Draw Media

كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت: پارتی داوای گۆڕینی چەند بڕگەیەكی كردووە

كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت: پارتی داوای گۆڕینی چەند بڕگەیەكی كردووە

2023-05-29 20:08:43


(درەو):
كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت تەواو بوو، پارتی داوای گۆڕینی چەند خاڵێكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كردووە، یەكێتيی لەسەر گۆڕینی بڕگەی پارێزگاكان ناڕازیبووه‌، لایەنی شیعە وتویانە ناتوانین راستەوخۆ بڕیاری لیژنەی دارایی بگۆڕین.
ئێوارەی ئەمڕۆ لەماڵی فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبووه‌وە، لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی یەكێتیی و پارتی بەشداربوون، فوئاد حسێن ناڕەزایی سەركردایەتی پارتی گەیاند بە سەركردەكانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر بڕیارەكانی لیژنەی دارایی عێراق سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، پارتی داوایكردووە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لە رەشنوسی یاسای بودجەدا جێگیربكرێت و لە شوێنی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی دابنرێت، نیگەرانییەكانی خۆشی لەسەر چەند بڕگەیەكی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی راگەیاند، لەوانە:
• بڕگەی تایبەت بە پاشەكەوت- بڕگەی (12) لەماددەی (14):
وەفدی پارتی لەگەڵ ئەوە بوون (ئەگەر ئەو بڕگەیە وەك خۆی بمێنێتەوە، دەبێت پارەی تر خەرجبكرێت بۆ دانەوەی پاشەكەوت، نەك هەر لەسەر ئەو بڕە پارەیە بێت كە بۆ پشكی هەرێم دانراوە). 

•  سەبارەت بە نەوتی پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا- بڕگەی (10) لە ماددەی (14):
وەفدی پارتی داوایكردووە ئەو بڕگەیە لاببرێت كە رێگری دەكات لە دەرهێنانی نەوتی كەركوك و نەینەوا له‌و بیرانه‌ی ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدان، بەتایبەت بیرە نەوتییەكانی (خۆرمەڵەو كۆرمۆر).

• سەبارەت بە ناردنی بودجە بۆ پارێزگای ناڕازی- بڕگەی (9) لە ماددەی (14):
وەفدی پارتی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، رازی نین بەو ماددەیە كە باس لەوە دەكات راستەوخۆ بودجە بنێردرێت بۆ پارێزگای ناڕازیی، بەڵام وەفدی یەكێتیی وتویانە (بەهیچ شێوەیەك رازی نابین دەستكاری ئەو بڕگەیە بكرێت)، لایەنە شیعەكانیش پشتیوانیان لە نوێنەری یەكێتیی كردووە لەسەر ئەم بڕگەیە.

• سەبارەت بە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی نەوت- بڕگەی (1) لە ماددەی (14):
وەفدی پارتی زۆرتوندبوون لەسەر ئەم بڕگه‌یه‌، وتویانە (بەهیچ شێوەیەك رازی نابین وەزیری دارایی عێراق لەژێر چاودێری دیوانی چاودێریی، دەسەڵاتی خەرجكردن بدات به‌ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان). نوێنەرانی لایەنە شیعەكان تا ئاستێك بەڵێنی ئەوەیان داوە. 

سەبارەت بە تێبینی و سەرنجەكانی دیەكەی نوێنەری پارتی لە كۆبوونەوەكە. لایەنەكان وتویانە لەگەڵ پەرلەمانتاره‌كانیان قسە دەكەن، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چاوەڕوان دەكرێت چەند بڕگەیەك گۆڕانكاری تێدا بكرێت، بەڵام وەفدی یەكێتیی سووربوون لەسەر ئەوەی بڕگه‌كانی تایبەت بە (خەرجكردنی پارەی بۆ پارێزگای ناڕازیی و دانەوەی پاشەكەوتی موچە) لە رەشنوسی بودجەدا بمێنێت. 

دەقی ماددەكانی (13-14)ی یاسای بودجەی گشتی عێراق كە تایبەتن بە پشكی هەرێم و ئیلتیزاماتی هەرێم، بڕیارە رۆژی شەممە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، ئه‌مانه‌ن. 
 

ماددەی 13:
یەكەم:
پاكتاوی حساباتی ساڵەكانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت.

دووەم:
ٲ- حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، داهاتەكەشی وەكو داهاتی كۆتایی گەنجینەی فیدراڵی تۆمار دەكرێت.

ب- حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی.

ج- حكومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم.

د- حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێ قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقی (TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە، كە لای بانكە حكومی و ئەهلییەكانەوە هەیە، بە قیستی مانگانانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لەم ساڵەوە بۆ ماوەی (٥) ساڵ.

ماددەی 14:

یەكەم:
داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندی عێراق دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێك، وەزاری درایی لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
دووەم:
دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەكات كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە.

سێ یەم:
لەلایەن كۆمپانیایەكی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە وردبینیی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشكەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەكات.
چوارەم:
وردبینی لە داتا داراییەكانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێكی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەكرێت و وێنەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت.
 پێنجەم:
لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەكانی پێشوو لە كەرتی نەوت و غازو پەیوەندییەكانی وەزارەتی نەوتی ناوەندو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات، پاشان بە روانگەیەكی هاوبەش و پەسەندكراو بەپێی دەستور لەلایەن هەردوولاوە پاكتاوی ماوەكانی پێشوو دەكرێت.

شەشەم:
هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەكرێت لە رێكه‌وتی دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز.

حەوتەم:
لە هەبوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لەسەر ماف و  پابەندییەكان، یان پابەند نەبوون، شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی كاردەكرێت.

هەشتەم:
كوردستان پابەندە كە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حكومەتی ناوەند زانیارییەكان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق.

نۆیەم:
حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەپێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەش دەكات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازیی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەكە.
دەیەم:
حكومەتی عێراق پابەند دەكرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ڕێگریكردن لە دەرهێنانی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك و موسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی هەرێمن بۆ كاتی ئێستا.

 یانزەیەم:
حكومەتی عێراق پابەند دەبێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەروازە سنوریەكان بەڕێوەببات و سەرپەرشتی بكات.

دوانزەیەم:
حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەكەوتی موچەی ساڵانی پیشوو و كە لێبڕینی تێدا كراوەو بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەكو تەواوی شایستە داراییەكان دەداتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand