Draw Media

بڕیاری دادگای فیدراڵی لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا

بڕیاری دادگای فیدراڵی لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا

2023-06-01 13:01:05


 (درەو):

مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكرێتەوە، نایەوێت ئەمە ببێت بە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو دادگایە بڕیاری تر بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، مەسرور بارزانی داوا دەكات تا دوای پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی دادگا یەكلانەكاتەوە، نێچیرڤان بارزانیش لەگەڵ ئەوەدایە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكە بكرێت‌و كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات "هەڵبژاردنی پێشوو كۆمسیۆنی عێراق كردی و پارتی زۆرترین دەنگ و كورسی هێنا". 
 

بارزانی دژی بڕیارەكەی دادگایە !
دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، جێگرانی سەرۆكی پارتی (نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی) بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا. 
ئەم كۆبونەوەیە كە دوێنێ بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی سور بووە لەسەر ئەوەی دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوەببات، ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە دانیشتنی رۆژی 22ی مانگی رابردووی پەرلەمانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەكەی كوردستان هەڵوەشاندوەتەوە. 
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان رەتبكرێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی داوایكردووە، پەلە نەكەن لە وەڵامدانەوەی توندی دادگای فیدراڵی تا ئەوكاتەی بودجەی 2023ی عێراق پەسەند دەكرێت‌و پشكی هەرێم تێدەپەڕێت، لەم نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگادا بكرێت، بۆ ئەمەش نێچیرڤان بارزانی بەڵگەی ئەوەی هێناوەتەوە كە هەڵبژاردنەكانی پێشتری هەرێمی كوردستان هەر لەلایەن كۆمسیۆنەكەی عێراقەوە بەڕێوەبراوە‌و پارتیش براوە بووە.
ئەگەر پارتی بۆچونەكەی نێچیرڤان بارزانی پەسەند بكات‌و مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بكات، دەبێت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بە فەرمی نوسراوێك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات‌و تێیدا داوایان لێ بكات لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەن. 
بەڵام لەبەرامبەردا، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی وای دەبینێت ئەگەر پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی ببن، بۆ هەموو كەیسێكی تر دادگاكە بڕیاری خۆی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێت‌و ئەمە دەبێت بە بنەما، بەتایبەتیش كە پێشتر لە بەیاننامەیەكدا خۆی دادگاكەی بە (محكمە الپورە)ی پێشووی بەعس ناوبردووە.
یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوە بوو، جارێ بەرپرسانی پارتی خۆیان لە هەر لێدوانێك سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بپارێزن تا ئەوكاتەی پارتی بەتەواوەتی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە یەكلادەكاتەوە. 

پارتی پابەند دەبێت ؟
پێشبینی دەكرێت، دوای تێپەڕینی بودجەی 2023 لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەكلابكاتەوە.
دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی، ئەمڕۆ فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەغداد سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدراڵی كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان پرس‌و راوێژی لەگەڵ سەرۆكی دادگا كردووە.  
لەلایەكی ترەوە، پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی  وا دەكات لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان جارێكی تر نەتوانێت لە هیچ بارودۆخێكدا تەمەنی پەرلەمان درێژبكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە 31 ساڵی رابردوودا بەهۆی بارودۆخی شەڕی ناوخۆیی‌و ناكۆكییە سیاسییەكانەوە (8) جار تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكراوەتەوە.
بەهۆی ئەوەی ئێستا سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان پەرلەمانییە، هەر  جۆرە درێژكردنەوەیەكی تەمەنی پەرلەمان بەواتای درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەتیش دێت، چونكە سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەت لەناو پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand