كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی گۆڕان داوای چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان دەكەن
2018-08-11 10:05:54
(درەو میدیا):
" ئەگەر كێشە ناوخۆییەكان چارەسەرنەكرێن بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین" ئەمە داواكاری كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانە كە ئەمرۆ لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە خستیانە روو.
ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان كۆمەڵێك داواكاریان خوێندەوە و خستیانەروو كە دیارترینیان" هەڵوەشاندنەوەی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان"ە هاوكات داوایانكردووە" چارەسەری خاوەندارێتی گردی زەرگەتە و پشكەكانی گۆڕان لە كۆمپانیاكان بكرێ ، لایەنی دارایی و سەرچاوەی ئابوری شەفاف بێت بۆ هەمووان و مانگانە ڕاپۆرت هەبێت لەو بارەوە"
سەبارەت بە میدیاش ئەو كۆمەڵە هەڵسوڕاوەی بزوتنەوەی گۆڕان رایان گەیاندووە كە" میدیای گۆڕان و راگەیاندنەكەی سەربەخۆ نیەو پێویستە بێلایەنانە تەختیەی هەواڵ بكرێ"
جەختیشیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە دەبێت " ئەو دەستە لەرزۆكانەی كە ناوخۆی بزوتنەوەكەیان تێكداوە و گۆڕانیان بەلاڕێدا بردووە، دووربخرێنەوە، كە بەردەوام خەریكی دەستەگەری و تەكەتولن و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن"
لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا كە لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا خوێندیانەوە ئەو هەڵسوڕاوانەی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداریان داوەتەوە بزوتنەوەكەیان كە " لەم دۆخەی كە تێپەڕ دەبێت بەسەر ناوخۆی گۆڕاندا بێدەنگ نابین و خاوەندارێتی لە بزوتنەوەكە دەكەین و بەردەوام دەبین و پشتیوانی لە هەر چالاكی و جموجوڵ و كارێكی و ڕەخنەی دروستكەر دەكەی,لەپێناو جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژە هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینە گەڕ ، داواكارین لە جەماوەر و دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ دەنگ نەبن و بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوكەوت بكەن تاكو بتوانین نێو ماڵی خۆمان چارەسەر بكەین ، ئەگەر نا ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین ، بایكۆتی دەكەین .
دەقی بەیاننامەكەی كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان:
(هەوڵ و پرۆژەی چارەسەری نێوماڵی گۆڕان)
جەماوەر و كادر و هەڵسوڕاوە بەئەمەكەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ، سەرجەم چین و توێژە زیندوو بەهەڵوێستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساتە وەختی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان كە ماوەی (۹) ساڵە هەتا ئەم چركەساتانە كە دەیگوزەرێنیین ئەندام و لایەنگرانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەكێتی و پارتی و شاگردەكانیانەوە تووشی دەیان چەرمەسەری و ناڕەحەتی و نانبڕین و قوربانی بوونەتەوە .
بەڵام هێشتا كادر و هەڵسوڕاوەكانی ئەم بزووتنەوە بە ئیرادەیەكی پۆڵاین و ئومێدەوە دژی دەسەڵاتی فاشستی یەكێتی و پارتی وەستاونەتەوە و پاڵپشتی بزووتنەوەكە و پرۆژەكەی دەكەن و چاوەڕێن گۆڕان بتوانێت لە داهاتوودا خەون و هیوای میللەتەكەمان بهێنێتە دی و نموونەی حوكمڕانیەكی دروست و جوان و خۆماڵی بنیادبنێ و لەسەر بنەمای ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا سیستەمی سیاسی هەرێم زیندوو ڕۆشن بكاتەوە و شوێن پێ و هەنگاوەكانی ئەو زاتە هەڵگرێت .
بەداخەوە دوای (۹) ساڵ دەزگا پەیوەندیدار و بەرپرس و دەست ڕۆیشتووەكانی بزووتنەوەكە نەیانتوانی ئەزموونێكی حیزبایەتی تەندروست و مۆدێڕن بنیادبنێن و پەرەی پێ بدەن ، بەتایبەتی دوای ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەنگاوەكان بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و خەون و ئاواتی دەیان هەزار لە شەقام و خەڵكی كوردستان بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەنگاو دەنێت .
لەم ماوەیەدا بە دراسەكردن و ڕاپۆرت و بەدواداچوونمان لە ناوخۆ و لە سۆشیال میدیا لەسەر كۆی بزووتنەوەكە ئەزموونێكی تاڵمان تاقیكردەوە لەگەڵ دەست ڕۆیشتوو ئارەستەكەرەكانی كاری سیاسی بزووتنەوەكە كە :
۱. لە دوای یەكەم كۆنگرەی بزووتنەوەكە لە كۆتاییەكانی ساڵی (۲۰۱۳) یەكەم دەستووری بزووتنەوەكە بە زۆرینەی زۆری ئەندامانی كۆنگرە داڕێژرا و پەسەندكرا ، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا یەك ماددەی جێبەجێ بكرێ بەڕوون و ئاشكرا پێشێلكاری دەستووری كراوە ، داوا دەكەین بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و كاری پێ بكەن.
۲.ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن لە پرۆسەیەكی ئاڵۆز و نادیموكراسیدا هەڵبژێران ، چونكە شەرعیەتیان لە جڤاتی نیشتمانیەوە وەرگرت كە پێكهاتەی ئەندامانی جڤات هیچ شەرعیەتێكی یاسایی و دەستووریان نەبوو ، داوا دەكەین سەرلەبەری هەڵبوەشێتەوە.
۳. نەخشە ڕێگای كاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوون نیە ، تەماشای هەڵوێستەكانی ڕابردووی دەربارەی ( ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی ، پرسی ڕیفراندۆم ، پەیوەندی و دبلۆماسیەت ، پشتیوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان ، یاسای تیرۆر ، یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان ) پێویستە سیاسەتی ڕوون و شەفاف بێت .
۴. ماوەی پێنج ساڵە نەیتوانیوە كۆنفرانسی نیشتمانی و كۆنفڕانسی پارێزگاكان بگرێت كە بەپێی دەستوور دەبێت كۆنفڕانسی نیشتمانی چوار ساڵ جارێك و كۆنفڕانسی پارێزگاكان دوو ساڵ جارێك ببەستێت .
۵.لە ماوەی ڕابردوو هەیكەل و ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە بەشێوەیەك شێواوە و ناڕێك و بێ شیرازەیە كە دروست ناتوانرێ بازنە و ڕایەڵە و ئەنجومەنەكان كۆببنەوە و چالاكی بەرنامەڕێژی بكەن ، بۆیە داوا دەكەین كە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێ و بە میكانیزمی گونجاو ڕێك بخرێتەوە.
٦. بێ هەڵوێستی و بێ باكی و بێ منەتی سەركردایەتی گۆڕان بەرامبەر نیگەرانی و ناڕازی بوونی زۆرێك لە كادر و هەڵسوڕاو و جەماوەر و شەقامی ناڕازی ، داوا دەكەین بە زووترین كات شەقام و كادرە دڵسۆزەكان ئاشت بكرێتەوە و بەرپرسەكانی گردەكە بێنە ناو خەڵك و جەماوەر.
۷. سەربەخۆ نەبوونی ڕاگەیاندن و میدیای گۆڕان ، پێویستە پلان و بەرنامەڕێژی تەواو بكرێ ڕاگەیاندنەوە ، بێلایەنانە تەختیەی هەواڵ بكرێ.
۸. داوا دەكەین چارەسەری خاوەندارێتی گردی زەرگەتە و پشكەكانی گۆڕان لە كۆمپانیاكان بكرێ ، لایەنی دارایی و سەرچاوەی ئابووری شەفاف بێت بۆ هەمووان و مانگانە ڕاپۆرت هەبێت لەو بارەوە.
۹. دوورخستنەوەی ئەو دەستە لەرزۆكانەی كە ناوخۆی بزووتنەوەكەیان تێكداوە و گۆڕانیان بەلاڕێدا بردووە ، بەردەوام خەریكی دەستەگەری و تەكەتوولن و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن.
بۆیە ئێمە وەك كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەم دۆخەی كە تێپەڕ دەبێت بەسەر ناوخۆی گۆڕاندا بێدەنگ نابین و خاوەندارێتی لە بزووتنەوەكە دەكەین و بەردەوام دەبین و پشتیوانی لە هەر چالاكی و جموجوڵ و كارێكی و ڕەخنەی دروستكەر دەكەین .
لەپێناو جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژە هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینە گەڕ ، داواكارین لە جەماوەر و دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ دەنگ نەبن و بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوكەوت بكەن تاكو بتوانین نێو ماڵی خۆمان چارەسەر بكەین ، ئەگەر نا ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین ، بایكۆتی دەكەین .
بە پێچەوانەشەوە ئامادەین دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی سیاسەتی داسەپاوی یەكێتی و پارتی ببینەوە و ئامادەین قوربانی بە گیانی خۆمان بدەین .
لەگەڵ ڕێزماندا
كۆمەڵێك كادر و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان
۱۱ / ۸ / ۲۰۱۸ شەممە