كوردەكان لەكوێی ئەمەریكا دەژین؟
2023-06-01 06:12:20
راپۆرتی: گۆران دوكانی- ئەمریكا
"بەشی یەكەم"
"پێشەكی"
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەكان گرنگترین ووڵاتی ستراتیژی سەرئەم زەمینەیە بۆ دروستكردنی لۆبی سیاسی و ئابوری و نەتەوەیی و فەرهەنگی و كەلتوری، بەڵام كورد لەمەشدا نەیپێكا! زۆرینەی كوردەكان لەنزمترین ئاستی ئەم ووڵاتە عوزمایەدا دەژین!
"كورد لەكوێی ئەمەریكا دەژی؟"
بەپێی زانیاریەكانی ماڵپەڕی The Tennessean نزیكەی 20 هەزار كورد بەتەنها لەشاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی دەژین، ئەمەش گەورەترین ڕێژەی دانیشتوانی كوردە Kurdish Community لە ئەمەریكادا ئەمە جگە لەشارەكانی دیكەی ویلایەتی تێنسی وەك شارەكانی مێمفس و ناكسڤێڵ و...هتد، شاری ناشڤێڵ كە بە كوردستانی بچووك Little Kurdistan ناسراوەو ماوەیەك لەمەوبەر بە دەستەخوشكی شاری هەولێریان ناساند، ناشڤێڵ پایتەختی ویلایەتی تێنسیەو هاوكات گەورەترین شاری ویلایەتەكەشە، بەڵام شاری ناشڤێڵ لەسەر ئاستی ئەمەریكادا 40هەمین شاری گەورەیە كەژمارەی دانیشتونی 1,315,000 كەسە بەپێی تازەترین ئاماری ساڵی 2023. ئەوەی پێویستە بیزانین شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی كە گەورەترین ڕەوەندی كوردی لێیە لە كوێی پێشكەوتنەكانی ئەمەریكادایە؟
"ئابووری"
شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری لەڕوی ئابووریەوە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی Gross Domestic Product (GDP) یەكێكە لەو شارە ئابووری لاوازانەی ئەمەریكا كە لەڕیزبەندی ژمارە 29دایە، واتا نزمتر لە 50% بەمانایەكیتر لەكۆی 50 ویلایەت و شارو ناوچەی دیكەی ئەمەریكا 28 شوێنی باشتر لەڕوی ئابووریەوە لە شاری ناشڤێڵ هەیە.
"كەلتووری"
ویلایەتی تێنسی كە زۆرترین كورد لێ نیشتەجێیە خودی ئەمەریكیەكان خۆیان بە بەشێكی دانیشتوانی ئەم ویلایەتە دەڵێن هێڵبیڵی Hillbilly واتا خەڵكی شاخاوی و دەشتەكی دواكەوتو (هەرچەند ئەم وشەیە نیگەرانیەكی زۆری لای بەشێك لە خەڵكی ئەمەریكا دروست كردوە)
"هێڵبیڵیەكان كێن؟"
هیڵبیلی Hillbilly زاراوەیەكە (زۆرجار سووكایەتیپێكردنە) بۆ ئەو كەسانەی كە لە ناوچە گوندنشین و شاخاوییەكانی ئەمریكادا دەژین، بە پلەی یەكەم لە ناوچەی ئەپالاچین. لەگەڵ كۆچكردنی خەڵك بۆ دەرەوەی ناوچەكە لە سەردەمی خراپیی ئابووریی گەورەدا، ئەم زاراوەیە لەگەڵ ئەوان بەرەو باكوور و ڕۆژئاوا بڵاوبووەوە. سەرچاوە: "ویكیپیدیا"
تێبینی/ ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ دەكەونە ناوچەی ئەپالاچینەوە كە ژمارەیەك لە هێڵبڵیەكانی تیادە دەژین.
هەروەها ویلایەتی تێنسی یەكێكە لەو ویلایەتانەی ئەمەریكا كەخەڵكانێكی Redneck ڕێدنێكی تێدا دەژی بەتایبەت شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری.
"بەكێ دەوترێت ڕێدنێك؟"
مل سوور یان گەردن سوور Redneck زاراوەیەكی سووكایەتیپێكردنە بە شێوەیەكی سەرەكی، بەڵام بە تایبەت نییە، بۆ ئەمریكییە سپی پێستەكان بەكاردێت كە بە چەقۆكێش و نائاسایی هەستیان پێدەكرێت، پەیوەندییەكی نزیكیان بە سپیپێستە گوندنشینەكانی باشووری ئەمەریكاوە هەیە. ڕەنگە مانای ئەوان لە سووتاوی خۆرەوە سەرچاوەی گرتبێت كە لەسەر ملی جووتیاران دۆزرایەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم. سەرچاوە: "ویكیپیدیا"
"گروپە كوردە مافیاكەی شاری ناشڤێڵ"
نەتەوەكانی دیكەی جیهان كە لەئەمەریكادا دەژین جگە لەوەی داهێنان و پێشڤەچون بەخۆیانەوە دەبینن هاوكات كاردەكەن بۆ پێكەوەژیان و ڕاهاتن لەناو ئەو ژینگە هەمەجۆرە سیاسیە، ئابووریە، كەلتوریە، فەرهەنگیەی ئەمەریكادا كەچی لەم شارەی ئەمەریكا كە زۆرترین ڕێژەی كوردی لێ نیشتەجێیە كۆمەڵێك چەتەو مافیای گەنجی كورد نازناوی كوردیان لای ئەمەریكیەكان بەگشتی و خەڵكی ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ ناشرین كردبوو بە دروستكردنی گروپێكی مافیای كوردی بەناوی (باندی شانازی كورد) Kurdish Pride Gang كە كاری ئەم گروپە كوشتن و چەتەو دزێتی و ڕێگری بوو بەرامبەر خەڵكی شارەكە، تاكو لەم ساڵانەی دوایدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركران. لەهەمووشی سەیرتر بەشێك لەكوردەكانی شاری ناشڤێڵ شانازیان بەم تاقمە چەقۆكێش و مافیایەوە دەكرد.
ببینن گەورەترین ڕۆژنامە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا (نیویۆرك تایمز) چی دەربارەی ئەم گروپە مافیا كوردەی شاری ناشڤێڵ دەڵێت:
"دوای زنجیرەیەك تاوانی گەورەو خۆكوشتنی تۆمەتبارێكی هەرزەكار و چوار دەستگیركردنی پەیوەست بەهەوڵی كوشتنی پۆلیسێك، باندی شانازی كورد بووەتە مایەی شەرمەزاری و بێزاری قووڵ!"
"سەلامەتی"
بەشێك لەشارەكانی ئەمەریكا هەر لەكۆنەوە بەشاری تاوانكاری ناسراون و بۆ ژیان كردن سەلامەت نین هەربۆیە گرنگە لەئەمەریكادا ئەو شارەی لێی دەژیت لەڕووی تاوانەوە شارێكی سەلامەتبێت هەروەك خودی ئەمەریكیەكان خۆیان شوێنی نیشتەجێبون و تەنانەت لە ئیش و كاروباری ڕۆژانەشدا بۆهەر شتێك دەڵێن: سەلامەتی پێش هەرشتە First Safety بەڵام لەویلایەتی تێنسیدا لەدوای شاری ناشڤێڵ شاری مێمفس دووەم شاری گەورەی ویلایەتەكەیە كەبەشێك لە كوردەكانی ویلایەتی تێنسی جگە لەشاری ناشڤێڵ لەشاری مێمفێس دەژین، لەكاتێكدا شاری مێمفێس بەپێی داتاكانی تاوان لە ساڵی 2023دا دووەمین شارە لەسەر ئاستی هەموو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا كە زۆرترین ڕێژەی تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت!، شاری ناشڤێڵیش لەسەر ئاستی 100 ترسناكترین شاری ئەمەریكادا كە تاوانیان تێدا ئەنجام دەدرێت لەڕیزبەندی ژمارە 45دایە!، تەنانەت لە هەردوو شارە گەورەكەی ویلایەتی میزۆریشدا (سانت لیویس و كەنساس سیتی) كە ژمارەیەك كوردی زۆری لێ نیشتەجێیە بەڵام ئەم دوو شارە لە پلەی پێنجەم و شەشەم ترسناكترین شاردان لەسەر ئاستی هەموو ئەمەریكادا.
"پرسیار"
ئێستا زانیمان گەورەترین ڕەوەندی كوردی لەكوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا دەژین، لەكاتێكدا باسی نەتەوە ڕۆشنبیرو پێشكەوتوەكانی دیكەی جیهان ناكەین كە لەئەمەریكادا دەژین تەنها باسی چەند نەتەوەیەكی جیهانی سێهەم (هەژارنشین) دەكەین، بۆ نموونە: گەورەترین ڕەوەندی نیپاڵی و بەنگلادیشیەكان لە ئەمەریكادا لە شاری نیویۆرك سیتیە! گەورەترین ڕەوەندی ڤێنزویلیەكان لەشاری مەیامیە، گەورەترین ڕەوەندی فلیپینی لەشاری دایڵی كالیفۆرنیایە، تەنانەت گەورەترین ڕەوەندی ئەفغانی لەشاری فریمۆنتی كالیفۆرنیایە كە بەدووری تەنها 25 خولەك دەكەوێتە نێوان هەردوو شاری سان فرانسیسكۆی ناسراو بە شاری ئایتی لەسەر ئاستی جیهان و دۆڵی سلیكۆن Silicon Valley كە دەكەوێتە شاری سان هۆزەی شوێنی دامەزراوە تەكنەلۆجیاكانی جیهان و گەورە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە نموونەی گوگڵ و ئەپڵ و فەیسبووك و یاهۆو ئەمەزۆن و تێسڵاو سەنتەری زانكۆی ستانفۆردو سەنتەری توێژینەوەی ناسا. تەنانەت توركەكان گەورەترین ڕەوەندیان دەكەوێتە شاری پاترسنی ویلایەتی نیوجەرسی كەتەنها 22 مایەڵ لە سەنتەری بازرگانی جیهانی نیویۆركەوە دورە!، فارسەكانیش گەورەترین ڕەوەندیان لەشاری لۆس ئەجڵیسی ویلایەتی كالیفۆرنیایە.
سەرچاوەكان:
- ماڵپەڕی The Tennessean
- ماڵپەڕی Macrotrends
- ماڵپەڕی Wikipedia
- ماڵپەڕی The New York Times
- ماڵپەڕی World Population Review