Draw Media

هەڵبژاردنی كوردستان دەكەوێتە ئایاری داهاتوو

هەڵبژاردنی كوردستان دەكەوێتە ئایاری داهاتوو

2023-06-01 11:31:25


(درەو): 
دوو رۆژ بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تێپەڕیوە، چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێم هێشتا بێدەنگن، ئەمڕۆ سەرۆكی دادگای فیدراڵی بە فوئاد حسێنی وتووە: با سەرۆكی هەرێم داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات. 
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، ئەمڕۆ سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی كرد. ئەم سەردانە دوای دوو رۆژ دێت لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. دوای سەردانەكەی، لەوتەیەكی كورتدا فوئاد حسێن وتی: باسی هەڵبژاردنمان كردووە لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا فوئاد حسێن بە سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتووە: كوردستان بە چ شێوازێك هەڵبژاردن بكات، سەرۆكی دادگای وەڵامی داوەتەوە كە بڕیاری دادگا روونە‌و دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات، بۆ ئەمەش پێویستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات.
ماوەی دوو رۆژە دادگای فیدراڵی عێراق پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان وەكو ئەندامی پەرلەمان چالاكی دەكەن‌و وێنەی خۆیان بڵاودەكەنەوە. 
تائێستا چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت، ئەنجومەنی دادوەریی) هیچ قسەیەكیان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەكردووە‌و دیار نییە هەرێم پابەند دەبێت بە بڕیارەكەوە یاخود نا. 
لە ئەگەری پابەندنەبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، واتا سازدانی هەڵبژاردن لەرێگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانەوە، كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم روبەڕووی كێشەی یاسایی دەبێتەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ‌و وا لێكدەدرێتەوە حكومەتێكی ناشەرعییە، چونكە پێچەوانەی رێوشوێنەكانی دادگای فیدراڵی دروستبووە.   
جگە لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم، پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی ناكۆك لەبارەی هەڵبژاردن، هێشتا هیچ قسەیەكیان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكردووە، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن پارتی لە بڕیارەكە نیگەرانە، بەڵام نایەوێت لەم كاتەدا هیچ قسەیەك بكات بۆ ئەوەی كێشە بۆ تێپەڕبوونی پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراق دروست نەبێت. 
یەكێتیش خۆشحاڵە بەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، چونكە بەمدواییە دادوەرێك كراوە بە سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی عێراق كە لە سلێمانییەوە كاندیدكراوە. 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكردووە، رۆژی 6ی هەمان مانگ بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكەی عێراق لە یەككاتدا هەردوو هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببات، بەڵام دوێنێ سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقدا وتی:" لەڕووی هونەرییەوە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنەكە لەیەككاتدا بەڕێوەببەن"، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ شەش مانگ دواتر دوادەكەوێت‌و دەكەوێتە مانگی ئایاری ساڵی داهاتووەوە. 

پارتی و یه‌كێتیی سه‌رباری ئه‌وه‌ی رۆژی 22ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان چوونه‌ ناو شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌و شه‌ڕی میدیاییه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وكاتانه‌ی كه‌  قوباد تاڵه‌بانی و تیمی یه‌كێتیی له‌ كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌ت كشانه‌وه‌، هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كانیان توشی دابڕان نه‌بووه‌، ئه‌مڕۆ پارتی له‌سه‌ر چه‌ندین ئاستی پیرۆزبایی یادی دامه‌زراندنی له‌ یه‌كێتیی كرد، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاڕاده‌یه‌ك هه‌ردوولا له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردن كۆكن، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان نایه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی بگرێته‌ئه‌ستۆ. 

له‌حاڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردندا، تا ساڵی داهاتوو پارتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌مێنێت، یه‌كێتیی كه‌ ته‌نیا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ئه‌م پۆسته‌شی به‌ده‌سته‌وه‌ نامێنێت و به‌ته‌نیا چاوی له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌بێت كه‌ قوباد تاڵه‌بانی له‌باره‌ی ئیداره‌دانی داهات و خه‌رجیی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی كردویه‌تی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتیی بۆ ناو كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌ت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand