Draw Media

زیاتر لە (11) ساڵی دەوێت بۆ دانەوەی موچەی پاشەكەوت

زیاتر لە (11) ساڵی دەوێت بۆ دانەوەی موچەی پاشەكەوت

2023-05-29 17:43:22



شیكاری: درەو

# لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی حاکیمە، زیاتر دەبێت لە (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینار.
# ئەگەر ئەو پشکەی دیاری کراوە مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە (ترلیۆنێک و 384 ملیار) دینار.
# لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت، ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (138 ملیار و 413 ملیۆن) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات. 
# شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار.
# ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین، ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە زیاتر لە (135 مانگ) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە.

یەکەم؛ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023) 
لە (13/3/2023) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی (2023)ی پەسەند کرد کە وەک ئاماژەی پێدراوە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەرکار دەبێت، پرۆژەکەش گەورەترین رەشنوسی یاسای بودجەیە لە مێژووی عێراقدا. لەکۆبونەوەی ژمارە (18)ی رۆژی (5/4/2023) خوێندنەوەی یەکەم و لە (18/4/2023) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاساکە ئەنجامدا، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئایندەدا پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت.
لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت، کە ڕێژەی (87%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرێت.
هاوکات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت. لەو خەرجیانەش پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) جێگیر کراوە ، بە جۆرێک؛
-    لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی بریتی دەبێت لە بڕی (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن  و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، هەرێم پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (1).

دووەم؛ پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لە ئەستۆی حکومەت
یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت.
ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە.
لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).

سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەک بریتین لە؛

1.    پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا.
سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە.
لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی  ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم.
2.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا.
هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛
•    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار
•    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار
•    کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار
کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛
(10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).

 

سێیەم؛ گێڕانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم پاڵپشت بە پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق
پاڵپشت بە پێشنیاری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە "هەمواری ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان" لە پرۆژە یاسای بودجەدا، کە لە (ماددەی 14 بڕگەی یانزەیەم)دا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە (10%)ی ئەو بڕە پارەیەی لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوت کراوە زیاد بکات بۆ مووچەی خەرجکراو تا خەرجکردنی تەواوی ئەو لێبڕینانە".
بەگوێرەی ئەم دەقە یاساییە لەم بەشەدا پاڵپشت بە داتاکانی پێشوو (پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی و قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم)، شیکاری ئەوە دەکەین کە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بەو بڕگە یاساییە، کاریگەرییە داراییەکانی لەسەر بودجەی هەرێم و بڕی پێویست لە بودجەی تەرخانکراو لە ماوەی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆران چەند و چۆن دەبێت.
وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا، لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی بریتی دەبێت لە (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن  و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دینار بۆ هەرێم دەمێنێتەوە.
بەم پێیەش ئەگەر ئەو پشکەی بۆ هەرێم دیاری کراوەو مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە (ترلیۆنێک و 384 ملیار و 136 ملیۆن و 596 هەزار و 833) دینار.
ئەگەر لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم بڕی (138 ملیار و 413 ملیۆن و 659 هەزار و683) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات. 
وەک لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان پێدا، ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە؛ (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار.
ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین  ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە (135 مانگ و چەند رۆژێک) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە، واتە زیاتر لە (11) ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی موچە خۆران شایستە داراییەکانیان وەربگرنەوە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand