنا، بۆیە بڕیاردرا فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان هاوشان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بەشدار بێت لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم. بڕیارە سبەینێ فراكسیۆنی گۆڕان وەڵامی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان بداتەوە بە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە. رۆژی 7ی ئەم مانگە پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی پارتی لە حكومەت وێنەیەكی خۆی و تیمی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت بڵاوكردەوەو نوسیوی بووی: كۆبونەوەیەكی بەرهەمدا لەگەڵ مستەفا سەید قادر، دانا عەبدولكەریم، هێمن هەورامی. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) تیمی گۆڕان لەو كۆبونەوەیە بەڵێنیان بە تیمی پارتی دابوو كە بەشدار دەبن لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و نوسینەوەی دەستور و بەردەوام بوون لە حكومەت.
درەو: بەیانی ئەمڕۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بە موشەك و درۆنی خۆكوژی هێرشی بۆسەر بارەگای حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دەستپێكرد. كۆیە: لە كەمپی رۆژهەڵات لە نزیك كۆیە ئێران بە موشەك و درۆن هێرشی كردە سەر حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بەهۆی هێرشەكەوە (4) شەهید و (18) بریندار هەیە. زڕگوێز - سلێمانی: زیاتر لە (20) هێرش لە رێگەی درۆنی خۆكوژیەوە كرایە سەر بارەگاكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان بەهۆیەوە (3) كەس برینداربوون. شۆراو - پردێ: بەهۆی هێرشی موشەكی و درۆنەوە بۆسەر بارەگاكانی پارتی ئازادی كوردستان (5) شەهید و (14) بریندار هەیە.
مەریوان وریا قانع شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩ دا، نەک تەنھا فەیلەسوفێکی ڕەخنەیی گەورەی وەک میشێل فوکۆی بەرەو ئەو قەناعەتە برد کە لە ناو ئەم شۆڕشەدا جۆرێک لە ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ تازە لەدایکبووە، بەڵکو لە پەیوەندیشیدا بە میلەتانی ناوچەکەوە ئومێدی ئەوەیشی دروستکرد کە دەتوانن گۆڕانکاریی بکەن و ئەوەی ھەیە و دروستکراوە، بەشێوەیەکی ھەمەلایەن دەسکاریبکەن. شۆڕشی ئێرانی وزەیەکەی سیاسیی گەورەیشی بە سەرجەمی بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە جیھاندا بەخشیی و ئیسلامی سیاسیی گۆڕی بۆ ئایدیۆلۆژیای باڵادەست، لە ناوچەکەدا. بووش بە مۆدێلێک بکرێت لاساییبکرێتەوە و شوێنپێکانی ھەڵبگیرێت. لە ئێستادا و چل ساڵێک دواتر، ئەزموونی ئێرانی نەک سەرجەمی ڕەونەقە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەخلاقییەکانی دۆڕاندوە، بەڵکو لە ھەمانکاتدا ھەم بووە بە یەکێک لە ئەزموونە سیاسیە ناشیرینەکانی جیھان و ھەم گیریشی بەدەست زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو میلەتەوە خواردوە. کە لەماوی ئەو چوار دەیەدا و لەڕێگای نەخشەسازییەکی سیاسیی دینییەوە، دروستیکردوە. لە ماوەی چوار دەیەدا دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیی، پیاوانی دین و سیاسەت بە ھاریکاریی ئابوریی نەوت، ئەو ئەندازیارەبوون کە دەسکارییەکی گەورە و ھەمەلایەنی چیەتیی میلەتی ئێران و دانیشتوانی ئەو وڵاتەیان، کردوە. ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێرانی، بە شایەتی،شارەزایانی ئەو بوارە، نەک ئەوانەی قسەی گشتیی و حوکمی گۆترە دەردەکەن، یەکێکە لە عەلمانیترین کۆمەڵگاکانی ناوچەکە. کۆمەڵگایەکی تەواو گەنجە کە زۆرینەی ھەرەزۆریان، لەو ھەندەسە دینییە دەسەڵاتگەرە ھەڵدێن کە دەوڵەتی ئێرانیی و ئایەتوڵا حوکمڕانەکانی ناو ئەو دەڵەتە، لەماوەی چوا دەیەدا دروستیانکردوە. ئیسلامی سیاسیی حوکمڕان لە ئێراندا، زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەی لەو فۆرمە لە دینداریی و لە ئایدیۆلۆژیای ئاینی دوورخستۆتەوە کە دەوڵەت لەسەرەوەڕا بەسەر کۆمەڵگاکەیدا، سەپاندوە. ژیانی شەخسیی و خێزانیی ئێرانیەکان تەواو ناکۆکە بو ژیانە گشتیی و ئاشکرایەی دەسەڵاتداران لەو وڵاتەدا دروستیانکردوە. لە چوار دەیەی ڕابردوودا دەوڵەتی ئێرانی لە دەیەھا کەناڵی جیاوازەوە کۆمەگای ئێرانی پڕ کردوە لە دین، لە دینێک کە سیستمی ویلایەتی فەقیە، ویلایەتی فەقیە موتڵەق، بەرھەمیھێناوە و ئاراستەی کردوە. خاڵی سەرەکییش لەم ئەزموونەدا بریتیبووە لە مۆنۆپۆڵکردنی سەرجەمی دەسەڵاتەکان و بەکارھێنانی ئەو دەسەڵاتانەش بۆ دروستکردنی ”کۆمەڵگایەکی دینیی“ و دروستکردنی ”تاکەکەس“ و ”لەشێکی دینیی“، بە تایبەتی ”لەشێکی دینیی ژنانە“. ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونی ملیۆنان تاکەکەسۆ ئەو وڵاتەیە، لەو لەشە دینییە دروستکراوە و لەو ھەندەسە دینییەی بەھۆیەوە ”کۆمەڵگایەکی دینیی“ دروستکراوە. ئەم یاخیبونەش یەک مانای سەرەکیی ھەیە: دەستپێکردنی یاخیبوون بەڕووی سەرجەمی سیستمە حوکمڕانیەکەدا لەڕێگای یاخیبوون لەو لەشە دینییە و لەو سیستمە ڕەمزییەی بەدەوری ئەو لەشە دینییەدا دروستکراوە. ئەگەر ڕەمزیی سەرەکیی و بنەڕەتیی ناو ئەم سیستمەش بریتیی بێت لە حیجاب و سەرپۆشی ژنان، یاخیبوونەکانیش شێوەی یاخیبوونیان لەو حیجاب و سەرپۆشە، گرتۆتەخۆی. ئەم دۆخەیە وادەکات حیجاب و جلوبەرگی دینیی لە سێنتەری یاخیبوونەکاندا بێت، بەگژاچوونەوەی ئەم ڕەمزە دینییانە بەگژاچوونەوەی سەرجەمی سیستمە سیاسیی و ئابوریی و دەسەڵاتگەرەکەیە، کە بە درێژایی چوار دەیە ئەو ھەندەسە تایبەتەی دروستکردنی لەشی دینییی بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا سەپاندوە. نەبینین و پشتگوێخستنی ئەم خاڵە نەبینینی ئەو پاڵنەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەیە کە ئەو نەوە گەنجەی لە ئێراندا بردۆتە سەر شەقامەکان و نەبینینی ئەو خواستە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئینسانیانەشە، کە لەپشتی یاخیبوونەکانەوە ئامادەیە. کۆمەڵگای ئێرانی لە ماوەی چوار دەیە لە سیاسەتی دینییانەی دەوڵەت و لەژێر کاریگەریی تیورەی ویلایەتی فەقیەدا، بووە بە کۆمەڵگایەکی تەواو عەلمانیی، کە خواستی گەڕاندنەوەی دینیی بۆ ناو خواست و توانای ئازادانەی ھەڵبژاردنی تاکەکەسەکان، ھەڵگرتوە. خواستێک پێچەوانەی ئەوەی چوار دەیەیە لە ئێراندا ڕووئەدات: واتە دابڕانی دینداریی لە ھەڵژاردنی ئازادیی تاکەکەسەکان و کردنی بە سێنتەری سیاسەتی دەسەڵاتگەرانەی دەوڵەت خۆی. لە شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ دا بەشی ھەرەزۆری ھێز و چینە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بەشداربوون لە یاخیبوون دژ بە شای ئێران و حوکمڕانییە پۆلیسییەکەیدا، ژنان و پیاوانی دینیی و نادینیی، کەسان و گروپی عەلمانی و چەپگەر و لیبرال و ڕادیکاڵ، ئەندامانی چینی ناوەڕاست و چینی کرێکار و جوتیار و بازرگانان، ھەموویان بەشێکبوون لەو ھێزە گەورەیەی بەگژ ڕژێمەکەی شادا چوونەوە. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ دا چەندان ژنانی سەر بە ھێزە چەپ و کۆمۆنیست و عەلمانییەەکان لە ساتەوەختی ناڕەزایی دەربڕینەکاندا حیجابیان دەکردە سەر. حیجاب لای ئەوان و لەو ساتەدا ڕەمزی یاخیبوون و قبووڵنەکردنی ڕژێمە سیاسییەکەی شا بوو، کە لە دیدی زۆربەیاندا وەک پۆلیسی وڵاتانی خۆرئاوا و ئیمپریالیزم لەناوچەکەدا، دروستکرابوو. حیجاب یەکێک لە ڕەمزە گرنگەکانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکە بوو. بزوتنەوەیەک کە دەیویست سیستمێکی سیاسیی کراوە و دیموکراس و دادپەروەر و کۆمەڵگایەک ڕێزگر لە کەرامەتی ئینسان دروستبکات. ئایدیۆلۆژیای شۆڕشی ئێرانی تێکەڵێکی ئاڵۆزبوو لە ئایدیۆلۆژیایەکی میلییگەرای، جیھان سێھەمیی دژە ئیمپریالیست، کە داژایەتییەکی گەورەی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئەمریکای لە ئێراندا دەکرد. ئاخر ئەمریکا پێشتر و لە ساڵی ١٩٥٣دا دەسەڵاتی حکومەتە ھەڵبژێراوە عەلمانییەکەی موسەدەقی ڕوخانبدوو. بە کورتییەکەی، لە ساتەوەختی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا، حیجاب بەشێکبوو لەم دۆخە سیاسیی و فەرھەنگیی و ئایدیۆلۆژییە یاخیگەرە و یەکێکبوو لە ڕەمزەکانی بەرگریکردن و یاخیبوون. لە ڕاستیدا بۆچوونەکانی میشێل فوکۆش بۆ دۆخی ئێران و قسەکردنی لەسەر لەدایکبوونی ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ ھەردەچێتە ئەم قاڵبەوە، کە تیایدا ئیسلام وەک دین و حیجاب وەک جۆرێکی تایبەت لە نمایشکردنی لەش، بووبوو بە ڕەمزی یاخیبوون. بەڵام دوای گەڕانەوەی خومەینی و دەستکردن بە دامەزراندنی ”کۆماری ئیسلامیی“، دوای سەپاندنی فەلسەفەی حوکمڕانیی ”ویلایەتی فەقیە“، دۆخێکی تەواو تازە دێتەکایەوە. لەم دۆخەدا حیجاب بە گشتیی و چۆنیەتی دەرکەوتنی لەشی ژن لەناو ژیانی گشتییدا، ھێدی ھێدی دەگۆڕێت بە شوناسی ئەو سیستمە سیاسییە تازەیەی خومەینی دروستیدەکت. سیستمێکی دەسەڵاتگەریی دینیی، کە ھیچ جیاوازییەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و دینیی قبووڵنەبوو. سیستمێک دیدی ئایەتوڵایەکی بەسەر ھەموو کۆمەڵگادا دەسەپاند. لەم ڕەوتە نوێیەدا حیجاب لە ڕەمزی بەرگریکردنەوە گۆڕا بۆ ئامرازی سەرکوتکردن و دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکرراو. لە ھێماکردنەوە بۆ بزوتنەوەیەکی دژە سیستمی پاشایەتی دەسەڵاتگەر و حوکمی ساواک و پۆلیسی نھێنییەوە، گۆڕا بۆ شوناسی ھێزێکی دینیی خۆسەپێنی توندوتیژ و نادیموکراس و دخراو و خوێناوی. لەشی دینیی خۆیشی بوو بە شوناسی سەرەکیی سیستمە دەسەڵاتگەرەکەی خومیەنی و بە بەرجەستەکەری سیستمەکە. ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین یاخیبوونی ئەو لەشە دینییە بەزۆر دروستکراوەی ئێرانە، نەک تەنھا لە حیجاب و خۆپۆشینی دینیی، بەڵکو لە سەرجەمی میکانیزم و پرۆسەکانی دروستکردنی خودی لەشە دینییەکە خۆیشی. یاخیبوونە لەو سیستمەی ھێشتنەوەی ئەو لەشە دینییەی، بە ھێشتنەوەی شوناسیی دەوڵەت و کۆمەڵگاکەوە، گرێداوە . بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەو خانمە سەماکەرانەی بە دەوری ئاگرێکدا سەمادەکەن و حیجابەکانیان لەناو ئاگرەکەدا دەسوتێنن، بەرجەستەکردنی ئەم ڕاستییە سۆسیۆلۆژیی و سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتییە سادەیەیە، ڕاستیی یاخیبوون لە سەرجەمی سیاسەت و میکانیزمەکانی دروستکردن و سەپاندنی ئەو لەشە دینییەی زیاد لە چل ساڵە بە بەکارھێنانی ھێز و زەبری دەوڵەت دروستدەکرێت. ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونێکی نوێی کۆمەڵگای ئێرانییە تەواو جیاواز لەوەی ساڵی ١٩٧٩دا ڕویدا، یاخیبوونی ئێستا نە یاخیبوونێکی ناسیۆنالیستیی و میلییانەیە، نە یاخیبوونێکی دژە ئیمپریالیستانەیە، نە یاخیبوونێکی جیھانسێھەمییانەشە، بەڵکو یاخیبوونی ملیۆنەھا لەو تاکەکەسە جیاوازانەیە، کە بەشێکی زۆریان خوێندەواری سەر بە چینی ناوەڕاستن، بەڕووی ئەو سیستمەدا کە چەندەھا قەیرانی جۆربەجۆری بۆ ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و فرەکولتور و فرەخواست، دروستکردوە. ئەوەی دەیبینین یاخیبوونێکی مەدەنییانەی ھێمنە بە میزاجێکی ناعەبوس و خۆشحاڵانەوە، تیایدا تەحەدای تاکەکەسیی و سەماکردن و نمایشکردنی لەشێکی ئازاد، ڕەگەزە سەرەکییەکانیەتی. ئەم شەپۆلە لە ناڕەزاییدەربڕین و یاخیبوون ھاوکات شەپۆلێکی ناڕێکخراوە، بەبێ ئۆرگان و ئایدیۆلۆژیا و سەرکردەیەکی کاریزمییە، بە زۆرمانا لەو جۆری ئەو یاخیبوونانەیە کە لە کۆتایی ساڵانی ھەشتادا و لەدوای کەوتنی کۆمۆنیزمەوە لە خۆرھەڵات و ناوەندیی ئەوروپادا بینیمان. لە پەیوەندیدا بە کورد و خەڵکی کوردستانەوە، یاخیبوونەکانی ناو ئێران ھاوکات بە یاداوەرییەکی نەتەوەیی بریندار و بە سیاسەتێکی بەردەوامی بێمافکردنێکی دەستەجەمعییەوە، گرێدراوە. پەلاماردانی ئەمڕۆکەی دەوڵەتی ئێرانیش بۆ بارەگای ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵات، لەناوچەی سلێمانی، بە درۆن، دەرخەریی ئەو تایبەتمەندیانەیە کە بوونی کورد لەناو کۆی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بەرجەستەی دەکات. ئەم مەسەلەیەش تەنھا یەک مانای ھەیە: دانەبڕانی یاخیبوونەکان لە کوردستان لە کۆمەڵێک داواکاریی نەتەوەیی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوردبوونەوە ھەیە وەک شوناسێکی چەوساوە و چەپێنراو و پەلاماردراو.
(درەو): كەیسێك كە پەیوەندی بە سزای ئاژەڵی بەرەڵا (مانگا)وە هەیە لە هەڵەبجە، سەریكێشا بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی زەویو زار لە سنوری پارێزگاكەو بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی شارەوانی دەرچووە. بەهۆی دیارنەمانی بڕە پارەیەكەوە كە بەپێی زانیارییەكان نزیكەی (12 ملیۆن) دینارە، مفەوەزێكی بنكەی پۆلیسی شارەوانی هەڵەبجە دەستگیركرا. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەو بڕە پارەی دیارنەماوە، پارەیەكە كە پێشتر وەكو سزا لە خاوەن ئاژەڵە بەرەڵاكانی (مانگا) ناو شاری هەڵەبجە وەرگیراوەو نەچوەتە سندوقی شارەوانییەوەو خاوەن ئاژەڵەكان سكاڵایان تۆماركردووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بە (درەو)ی راگەیاند، مفەوەزەكەی پۆلیس دوای دەستگیركردنی هەندێك دانپێدانانی كردووە لەبارەی كەیسی ئەو پارەیەو كەیسی زەویو زار لە سنوری پارێزگاكە، لەبەر رۆشنایی دانپێدانانیدا دادگا فەرمانی گرتنی بۆ (كوێستان ئەكرەم) سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە دەركردووە. (درەو) زانیویەتی ئەمشەو كوێستان ئەكرم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە چوەتە بنكەی پۆلیسو بڕیارە تا سبەینێ لەوێ بمێنێتەوەو دواتر بە كەفالەت ئازاد بكرێت. (درەو) ئێوارەی ئەمڕۆ لەبارەی ئەم كەیسەوە پەیوەندی بە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نەدایەوە.
(درەو) دەقی رێككەوتنی لایەنەكانی عێراق بۆ پێ:هێنانی حكومەت بڵاودەكاتەوە "رێككەوتنی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق" درەو: *ھاوبەشی لە بڕیاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ژێر سایەی دەستوردا. *ھەموو لایەنەکان پابەند بن بە گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی یاسا لە سەرتاسەری عێراقدا. *ھەموو لایەنەکان رێزی دەسەڵاتەکان دەگرێت کە دەستور بۆ حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم و پارێزگاکانی دەرەوەی ھەرێمی دیاری کردووە *پشتیوانی لە ھێزەکانی سوپاو پۆلیس و حەشد و پێشمەرگە دەکرێت. *یەکخستنی سیاسەتی گومرگی سەرجەم دەروازەکان. *رێککەوتننامەی شنگال دەخرێتە بەرنامەی حکومەتەوە.ـ *ھەموو حزبە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکوک، خانەقین، نەینەوا ناوچەکانی دیالە مافی ئەنجامدانی چالاییە سیاسییەکانیان ھەیە، بارەگاکانیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە. *رێککەوتن لە نێوان پێشمەرگەو ھێزەکانی فیدراڵی بۆ پرکردنەوەی ئەمنی ھێڵی نێوانیان دەکرێت. *دابینکردن شایستەکانی ئەوانەی بڕیاری ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە. *جەختکردنەوە لە ھەماھەنگی نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم لەسەر سەبارەت بە دۆسییە ھەواسراوەکانی ھەرێم. *بەستنەوەی سەرجەم قوتابخانە کوردییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە. *پێک ھێنانی فەوجی فریاکەوتن لە پۆلیسی ناوخۆیی کەرکوک. *سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم رادەسپێردرێن ب گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆسییەی نەوت و بودجە، تا لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور دەردەکرێت. *لیژنەیەکی ھاوبەشی حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ھەرێم پێداچوونەوە بۆماوەکانی رابوردووی کەرتی نەوت و غازی ھەرێم دەکەن، پەیوەندی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان رێکدەخرێت. *خۆ دورگرتن پەرەسەندنەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرالی تا ھاوڵاتیان زیان نەکات. *بە تێبینی لە رێککەوتنەکە نوسراوە « تا ئێستا گفتوگۆکانی کورد و سوننە لەسەر گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک بەردەوامە».
درەو: شەڕی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك دەوام لە دوو قوتابخانەی بازیان پەك دەخات، دای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، تا ئێستا هیچ وانەیەك لەو قوتابخانەیە نەوتراوەتەوە كە (700) قوتابی تێدایە. قوتابخانەی (رابەر) كە قوتابخانەیەكی (12) پۆلیەو لەسەر داهاتی كارگەكانی بازیان درووستكراوە لە گەڕەكێكی نزیك گەڕەكی قوتابخانەی (رەوا) كە لە ئێستادا (700) قوتابی هەیەو لە هەر پۆلێكدا نزیكەی (75) قوتابی تێدایە. مامۆستا سۆران رەسوڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەی (رەوا) بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستا قوتابخانەكەمان (720) قوتابی هەیە، كەمترین پۆلمان (54) قوتابی تێدایەو زۆرترینی (75) قوتابی، لەو گەڕەكەی قوتابخانە نوێیەكەی تێدا درووستكراوە (رابەر)، نزیكەی (320) قوتابیمان وەرگرتووە، بۆیە بارودۆخمان زۆر خراپەو لەدوای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە تا ئێستا نەمانتوانیوە وانە بخوێنین و چاوەڕێین وەزارەت و بەڕێوەبەرێتی پەروەردە كێشەكە چارەسەر بكەن. مامۆستا سۆران لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی چەندین پۆستی لەسەر ئەو كێشەیە كردووەو لە دوایین پۆستیدا نوسیویەتی:"كاتێك هەموو شتێك بە حەزو ئارەزووی حزب بێت ئەمە دەرئەنجامەكەیەتی، پرۆسەی خوێندن قوربانیە گەورەكەی دەستی حزب، قوتابخانەیەك 13 رۆژە داخراوەو قوتابخانەیەك 13 رۆژە قوربانیە" (درەو) بەدواداچوونی كرد بۆ كێشەی قوتابخانەكە بۆی دەركەوت كێشەكە پەیوەندی بە دانانی بەڕێوەبەرێكەوە هەیە لە نێوان یەكێتی و گۆڕان. كێشەكە بەم شێوەیە: قوتابخانە نوێیەكەی بازیان (رابەر) كە (12) پۆلە بڕیاردراوە بكرێتە دوو دەوام دەوامێكی بنەڕەتی بەڕێوەبەرێكی (گۆڕان)ی هەبێت و دەوامێكی ئامادەیی بەڕێوەبەرێكی (یەكێتی) هەبێت. سەرەتا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ بەڕێوەبەرێكی (گۆڕان) بۆ دەوامی بنەڕەتیەكە دەركردووە بەڵام كۆمیتەی یەكێتی رازی نەبووە، دواتر فەرمانێكی تری دەركردووە بۆ بەڕێوەبەرێكی تر هەر سەربە (گۆڕان) و چاوەڕێیە ناوی بەڕێوەبەری ئامادەییەكەش كە بۆ (یەكێتیە) دەربكرێت بەڵام تا ئێستا نەكراوە، بۆیە ئێستا یەكێتی ناڕازیە بە بەڕێوەبەرە (گۆڕان)ەكەو دەیەوێت بەڕێوەبەری بنەڕەتیەكە بۆ یەكێتی بێت، گۆڕان سوورە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە سەر بە (گۆڕان) بێت و یەكێتیش سوورە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە سەربە (یەكێتی) بێت، بۆیە تا ئێستا دەرگای قوتابخانە نوێیەكە نەكراوەتەوەو قوتابیانی سنوری ئەو قوتابخانە نوێیە كە ژمارەیان نزیكەی (320) قوتابیە چونەتە قوتابخانەی (رەوا) و ژمارەی قوتابیان لەو قوتابخانەیە لە (400) قوتابیەوە زیادبووە بۆ زیاتر لە (700) قوتابی، بەمەش دەوامی قوتابخانە كۆنەكە (رەوا)شیان پەكخستووەو بەهۆی زۆری قوتابیەوە دوای دوو هەفتە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانە تا ئێستا وانەیان نەخوێندووە. لە دانانی بەڕێوەبەرو یاریدەدەری قوتابخانەكاندا لە سنوری سلێمانی كۆمیتەی یەكێتی و لە سنوری هەولێر ناوچەی پارتی دەستیان هەیە لە دیاریكردنی بەڕێوەبەرو یاریدەدرەی قوتابخانە. لە هەرێمی كوردستان: - (6 هەزارو 758) قوتابخانە هەیە - ( ملیۆنێك و 800) قوتابی هەیە - (150 هەزارو 816) مامۆستا هەیە.
راپۆرت: درەو ئەو رۆژەی بڕیاردرا كورد ریفراندۆم بكات بۆ سەربەخۆیی، بارزانی بە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی وت:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، بەڵام سكرتێری حزبی شیوعیو دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس دەیانوت دەبێت دەستوری دەوڵەتەكە "عەلمانی" بێت، نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی داوایدەكرد وەكو مژدانەی ریفراندۆم چەند موچەیەك بەسەریەكەوە بە فەرمانبەران بدرێت، مەلا بەختیار پێشبینی هێرشی حەشدی شەعبی دەكردو محەمەد حاجی مەحمود-یش دەیوت باوەڕناكەم شیعە پەلاماری كورد بدەن، سەعدی پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە، رۆژێك كە تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نەیتوانی لەوادەی خۆی دوایبخات، لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆی بارزانیو لایەنەكان لە رۆژانی بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بڵاودەكەینەوە. دۆخی كورد لە رۆژگاری ریفراندۆمدا نیسانی 2017 كە وردە وردە شەڕی "داعش" بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەنا، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەفدێكی هاوبەشیان دروستكردو سەردانی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەو سەردانانەدا باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن بۆ جیابونەوە لە عێراقو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەوكاتەی كە پارتیو یەكێتی بابەتی ریفراندۆمیان وروژاند، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بە پاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردبوو، رێگەی نەدەدات یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر. كێ چی دەوت ؟ لەم بارودۆخەدا بوو، رۆژی 7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی قسەی كردو وتی:" من دەزانم لە كوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسرێتەوە بە كێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هیچ كەسو لایەنێكەوە نییە.. دەبوو گۆڕان و كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبونەوەیەیان بكردایە چونكە پرسێكی چارەنوسسازە، بەڵام بەداخەوە بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بارزانی سەربوردێكی دۆخی كوردی لە عێراق گێڕاوەتەوەو وتویەتی ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێك" عەلی غێدان لە كۆبونەوەدا هەڕەشەی كردووە هەولێر داگیربكات، نوری مالیكی پێی وتووە پەلەمەكە تا فڕۆكەی (ئێف 16)ەكانمان بەدەستدەگات ئەوكاتە هێرش دەكەین". لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئێستا دوو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاوڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیانو مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێتو دەڕوات". سەرباری ئەوەی داوای لە حزبەكان كرد لە كۆبونەوەكەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەر لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە". دوای قسەكانی بارزانی، بۆچونی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە بووە لەبارەی ریفراندۆمەوە: • كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەوكاتەی یەكێتی بە نوێنەرایەتی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وتویەتی:" پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم". • مەلا بەختیار كارگێڕی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تویەتی:" لەدوای داعش مەترسی هەیە حەشدی شەعبی پەلاماری كوردستان بدات، كێشەی ناوخۆیی بە بچوك مەزانن، ئاسان نییە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكانو كاراكردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بكرێت، پێشنیاز دەكەم وەفدێكی لایەنەكان بەبێ پارتیو یەكێتی سەردانی گۆڕانو كۆمەڵ بكەن، نواندنی نەرمی لەلایەن كاك مەسعودەوە لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵدا شەرەفمەندیییەكی گەورە دەبێت". • رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی:" سەرەتا كە سەردانی حزبەكانمان كرد لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان باش بوو، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی عەلمانیداین". • هادی عەلی بە نوێنەرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی قسەی كردووەو وتویەتی:" یەكگرتوو بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ ریفراندۆمەكەدایەو پێیانوایە ئەگەر كورد خۆی ئەمری واقیع فەرز نەكات كەس ئەو كارەی بۆ ناكات"، بەڵام نوێنەرەكەی یەكگرتوو داوای كردووە پێداویستییەكانی بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكە ئامادە بكرێت، لەپێش هەمویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان. • كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی باسی لەوەكردووە" ئەوان وەكو حزبی شیوعی داوای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، بەڵام بەجۆرێك شوناسی دەوڵەتەكە مەدەنیو عەلمانیو دیموكراسی بێت"، بەپێچەوانەی ئەوەی بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، سكرتێری حزبی شیوعی لە قسەكانیدا باسی لەوەكردووە:" دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە ئایا ئێمە ریفراندۆم بۆ چ شتێك دەكەین ؟ ئایا ریفراندۆم پەرچەكردارە بەرامبەر بە بەغداد ؟". • كامیل حاجی عەلی كە بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتویەتی:" هەوڵ بدرێت هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمدا مژدە بە خەڵك بدرێت" لەمەدا مەبەستی لەوە بووە حكومەت چەند موچەیەك بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، كە ئەوكاتیش فەرمانبەران كێشەی وەرگرتنی موچەكانیان هەبووە. • بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان:" ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەكەینو پێویستە پەلەی لێ بكرێت چونكە دواكەوتووە". • مونا قەهوەچی كە بە نوێنەرایەتی حزبە توركمانییەكەی بەشداربوو، بەتوندی پاڵپشتی ریفراندۆمی كردووەو پێی وابووە ریفراندۆم دواكەوتووەو وتویەتی:" دەبوو ساڵی 2003 ریفراندۆم بكرایە". • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان وتویەتی:" پێویست بوو گۆڕانو كۆمەڵیش بەشداربونایە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ریفراندۆم دوابخرێت، راستە قەیران هەیە، بەڵام ریفراندۆم لە قەیران گەورە ترە". • مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەوكاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتویەتی:" ریفراندۆم پرۆسەیەكی نەتەوەییەو كەس ناتوانێ دژی بوەستێت". خاڵی ناكۆكی بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون كە ئەمانە بوون: • هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا بە گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیشەوە. • هەموان بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون. • زۆرینەی لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد، ئەبو كاروان وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەداو لەسەر ئەم بابەتە قسەی كردووەو داوای لە بارزانی كردووە پەرلەمان كارا بكاتەوەو رێگە بدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بارزانی رەتیكردوەتەوەو وتویەتی یوسف محەمەد سەرچاوەی هەموو كێشەكان بووەو رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە، بارزانی پێشنیازی كردووە ئەبو كاروان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەبو كاروان رەتیكردوەتەوە، چونكە مەبەستی پێشنیازەكەی ئەبوكاروان بۆ پینەكردن و چارەسەركردنی ناكۆكیەكان بووە نەك بەدەستهێنانی پۆستەكە ، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 15ی مانگی ئەیلولدا، بارزانی بە پاڵپشتی یەكێتیو ئەو لایەنانەی كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پاڵپشتییان دەكرد، پەرلەمانی كوردسانی بەبێ گەڕانەوەی یوسف محەمەد كاراكردەوەو پەرلەمان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی پەسەندكرد. • زۆربەی لایەنەكان باسیان لە چاككردنی دۆخی بژێویو موچەی فەرمانبەرانیان كردووە بەر لە سازدانی ریفراندۆمەكە. ئەوانەی لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ سازدانی ریفراندۆم نەبوون تەنیا دوو لایەن بوون: • ئایدن مەعروف بە نوێنەرایەتی بەرەی توركمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكاندا، ئایدن دوایكردووە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد دانوستان بكات، هەروەها داویكردووە رۆڵی پێكهاتەكانی لە ریفرامدۆمدا دیاری بكرێت. • ئاشورییەكان بەهەمان شێوە دژی ریفراندۆم بوون، نوێنەرەكەیان كە كەسێك بووە بەناوی (یەعقوب) وتویەتی:" ئێمە پشتیوانی مافەكانی كورد دەكەین، بەڵام دەبێت رێككەوتن لەگەڵ كلدۆئاشورییەكان بكرێت، چونكە ئاشورییەكان لە كورستان چەوسێندراونەتەوە. بەرەی توركمانو ئاشورییەكان تەنیا لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كردو دواتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیان نەكرد. پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە كاتێك قسەوباسەكانی لەبارەی ریفراندۆمەوە تەواوبوون، مەسعود بارزانی كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دەكرد، رووی لە (هەندرێن محەمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان كردو لێی پرسی: - چەنێك كاتتان دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ سازدانی ریفراندۆم ؟". + لەو رۆژەوە بودجە بۆ ریفراندۆمەكە ئامادە دەكرێت ماوەی (120) رۆژ كاتمان پێویستە. - بارزانی بەتوڕەییەوە: ئەمە كاتكوشتنە، ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر نایكەن با رایبگەیەنین كە ریفراندۆم ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت من هەر ریفراندۆم دەكەم، ئەگەر ئێوە نایكەن من كاتی ریفراندۆمەكە دیاری دەكەم. لەم كاتەدا بوو كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیازی كرد رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بەڕێوەچێت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بارزانی پێشنیازەكەی سەعدی پیرەی زۆر بەدڵ نەبووەو خوازیار بووە لە رۆژی (1)ی ئەیلول ریفراندۆمەكە بكرێت، بەڵام لەناچاریدا قبوڵی كردووە، سەعدی پیرەش پێشنیازەكەی بۆ ئەوە كردووە هەندێك كاتی ریفراندۆمەكە دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ بیكردنەوەو بڕیاردان. هەر لەم كۆبونەوەیەدا بوو كە لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستبكرێتو بۆ رۆژی دواتر هەر لایەنێك نوێنەری خۆی لە لیژنەكەدا دیاری بكات. كۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆم كۆبونەوەی دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستكراو یەكەمین كۆبونەوەی خۆی رۆژی 2017/8/7 بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كرد، ئەم كۆبونەوەیە لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بارزانیو نوێنەری لایەنەكان لە لیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لە بڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كردو بەپێچەوانەی كۆبونەوەی لایەنەكانەوە كە هەستو سۆز تێیدا زاڵ بوو، لەم كۆبونەوەیەدا كەمێك وردترو هۆشیارانەتر قسە لەسەر سازدانی ریفراندۆم كراوە. لەم كۆبونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بارزانی باسی لەوەكردووە، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانو باڵیۆزی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵی وڵاتانی بینیوەو هەمویان لەگەڵ ئەوەدانین هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكاتو دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە. بەپێی ئەوەی باس دەكرێت لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی دوای وەرگرتنی بۆچونی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكانو كونسوڵی وڵاتان بۆچوونی گۆڕاوەو پاشەكشێی كردووەو بە نوێنەری لایەنەكانی وتووە:" خۆتان ئەزانن لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من"، واتا بەرپرسیارێتییەكەی خستوەتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی خۆی فشاری كردووە لە ریفراندۆمەكە لە كاتێكی زوتر لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێتو تەنانەت وتویەتی تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت، ئەو هەر ریفراندۆم دەكات. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك یەكێك لەوانە بووە كە لە یەكەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا قسەی كردووەو وتویەتی:" بۆ تەید كردنی قسەكانی كاك مەسعود ، منیش لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا دانیشتم، هەمان قسەیان كرد كە كاتەكە گونجاو نییە، بەڵام وتم ئەگەر ریفراندۆمەكە دابخەین بۆ كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەڵین دەدەن هاوكارمان بن، باڵیۆز بەڵێنی نەدا، كاك مەسعود من لەگەڵ بۆچونی تۆدام لەبارەی ئەوەی عەبادی لە مالیكی باشترە". لەبارەی هەڵوێستی یەكێتییەوە سەبارەت بە ریفراندۆم، نەجمەدین كەریم باسی لەوەكردووە لە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی كەس دژی ریفراندۆم نییەو ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش دەنگی داوە بە ریفراندۆم. لەم كۆبونەوەیەدا هەندێك رەخنە گیرا لەوەی بەتایبەتی لەلایەنی پارتییەوە تەخوینی ئەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێ بەشداری ریفراندۆم ناكەنو دەنگ نادەن، بارزانی لەمبارەیەوە وتویەتی:" من لەگەڵ تەخوینكردندا نیم، بەڵام ئەوەی ئەوانەش دەیكەنو دەیڵێن لەبارەی ریفراندۆمەوە راست نییە". دوای ئەم كۆبونەوەیە، بارزانی گەشتێكی ئەوروپای كرد تاوەكو لەوێ لەناوەندە سیاسییەكان بانگەشە بۆ ریفراندۆم بكاتو دۆست بۆ ریفراندۆمەكە كۆبكاتەوە، بەڵام لەوێ پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی بۆچی دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستووە، ئەمە بارزانی نیگەران كردووەو بەشێوەیەكی خێرا كۆتایی بە گەشتەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ كوردستان. بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتی ریفراندۆمیان دەكرد، بابەتەكەیان بەجددی گرتبوو، تەنانەت لیژنەیەكیان دروستكردبوو بۆ نوسینەوەی دەستوری دەوڵەتی كوردستان، ئەمە ئەوكاتەبوو كە هێَشتا ریفراندۆم نەكرابوو، ئاسۆی كاردانەوەی عێراقو وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبوو. نامەكەی تیلرسن ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخاتو بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی قبوڵ بكات. مەبەست لە هاوپەیمانەكان ئەوەبوو، بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساو نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی ناوەڕۆكی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دەكرد بۆ بارزانی. بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلرسۆندا كە لە زیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكاتو لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدادو ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە. تیلرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنسا هەوڵ دەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەیلەكە قبوڵ نەكاتو سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت. نامەكە بەفەرمی دانی بەوەدانابوو كە كورد لە ساڵی 1921ەوە ستەمێكی مێژوویی لێدەكرێت، باسی لەوەكردبوو، بەدیلەكەی ئەمریكا هەلێكی مێژووییە بۆ كورد كە "شایستەی تاقیكردنەوەیە". ئەمریكا لەو نامەیەی تیلرسۆندا، لەبەرامبەر ئەوەی بارزانی ریفراندۆمەكەی دوابخات، ئەمادەیی نیشاندابوو ئەم كارانە بۆ كورد بكات: • رێككەوتنی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتو داهات. • جێبەجێكردنی ماددەی 140. • چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی وەك پێشمەرگە، فڕۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی.. هتد. فوئاد حسێن كە ئەوكات سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نامەكەی تیلرسۆنی خوێندەوەو وەریگێڕا بۆسەر زمانی كوردی، زۆرینەی ئامادەبوان لەگەڵ ئەوە بوون، ریفراندۆم بكرێتو دواتر لەگەڵ بەغداد دانوستان بكرێت. لەوكاتانەدا كە ئەمریكا نامەكەی بۆ بارزانی نارد، ئێرانیش فشارەكانی لەسەر یەكێتی توندكردەوە، وەفدێكی یەكێتی بانگهێشتی تاران كران، لەوێ پەیامی توندیان پێدرا ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە. مەلا بەختیار هەڕەشەكانی ئێرانی لە یەكێتی لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا خستەڕوو، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست لەوانەبوو كە پێشبینییەكەی بەوشێوەیە بوو، سەرباری هەڕەشەكان شیعە یاخود بەدیاریكراوی "حەشدی شەعبی" شەڕی كورد ناكەن". مەلا بەختیار داوای دەكرد بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوون یان نەچوونی ریفراندۆم دوابخرێت بۆ دواین ساتەكان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی بەدیار بكەوێت، ئەم قسانەشی دوای سەردانی وەفدی یەكێتی هات بۆ تاران. هەر لەو رۆژەدا بوو، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردو دوای گەڕانەوەی بە میدیاكانی یەكێتی راگەیاند، ریفراندۆم ناكرێتو كورد قایل بووە بە پێشنیازەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی بەتوندی دەستی بارزانی گوشتیوەو داوای لێكردووە لەسەر بەڵێنی خۆی ریفراندۆمەكە نەكات، بارزانی بەڵێنی پێداوە، ئەمە هۆكارەكە بووە كە بافڵ دوای كۆبونەوەكە رایگەیاندووە ریفراندۆم ناكرێت. رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوریو سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، توركیا)و ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو یەكێتی ئەوروپا، بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتییان دەكرد، ریفراندۆمیان كرد، ریفراندۆمەكە لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم رێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا كردووە، دهۆك بەرزترین ئاستی بەشداریو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە كەمترین ئاشتی بەشدارییان تۆماركرد، بەوتەی كۆمسیۆن رێژەی زیاتر لە 92%ی بەشداربوان بە"بەڵێ" دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكات جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكرد، دەیوت ساختەكاری لە ریفراندۆمەكەدا كراوە. بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لە رۆژی دەنگدانیاندا چونە پاڵ ریفراندۆمەكەو عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابونەوە لە عێراق. رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەولێر بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕدرێت بە "ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئەنجومەنە نوێیەكە بڕیاریدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەستبكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەغداد رایگەیاند بەبێ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا بكات، لەپاڵ ئەمەدا ئێرانو توركیا سنورەكانی وشكانیو ئاسمانی خۆیان بەڕووی هەرێمدا داخستو لەپاڵ ئەمەشدا دەستیان كرد بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان. بەیانی رۆژی 25ی نۆڤێمبەر، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركردو كاركردنی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم كە پێشتر لەسەر بانگەوازی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەربڕی بوو، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكردو بەوەش قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر دەروازە سنورییەكان فڕۆكەخانەكانی هەرێم.
