Draw Media

سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بێدەنگن

سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بێدەنگن

2023-05-31 08:16:24


 (درەو):
تائێستا سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەدایە، ئەمڕۆش بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كۆدەبێتەوە.
دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و هەموو بڕیارو یاساكانی پەرلەمانی لەو ماوەیەی كە تەمەنی درێژكردووەتەوە بە پوچه‌ڵ و هەڵوەشاوە ناوبرد.
پێشتر دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێكی لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، لە 15ی شوباتی 2022 بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و نایاساییبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو پێیەوەو نەوتی رانەگرت تا بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی لە پاریس ده‌رچوو، توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی راگرت، دواتر لە 25/1/2023 دادگای فیدراڵی بڕیاری نایاسایبوونی ناردنی پارەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دەركرد، ئەوكات مەسعود بارزانی دادگای فیدراڵی بە (محكمة الثورة)ی رژێمی پێشووی ناوبردو سەرۆكایەتییەكانی هەرێمیش بەیاننامەیان لە دژی دەركرد.
تائێستا سەرۆكایەتییەكانی (هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، دادوەریی) هیچ لێدوان و قسەو كاردانەوەیەكیان بەرامبەر بە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵی نییه‌، نازانن رەتیبكەنەوە یان پابەند پێیەوە. بە پێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوەو حكومەت كاربەڕێكەرەو سەرۆكایەتی هەرێمیش دەبێت لەماوەیەكی دیاریكراودا داوا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
هێشتا پارتی و یەكێتیی و بەشێك لە حزبەكان بەرەسمی رای روونیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەبووە، نە رەتیان كردووەتەوەو نە پشتیوانیان كردووە.
• پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنی بە ناڕاستەوخۆ لە رێگەی وتەبێژەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە بەڵام زیاتر جەختكردنەوە بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و خۆی بەدوور گرتبوو لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و ناوهێنانی، بۆیە لە ئێستادا مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەدایە، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی رەتیبكاتەوە یان پابەند بێت پێیەوە، سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، لەئێستادا رەتكردنەوەی بە زیان بۆ پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا دەگەڕێتەوە بۆیە پارتی خۆی لێبەدوورگرتووە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەشێكی زۆری لە قازانجی پارتییە، بەڵام پابەند بوون پێیەوە زیانی گەورە بە قەوارەی هەرێم دەگەیەنێت و رەنگە بڕیاری توندتری بەدواوە بێـت.

• تائێستا یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەك حزب و وەك نوێنەرانی لە حكومەت و پەرلەمان هیچی لەسەر نەوتووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتیی لە رێگەی كارگێرانی مەكتەبی سیاسی و بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی كۆببێتەوە، سەرچاوەیەك لە یەكێتیی بە (درەو)ی راگەیاند: یەكێتی بڕیارەكەی پێ باشە، لەلایەك ستۆپكردنە بە پارتی كە بە نایاسایی كۆمسیۆنی كاراكردەوەو لە ئەنجومەنی دادوەریش تێیپەڕاندووه‌، لەلایەكیش سەرۆكی كۆمسیۆنی عێراق لە یەكێتیەو بۆ یەكێتیی كۆمسیۆنی عێراق باشترەو داوای یەكێتی هەر ئەوەبووە.

• تا ئێستا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان بێدەنگن و هیچ لێدوان و قسەیەكیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكردووە. 

• نەوەی نوێ هەرزوو پشتیوانی لە بڕیارەكە كردو جگە لە سكاڵاكەی د. یوسف محەمەد، نەوەی نوێ سێ سكاڵای كردبوو لە دادگای فیدراڵی عێراق.

• كۆمەڵی دادگەریی بەیاننامەیەكی دەركردو بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی بەرپرسیار كرد لە دروستبوونی ئەو بارودۆخەو دەرچواندنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand